په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

     دوو بابه‌ت:

 ١- هەردووکمان پیاوکوژ و هەردووکمان مەلەفدارین.


هیوا ڕەش   

 
خائین جاسوس جاش سیخوڕ مەلەفدار بەکرێگیراو و زۆر دەستەواژەى زەوەندى تر هەن باس کردنیان تێکەڵ بە چرکەکانى ژیانمان بووە و مەحاڵە بێ بیستنى ئەوانە نە ڕۆژمان پێ بکرێتەوە و نە شەویشمان پێ بچێتە سەر بە تایبەتى لە دۆخى سیاسى دواى مردنى بەها شۆڕشگێڕى یەکان بە دواوە ، لەو کاتەوەى نێچیر و ڕاوچى لەسەر خوانێک بە بێویستى پێویستى چاوەڕوانکراوى هیچ لایەکیان لە لایەن سەرکردە نەکردەکانەوە کۆکرانەوە ! کێ لەگەڵ بکوژێکى بازرگان بە خوێنى جگەر گۆشەکەى کۆى ئەکاتەوە ئەگەر بەوە سڕ نەکرێت ( بەرژەوەندى نیشتمان ) وا ئەخوازێت ! لێ بە لامانەوە ئاسایى بوو چونکە قسەى سەرکردەکانمان لێ ببون بە ئایەتى قورئان و نەمانزانى ئەو سەرکردە قوربانانە لە ئاستى قوربانیەکانى ئێمە قسەکانیان ( قوڕ ) ئانە ، هەموو هەنگاوێکیان بۆ دەست بەسەردا گرتنى ئانە و نانە ، بۆ زەوتکردنى سامانە ، بۆ سووک کردنى نیشتمانپەروەرى و نیشتمانە !


ئێستا ترسم لێ نیشتووە تۆ بڵێى لەم بارە لارەى ئێمەدا کە خائین جاسوس جاش سیخوڕ مەلەفدار بەکرێگیراو و زۆر لە هاوسەچەشنەکانیان کە خاوەن حکومەت و دەسەڵاتن سەنگەر لە ئێمە نەگرن و ئەوانیش داواى دادگایى ئێمە نەکەن ؟ ! چونکە ئێمەش مەلەفمان هەیە و خەڵکمان کوشتووە ، ئەوان بە فەرمانى ئاغا بەعسییەکانیان و ئێمەش بە فەرمانى سەرکردەکانمان ، ئەوان نۆتى شوجاعەیان ئەدرایێ ئێمە تەنها لە بڵنگۆى ئێستگەکانەوە ئەمانیان کرد بە باڵندە و ئاژەڵى گۆشت خۆر ( شێر پڵنگ هەڵو و باز ) !

ئێمەى شێر و هەڵۆ و ئەوانى چەقەڵ و داڵاش ، ئەوان ئەهاتن بمانکوژن ، ئێمەش بۆ ئەوەى نەکوژرێین ئەمانکوشتن ، ئەوان دزەیان ئەکرد بۆ ئەوەى پێشمەرگەیەکى ئازامان شەهید بکەن ، ئێمەش ئەچووینە ناو شارەکانەوە تا خائینێکى خوێڕى بە سزاى گەل بگەیەنین ، ئەم هەموو کوشتن و یەکتر کوشتن و کۆست خستنە ئەگەر چى لە ڕواڵەتا جیاواز بن بەڵام لە ناوەڕۆکا چوون یەکن و لە بەردەم یاساشدا یەکسانن ، جا توخوا ناهەقمە ترسم لێ بنیشێت خۆم و هاوسەنگەرەکانم بەر لەوەى ئەوان پەت بکرێن ئێمە پەلکێشى دادگا بکرێین ؟ ! خۆ هەردوولاشمان هەر مەلەفدارین ، و مەلەفەکانیشمان هەر مەلەفەو لەیەک سەرچاوەوە داڕێژراوە ، بەعسییەکان کەسمانیان نەبواردووە و بۆ هەموومانیان کردۆتەوە ، تەنها و تەنها ڕەنگەکانیان جیاوازە ، ئێمە کە بە شێر و هەڵۆ ناو ئەبراین مەلەفەکەمان مەلەفى نێچیر بوو ، مەلەفى چەقەڵ و داڵاشەکان مەلەفى ڕاوچییان بوو ، هى ئێمە سپى و هى ئەوانیش ڕەنگەکەى ڕەش بوو ، بچووکترین مەلەف هی من بوو کە تێیدا نووسرابوو : المجرم الهارب الشیوعى العمیل التحق بالمخربین الخونە شارک فی العملیات المعادیە للحزب والپورە ومتهم ب - - - - - ، هەموو ئەم زانیارییانەش لە سەرچاوەى تایبەت بەخۆیان و ( مقرب من المجرم ) بە دەستیان هێنابوو ! نامەوێ بچمە قوڵایى باسەکانەوە ، ئەوەى مەبەستمە و زۆریش جێگەى نیگەرانیمە ئەوەیە ئێمە و مانانیش بدەنە دادگا ، جا بۆیە ئەم نامە پێشوەختە ئاراستەى سەرکردە و بنکردە و نەکردەکان ئەکەم :

بەڕێزان : سڵاوى خەبات و تێکۆشانى بەسەر چوو ، لە کاتێکدا ئەم نامەیەتان ئاراستە ئەکەم ئەژنۆم لە دادگاکانتان شکاوە ، ئەوەى من ئاگاداربم تا ئێستا چەند جارێک دادگا سەرقاڵە بۆ پیاوکوژ و مەلەفدار ، بە پێى ئەو مەلەفانەى لەبەر دەستى ئێوەى هەمیشە شۆڕشگێڕن ، و لە وێرانکردنى دەزگا داپڵۆسێنەرەکانى بەعسەوە وەدەستتان هێناوە ، ئێمەى شوراکانى دوێنێتان تاوانبار و پیاوکوژین بە گوێرەى مەلەفەکان ، نەک شوراکانى ئێستاتان کە لە چەندین جێى ناو ئەو مەلەفانەدا ( نۆتى شوجاعە مەکرەمە مەنحە شوکر و تەقدیر ) ى تێدایە و ئێستا ئێوەش تەخسیرتان بۆیان نەکردووە ، بە سۆنگەى ڕاوەدوونان و کوشتن و دیل کردنى ئێمە ى ( مخرب متمرد غوغائى و عمیل ) ە وە لە ڕوانگەى ئەو یاسایانەى ئەوان دایانڕشتووە و لاى جەنابتانیش هەر نەگۆڕاوە و کارى پێ ئەکرێت ، تکا م وایە بمانبەخشن و لە ژێر باڵى میهرەبانى خۆتان لە دەستى ڕاوچییەکانى دەور و بەرتان بمانپارێزن - - - بۆ پێشەوە بەرەو خەباتى نوێتان .


-----------------------------------------------------------------------------
 

 ٢- بمبورن، ئەمجارەیان سوپاس بۆ دەسەڵاتى سیاسى.

 

 


بەر لە هەموو شتێک پێم خۆشە تاوێک بگەڕێمەوە ڕۆژانێکى پێشمەرگایەتى ، ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبم ئەگەڕێتەوە بۆ کۆتایى مانگى کانونى یەکەمى ساڵى 1987 کە ئەو دەمانە من جێگرى لقى شوان بووم کە بە لقى شەهید بەکر تەلانى ناسراو بوو لە نێو هێزى پێشمەرگەى حیزبى شیوعى عێراقدا ، لقەکەشمان سەر بە بەتالێۆنى 31 ى ئازار بوو ، مەکتەبى بەتالیۆن لە هەنگاوێکى بە پەلە بۆ داڕشتنى بەرنامەى سەربازى و پەرەدان بە چالاکییەکان بۆ ساڵى تازەى داهاتوو بڕیارى کۆنفرانسى سەربازى دابوو ، بۆ ئەمەش مەکتەبى لق ( سەرلق + ڕابەر سیاسى لق + جێگرى سەرلق ) ەکان بانگهێشتى بارەگاى بەتالیۆن کران کە پێم وابێت ئەو کاتە لە ( سماقوڵى ) بوو .


لە دواى دەسپێک یەکسەر خاڵێکى پڕ لە مشت و مڕ زیاد لە نیوەى کاتەکانى کۆنفرانسەکەى بۆ خۆى داگیر کرد ئەویش باسى ئەنجام دانى زۆرترین چالاکى پێشمەرگانە بوو لە ئاییندەدا ، لە کۆتادا گەییشتینە ئەو دەرەنجامەى لە ماوەى 6 مانگدا هەر لقە و لە سنورى خۆیدا 5 چالاکى ئەنجام بدات ، ئەمە بۆ سنورى ئێمەى پێشمەرگەى لقى شوان بە ئەستەم ئەزانرا چونکە دوژمن زۆر بە بایەخەوە لە هەوڵى تۆکمە کردنى بەرەى خۆیدا بوو ، لەبەر ئەوەى لە دەوروبەرى کەرکوکدا بووین و ڕژێمیش تواناى لە ڕادەبەدەرى خۆى بۆ دوور خستنەوەى هێزى پێشمەرگە لەم سنورەدا خستبووە گەڕ ، جگە لە کۆکردنەوەى جاشگەلێکى دڕندە لە سنورەکە کە دەستیان لە هیچ ناپاراست و داشۆرابوون لە هەموو بەها ئینسانییەکان ، لە هەمان کاتدا هێزێکى زەبەلاحى سوپا فاشیستەکەى بە فەرماندەیى ( تاڕق عەبدوڵا حاجى حونتە ) بەردابووە وێزەى دانیشتوانى گوندەکانى دەوروبەر ، لە سەرووى ئەمانەشەوە بە بیانووى پاراستنى کۆمپانیاى نەوت و بۆڕییە نەوتییەکان بە ناوى ( حزام الامنی ) یەوە پشتێنەیەکى بە دەورى کەرکوکدا بە سوپا دروست کردبوو کە لە سەر هەموو گرد و تەپۆڵکەکاندا دایمەزراندبوون ، ئەوەش لەولاوە بوەستێت فڕۆکەخانە لە کەرکوکدا هەبوو کە بە چرکە ساتێک فڕۆکە و کۆپتەرەکانى دەلعاز ئەگەییشتنە ئاسمانى شەڕەکان و چەندین فشارى عەسکەرى و ئامادەباشى دیکەى دوژمن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەکان ، هەموو ئەمانە ئامادەبووانى کۆنفرانسەکەى لە بەرامبەر جێبەجێ کردنى بڕیارەکە بەسەر ئێمەدا ئیحراج کردبوو ، پێشنیارێک کرا کە ئەو بڕیارە نەسەپێنرێت بە سەر ئێمەدا بەڵام هەوڵ بدەین ئاستى چالاکى و جموجۆڵى سەربازیمان زیاتر پەرە پێ بدەین بە گوێرەى هەلى گونجاو و تواناکانى خۆمان .

ئێمەش ئەو پێشنیارەمان ڕەت کردەوە و ڕامانگەیاند : مادام ئێمە ئابڵوقە درابین بەو هەموو هێزە و توانیبێتمان لە سنورەکەدا بمێنینەوە بێگومان ئەتوانین بڕیارى پێشنیار کراویش بەجێ بێنین ، چونکە : (( بە چاو نوقاندنەوە تەقە بکەین زیان لە دوژمن ئەدەین و بۆمان ئەبێت بە چالاکى )) .

ئەم دوا واژەى نێو دوو کەوانەى دوا پەرەگرافى نووسینەکەى سەرەوە م هاتەوە یاد و کەڵکەڵەى ئەم نووسینە کەوتە مێشکمەوە ، چونکە لە بەر زۆرى کەرەستە ، بوارى چالاکى بۆ ئێمە لە هەموو لقەکان زیاتر ڕەخسابوو بۆیەشە ئێمە باشترین و زۆرترین ئەرکمان لە کورتماوەیەکى کەمتر لەو ماوەیەى دەست نیشان کرابوو بەجێ گەیاند ، لێرەوە ئەمەوێ بچمەوە سەر ئەوەى بۆچى ئەم ناونیشانەم بۆ بابەتەکەم هەڵبژارد ؟ ! (( ئەمجارەیان سوپاس بۆ دەسەڵاتى سیاسى )) . من واهەست ئەکەم لە بەرامبەر دەسەڵاتى خۆماڵى خۆمان بەد نمەکى ئەنوێنین ئەگەر بێت و هەر هەجووى بکەینە سەر ، لەکام ووڵاتى دنیا هێندەى ئێمە نووسەریان هەن و لە چ قوژبنێکى دنیادا هێندە بابەتى زیندوو هەن تا نووسەر بێ ئەوەى ماندوو بێت و بە دوایدا ڕابکات ئیلهامى بۆ بێت ؟ تایبەتمەندێتى نووسەرمان تێدا نەبێت و ئەکادیمیانەش لەو بوارەدا نەمانخوێندبێت ، چۆن ئەتوانین ڕۆژانە ئەگەر دەرفەتمان هەبێت لە بابەتێک زیاتر و لە سەر کێشەیەک زیاتر بێ بیرکردنەوە و خۆماندوو کردن بنووسین ! ئەم ئەفراندنە پێ بزانین یان نەزانین چاکییەکەى ئەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتى سیاسى ، گەر باوەڕ ناکەن با بزانین چۆن؟!

1 ئەگەر دەسەڵات زۆرینەى چین و توێژەکانى کۆمەڵگا پشت گوێ نەخات و نەبێت بە نوێنەرى چینێکى مشەخۆرى سەرمایەدارى دواکەوتوو ئەى ئێمە لە سەر چى بنووسین ؟
2 ئەگەر دەسەڵات هەموو کایەکانى ژیانى هاوڵاتییان نەخاتە ژێر ڕکێفى خۆیەوە و حیزب نەکاتە مڵۆزم بە سەریەوە ئەى ئێمە لە سەر چى بنووسین ؟
3 ئەگەر دەسەڵات حیزب نەکات بە کەڵەگاى پەرلەمان و حکومەت ئەى ئێمە لە سەر چى بنووسین ؟
4 ئەگەر دەسەڵات نغرۆى گەندەڵى نەبێت و گەمە بە قووتى خەڵکەوە نەکات ئەى ئێمە لە سەر چى بنووسین ؟
5 ئەگەر دەسەڵات داڵدەى ئەنفالچى و مەلەفداران نەدات و پۆستیان نەداتێ ئەى ئێمە لە سەر چى بنووسین ؟
6 ئەگەر دەسەڵات پەروەردە و زانکۆکان نەکات بە پەلێک لە پەلەکانى حیزب ئەى ئێمە لە سەر چى بنووسین ؟
7 ئەگەر دەسەڵات بەرامبەر ناوچە داگیرکراوەکانى کوردستان دەستە و ئەژنۆ دانەمابێت و نەتوان نەبێت لە سەر گێڕانەوەیان بۆ سەر کوردستان ئەى ئێمە لە سەر چى بنووسین ؟
8 ئەگەر دەسەڵات لە کەرکوکدا دوو جۆر وانەى مێژووى حیزبیى بە مناڵانى کەرکوک نەڵێتەوە ئەى ئێمە لە سەر چى بنووسین ؟
9 - ئەگەر دەسەڵات لە کەرکوکدا گوندێک نەکات بە دووان و شۆراوى پارتى و شۆراوى یەکێتى لە بەردەم خەڵکیدا قووت نەکاتەوە ئەى ئێمە لە سەر چى بنووسین ؟
10 ئەگەر دەسەڵات تا ئێستا بودجەى خەڵک بۆ خاوەنەکەى و چۆنێتى خەرج کردنى بە نهێنى نەهێڵێتەوە ئەى ئێمە لە سەر چى بنووسین ؟
11 ئەگەر دەسەڵات لە حکومەتە یەکگرتووەکەى پارتى و یەکێتیدا لە ئاستى یەکنەگرتنەوەى هەندێ وەزارەت و دەزگادا کڵۆڵ نەبێت ئەى ئێمە لە سەر چى بنووسین ؟
12 ئەگەر دەسەڵات عەقلیەتى فیفتى فیفتى بە سەریدا زاڵ نەبێت و پەرلەمان نەکاتە دیوەخانى حیزب ئەى ئێمە لە سەر چى بنووسین ؟
13 ئەگەر دەسەڵات بازاڕ و بازرگانى و کۆمپانیاکان قۆرخ نەکات ئەى ئێمە لە سەر چى بنووسین ؟
14 ئەگەر دەسەڵات لە ئاستى قەیرانەکانى کۆمەڵگادا دەسەوەستان نەبێت ئەى ئێمە لە سەر چى بنووسین ؟
15 ئەگەر دەسەڵات لە سەر ( قوتابى و خوێندکار ) ( ژن و ئافرەت ) و ئەوانى تر ناتەبا نەبن ئەى ئێمە لە سەر چى بنووسین ؟
16 ئەگەر دەسەڵات بە دزییەوە گرێبەستە نەوتییەکان ئەنجام نەدات ئەى ئێمە لە سەر چى بنووسین ؟
17 ئەگەر دەسەڵات کوردێکى ڕا کردووى پارچە داگیر کراوەکانى ترى کوردستان لە دەستى ڕژێمە خوێنمژە دژە گەلییەکان بە بیانووى سنوور بەزاندن دادگایى نەکات ئەى ئێمە لە سەر چى بنووسین ؟
18 ئەگەر دەسەڵات مەلەفدار و ئە نفالچى کوژراو نەکات بە شەهید و زیندووەکانیان نەکات بە پێشمەرگەى دێرین و مووچەیان بۆ نەبڕێتەوە ئەى ئێمە لە سەر چى بنووسین ؟
19 ئەگەر دەسەڵات لەشکرى مناڵى کارکەر و ژنى سواڵکەر لەسەر جادەکان زیاد نەکات ئەى ئێمە لە سەر چى بنووسین ؟
20 ئەگەر دەسەڵات ناعادل و نایەکسان و گەندەڵ و بێ بەرنامە و بێ پلان نەبێت ئەى ئێمە لە سەر چى بنووسین ؟

ئەگەر و ئەگەر و سەدان ئەگەرى سلبى دەسەڵات نەبێت ئەى چۆن ئێمە ئەتوانین بەو ئاسانى یە کەى بمانەوێت شتێک بنووسین ئەینووسین ! نە سەرچاوەمان بوێت نە خۆماندوو کردن تا بە دواى کەرەستەى نووسیندا بگەڕێین ! جا دەسەڵات کە فێرى نووسین و داهێنانى کردبم و ئیلهامم پێ ببەخشێت بۆیە ئە بێت بمبوورن ئەمجارەیان بە جەخت کردنەوە ئەڵێم : (( سوپاس بۆ دەسەڵاتى سیاسى ))

 

 

07701309524       

Hewarash1@yahoo.com