په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١\٢٠٢٦

دوو بابەت سەبارەت بە سوریای نوێ.


ئەرسەلان مەحمود      

دەستی شەیتان لە پشت پەردەکەوەیە.

ئەحمەدی ٣٨ ساڵە، منداڵەکەی توند کردوەتە باوەش و بە کۆڵانە بۆردوومانکراوەکانی شەقامی شێخ مەقسووددا ڕادەکات و بەدەم ڕێکردنیشەوە ئاژانسی AFP دەڵێت: نازانین دەبێ ڕووبکەینە کوێ، ١٤ ساڵە شەڕ بەرۆکی گرتووین. ئەو تەنها نییە، لەم سێ ڕۆژەدا زیاتر لە ٠٠٠,١٤٢ کەس وەک ئەو لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەڵەب دەرکروان. تانک و تۆپ و درۆنی سوپای حکومەتی کاتی سووریا بە سەریاندا دەبارن. بۆچی ئەمە ڕوودەدات؟ کێ لە پشت پەردەکەوەیە؟ بۆچی جیهان بێدەنگە؟

٢٠١٨: عەفرین. سەدان هەزار کورد دەرکران، جێگەیان بە کۆچبەرانی عەرەب و تورکمان پڕکرایەوە. ٢٠١٩: سەرێ کانی و گرێ سپی، هەمان سیناریۆ. ٢٠٢٤: تل ڕفعەت و مەنبیج، نزیکەی ٠٠٠,١٠٠ کوردی دیکە لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی بەرەوپێشچوونی ئازادی ئاوارە و دەربەدەر کران. ٢٠٢٦: شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە.

هەر کاتێک نەخشەیەک سێ-چوار جار خۆی دووبارە کردەوە، ئیتر ڕووداوەکە هەڕەمەکی نییە، ستراتیژییە. ئەردۆغان و حکومەتەکەی نزیکەی دە ساڵە دوژمنکارانە کار بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی دیمۆگرافی و لەناوبردنی هەر کیانێکی کوردی دەکەن. ئامانجەکەیان ڕوونە:  جیهانێکی بێ کورد و کیانی کوردی - جا لە هەر کوێ بێت، لە دیدی ئەواندا، کوردێکی باش ئەوکەسەیە مردوە.

لە ٢٠٢٥ دا ڕێککەوتنێک لە نێوان هێزە دیموکراتیەکانی سووریا (هەسەدە) و حکومەتی ئەحمەد الشەرەع واژۆکرا. بەپێی ڕێککەوتنەکە دەبوو تا کۆتایی ٢٠٢٥ هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سووریا ببێت، کورد وەک خەڵکی ڕەسەنی سووریا ناسێندران و مافی سیاسی و دەستووریان پشتڕاست کرایەوە. بەڵام دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ئەم ڕێککەوتنەدا دواجار جێبەجێ نەکرا. بۆچی؟ چونکە کێشەی بنەڕەتی ئەوە بوو: ئایا هەسەدە وەک یەکەیەکی یەکگرتوو دەمێنێتەوە یان دەبێ هەڵبوەشێتەوە؟ ئایا کورد خودبەڕێوەبەرایەتی دەمێنێت یان هەموو شتێک لە دیمەشقەوە بڕیاری بۆ دەدرێت؟ حکومەتی نوێ و کاتی سوریا هەموو مانەوەیەکی لە فۆڕمی کوردیدا ڕەتکردەوە.

باشە. حکومەتی نوێ و کاتی سوریا کێیە؟ دەسەڵاتی ڕاستەقینەی ئەو حکومەتە لە واقیعدا بە دەست کێوەیە؟ بەشێکی زۆری یەکە سەربازییەکانی سوپای نوێ ئەو گرووپانەن پێشتر تورکیا پشتیوانی کردون و مێژوویەکی درێژی ڕەشیان لەگەڵ هەسەدە هەیە. کاتێک هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە ٨ی کانوونی دووەمدا گوتی: دەرکردنی هەسەدە لە شێخ مەقسوود و ڕادەستکردنی چەکە قورسەکانیان پێویستە. حکومەتی دیمەشق چیکرد؟ تەنها جێبەجێکردنی کەوتە سەرشان. وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاندوە: ئامادەن پشتیوانی لە سووریا بکەن ئەگەر داوایان لێبکرێت. ئەمە واتای چییە؟ ئێمە لە سوریان لە هەر دەقیقەیەکدا پێویست بکات. دیسان فیدان هەسەدە بە خزمەتکاری ئامانجەکانی ئیسرائیل تۆمرتبار دەکات. ئەم ڕەتۆریکە نوێ نییە، کاتی بەکارهێنانەکەی گرنگە: لە کاتێکدا تانکی سوپای سووریا گەڕەکە کوردنشینەکان بۆردوومان دەکات.

وەزارەتی بەرگری تورکیا دەڵێت: ئۆپەراسیۆنەکە بە تەواوی لەلایەن سوپای سووریاوە ئەنجام دراوە. ئەمە لە ڕووی تەکنیکییەوە ڕاستە. بەڵام کاتێک هەمان ئەو گرووپانەی تورکیا کاتیخۆی پشتیوانی کردون ئێستا لە فۆڕمێکی تردا خەریکن هەمان ئامانجەکانی تورکیا تەحقیق و جێبەجێ دەکەن، جیاوازییەکە چییە؟ بیانووەکانی تورکیا - تیرۆر، پەکەکە، ئاسایشی نەتەوەیی - تەنها پەردەیەکن بۆ داپۆشینی ئامانجێکی سادەتر: تورکیا نایەوێت هیچ دەنگ و کیانێکی کوردی هەبێت.

هێزی پیادەی ئەمریکا لە شەڕی دژی داعشدا، کورد بوو. ڕەقە - پایتەختی خیلافەتی داعش - کورد ئازادی کرد. هەزاران شەهید و برینداری دا. ئەمریکا دەیان ساڵە دەڵێت هاوپەیمانی کوردە. ئێستا چی؟ تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، لە تویتێکدا دەڵێت: هیوادارین ئاگربەست درێژە بکێشێت و بانگەواز بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە هەردولا دەکات. هەر ئەوەندە، واتا ئەمریکا تەنها هیوادارە!! هەمانکات بەڕێوەبەرایەتی ترامپ فشار دەخاتە سەر کورد بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئازار. واشنتن دەیەوێ ئارامی لە سووریا هەبێت بەڵام بۆچی؟ تا بتوانێ سەرقاڵی شتەکانی دیکەی ببێت. ئیتر بۆی گرنگ نییە ئەم ئارامییە بە چ بەهایەک بکڕدرێت.

تورکیا ئەندامی ناتۆیە. هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریکا و ئەوروپایە. هەمان کات، گرووپە چەکدارەکانی لە سووریا شەڕی دژ بە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا (هەسەدە) دەکەن و بە ئاشکراش هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەکە دەدەن. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەوازی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات. ئەوروپا تەماشاچییە. ئەمە چ دووڕووییەکە؟ کاتێک ڕووسیا ئۆکراینا داگیرکرد، ڕۆژاوا یەک هەفتە چاوەڕێی نەکرد بۆ سزادان. بەڵام کاتێک هاوپەیمانێکی ناتۆ بە سیستەماتیکی خەڵکێک لە خاکەکەیان دەردەکات، بێدەنگییە. حکومەتی سووریا لاوازی تێگەی ئەمریکا و بێشوێنی ڕووسیا و ئێران و تەماشاچییەتی ئەوروپا بە درەفتێکی زێڕین دەزانێت. ئەوەی ئەسەد بە درێژایی پەنجا ساڵ نەیتوانی بەرامبەر بە کورد بیکات، ئەلشەرەع ئێستا بە پشتیوان بە تورکیا دەیەوێ بیکات.

مەزلووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە، کاتێک دەڵێت: بەکارهێنانی تانک و تۆپ لە گەڕەکەکانی حەڵەب، بۆردوومانکردن و ئاوارەکردنی هاوڵاتیانی بێچەک و هەوڵەکانی داگیرکردنی گەڕەکە کوردنشینەکان لە کاتی دانوستاندا، دەرفەتەکانی گەیشتن بە تێگەیشتن کەم دەکەنەوە. ئەم وشانە نیشانە و ئاماژەی ئەوەن خەریکە باوەڕی بە پرۆسەی سیاسی لەدەستدەدا. ئایا ئەمە زەنگی کۆتایی هێنانە بە مەسەلەی کورد لە سووریا؟ ئەگەر شێخ مەقسوود بکەوێ، دوای ئەوە مەنبیج و دواتریش ڕەقە و حەسەکە. دوای ئەوەش ڕێگەی دامەزراندنی ناوچەی ٣٠ کیلۆمەتری تورکیا و نەهێشتنی هیچ کیانێکی کوردی لە سنووری باشووری تورکیا کراوەیە.

بەڵام وەک کوبانێ، پێدەچێ دانیشتوانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بڕیاریاندا بێت جیهان فێرە وانەیەکی مێژوویی تر بکەن – وانەیەک لە مێژووی خۆیانەوە فێری بوون. کۆبانی لە ٢٠١٤-٢٠١٥دا جیهانی فێرە وانەی بەرگریکرد کاتێک هەموو کەس پێیوابوو ناتوانن. عەفرین ٥٨ ڕۆژ بەرامبەر بە دووەم گەورەترین سوپای ناتۆ بەرگری کرد. ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە تایبەتی ئەوانەی دەڵێن هاوپەیمانی کوردن، لە دووڕێدان، دەتوانن بێدەنگ بمێننەوە و تەماشا بکەن چۆن گەلێک لە خاکی خۆی دەردەکرێت. یان دەتوانن ئەوەی دەیڵێن جێبەجێ بکەن. هاوپەیمانیەتی کاغەزی بەس نەماوە.

ئەحمەد و کوڕەکەی ئێستا لە کەمپێکی ئاوارەکاندا ژیان بەسەر دەبەن. نازانن کەی دەگەڕێنەوە - یان ئایا شوێنێکیان هەیە بۆ گەڕانەوە. ١٤ ساڵ شەڕ، دەڵێت، بەسە. بەڵام وادیارە شەڕەکە تازە دەست پێدەکات. مێژوو داوەری دەکات. ئەوانەی ئەمڕۆ بێدەنگن، سبەینێ تۆمەتبار دەبن بە هاوبەشی لە پاکسازی ڕەگەزی.
 

٩\١\٢٠٢٦

 

 

----------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

سوریای نوێ، سیاسەتی کۆن.


دوای هەڵاتنی بەشار ئەسەد بۆ مۆسکۆ، هەبوون بە هیواوە لە دیمەشقیان دەڕوانی. ئۆپۆزسیۆنی سوریا سوێندی خوارد وڵاتێکی فرەچین و فرەئایین دروستبکات؛ ئەحمەد ئەلشەرەع لە یەکەم ڕۆژەوە بەڵێنی داد و یەکسانی دا. بەڵام ئەمڕۆ، لە کۆڵانەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب، هاواری خەڵکی مەدەنی بەرز دەبێتەوە. ئایا سوریای نوێ تەنها نوێکردنەوەی ناوی زاڵمەکانە؟

ڕووداوەکانی ئەم هەفتەیە لە حەلەب ڕوونترین نموونەن لە شکستی پڕۆژەی سوریای یەکگرتوو. کاتێک گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی کاتی و هێزە دیموکراتییەکانی سوریا بەبێ ئەنجام کۆتاییان دێ، وڵامی دیمەشق لە زمانی دیپلۆماسییەوە بوو دەبیت بە زمانی تۆپخانە. ١٣٨ هەزار کەس ماڵەکانیان پێچۆڵکرا. ئەمە کام ڕووەی سوریای نوێیە؟

ڕێکەوتنی ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥ وەک بەڵێنێکی زێڕین پێشکەش کرا: ئاشتی، یەکگرتن، لێبوردن. هێزە دیموکراتییەکان ڕازی بوون هێزەکانیان تێکەڵی سوپا بکەن، سنوورەکان ڕادەست بکەن، نەوت دابەش بکەن. بەڵام دیمەشق ڕێکەوتنەکە وەک ئامرازی گوشار بەکارهێنا، نەک بنەمای هاوژیانی. ڕۆژ بە ڕۆژ سوتەمەنییان لە ناوچە کوردییەکان بڕی، هەفتە بە هەفتە گەمارۆکانیان پتەوتر کرد. ئایا ڕێکەوتن بۆ جێبەجێکردنە یان بۆ کاتبەسەربردن؟

ڕەگی کێشەکە ئەوەیە دەسەڵاتدارانی نوێ، سەرەڕای گۆڕانی ڕووکەش، هێشتا هەڵگری بیرە سیاسییە کۆنەکەن. بۆ ئەوان یەکپارچەیی واتای ناوەندگەرایی: هەموو کەس وەک سوری ببینرێت هەڵبەتە دوێنێ سوری ئەسەدی و ئەمڕۆ سوری ئەلشەرەعی، جیاوازی فەرهەنگیی و زمانیی و مێژوویی گاڵتەجاڕین.

کورد پەنجا ساڵ لەژێر ڕژێمی بەعسدا ناسنامەیان نکۆڵی لێکرا، زمانیان قەدەغە کرا، گوندەکانیان بەعەرەب کران. ئێستا حکومەتی نوێ دەڵێت هەموومان سورین، بەڵام ناوچە کوردنشینەکان لە هیچ بڕیارێکدا بەشدارییان پێناکرێن. دەڵێن هێزە دیموکراتییەکان ڕادیکاڵن. بەڵام کام ڕادیکاڵترە: ئەوەی داوای دیسەنتراڵیزەیشن دەکات، یان ئەوەی بە تۆپخانە وڵام دەداتەوە؟

ناتوانین سیاسەتی دیمەشق بەرامبەر بە کورد بەبێ ئاماژە کردن بە تورکیا بخوێنینەوە. ئەنقەرە لە یەکەم ڕۆژی کەوتنی ئەسەدەوە گوشاری خستۆتە سەر دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا بۆ لەناوبردنی کورد. دیمەشق بە ئاشکرا تورکیای ئەردۆغانی بژاردە کردووە. هێرشەکانی حەلەب پەیامێکی ڕوونە بۆ ئەنقەرە: ئێمە لەگەڵتانین. بەڵام ئەوەی داعشی تێکشکاند، ئەوەی زیاتر لە ١٢ هەزار شەهید بەخشی بۆ پاراستنی جیهان لەو تاریکییە، کورد بوو. ئەمەریکا کە ٩٠٠ سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا هەیە، چ ڕۆڵێک دەگێڕێت؟ تەماشاکەری سڕینەوەی هاوپەیمانەکانێتی یان چی؟

سوریا وڵاتی موزایکە: عەرەب، کورد، عەلەوی، مەسیحی، درووز، تورکمان. هەر پڕۆژەیەک بیەوێت یەک پێکهاتە زاڵ بکات بەسەر ئەوانی تردا، هەر لە لەدایکبوونیەوە مردووە. ئەسەد تاقیکردەوە و شکستی هێنا. سەدام تاقیکردەوە و شکستی هێنا. ئەلشەرەع دەیەوێت هەمان ڕێگە بگرێت؟

سوریای نوێ ناتوانێت لەسەر بنچینەی ستەم بنیات بنرێت. فرەچینی دروشم نییە، پراکتیکە. داد وشە نییە، کردارە. ئاشتی لە سوریا لەوانەیە خەونێک بێت، بەڵام ئەو خەونە بەبێ کورد نایەتەدی.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک