٢٠\٩\٢٠٢٥
دوو بابەت.

ئەرسەلان مەحمود
عەشق لە سەردەمی
بێئاسمانیدا.
کاتێک مرۆڤ بەرەو سەرەوە سەر هەڵدەبڕی و تەنها سەقفێکی خۆڵەمێشی
دەبینێت، کاتێک ئەستێرەکان لە پشت دووکەڵی مۆدێرنێتەوە ون دەبن،
تێدەگات کە گەیشتووەتە سەردەمێکی نوێ - سەردەمی بێئاسمانی، کە نەک هەر
تەنها فیزیکییە، بەڵکوو ڕۆحی و میتافیزیکیشە. ئاسمانی مردوو، ئاسمانی
داپۆشراو، ئاسمانی ونبوو - هەموو ئەمانە ڕووخساری جیاوازی هەمان
دیاردەن: مردنی ئەو شتەی کە بۆ هەزاران ساڵ سەرچاوەی مانا بوو.
مرۆڤایەتی ئەمڕۆ لە خاڵێکی ناوازەی وەرچەرخاندا وەستاوە. ئەو
ئاسمانەیەی کە ڕۆژگارێک لە دیدیدا ماڵی خوداوەندەکان بوو، ئێستا بووەتە
کۆمەڵە گازێکی کیمیایی. ئەو ئەستێرانەی چارەنووسی عاشقانیان دیاری
دەکرد، ئێستا بوونەتە تۆپەڵە ئاگرێکی دوور. کاتێک نیچە وتی ئاسمان
مردووە، لەوانەیە مەبەستی مردنی ئەمە بووبێت وەک سەرچاوەی واتا، وەک
پەنجەرەیەک بەرەو ناکۆتا.
لەم بۆشاییە گەورەیەدا، عەشق چۆن دەتوانێت بمێنێتەوە؟ عەشقێک کە هەمیشە
پشتی بە ئاسمان بەستووە، چۆن دەتوانێت لە جیهانێکی بێئاسمانیدا بژییەت؟
ئەمە پرسیارێکە نەوەی ئێستا ناچارە وڵامی بداتەوە.
شارەکانی ئەمڕۆ بوونەتە مەزارگەی کۆنی عەشق. کۆڵانەکان پڕن لە مرۆڤی
تەنیا، چاویان نوقمی شاشەکانە، دڵیان گیرخواردوی ئەلگۆریتمەکانی
جووتبوونە. ئەپلیکەیشنەکان دەڵێن عەشقت بۆ دەدۆزنەوە، بەڵام تەنها
پەیوەندی ڕووکەش پێشکەش دەکەن. لەم بازاڕی عەشقدا، هەستەکان بوونەتە
کاڵا، دڵەکان بوونەتە داتا.
کەواتا عەشق مردووە؟ یان لە قووڵایی ئەم پووچییەدا، لە ناوەڕاستی ئەم
بێمانایەدا، عەشق هێشتا خۆی دەنوێنێت. وەک گیایەک کە لە شەقامە
ئەبستراکتەکاندا سەر دەردەێنێ، وەک چۆلەکەیەک کە لە کارگەیەکدا هێلانە
دەکات، عەشقیش شوێنی تازە بۆ خۆی دەدۆزێتەوە.
عاشقانی سەردەمی بێئاسمانی فێری شتێکی نوێ دەبن، فێر دەبن کە لە
بێنەخشەیی ئاسمانیدا ڕێگەی خۆیان بدۆزنەوە. فێر دەبن کە لە جیاتی
چاوەڕوانی نیشانەی سەرەوە، نیشانە لە چاوی یەکتردا بخوێننەوە. فێر دەبن
کە پیرۆزی نەک تەنها لە دوورییەکانی ئاسماندا هەیە، نەخێر بەڵکوو لە
نزیک یەکتردا بدۆزنەوە.
کاتێک دوو کەس لەم جیهانە شێواوەدا یەکتر دەبیننەوە، کاتێک دوو دڵ لە
نێو ملیۆنان دڵی بێگانەدا یەکتر دەناسنەوە، ئەمە موعجیزەیەکی مرۆ
کردییە، چونکە بێ یارمەتی ئاسمان، بە هێزی خۆیان ڕوویداوە.
ڕەنگە عەشقی ڕاستەقینە هەر ئەمە بێت، نەک ئەوەی لە سەرەوە دێتە خوارەوە،
بەڵکوو ئەوەی لە خوارەوە دەڕوێتە سەرەوە. نەک ئەوەی ئاسمان بەخشیویەتی،
بەڵکوو ئەوەی مرۆڤ بە خوێنی خۆی دەینووسێت. نەک ئەوەی بەڵێنی جاویدانی
دەدات، بەڵکوو ئەوەی دان بە کۆتاییدا دەنێت و هەر بۆیەش هەموو ساتێکی
بە نرخە.
لە زەمەنی بێئاسمانیدا، عەشق ڕاپەڕینە. ڕاپەڕین دژی پووچی کە دەڵێت هیچ
شتێک واتای نییە. ڕاپەڕین دژی تەنیایی کە دەڵێت هەموومان بێگانەین.
ڕاپەڕین دژی مەرگ کە دەڵێت هەموو شتێک کۆتایی دێت. هەر جارێک دوو لێو
یەکتر ڕا دەمووسن، جیهان لە نوێ دەژێتەوە. هەر جارێک دوو جەستە تێکەڵ
دەبن، ئاسمانێکی نوێ لە دڵیاندا دروست دەبێت.
ئەم عەشقە نوێیە ترسناکە، چونکە هیچ زەمانەتێکی نییە. شپرزەیە، چونکە
هیچ نەخشەیەکی پێشوەختەی نییە. ئاڵۆزە، چونکە تێکەڵ بووە لەگەڵ گومان و
دڵەڕاوکێ. بەڵام ڕاستەقینەیە - ڕاستەقینەتر لە هەموو ئەفسانەکانی کۆن -
چونکە لە ناو ڕاستی تاڵی ژیاندا هەڵکەوتووە.
کاتێک ئاسمان دەمرێ، مرۆڤ دوو ڕێگەی هەیە، یان بە دوای ئاسمانی مردوودا
بگری، یان ئاسمانی خۆت دروست بکەیت. عاشقانی ئەم سەردەمە ڕێگەی
دووەمیان هەڵبژاردووە. ئەوان لە باوەشی یەکتردا ئاسمانی تایبەتی خۆیان
دەبینن. لە چاوی یەکتردا ئەستێرەی نوێ دەدۆزنەوە. لە گەرمی جەستەی
یەکتردا هەتاوێکی تازە دروست دەکەن.
لەوانەیە ئێمە دوایین نەوە بین، کە یادەوەری ئاسمانی کۆنمان ماوە، یان
لەوانەیە یەکەم نەوە بین کە فێری ژیان دەبین بێ پشت بەستن بە ئاسمان.
هەرچۆنێک بێت، ئێمە لێرەین، لەم کاتەدا، لەم شوێنەدا، لە نێوان زەمین و
ئاسمانێکی مردوودا کە توانامان هەیە عاشق بین. ئەمەش خۆی پەرجووێکە.
عەشق لە سەردەمی بێئاسمانیدا، عەشقێکی بوێرانەیە. بوێرایەتی کردنەوەی
دڵ لە جیهانێکدا کە دڵشکان یاسای سروشتە. بوێرایەتی باوەڕ بە کەسێکی تر
کاتێک دەڵێت باوەڕ بە هەموو شتێک مەکە. بوێرایەتی بونیادنانی بەهەشتێکی
بچووک لە دۆزەخێکی گەورەدا.
ڕەنگە ڕۆژێک ئاسمان بگەڕێتەوە، ڕەنگە نەوەکانی داهاتوو سەقفێکی ڕوونتر
ببینن. بەڵام ئێستا، لە تاریکی ئەم سەردەمەدا، ئێمە ڕووناکی خۆمان
دروست دەکەین. لە نێو ئەم هەموو بێئاسمانییەدا، دەستی یەکتر دەگرین و
دەڵێین ئەگەر ئاسمان نەمابێت، با خۆمان ببینە ئاسمانی یەکتر.
ئەمەیە عەشق لە سەردەمی بێئاسمانیدا، نەک چاوەڕوانی گۆدۆ، بەڵکوو
دروستکردنی گۆدۆ. نەک گەڕان بە دوای واتای ئامادەدا، بەڵکوو خوڵقاندنی
واتا لە پووچیدا. نەک هیوا بە گەڕانەوەی ئاسمانی جاران، بەڵکوو
قبووڵکردنی ئەوەی کە ئێمە خۆمان ئاسمانی ئێستای خۆمانین - ئاسمانێکی
شکاو، ئاسمانێکی نزم، بەڵام هێشتا ئاسمان.
------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
تایلەر و چارلی لە بۆشایی دیالۆگدا.
١٠ی ئەیلولی ٢٠٢٥، لە زانکۆی یوتا ڤالی، تایلەر ڕۆبینسۆن - گەنجێکی ٢٢
ساڵە، خوێندکاری ئەندازیاری کارەبا و خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە
ژمێریاری - چەکەکەی ڕاکێشا و چارلی کیرک، دەنگی چالاکی جوڵانەوەی
پارێزگار'ی ئەمەریکی بە دروشمی Bella Ciao کوشت، هەڵبەتە بە دەم
تەقاندنی گولـلەکانەوە، سروودی پارتیزانە ئیتالییەکانی دژی فاشیزمشی
دەوتەوە.
ئەم کردەوەیە دەرگەیەک بۆ تێگەیشتن لە قەیرانێکی قووڵتر دەکاتەوە -
کاتێک توندوتیژی دەبێتە زمانی سیاسەت، کاتێک کوشتن دەبێتە چارەسەر لە
ناکۆکی فکریدا. مێژوو ڕوونیدەکاتەوە کە چۆن دیموکراسییەکی تەندروست
دەتوانێت بەرەو تاریکی بڕوات. لە ئەڵمانیای سەردەمی وایماردا، بینرا
چۆن دیالۆگی سیاسی گۆڕا بۆ شەڕی شەقامەکان، چۆن پەرلەمان گۆڕا بۆ شانۆی
دوژمنایەتی. ئەوەی ئێستا لە ئەمەریکا دەبینرێ، هەرچەندە لە کات و
شێوازدا جیاوازە، بەڵام لە جەوهەردا هەر هەمان نیشانەکانی لاوازبوونی
فەزای گشتییە - ئەو شوێنەی تێیدا هاوڵاتیان دەتوانن بە ئازادی و بێترس
لەسەر کاروباری گشتی گفتوگۆ بکەن.
چۆن گەنجێکی وەک ڕۆبینسۆن، لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیدا گەورە بوو،
دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە کوشتنی کەسێکی بێچەک لە شوێنێکی گشتی کارێکی
شۆڕشگێڕانەیە؟ وڵامەکە لە تێکچوونی ئەو میکانیزمانەیە کە کۆمەڵگەیەکی
دیموکراتی دەپارێزن لە توندوتیژی. توندوتیژی سیاسی هەمیشە بە زمان
دەستپێدەکات، نەک بە گولـلە. کاتێک چارلی کیرک خۆی - کە ئێستا قوربانی
توندوتیژییە - ساڵانێک پێشتر دەڵێ: ژنانی سپی پەروەردەکراو ئەمەریکا
وێران دەکەن، ئەوە بەشدارییەکی چالاک دەکات لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی
هەستی نامرۆیی، کە یەکەم هەنگاوە بەرەو توندوتیژی.
ڕووداوەکە لە زانکۆ ڕوویدا، ئەمە ڕێکەوت نییە. زانکۆکان کە دەبوو قەڵای
دیالۆگ و عەقڵانیەت بن، ئێستا گۆڕاون بۆ گۆڕەپانی شەڕی ئایدیۆلۆژی. ئەم
فەزایە بۆ بیرکردنەوە و گفتوگۆ لەناوچووە، زانکۆکان بوونەتە ناوەندی
تیۆری بێڕۆح و بەرهەمهێنانی بڕوانامەی خاڵی لە مەعریفە. کیرک خۆی،
لیدەری ڕێکخراوی گەنجانی پارێزگار، بەشێک بوو لەم پرۆسەیە. کاتێک
بانگەشەی بسەلمێنن کە من هەڵەم'ی دەکرد، مەبەستی نەبوو ڕاستەقینەیەک
ئامادەیە تا بیروڕای خۆی بگۆڕێ، بەڵکوو پلاتفۆرمێک بوو بۆ نمایشکردنی
سەرکەوتن بەسەر نەیارەکانیدا.
یەکێک لە جیاوازییە سەرەکییەکانی قەیرانی ئێستا، ڕۆڵی تەکنەلۆژیایە.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە ئەلگۆریتمەکانیان کە خۆراکی توڕەیی دابین
دەکەن، دۆخێکیان دروستکردووە کە دەکرێ بە تاکڕەوی کۆمەڵایەتی ناو ببرێت
- کاتێک کەسەکان تەنها لەگەڵ هاوڕایانیان دەدوێن، تەنها ئەو
زانیارییانە دەبینن کە باوەڕەکانیان پشتڕاست دەکاتەوە. ڕۆبینسۆن، بەپێی
گوتەی خێزانەکەی، لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر سیاسی بووە. ئەم
سیاسیبوونە نەک لە ڕێگەی بەشداری لە کاری حیزبی یان خوێندنەوەی
فەلسەفەی سیاسی، بەڵکوو لە ڕێگەی نوقمبوون لە ناوەندە دیجیتاڵییەکانی
توڕەیی و ڕقدا ڕوویداوە.
ئەمەریکای سەردەمی سەرۆکایەتی نوێی ترامپ، تادێ زیاتر لەگەڵ کەلتووری
تۆڵە دەرگیر دەبێت. هەر لایەنێک خۆی بە قوربانی دەبینێت، هەر لایەنێک
پێیوایە مافی بەرگریکردن لە خۆی هەیە. کوشتنی کیرک تەنها یەک ڕووداو
نییە لە زنجیرەیەکی درێژدا، دوو هەوڵی کوشتنی ترامپ، کوشتنی
فەرمانڕەوایەکی دیموکرات لە مینیسۆتا، هێرشە ئاگرینەکە بۆ ماڵی
فەرمانڕەوای پێنسڵڤانیا... هەر ڕووداوێک دەبێتە پاساو بۆ ڕووداوی دواتر،
هەر تۆڵەیەک دەبێتە هۆکار بۆ تۆڵەی نوێ. پسپۆڕانی توندوتیژی سیاسی، وەک
مایکڵ جێنسەن لە زانکۆی میریلاند، باسی کاریگەری کۆپیکردن دەکەن -
کاتێک توندوتیژی ڕوودەدات، ئەوانی تر هەست دەکەن ڕێگەپێدراون بۆ
کردەوەی هاوشێوە.
لە قەیرانە سیاسییەکاندا، ڕۆڵی ڕێبەرایەتی یەکلاکەرەوەیە. ترامپ، کە
خۆی قوربانی هەوڵی کوشتن بووە، دەیتوانی ببێتە دەنگی ئاشتی و
یەکگرتنەوە. کەچی بەردەوامە لەسەر ڕیتۆریکی دابەشکردن، تەنها چەپی
توندڕەو سەرزەنشت دەکات، هیچ ئاماژە بە توندوتیژی دژی دیموکراتەکان
ناکات. ئەم شکستەی ڕێبەرایەتی ئەخلاقی هەر تایبەت بە ترامپ نییە. لە
هەردوو لای ناکۆکی سیاسی، ڕێبەران زیاتر سەرقاڵی بردنەوەن تا
چارەسەرکردنی قەیران. فێربوون چۆن توڕەیی و ترس بەکاربهێنن بۆ
بەدەستهێنانی دەنگ، بەڵام نازانن یان نایانەوێت بزانن چۆن ئەم هەستانە
کۆنترۆڵ بکەن پێش گۆڕانیان بۆ توندوتیژی.
دیموکراسی، لە جەوهەری خۆیدا، سیستەمێکە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی
بێتوندوتیژی. کاتێک هاوڵاتیان لە بری دەنگدان پەنا بۆ چەک دەبەن، کاتێک
گولـلە جێگەی گفتوگۆ دەگرێتەوە، خودی بنەمای دیموکراسی دەشکێت.
ڕاپرسییەکی NBC News نیشانی دەدات ٧٠٪ لە کۆمارییەکان و ٦٩٪ لە
دیموکراتەکان بیری نێگەتیڤی قووڵیان بەرامبەر یەکتری هەیە. ئەمە نەک
تەنها ئامارێکە، بەڵکوو نیشانەی تراژیدیایەکی نەتەوەییە. کاتێک
هاوڵاتیان یەکتری نەک وەک نەیاری سیاسی، بەڵکوو وەک دوژمنی ئەخلاقی
دەبینن، ئیتر دیموکراسی کار ناکات.
ئایا ئەمەریکا دەتوانێ خۆی لەم دەمارگیرییە ڕزگار بکات؟ وڵامەکە نە لای
سیاسەتمەدارانە و نە لە یاساکاندا، بەڵکوو لە ویستی هاوڵاتیان
خۆیاندایە بۆ بنیاتنانەوەی فەزای گشتی - شوێنێک کە تێیدا دەتوانن بە
ڕێز و بێ ترس گفتوگۆ بکەن. پێویستە لە سیاسەت نەک وەک شەڕ، بەڵکوو وەک
گفتوگۆ بڕوانین. پێویستە نەیارەکانمان نەک وەک دوژمن، بەڵکوو وەک
هاوڵاتی ببینین. پێویستە فێربین چۆن لەگەڵ نائارامی و ناکۆکی بژین
بێئەوەی پەنا بۆ توندوتیژی ببەین.
ئەم قەیرانە تەنها ئەمەریکی نییە. هیچ نەتەوەیەک بە هێندەی ئێمە
پێویستی بە گۆڕانکاری ڕیشەیی نییە لە چۆنیەتی بیرکردنەوەمان بۆ سیاسەت.
زانکۆکان، میدیاکان، حیزبەکان، هەموویان ڕۆڵیان هەیە، بەڵام بڕیارەکە
دواجار تاکەکەسییە. هەر هاوڵاتییەک دەبێت بڕیار بدا ئایا دەبێتە بەشێک
لە چەرخانی توندوتیژی، یان دەبێتە بەشێک لە چارەسەر؟ کوشتنی چارلی کیرک
دەتوانێت خاڵی وەرچەرخان بێت - یان بەرەو زیاتر توندوتیژی، یان بەرەو
بیرکردنەوەیەکی قووڵ لەسەر ئەوەی بۆچی گەیشتووینەتە ئێرە و چۆن
دەتوانین بگەڕێینەوە. هەڵبژاردنەکە بۆ ئێمەیش هەر هەمان شتە. دیموکراسی،
وەک هەمیشە، لە دەستی خەڵکدایە.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|