|
٥\٢\٢٠٢٦
دوو بابەت لەسەر
پرسی کورد.

ئەرسەلان مەحمود
پەڕەیەک لە کتێبێکی ئەستوور.
هەندێک ڕووداو هەن لە یەکەم تەماشاکردندا وەک دەرفەتێکی مێژوویی
دەردەکەون، بەڵام کاتێک دەگەیتە بناوانیان، جگە لە دووبارەبوونەوەی
تراژیدیایەکی کۆن لە جلوبەرگێکی نوێدا، دەرچەیەکی ئەوتۆ نابینیت بتوانی
تەمایەکی لەسەر هەڵبچنیت. ڕۆژی ٢٧ی کانوونی دووەم ٢٠٢٦، سیناتۆر لینزی
گراهام لە پلاتفۆرمی ئێکسدا ڕایگەیاند یاسایەک بە ناوی پاراستنی کورد
پێشکەش دەکات - یاسایەک سزای وێرانکەر بسەپێنێتە بەسەر هەر لایەنێک
دوژمنایەتی گەلی کورد بکات. زۆرینەی میدیاکان ئەمەیان بە هەنگاوێکی
گەورە وەسفکرد، بەڵام ئایا مەودای نێوان بەڵێن و ڕاستی واشنتۆن هەمیشە
قووڵتر نەبووە لەوەی دەردەکەوێت؟
با لە پێشەوە سەیری کۆنتێکستەکە بکەین. گراهام هەمان ئەو هەفتەیە پڕۆژە
یاساکەی ڕاگەیاند، تۆم باراک - نێردراوی تایبەتی ترامپ بۆ سوریا وتی:
ئیتر ڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک وەک هاوبەشی ئەمەریکا تەواوبوو.
ئەمە لە ڕواڵەتدا پارادۆکسە، بەڵام لە واقیعدا حەقیقەتی سیاسەتی
دەرەوەی ئەمریکایە. سیناتۆری بەناوبانگی کۆماری یاسای پاراستنی کورد بە
هەڕەشەی سەپاندنی سزای وێرانکەر پێشکەش دەکات، ئیدارەی هەمان ئەو حزبە
نەک هەر پشت لە هاوپەیمانەکەی دوێنێی دەکات، هەموو نەگبەتییەکانی سەر
گەلانی ناوچەکەش بە شکستی دیموکراسی و فیدڕالیزم و ویستی خۆسەریبوونی
کورد و گەلانی ناوچەکە پاساو دەدات. ئەمە چییە ڕوو دەدات؟ چۆن لەمە
تێبگەین؟
لە دەستووری ئەمەریکادا، دەسەڵاتی ڕەهای سیاسەتی دەرەوە لای سەرۆکی
وڵاتە نەک کۆنگرێس. کۆنگرێس دەتوانێ یاسا دەربکات، بەڵام بڕیاردەری
چۆنیەتی جێبەجێکردنیەتی، سەرۆکە. لە سەروو ئەمیشەوە ئەوەی هەمیشە دەبێ
سەربکەوێت بەرژەوەندی ستراتیژییە نەک پابەندبوونی ئەخلاقی. بڕیاری
ترامپ و ئیدارەکەی پەیوەندی لەگەڵ دیمەشقی نوێ باشترە لە پاراستنی
کورد، لەبەر ئەوە دواجار هیچ یاسایەک نییە بتوانێت ئەو ڕەوتە بگۆڕێ.
یارییەکە ڕوونە، بۆ ئەمریکا لەبری گۆڕانکاری ڕیشەیی جیۆپۆلەتیکی و لە
گۆڕنانی کۆڵۆنیالیزم، گۆڕانکاری جیۆسیاسی و بوژاندنەوەی کۆڵۆنیالیزم و
گەمارۆدانی شەرق و غەربی ئێرانە بە دوو ڕژێمی جیهادیی ئەنتی شیعی،
هەڵبەتە بە پشتیوانی تورکیا، چونکە داڕێژەری یارییەکە خودی تورکیا
خۆیەتی لە ڕێگەی تۆم باڕاک نەک ئەمریکا، سودەکەی تورکیا چەند سەرەیە،
سەرەکیترینیان دەرباز کردنی وڵاتەکەیە لە ئەگەری گۆڕانکارییەکانی
ناوچەکە و زەمینەسازییە بۆ پڕۆژەی نیوعوسمانی-ئیخوانی، ئەوەی باڕاک
ئیدیعای دەکات ڕێک ئەمەیە، چونکە لە واقیع و لە حەقیقەتدا ئەوەی شکستی
هێناوە خودی ناوەندگەرایی و ئەم جۆرە پرۆژەیە نەک فیدڕالیزم و
خۆسەریبوونی کورد و گەلانی ناوچەکە.
باقیات، دەنگەکانی مایک پۆمپێئۆ – وەزیری دەرەوەی پێشوو: پشتکردنە کورد
کارەساتێکی ئەخلاقی و ستراتیژی دەبێت. یان تۆنی پێرکنز، سەرۆکی
ئەنجومەنی لێکۆڵینەوەی خێزان: نابێت ئیسلامییەکان دەست بەسەر ناوچەی
کوردەکاندا بگرن، یان ئەوەی گراهام و ئەوانی تریش پتر نیشانەی ناکۆکی
ناوخۆیی کۆمارییەکانن... هەرچۆنێک بێت ئایا ئەو دەنگانە دەتوانن لە
بەرامبەر ویستی کۆشکی سپیدا ببنە کردەوە یان نا، ئەمە دەماگەیەنەتە
خاڵێکی سەرنجڕاکێش.
ساڵی ٢٠١٩ کاتێک ترامپ فەرمانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە باکووری
سوریا دا، گراهام توندترین ڕەخنەگر بوو و بڕیارەکەی بە کورتبینی و
نابەرپرسیارانە وەسفکرد. ئەو کاتەش یاسای سزادانی پێشنیارکرد، بەڵام
دواجار چ گۆڕا؟ ترامپ درێژەی بە سیاسەتی خۆیدا و کورد لە ئاکامدا زیانی
گەورەی بەرکەوت. ئێستا هەمان سیناریۆ دووبارەدەبێتەوە. گراهام یاسا
پێشنیاردەکات، بەڵام ئیدارەی ترامپ بە ڕێگەیەکی دیکەدا دەڕوات. ئایا
گراهام بە جدی هەوڵدەدات سیاسەت بگۆڕێت، یان تەنها نارەزایەتییەکی
سیاسییە بەبێ ئەوەی چاوەڕێی ئاکامێک بکات؟
ئێستا واشنتۆن هاوبەشێکی نوێی دۆزیوەتەوە لە سوریا. ترامپ لەگەڵ
ئەلشەرەع کۆبۆوە، ئەمەریکا هەموو سزاکانی سەر سوریای هەڵگرت، سوریا
بووەتە ٩٠ـەمین ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش. بڕیارە
لۆژیکییەکە لە ڕوانگەی واشنتۆنەوە، ئەمەیە: کاتێک دەتوانی پەیوەندی
فەرمیت لەگەڵ دەوڵەتێکدا هەبێت، بۆچی هاوبەشێکی نافەرمی بپارێزی؟ ئەم
لۆژیکە لە ڕوانگەی کوردەوە، با ملیۆنان کەسیش بخاتەوە دەست قەدەر و
ستەمکاری هێزی دوژمنەوە، بەلای باڕاک و ترامپ قیمەتێکی نییە.
ئەمە واتای ئەوە نییە هەوڵەکەی گراهام بێبەهایە؟ نەخێر، بەڵام بەهاکەی
سنووردارە و پێویستە بە شێوەیەکی ڕیالیستی تێبگەین. یاساکە دەتوانێت
وەک ئامرازێکی فشار بەکاربهێنرێت. دەتوانێت هەندێک دەنگ و باس لە
واشنتۆن بخوڵقێنێت. دەتوانێت ڕێگر بێت لەوەی ئەمەریکا بە تەواوی بێدەنگ
بێت لە بەرامبەر قەتڵوعامی کورد و ئەو بزنسە سیاسەی باڕاک، ئەردۆغان و
ترامپ لەسەر مافی گەلانی ناوچەکە بە سیاسەتی ئەمریکاوە جێبەجێی دەکەن.
بەڵام ناتوانێ جێی هێز بگرێتەوە. ناتوانێت ڕێگە لە سوپای سوریا و
تورکیا بگرێت هێرش بکەن. ناتوانێ پەیوەندی ستراتیژی نێوان واشنتۆن و
دیمەشق بگۆڕێ. گرنگتر لە هەموویان، ناتوانێ جێگەی یەکگرتن و توانای
خۆپاراستنی کورد خۆی بگرێتەوە.
یاسای گراهام باشترە لەوەی هیچ نەبێت. بەڵام دواجار تەنها پەڕەیەکە لەو
کتێبە ئەستوورەیەی واشنتۆن نووسەرەکەیەتی - بەپێی بەرژەوەندی بڕیار
بەدەستەکانی ئێستای لە ناوچەکەدا. کورد دەتوانێ ئەو پەڕەیە بخوێنێتەوە،
بەڵام نابێت وەها بیربکاتەوە دەتوانێ ناوەڕۆکەکەی بگۆڕێ. ئەوەی دەتوانێ
بیکات ئەوەیە: خۆی کتێبی خۆیان بنووسێتەوە، بە دەستی خۆی، بە خوێنی خۆی
و وەک هەمیشەش لەسەر ئەرزی خۆیان. ئەوە کارێکی ئاسان نییە، بەڵام مێژوو
پیشانیداوە تاکە ڕێگەی مانەوەیەتی.
---------------------------------------------------------------------------------------------------------------
هاوخەمی بە تەنها بەس نییە.
دوو هەفتە ڕۆژ زیاترە کورد لە چوار گۆشەی جیهانەوە یەک دەنگ قسە دەکات.
ئەمە لە شەقامەکانی سلێمانی، هەولێر، کەرکوک، هەڵەبجە، دهۆک، دیاربەکر
و سەرجەم شار و شارۆچکە کوردییەکانەوە بۆ بەرلین، پاریس، واشنتۆن و
لەندەن ڕۆژانە هەزاران کەس دەڕژێنە شەقامەکان و پاڵپشتی بۆ ڕۆژئاوای
نیشتمان - ڕۆژئاوای کوردستان دەردەبڕن. ئەم دیمەنە هەست بزوێنە،
دڵخۆشکار و هیوابەخشە. بەڵام ئایا بەسە؟
بێگومان نەخێر. هاوخەمی بەهادارە. کاتێک دڵمان بۆ خۆشکان و براکانمان
لە ڕۆژئاوا لێدەدات، ئەمە هاوخەمییە. کاتێک خەڵکی کوردستان دەڕژێنە سەر
شەقام بۆ پشتیوانی هاو زمانەکانیان، ئەمە هاوخەمییە. هاوخەمی هەستێکی
ڕەوایە، مرۆیییە، پێویستە. بەڵام هاوخەمی بە تەنها بەس نییە، ئەمە
مافەکان ناپارێزێت، داهاتوویەک بنیاد نانێت. ئەوەی پێویستە میکانیزمە -
مێکانیزمی هاوبەش بە جۆرێک هەستەکان بگوازێتەوە بۆ کردار، لە کردارەوە
بەرەو دامەزراوە، لە دامەزراوە بۆ پلاندانان.
ئەم کۆدەنگییە جڤاکییە کوردییە بەهادارە، بەڵام نوێ نییە، کورد
زۆرجارانیتر یەکدەنگ قسەی کردووە، یەک دڵ هەڵساوە، یەک خەم ئازاری
کێشاوە. ساڵی ١٩٩١ ئەو کاتەی میلیۆنەها کورد بەرەو چیاکان ڕەویانکرد،
جیهان ئەمەی بینی، تێگەیشت کورد یەکە. ساڵی ٢٠١٤ کاتێک داعش هاتە سەر
کوبانی، کورد لە هەموو شوێنێک پاڵپشتی دەربڕی و زۆرێکیش ڕۆیشتنە
جەنگەوە. ئەم ساتانە گرنگن. بەڵام ئایا ئەمانە دامەزراوەیەکی هاوبەشیان
دروستکرد؟ ئایا مکانیزمێکیان بنیادنا بۆ داهاتوو بتوانرێ پشتی
پێببەسترێت؟ وڵامەکە بە داخەوە زۆر جار نەخێرە.
کاتێک قسە لە مکانیزم دەکەین، مەبەستەکە چییە؟ ئەو شتەیە ڕێگەی کارکردن
دیاری دەکات - بەبێ ئەوەی هەر کاتێک پێویستبوو لە سفرەوە دەست بە
بیرکردنەوە بکرێت چبکرێت. وەک نموونە: کاتێک کورد لە باشوور لە
مەترسیدا بوو، ئایا میکانیزمێک هەبوو بزانرێت چۆن و چ کاتێک و بە چ
شێوەیەک یارمەتی بدرێت؟ ئایا ناوەندێک هەبوو بڕیار بدات؟ ئایا بودجەیەک
هەبوو تەرخانکرابێ؟ ئایا پلانێک هەبوو جێبەجێ بکرێ؟ زۆربەی کات وڵامەکە
نەخێرە، ئەم نەخێرە لە ناوەڕاستی هەموو هاوخەمییەکاندا ڕوون دەبێتەوە.
ئیتر ڕۆژ ڕۆژی ئەوەیە سود لە ڕابردوی خۆمان وەربگرین، با لە نەتەوەکانی
ترەوە فێرببین. جوولەکە لە سەرانسەری جیهاندا بڵاون، بەڵام ڕێکخراوەکان
و دامەزراوە ئیسرائیلییەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراو کار دەکەن.
ئەرمەنییەکان لە دیاسپۆرادا لۆبییەکی بەهێزیان هەیە و دەتوانێت
کاریگەری لەسەر سیاسەتی وڵاتان دابنێت. ئەم نەتەوانە تەنها هاوخەم نین
- مێکانیزمیان هەیە. مێکانیزم واتە: دامەزراوەی دیاریکراو، بودجەی
دیاریکراو، پلانی درێژخایەن، هەماهەنگی نێوان لایەنەکان و توانای
بڕیاردان لە کاتی قەیراندا.
بۆچی کورد میکانیزمی نییە؟ بەڵێ، هۆکارگەلێک هەن، ڕەنگە گرنگترینیان
ئەم دابەشکرانە جوگرافییەی بێت، هەر یەکێک لەم دەوڵاتانە سیاسەتی
جیاوازی هەیە. ئەم بارودۆخە مێکانیزمی هاوبەش قورستر دەکات بەڵام
ناشیاو یان مەحاڵی ناکات. ڕێکخراوەکان هەن، زانکۆکان هەن، تەکنەلۆژیا
بەردەستە. چیبکرێ؟ پێموایە سێ ئاراستە هەن ڕیالیستانەن و دەتوانرێت
کاریان لەسەر بکرێت.
یەکەم: دامەزراندنی ناوەندی شارەزایان و توێژەران و کارگەران لە
دەرەوەی حزبەکان. ئەم ناوەندە شوێنێک بێت هاوتاکان لە هەموو پارچەکان و
دیاسپۆرا لەسەر مێزێک کۆبکاتەوە بۆ شیکردنەوەی بارودۆخ، دانانی سیناریۆ
و پێشنیارکردنی چارەسەر. ئەمە دەتوانێت مکانیزمێکی هزری و پەرەپێدەری
یەکێتییەکی ڕاستەقینە و پتەوی جڤاکی بێت لەدەرەوەی جیاوازییە
سیاسییەکان کار بکات.
دووەم: دروستکردنی لۆبی کوردی لە ڕۆژئاوا، بە جۆرێک کاریگەر و ڕێکخراو
بێت. ئێستا میلیۆنەها کورد لە ئەوروپا و ئەمریکادا دەژین و زۆربەیان
هاوڵاتیی ئەو وڵاتانەن. ئەگەر ئەم کەسانە بتوانن بە شێوەیەکی ڕێکخراو
کاریگەری لەسەر ناوەندەکانی بڕیار دابنێن - لە ئاستی پەرلەمانی، لە
ئاستی میدیایی، لە ئاستی بازرگانی و کەلتووری کورد دەنگێکی دەبێت لە
کاتی قەیراندا گوێی لێبگیرێت.
سێیەم: هاوبەشی پێکردنی ئابووری بەشەکانی کوردستان. ئەمە ڕەنگە
قورسترین بابەت بێت، بەڵام کاریگەرترینیانە. کاتێک ئابووری بەشەکان
پێکەوە گرێدراو بن — لە ڕێگەی بازرگانی، وەبەرهێنان، پڕۆژەی هاوبەش
ئەوا یەکێتی کوردان تەنها هەست نابێ، بەڵکوو بەرژەوەندی دەبێت.
بەرژەوەندی هاوبەش میکانیزمی یەکێتی کوردان دروست دەکات، چونکە کاتێک
هەر لایەک لە مەترسیدابێ، ئەوانیتر هەر هاوخەم نین، بەڵکوو پشتیوانی
لێدەکەن چونکە بەرژەوەندی خۆیانیشە.
ئەوانەی دەڵێن ئەمانە خەیاڵن، ڕاست دەکەن. ئەمانە ئاسان نین. بەڵام
ئایا بارودۆخی ئێستا ئاسانە؟ ئایا ئاسانە هەر چەند ساڵێک جارێک و دووان
کورد بکەوێتە قەیرانێکی نوێ و تەنها کاریشی ببێتە خۆپیشاندان و
دەربڕینی هاوخەمی؟ ئایا ئاسانە کورد هەتا سەر لە ئاستی جیهاندا بێشوێن
بمێنێتەوە، لەبەر ئەوە ڕاستییەکە ئەوەیە بارودۆخی ئێستا ناپایەدارە و
ناپایەداری بەردەوام تاوانە – تاوانە بەرامبەر بە داهاتوویی خۆمان و
نەوەکانمانی دەکەین.
یەکبوونی ڕاستەقینە پێویستی بە میکانیزمی هاوبەش هەیە، نەک تەنها
هاوخەمی. ئەمە ڕەخنەگرتن لە هاوخەمی نییە
- هاوخەمی جوانە و مرۆیییە.
بەڵام ئەمە بانگەوازێکە بۆ ئەوەی لە هاوخەمییەوە بگوازینەوە بۆ
مێکانیزم، لە هەستەوە بڕۆین بەرەو دامەزراوە، لە ئێستادا بپەڕینەوە
بەرەو داهاتوو. ئەگەر ئەمە نەکرێت، دیسان و دیسانەوە تەنها دەبێ
هاوخەمی دەرببڕین، بەبێ ئەوەی شتێک بگۆڕین. ئەو کاتە، هاوخەمییەکەمان
بەتەنها نیشانەی خۆشەویستی نابێت
- نیشانەی کەموکوڕیشە.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|