دۆڵى گورگەکان..و..
هەڵبژاردن لە کوردستان!

حەسەن سەید باقی
دەمێک بوو دەمویست شتێک لەسەر زنجیرە دراماى ( دۆڵى گورگەکان) بڵێم و
بنووسم بەو شێوەى کە من لێى تێگەشتووم. هەندێک کەس لەکاتى خۆیدا
ئاماژەیان پێداوەو لەسەریان نووسیوە بە دیدى خۆیان. ئەم درامایە یەکێکە
لە دراما تورکیەکان کە وەرگەراوەتە سەر زمانى عەرەبى و نیشانى بینەرانى
کەناڵەکەیان داوە.
بۆ یەکەمجار برادەرێکم لە زنجیرەى 22 دا ئاگادارى کردمەوە کە ئەو
درامایە،باسى کوردو سەرکردایەتى دەکات،منیش پاش بینى ئەو ئەڵقەیە
بەوردى بەدواداچوونى ئەڵقەکانى ترم کرد. گەر گەشتێکى وورد بەو
درامایەدا بکەیت و سەرنج لە دیالۆگى ئەکتەرەکان بدەیت و رۆ بچیت بۆ
سیناریۆکە ئەوا هەندێک شتى شاراوەو نهێنى بەدەست دێنى.لەوەى کە کورد
رۆڵى لە هاوکێشەکانى ناوچەکدا چییە؟ گەرچى سیناریست بەمەبەستێکى تر
سینارۆکەى دارشتووە،بەڵام ئامانجەکەى نەپێکاوە.
ئەوەى دەردەکەوێت لەم درامایەدا وەک ئەوەیە لایەنێکى سیخوریی رۆڵى لە
دارشتنى سینارۆکەدا هەبووە.بۆیە لەهەوڵى:
1ـ دەرخستنى رۆڵى دەنگبەرو دەزگا سیخوریەکانى دەوڵەتە ئیقلیمیەکان و
زلهێزەکانە، لەناوچەکەو رۆژهەڵاتى ناوەراستدا، و رۆڵى کورد لەم
نێوەندەدا کە سیناریست مەبەستى بووە بڵێ، کورد داردەستى دەوڵەتەکانن و
کرێگرتەو تیرۆریستن ویستى ریسوا کردن و سوک کردنى کوردە، کە بەپێچەوانە
شکاوەتەوە.
2ـ ئەوەى نیشاندا کە کورد لەناوچەکەدا رۆڵى هەیە، تەواو پێچەوانەى
بۆچوونى دەوڵەتى تورکى( کورد تورکى شاخیە وەک ئەوەى بانگەوازى بۆ
کردووە). ئەمەش ئەوە یەکلا دەکاتەوە دەوڵەتى تورکیا، رژێمێکى
تۆلیتاریەو گروپە مافیاکان بەرێوەى دەبەن، یاساى جەنگەلستان بەرقەرارە
و بەرێوەى دەبات، هەروەک ئەوەى بۆ یەکلاکردنەوە کێشەکان لە نێو
گروپەکانى دراماکەدا لە نێو دارستاندا بوو، ( هێزدار بێهێز دەخوات).
3ـ دەستێوەردان لە کاروبارى دەوڵەتە دراوسێکان و نانەوەى ئاژاوە.
دزەکردنى دەستەو گروپى تیرۆریستى بۆ نانەوەى ئاژاوەو نائارامى تا
بتوانن پلانە گەندەڵەکانیان جێبەجێ بکەن. تا لەکاتى هەڵبژاردنەکاندا
رۆڵیان هەبێت، وەک ئەوەى دیمان لە ئەلقەیەکدا چۆن برە پارە دەنێرن بۆ
کازاخستان بۆ سەرکەوتنى بەکرێگیراوەکانیان، کە گومانى تێدا نییە ئەو
رۆڵەش دەبینن لەکوردستاندا .
ئەمڕۆ سەردەمى جیهانگیریەو بچووکبوونەوەى دونیایە، وەک دێیەک، وە هەموو
دونیا چاوى لەگۆڕان وبەدواداچوونى شتى نوآ و بەدەست هێنانى شتى چاکترو
و باشترە بۆ کۆمەڵگا. زۆربەى کاندیدەکان بۆ پەرلەمان لەو گۆرانە دەدوێن.
بەڵآ ئەمڕۆ کوردستان بەرەو هەڵبژاردن هەنگاو دەنێت و خەڵک چاوەڕوانى
ئایندەیەکى باشترە. بەڵام گومان لەوەدا نییە کە دوژمنان و داگیرکەرانى
کوردستان لە بۆسەدان بۆ ئەوەى ئەو هەل و مەرجە ئاڵۆز بکەن و ئاواتەکانى
خەڵکى کورستان لە ئاشتى و ئازادى، سەرخۆیى و دامەزراندنى دەوڵەتى یاساو
یەکسانى کۆمەڵایەتى، لەبەین بەرن. لەڕێگەى بەکرێگیراوەکانیانەوە چ حیزب
و لایەن، یا کەسانى وابەستەوە بێت. دەکرێت میدیا ئەهلى و حیزبیەکانیش و
رۆشنبیران و تێکۆشەرانى رێگەى ئازادى ئەوە بۆ خەڵک رونبکەنەوەو
ئاگاداریان بکەنەوە لەو شێوازانەى کە دەکرێت ئەو ئەزموونە تووشى شکستى
بکات.
بەڵێ دونیا دونیاى گۆرانە،خەڵکى کوردستانیش وەک ئەستیرەکى دانەبراو
وهەر جێگەیەکى ترى ئەم دونیایە، چاوەروانى گۆرانە بەرەو باشترکردنى
خزمەتگوزارى و بارى بژێوى ژیانیان.ئەمرۆ دەستەواژەى گۆران بەکار
دەهێنرێت، بەڵێ ئەمە شتێکى جوانە کە زۆر کەسایەتى و لایەن و حیزب
دەیانەوێت ئەو رۆڵەیان هەبێت، کە جێگەى دەستخۆشیە، بەڵام دەبێت
ووردبینانەو واقیعیانە بروانینە رووداوەکان.
تا هەنووکە هیچ بەرنامە و پرۆژەیەک لەبەردەستدا نییە، بەڵام هەندێک خۆ
بە نووسەر و ئازادیخواز و چەپ زان و .تاد. سەداى رۆژ و زورناى شەو
کەتوونەتە هۆنینەوەى قسەوقسەلۆک!! و پیا هەڵدانى کوێرانەى هەندێک لایەن
و کەسایەتی، بۆ دژایەتى کردنى دوو حیزبەکەى دەسەڵات، کە ئەمە مافی هەر
تاکێکە کە ئازادانە دەرى ببڕێت. بەڵام ئەمە بۆ خۆى یەکەم زوڵم کردنە
لەخۆیان پاشان جەماوەرى کوردستان، تا هەنووکە پرۆژەیەک لەبەردەستدا
نەبێت و کوێرانە پروپاگهندەى بۆ بکەى. راستە گەندەلى هەیە، کارى
نێگەتیڤ هەیە. بەڵام بە ویژدانەوە سەیرى واقعى کوردستان بکەین، بەلانى
کەم ئارامى و ئاسایش بوونى هەیە و گەلێک کارى خزمەتگوزاریی پێشکەشکراوە،
گەرچى کەم و کورتى هەیە، پێویست بە چاو پێخشاندنەوە هەیە و رەخنەى توند
پێویستە بگیرێت و بۆ ئەڵتەرناتیڤى واقیعى بگەرێین نەک بەسۆزەوە
بریاردەربین بێ رهچاوکردنى بارى کوردستان و دەوڵەتەکانى داگیرکەرو
دوژمنانى کورد، و نارۆشنى و تەڵخى مێژووى ئەوانى دی.
بەڵێ بۆ گۆرانکارى!! بەڵام کام گۆران؟ گۆران بۆ دونیایەکى ئازادو بێ
چەوساندنەوە، بۆ یەکسانى کۆمەڵایەتى و مرۆڤایەتى یان بۆ جەنگ و
کاولکارى، کە هەردوو هەر گۆرانە!!.
کێن ئەوانەى ئەمرۆ بانگەوازى گۆران دەکەن؟ ئایا پاشخانى مێژووییان لە
رابووردویاندا چۆنەو خەڵک چۆنى هەڵدەسەنگێنێت؟ ئایا ئەوانە لەبەرەى
خەڵک و ئۆپۆزیسیوندا بوون یا پیاوانى دەسەلاتى دوێنێنن و ئەمرۆ خۆیان
دەسەلاتیان دەوێت؟ ئایا بەرژەوەندى کەسییان کەوتۆتە لەرزەو بەناوى
گۆرانەوە دەیانەوێت بیپارێزن و ئەوەى لەدەستیان چووە بیگەرێننەوە، یا
بەراست ئەوان گۆراون و دان بە هەڵەو گەندەلیەکانى رابووردوویان دا
دەنێنن و پۆزش بۆ خەلکى زەحمەتکێش دەهێننەوە؟ دەنا تا دوێنێ و ئەمرۆش
بەشێکى دانەبراوون لەو مێژووەى کە ئەمرۆ دەیانەوێت رەشیکەنەوە، بە
قودرەتى قادر لەشەو رۆژێکدا گۆراون، ئایا (شینى هەریسەکەیە یا عەلى)،
کە پێدەچێت هەریسەکە بێت ئەگەر دان بەتاوان و هەڵەکانیاندا نەنێن.!!
کەسانێک مێژوویەکى تەڵخى هەبێت لە شەرى ناوخۆو پەیوەندى بە دەوڵەتى
مەرکەزى و دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە، پرسیار ئەوەیە ئایا سەرچاوەى
ئابووریان لەکوێوەیە؟! ئایا لە حکومەت و حیزبەکەیانەوە بووەو هەیە، گەر
وایە ئەمانیش واتە ئەو گەندەل و دزانەن کە خۆیان باسی لێدەکەن، دەنا چ
جیاوازیەکتان هەیە، ئەگەر واش نەبێت دەوڵەت و لایەنێک هاوکاریان بکات،
ئەوە گومانە کە بەهێزتر دەکات و دەبێت هەڵوێستەیەک بکەین، پێم وایە
لەماوەى داهاتودا گەلێک شتى شاراوە ئاشکرا دەبێت، کەدەبێتە جێگەى
سەرسورمانى ئێمەى خەڵکى زەحمەتکێش. ئێمە لە دراماکا بینیمان باس لە
رۆڵیان دەکەن لە عێراق و کازاخستان و رۆڵى بەکرێگیراوەکانیان لە کەرکوک
و موسڵ و ناو حیزبە کوردیەکان، کە وەک فایلدارەکانى سەردەمى رژێمى
بەعسى روخاو دیمان و بیستمان.
ئایا کەسایەتیە سەرەکییەکان، ئەوانەى رۆڵى سەرەکیان هەیە لەم
پرۆسێسەیەدا، ئاوریان لەرابووردوى خۆیان داوەتەوە، دانیان بە هەڵەکانى
خۆیاندا ناوە، دەیخەنە بەر دیدى خەڵکى کوردستان، کەسانێک کە باڵادەست
بوو بێت لە ناو زلحیزبەکاندا، وەک کەسایەتیەکى دیار لە بیرۆى سیاسى و
پەرلەمان دا بوون، و پێش لەشکرى داگیرکەر کەوتوون بۆ لێدانى کەرکووک،
دیل کوژ و ئافرەت کوژ بوون لەشەرى ناوخۆدا، رۆڵى سەرەکیان بینیوە لە
شەرى قرناقەو پشتئاشان..تاد. ئەوکات بۆ نقەیان لێوە نەهات کە شەرى
پەکەکەیان کرد، شەرى ناوخۆ هەڵگیرسا ئەو کەسایەتیانە بۆ بێدەنگ بوون و
هیچ هەڵوێستەیەکیان نەکرد، بەلانى کەم بۆ دەستیان لەکار نەکێشایەوە
نەچوونە بەرەى دژى شەر، ئەگەر بەراست ئەوان بەرژەوەندى گەلیان دەویست و
ئامانجیان سەرکەوتنى کوردو کوردستانە. لەبەر ئەوە بوو ئەوەى دەستیان
کەتووە لەدەستى نەدەن و پلەو پایەکەیان بپارێزن، گەر وایە ئەمرۆش ئێمە
ئەوان دەناسین بۆیە دەنگیان بۆ نادەین تا دان بەهەڵەکانیاندا دەنێن،
ئەوەش مردنیانە!!
واتە دۆڵى گورگەکان بەردەوامەو چاوەروانى بەشى دووەمى بن.
ئەڵمانیا
11.05.2009
|