٨\٩\٢٠٢٥
''دۆپامین''ی
قوربانی و جەلاد.

ئەرسەلان مەحمود
کەسێک دەچێتە لای دکتۆری دەروونی و دەڵێت براکەی خۆی لێبووە بە پرتەقاڵ.
کاتێک دکتۆر دەپرسێت ئەی بۆچی نەتهێناوە، کەسەکە وەڵام دەداتەوە، ئاخر
بەیانیان پێویستیم بە شەربەتەکەیەتی!
ئەم نوکتەیە پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ میدیای کۆمەڵایەتیدا بە وردی وێنا
دەکات. ئێمە تەواو ئاگادارین کە تیرۆری دیجیتاڵی کەسێتییەکان وێران
دەکات و میدیای کۆمەڵایەتی دەروونمان تێکدەدات. بەڵام وەک نوکتەبازەکە،
ناتوانین وازی لێبهێنین چونکە پێویستمان بە چێژەکەیەتی - ئەو چێژە
تاریکەی لە تەماشاکردنی تێکشکان و وێرانبوونی کەسانی تردا وەریدەگرین.
لە کۆمەڵگە تەقلیدییەکاندا، ئەخلاق و دابونەریت ئەو چوارچێوە
سیمبۆلیکانەن کە ڕاست و هەڵە، چاکە و خراپەیان دیاری دەکەن. بە
واتایەکی تر کۆمەڵگە و کەلتوور، شوێنێکن کە نۆرم و یاساکان دیاری دەکەن.
بەڵام لە سەدەی سەرمایەداری دیجیتاڵیدا، گۆڕانکاری بنەڕەتی ڕوویداوە.
ئێستا ئەلگۆریتمەکان بڕیار دەدەن، بەڵام نەک لەسەر باش و خراپ یان
ڕاستی و درۆ چییە، بەڵکوو لەسەر ئەوەی چ ببینین، چ ببیستین یان چۆن بیر
بکەینەوە. ئەلگۆریتمەکان بوونەتە یاسادانەری نوێی ژیانی کۆمەڵایەتیمان.
فیلمی ماتریکس میتافۆرێکی بەهێزە بۆ تێگەیشتن لە دۆخەکەمان. نیۆ کاتێک
دەدۆزێتەوە کە ژیانی ڕاستەقینەی تێدا تەنها ئیلوژنێکە، دەبێ
هەڵبژاردنێک بکات. بەڵام تویستی سەرەکی ئەوەیە کە تەنانەت دوای
دۆزینەوەی ڕاستیش، نیۆ ناچارە بگەڕێتەوە ناو ماتریکسەکە. بۆچی؟
چونکە ماتریکس ئەو شوێنەیە کە ڕیڵەکە تێیدا ڕوودەدات - ئەو شوێنەی کە
ژیانی ڕاستەقینە، لەگەڵ هەموو ناکۆکی و دژیەکییەکانی، خۆی دەردەخات. بە
هەمان شێوە، ئێمە دەزانین میدیای کۆمەڵایەتی دەتوانێ ساختەکار بێت ،
بەڵام ئەوە شوێنێکە کە ژیانی سیمبۆلیکمانی تێیدا ڕوودەدات - لەوێ عاشق
دەبین، تووڕە دەبین، شەڕ دەکەین و بە شێوەیەکی سیمبۆلیک دەمرین و
لەدایک دەبینەوە.
گرنگە تێبگەین کە تیرۆری دیجیتاڵی کێشەیەک نییە کە پێویستی بە چارەسەر
بێت - بەڵکوو تایبەتمەندییەکی سەرەکی سیستەمەکەیە. پلاتفۆرمەکان بە
ئەنقەست و بە مەبەست بەو جۆرە دیزاینکراون کە توندوتیژی و ناکۆکی
بەرهەم بهێنن. مارک زوکەربێرگ و ئیلۆن ماسک تەواو ئاگادارن لە
میکانیزمەکان: هەتا توڕەیی و ڕق زیاتر بێت، ئینگەیجمەنت زیاتر دەبێت،
کلیک زیاتر دەبێت و دواجار لە بەرئەنجامی هەموو ئەمانەدا داهات زیاتر
دەبێت.
کاتێک کەسێک لە میدیای کۆمەڵایەتیدا دەکرێتە ئامانجی هێرشی بە کۆمەڵ
پرۆسەیەکی دایەلێکتیکی دەستپێدەکات. لە لایەک، قوربانی وێران دەبێ -
کارەکەی لەدەست دەدات، ناوبانگی لەکەدار دەبێت، دەیکاتە کەسێکی
پەرێزگیر. لە لایەکی ترەوە، ئەوانەی پەلاماری دەدەن هەست بە بەهێزی و
دادپەروەری ئەخلاقی دەکەن.
خاڵی هاوبەش لێرەدا ئەمەیە، هەردوو لا گیرۆدەی هەمان لۆژیکن. قوربانی
پێویستی بە بکەرە تا قوربانی بێت، بکەریش پێویستی بە قوربانییە تا هەست
بە بەهێزی و مانا بکات. ئەمە پرۆسەیەکی دژیەکییە کە لە ڕێگەی
ناکۆکییەوە بەرەو سینتێزێک دەڕوات، بەڵام لە ڤێرژنی دیجیتاڵیدا.
لە ڕووی شیکاری دەروونییەوە، بە تایبەت لە چوارچێوەی تیۆرییەکانی فرۆید
و لاکان، کاتێک کەسێک پەلاماری کەسێتی کەسێکی تر دەدات، پڕۆژێکشنێکی
دەروونی ئەنجام دەدات. ئەو تایبەتمەندییانەی لە خۆیدا ڕقی لێیانە یان
قبووڵیان ناکات، دەیانخاتە سەر کەسانی تر و پاشان پەلاماریان دەدات.
ئەمە سیناریۆیەکی ناهۆشیارە کە سوبژێکت دروستی دەکات بۆ پڕکردنەوەی
بۆشایی ناوەکی خۆی. وەک چۆن هیتلەر جووەکانی کردە قوربانیی هەموو
کێشەکانی کۆمەڵگەی ئەڵمانی، ئێستاش هەر کەسێک دەتوانێت ببێتە هیتلەرێکی
بچووک لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندا. جیاوازییەکە تەنها لە فۆڕمدایە -
ئێستا ئەم فاشیزمە دیموکراتیک بووە، هەموو کەسێک دەتوانێت بەشدار بێت
لە تیرۆر و سزادانی بەکۆمەڵدا.
خاڵی دژبەیەک ئەوەیە کە قوربانییەکان خۆیان بەشدارن لە دروستکردنی
زەمینەی قوربانیبوونیاندا. سیستەمی میدیای کۆمەڵایەتی داوا دەکات ببیتە
سوبژێکتی شەفاف - هەموو شتێک دەربارەی خۆت ئاشکرا بکەیت، هەموو
بیرکردنەوە و هەستەکانت شەیر بکەیت.
ئەمە فەرمانی ڕەهای سەرمایەداری نیولیبراڵە: چێژ وەربگرە! بەڵام چێژ لە
چی؟ لە شەفافیەت، لە خۆدەرخستن، لە بوون بە کاڵا بۆ چاوی ئەوانی تر.
کەواتە کاتێک دەبیتە قوربانی، لە ڕاستیدا تۆ پێشتر خۆت ئامادە کردووە
بۆ ئەم ڕۆڵە.
فەیسبووک و ئێکس و پلاتفۆرمەکانی تر کۆمپانیای میدیا نین، ئەوان
دیلەرانی چێژی دیجیتاڵین. وەک هەموو دیلەرێکی پڕۆفیشناڵ، بە وردی
دەزانن چۆن بەکارهێنەرەکان موعتاد بکەن. ئەلگۆریتمەکان بە وردەکاری
دیزاینکراون بۆ دروستکردنی حەلقەی موعتادبوون - هەمیشە دەگەڕێیتەوە بۆ
دۆزی داهاتووت لە ''دۆپامین''ی دیجیتاڵی.
فرۆید باسی گەمەی فۆرت-دا دەکات، منداڵەکە تۆپەکە فڕێدەدات و
دەیهێنێتەوە، دووبارە و دووبارە، ئەمە چییە؟ بۆ کۆنترۆڵکردنی دڵەڕاوکێی
جیابوونەوەیە لە دایکی. میدیای کۆمەڵایەتی ڤێرژنی دیجیتاڵی هەمان
گەمەیە، ئێمە خۆمان هەڵدەدەینە ناو فەزاکەوە بە پۆستکردن، پاشان
دەگەڕێینەوە بۆ پشکنینی لایک و کۆمێنتەکان. بەڵام لە جیاتی
کۆنترۆڵکردنی دڵەڕاوکێ، ئێمە تەنها دڵەڕاوکێی زیاتر بەرهەم دەهێنین.
ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە هیچ چارەسەرێک لە چوارچێوەی سیستەمی ئێستادا
بوونی نییە. هەموو ئەو چارەسەرانەی پێشنیاز دەکرێن، وەک دانانی کۆپی
ڕایتی وێبە و دەنگەکان و یاسای نوێ، ڕێنمایی ئەخلاقی، فلتەری باشتر،
مۆدێرەیشنی زیاتر - تەنها پارچەیەکن لە هەمان کێشە. وەک ئەوە وایە
چەقۆیەک بدەیتە دەست قوربانی و پێی بڵێیت برینەکانی خۆت بەمە بپارێزە.
کێشەکە لە سیستەمەکە خۆیدایە، نەک لە شێوازی بەکارهێنانیدا.
لەوانەیە ئەمە دژبەیەکییەکی سەیر بێت - ڕەنگە ئەم دۆخە کارەساتبارە
باشترین شت بێت کە ڕوویداوە. وەک لێنین دەیگوت: هەرچی خراپتر، باشتر!
تیرۆری دیجیتاڵی ئەو توندوتیژییە بنەڕەتییە ئاشکرا دەکات کە هەمیشە لە
ناخی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا هەبووە. ئێستا ناتوانین چیتر خۆمان لە پشت
پەردەی شارستانیەت و ئەدەب و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان بشارینەوە. هەموو
شتێک ڕووت و ڕاشکاوە.
ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت واز لە هەوڵدان بۆ چاککردنی میدیای کۆمەڵایەتی
بهێنین. لە جیاتی ئەوە، دەبێت بیر لە ئەڵتەرناتیڤێکی ڕادیکاڵ بکەینەوە
- نەک میدیای کۆمەڵایەتی باشتر، بەڵکوو کۆمەڵگەیەک کە ئەسڵەن پێویستی
بە میدیای کۆمەڵایەتی نەبێت بۆ هەستکردن بە زیندووبوون و مانا. بەڵام
ئایا ئێمە ئامادەین بۆ ئەم گۆڕانکارییە ڕادیکاڵە؟ یان هێشتا گیرۆدەی "شەربەتی
برا پرتەقاڵەکەمانین و ناتوانین واز لە چێژە زیانبەخشەکەی بهێنین؟
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|