په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١١\٢٠٢٤

    دۆزەخی ئەوین.


تاڤگە سابیر

دەمەو ئێوارەیەکی درەنگ ئاشنای گیانی یەکتر بووین و
چووینە ناو زریان و باو گەردەلوولەکانەوە
من بە دەستێکی بۆش و دڵێکی خومارەوە
من بە گریانێکی تۆراو و ئەوینێکی پووچەوە
ئەو بە بێدەنگییەکی قەشەنگ و تەنیاییەکی گەورەوە
دڵێکی بریندارەوە
چووینە ناو دڵی ئێوارەیەکانەوە
یەکەمین لاپەڕەمان ھەڵدایەوە
گەرچی یەکەم جار قسەیەکی ماندوومان پێبوو بۆ ژیان و
دیلی پرسیار و ئەوینێکی نەناسراو بووین
بەڵام ئەو لە قووڵاییەکانی گیانیدا
زەردەخەنەیەکی سادە و ئەوینێکی سپی ھەبوو
بۆ شەڕی مەرگ و سەمای ئێوارەکان
بەھەشتێکی ھەبوو بۆ پەیوەندیی
لەگەڵ ئاو و خوا و ئاسمان و ئەستێرەکان
چرایەکی داگیرساندبوو لە دڵی کەناردا
چرایەک
پێیوابوو ھەمیشە ئەدرەوشێتەوە
لە ناو دڵی زستانە سارد و نسرمەکانیشدا کز ئەسوتێ و
بە ناو باران و لافاو و باهۆزەکانیشدا گەر تێپەڕێ
رێ وون ناکا
ئەو ھەمیشە بۆنی شەوەکانی دەکرد و
لە رووتبونەوەیەکی هەمیشەیی دەدوا
رووتبونەوەی ژێر باران و زریانەکان
ھەمیشە وەك زستانێکی تەزیوو
لە دڵی شەوەکاندا دەنوست و
ھەناسەکانی بۆنی بەفریکی تازەیان لێدەھات
کەچی لە کانار ئێوارەیەکی غەمگینیشدا وونبوو
ئای چ سەختە تەنیایی
تەنیاییەکی درێژخایەنی دوای پێکەوەبوونێکی کورت
چ کۆچێکی کوشندەیە
بۆنی ئاو و خۆڕووتکردنەوە لە ئێوارەدا
چونکە ژیانیش جاروبار سەرمەستیی خۆی شۆڕدەکاتەوە و
دەیخاتە باوەشی ئێوارەکانەوە بۆ مردن
ئێوارانی دابڕان و ونبوونی تاتایی
وەك کۆچی ئێوارانی تۆ..
وەك دابڕانی تۆ لە هۆزان و لە ئەوین و لە منداڵیی
دوای تۆ لە ئێوارەیەکدا کۆبووینەوە
تێگەیشتین لە ئەفسوونی ژیان و راستیی مردن
لە گومانی ئێوارەکان و بەھەشتی پووچی ناو پەرتووکان
تێگەیشتین
لە دۆزەخی ئەوین و پیاسەی پووچ.
 

ماڵپەڕی تاڤگە سابیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک