په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١\٢٠٢٦

دوو بابەتە سەبارەت بە حەلەب و رۆژئاوای کوردستان.


ئەرسەلان مەحمود      

ئەندازیاری ستەمکاریی.


لە وڵاتێکدا دیموکراسی و مافی مرۆڤ ستوونی ناسنامە سیاسییەکەی بن، بوونی کەسایەتییەکی وەک تۆماس جی. باراک لە بازنەی بڕیاردا تەنها دژیەکییەکی ئەخلاقی نییە، بەڵکوو مەترسییەکی ستراتیژی کوشندەیشە. ئەمڕۆ چیتر ئەم مەترسییە تیۆرییەکی بیروڕایی نەماوە؛ کردارێکە ڕۆژانە لە دەروازەکانی دیمەشق و ئەنقەرەدا خۆی دووبارە و نمایش دەکاتەوە.

تۆم باراک بازرگانێکی سادەی خانووبەرە نییە. ئەو نوێنەری قوتابخانەیەکی سیاسی تاریکە، بڕوای وایە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شایستەی ژیانێکی شارستانی و دیموکراتیک نین، تاکە چارە لە دیدی ئەودا پیاوی بەهێز و دەسەڵاتی ناوەندگەرایی پۆڵایینە. ئەم بیرۆکەیە ساڵانێکە لە ڕێڕەوەکانی واشنتۆندا بازاڕی گەرمە، بەڵام بۆ گەلانی ناوچەکە—بەتایبەت کورد—حوکمی لەسێدارەدانە.

ئەوەی ئەم باسە مەترسیدارتر دەکات ئەوەیە؛ باراک ئێستا تەنها راوێژکار یان لۆبیکارێک نییە. مارسی ٢٠٢٥، سەرۆک ترامپ وەک بایەخداری ئەمەریکا لە تورکیا ئەرکداریکرد و مایسی ٢٠٢٥ـیش پۆستی نێردەی تایبەتی ئەمەریکای بۆ سوریا پێدراوە. واتە ئەو کەسەی ساڵانە بازاڕگەرمی بۆ فەلسەفەی ناوەندگەرایی ستەمکارانە دەکرد، ئێستا ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی بڕیاردانی لەسەر چارەنووسی میلیۆنان کورد لە سوریا و ناوچەکە هەیە بەگشتی.

ساڵی ٢٠٢١، وەزارەتی دادی ئەمەریکا باراک'ی تۆمەتبار کرد بە کارکردن بۆ ئاژانسێکی نهێنی ئیمارات، ئەو لە لایەن FBIـیەوە دەستگیرکرا، دواتر بە کەفالەتی ٢٥٠ ملیۆن دۆلار ئازاد کرا—یەکێک لە گەورەترین کەفالەکانی مێژووی دادگاکانی ئەمەریکا. ناوەڕۆکی تۆمەتنامەکە وێنەیەکی ڕوون دەردەخات لەوەی باراک چۆن سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکای کردبوو بە ئامرازی بەرژەوەندیی کەسی و بەرژەوەندیی وڵاتانی بێگانە.

نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ ڕاستە دادگاکە بڕیاری بێتاوانی باراک'ی دەرکرد، بەڵام بەرائەتبوون لە ڕووی یاساییەوە هیچ کاتێک واتای بێتاوانی لە ڕووی ئەخلاقی و سیاسییەوە ناگەیەنێت. ناوەڕۆکی تۆمەتنامەکە و بەڵگەدار بوونی بە هەزاران ئیمەیڵ و پەیامی تۆمارکراو، هەر خۆی سەلمێنەری ئەوەیە ئەم کەسە بەردەوام پەیوەندی نێوان بەرژەوەندیی بازرگانی خۆی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکای تێکەڵ کردوە. ئەگەر یاسا نەیتوانیبێ مۆری تاوانی لێبدات، مێژوو و ویژدان دەتوانن.

باراک بانگەشەی ئەوە دەکات مامەڵە لەگەڵ سەرکردەیەکی بەهێز ئاسانترە لە مامەڵە لەگەڵ پەرلەمان و دامەزراوەکان. ئەمە تێگە و خوێندنەوەیەکی تەواو ڕووکەش و کوێرە. مێژووی هاوچەرخ سەلماندوویەتی ئەو سەقامگیرییەی دیکتاتۆرەکان دروستی دەکەن تەنها بێدەنگییەکی کاتی پێش تەقینەوە گەورەکانە.

فەلسەفە ناوەندگەراییەکەی باراک بۆ گەلی کورد واتە مەرگ. هەموو دەستکەوتەکانی کورد لە عیراق و سوریا - فیدراڵیەت، خۆبەڕێوەبەری، دانپێدانانی دەستووری دەرەنجامی لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوەندی ستەمکار بوون. کاتێک کەسێک لە واشنتۆنەوە هەوڵ دەدات چنگە پۆڵایینەکەی بەغدا یان ئەنقەرە یان دیمەشق بەهێز بکاتەوە بە بیانووی سەقامگیری، بە کردەیی ڕێگە بۆ سڕینەوەی کیانی کورد و نوێکردنەوەی جینۆساید خۆش دەکات.

مەترسییەکە لەوەدایە ئەمڕۆ ئەم فەلسەفەیەی باراک چیتر لە ئاستی وتاردا نەماوە، بەڵکوو بووەتە نەخشەڕێ و سیاسەتی فەرمی. تەمووزی ٢٠٢٥، دوای چاوپێکەوتنێکی نێوان عەبدی – فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و شەرع سەرۆکی کاتی سوریا باراک بە ڕوونی ڕایگەیاند: هێزەکانی سوریای دیموکراتیک پێویستە قبووڵی بکەن سوریا یەک وڵات و یەک سوپا و یەک گەلە، فیدڕاڵیزم لێرە کار ناکات. ئەم وتەیە پەیامێکی ڕوونە بۆ کورد: خەونەکانتان لە خۆبەڕێوەبەری بخەنە گۆڕەوە.

باراک هەر بەمە نەوەستاوە. ئەیلولی ٢٠٢٥، سێ دیپلۆماتی ئەمەریکی بەرپرسی تۆماری مەلەفی سوریا بوون، لە پۆستەکانیان لادران، تەنها لەبەر ئەوەی لەگەڵ باراک هاوڕا نەبوون لەسەر پرسی کورد. ئەم دیپلۆماتکارانە پشتگیرییان لە مافی کورد دەکرد و باوەڕیان بە پێویستی مانەوەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک وەک یەکەیەکی سەربەخۆ هەبوو. بەڵام باراک ویستی پێچەوانەی ئەمە بوو، هەمووان بچنە ژێر فەرمانی دیمەشق، واتە ژێر فەرمانی هەیئەت تەحریر شام - ڕەگی لە ئەلقاعیدە. هەر وایشیکرد، واشنتۆن لێرەدا لە حەڵەب پشتی جیهادییەکانی بەرامبەر بە هاوپەیمانە کوردەکانی گرت. سەرۆک ترامپ لە نوێترین لێدوانیدا بۆ شەرەع دەڵێت ڕێز لە کورد بگرن. بەڵام ڕێزگرتن لە کورد ڕێزگرتنە لە ناسنامە و مافەکانی نەک موجامەلەی ڕواڵەتی.

باراک سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکای کردووە بە کاڵای بازرگانی. کاتێک بڕیارە ستراتیژییەکان لەسەر بنەمای قازانجی کۆمپانیاکانی Colony Capital و پەیوەندییە کەسییەکانی لەگەڵ شازادەکانی کەنداو دەدرێن نەک لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نیشتمانی—ئەوا ئەمەریکا لەبەردەم پرسیاری قووڵ و کارەساتێکی بێوێنەی چاوەڕوانکراودایە.

کاری باراک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە ١٩٧٠وە دەستیپدەکات، کاتێک وەک ڕاوێژکاری یاسایی بۆ بنەماڵەی شای سعودیا کاری دەکرد. دواتر بوو بە یەکێ لە گەورە وەبەرهێنەرانی موڵکی لوکس لە ناوچەکە. ئەم سامانە زۆرەی باراک بەرهەمی ئاڵوگۆڕی بازرگانی کەسییە لەگەڵ تاجپۆشەکانی کەنداو و سنوورەکانی بەرژەوەندیی ئەمەریکا تێکدەشکێنن.

ئەم جۆرە لۆبییە سێبەرە کارێک دەکات ئەمەریکا چاوپۆشی لە پێشێلکارییە گەورەکان بکات، تەنها بۆ ئەوەی دۆستەکانی باراک دڵنیا بن. کاتێک باراک کوشتنی ڕۆژنامەنووسێکی وەک جەمال خاشقچی بەراورد بە هەڵەکانی ناوخۆیی ئەمەریکا کرد، بە ئاشکرا تاوانەکەی سوککردو و پەیامێکی ڕوونیشی دایە هەموو دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە و جیهان: نیگەران مەبن، تا پارە بدەن، ئێمە پاساوتان بۆ دەهێنینەوە. ئەمە تەنها لێدوانێکی هەڵە نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی ئایدۆلۆژیایەکە باوەڕی بە مافی مرۆڤ نییە. ئایا دەکرێت کەسێک پاساو بۆ تاوانی نێودەوڵەتی بهێنێتەوە و کاریگەریشی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەبێت؟ ئەمە پرسیارێکە شایستەی لێکۆڵینەوەی کۆنگرێسە.

سوریای دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، بووەتە کێڵگەیەک بۆ جێبەجێکردنی فەلسەفەی باراک. سایکس-پیکۆ نیشانەی دەستدرێژی ئیمپریالیستی بوو و ئەو سنوورانەی کێشان، بەڵام چارەسەری باراک بۆ ئەم کێشەیە نەبووە مایەی دەستەبەری مافەکانی گەلان، بەڵکوو بوو لە گیانەڵادا بوو بە هۆی زیندوکردنەوەی و سەپاندنی دەسەڵاتی ناوەندگەرایی نوێ—ئەمجارە لە ڕێگەی هەیئەت تەحریر شامەوە. تەمووزی ٢٠٢٥، دوای کوشتاری سوێیدای عەلەوییەکان، باراک وتی: سوریا پێویستی بە جگرەیەک لە ناوەندگەرایی هەیە. بێت. باراک لێرەوە کەوتە فشار خستنە سەر کورد و پێکهاتەکانی تر بۆ تەسلیمبوون بە دیمەشق. ئەم پشتگیریکردنە کوێرانەیەی باراک لە ڕژێمە ناوەندگەراکان ئەرکی ئەمەریکا لە داهاتوودا قورستر دەکات. سەرکوتکردنی گەلان و پێکهاتەکان زەمینە بۆ توندڕەوی و تیرۆر خۆش دەکات و هەڕەشەکە دواجار دەگەڕێتەوە بۆ سەر خودی ئەمەریکا. ئەمە مێژوو بە دەیان جار سەلماندوویەتی.

کورد سەلماندوویەتی باشترین و بەوەفاترین هاوپەیمانی ئەمەریکایە لەسەر زەوی. لە شەڕی دژ بە داعشەوە، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک گیانی هەزاران فیداکاریان کردە قوربانی، ئەمڕۆ پێنتاگۆن لە بودجەی ٢٠٢٦دا ١٣٠ ملیۆن دۆلاری بۆ پشتگیری ئەم هێزە تەرخانکردوە. کەچی سیاسەتی باراک بە قوربانیکردنی ئەم هاوپەیمانە دیموکراسیخوازەیە لە پێناو ڕازیکردنی دەسەڵاتە ستەمکارەکانی ئەنقەرە، دیمەشق، و شازادەکانی کەنداو. ئەم دژبەرییەی نێوان بودجەی سەربازی و سیاسەتی دیپلۆماسی تەنها دژبەری نییە؛ خیانەتە.

تۆم باراک سیمبولی جۆرێک لە سیاسەتە قازانج دەخاتە پێش پرەنسیپ، بازرگانی دەخاتە پێش مرۆڤایەتی و دیکتاتۆریەت دەخاتە پێش دیموکراسی. بۆ کورد و گەلانی ئازادیخوازی ناوچەکە، ئەو نوێنەری گەڕانەوەی سەردەمی دیکتاتۆریەتە—ئەو سەردەمەی ڕۆژهەڵات تەنها پارچەی شەترەنجی دەوڵەتە گەورەکان بوو. بۆ ئەمەریکاش ئەو نوێنەری لەدەستدانی متمانەی جیهانییە و قوربانیکردنی ڕێزلێنانی ئەخلاقییە لە پێناو قازانجی کاتیدا.

پێویستە دامەزراوەکانی ئەمەریکا—کۆنگرێس، ڕاگەیاندن، کۆمەڵگەی مەدەنی سنوورێک بۆ ئەم دەوڵەتە قووڵە بازرگانییە دابنێن، ئەمە پێش ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئاژاوەیەکی گەورەتر ببات. کورد لە سوریا ئەمڕۆ لە خاڵی سفردان، ئەگەر واشنتۆن وەک ڕابردوو ئەم هاوپەیمانەی جێبهێڵێت، دەبێت ئامادەبێ چنینەوەی ئەنجامەکانی بێت: ناوچەیەکی تێکشکاو، داعشێکی نوێ و خیانەتێک مێژوو و ویژدان هەرگیز لێی نابوورن.
 

 

 

------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 


میدیای عەرەبی لە حەڵەب.


پەلامار و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم دواییەی حکومەتی سوریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی (شێخ مەقسود و ئەشرەفیە) لە حەڵەب، بە بەشداری دەیان تانک و زرێپۆش و درۆن و هەزاران چەکدار، لە کاتێکدا کارەساتێکی مرۆیی گەورەیان لێکەوتەوە، کەچی نەک هەر نەبوونە مژاری ڕوماڵێکی پیشەیی و بێلایەن، بەڵکوو میدیای عەرەبی لە گێڕانەوە و گواستەوەی ڕووداوەکاندا وێنەی قوربانی بە جەلاد و جەللادی بە قوربانی گۆڕی؛ حکومەت وەک مەزڵوم و مەزڵومی وەک ستەمکار و جوداخواز وێنا دەکرد.

دوای وردبوونەوە لە ناوەرۆکی زۆرێک لە سەکۆی میدیایی عەرەبی وەک ئەلجەزیرە، CNN عەرەبی، سکای نیوز، ئەلعەرەبیە، شەرق ئەلئەوسەت، یۆرۆنیوز و هتد، تابلۆیەکی ئاڵۆز و تەژی لە لایەنگرییەکی ئایدۆلۆژیی ئاشکرا بینران. لایەنگرییەکە تەنیا لە گواستنەوەی هەواڵەکاندا نەبوو، بەڵکوو لە چوارچێوەسازی و هەڵبژاردنی وردی وشە و زاراوەکاندا ڕەنگڕێژ ببووو.

کەناڵەکانی وەک ئەلجەزیرە و ئەلعەرەبیە و زۆربەی دەزگا هاوشێوەکانیان، بە مەبەست زاراوەی تەنزیم (ڕێکخراو) بۆ هێزەکانی (هەسەدە) بەکاردەهێنن. شارەزایانی زمانی عەرەبی زانان باش دەزانن ئەم وشەیە لە فەرهەنگی سیاسیی هاوچەرخی عەرەبیدا، بارگاوییە بە واتاگەلێکی نەرێنی و تەنیا بۆ ئاماژەدان بە گروپە تیرۆریستییەکانی وەک تەنزیمی داعش و ئەلقاعیدە بەکاردێت. ئەم بژاردە لایەنگراییە، ئامانجەکەی لێسەندنەوەی شەرعیەتە لەو هێزانە و هاوتاکردنیانە لەگەڵ گروپە توندڕەوەکاندا. لە بەرامبەردا، بۆ سوپای سوریا زاراوەی سوپای نیشتمانی یان هێزە حکومییەکان بەکاردەهێنن تا وێنەیەکی یاسایی و ڕەوای پێببەخشن.

جەختکردنەوەی بەردەوامی ئەم دەزگایانە لەسەر پەیوەندیی نێوان هەسەدە و (PKK) - کە لەلایەن تورکیا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە لە لیستی تیرۆردایە - ستراتیژییەتێکی میدیاییە بۆ گشتاندنی چەمکی تیرۆر بەسەر هەموو جومگەکانی بزووتنەوەی کوردیدا. بۆ نموونە، ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت بە جۆرێک باس لەم دوو هێزە دەکات وەک ئەوەی یەک یەکەی تەواوکار بن، ئەمەش بۆ تێپەڕاندنی گوتارێکی دژە کوردی و ڕەواکردنی هەر هێرشێک دەکرێتە سەریان.

گێڕانەوەی میدیای عەرەبی لەسەر ئەو بنەمایە داڕژاوە: حکومەتی سوریا مافی شەرعی و یاسایی هەیە دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەر بستە خاکێکی سوریادا بسەپێنێت، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی کورد و پێکهاتەکانی تری ئەم وڵاتە موزایکییە بکەن. ئەم میدیایانە پرسی مافی نەتەوەیی و ڕێککەوتنە سیاسییەکان دیزەبەدەرخۆنە دەکەن و تەنیا وەک کێشەیەکی ئەمنی نیشانی دەدەن. کاتێک ئەلجەزیرە و هاوشێوەکانی باس لە کەللەڕەقیی هەسەدە دەکەن لە جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتنەکان، بە ئەنقەست ڕۆڵی حکومەت لە پەکخستنی ئەو پرۆسانە دەشارنەوە. ئەوان بەردەوام باس لە بۆردومانکردنی حەڵەب لەلایەن کوردەوە وەک کردەوەیەکی هەڕەمەکی بۆ تۆقاندنی مەدەنییەکان دەکەن، بەڵام بێدەنگن لە ئاست گەمارۆدانی گەڕەکە کوردنشینەکان و ڕێگریکردن لە چوونی خۆراک و دەرمان؛ تەنانەت هێرشە دڕندانەکانی سوپا وەک ئۆپەراسیۆنی ورد بۆ پاراستنی ئاسایشی وێنا دەکەن!

لە ڕوماڵەکانی (CNN عەرەبی)دا، تەنیا ئاماژە بەوە دەکرێت، سوپا داوای لە خەڵک کردووە ناوچەکان چۆڵ بکەن، بێئەوەی بپرسن: ئایا خەڵکێکی گەمارۆدراو لە ژێر بارانی گولـلە و تۆپدا چۆن و بۆ کوێ بڕۆن؟ میدیای عەرەبی بە تەواوی چاوپۆشی لەو ستەمە مێژووییە دەکات لە کورد کراوە؛ لە بێبەشکردنی ٦٠ هەزار کورد لە ناسنامە - ساڵی ١٩٦٢، تا دەگاتە سیاسەتی تەعریب و قەدەغەکردنی زمان و کولتوور. هەسەدە وەک گروپێکی سەرپێچیکار دەبینن، نەک وەک هێزێک لە ناو جەرگەی کۆمەڵگەیەکی چەوساوەی مێژووییدا لەدایکبووە.

ئەم جۆرە ڕوماڵە، ئەگەرچی ڕاستەوخۆ داوای کوشتار ناکات، بەڵام بناغەیەکی فیکری و شەرعی بۆ سڕینەوەی کورد و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە دادەڕێژێ. مێژووی ململانێکانی وڵاتی ڕوواندا و یوگسلاڤیای پێشوو پێماندەڵێن میدیا هەمیشە پێشەکییەکی ئایدۆلۆژی بۆ توندوتیژی و جینۆساید ئامادە دەکات. میدیای عەرەبی بە تایبەت جەمسەرە سەرەکییەکانی لە حەڵەب، نەک هەر بێلایەن نین، بەڵکوو بە زمانێکی لایەنگر و پڕ لە چەواشەکاری، خەریکی پاساودانەوەی ستەمکاری و هەمان ئەو سیاسەتەن.
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک