په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

دووبارە پێداچوونه‌وه‌ به‌ کەیسى هەڵەبجە

ره‌هه‌ندێکی سیاسى بەعسیگه‌رانەى هەیە.


بێستون حەسەن 


تێپەڕ بوونى زیاتر لە بیست ساڵ لە نەهامەتی و کەڵەکەبوونى خەم و ئازارە نەبڕاوەکانى خەڵکى هەڵەبجە و پاشماوەى دانیشتوانەکەى بەس نییە بۆ ئەوەى هەموو دونیا لەوە بەئاگا بێت کە شارێک هەیە و پڕاو پڕ واتا مرۆییه‌کانی لەخۆدا بەرجەستە کردووە و نوقمی کۆڵێک ناعەدالەتى بەها ره‌وشتییه‌کانى مرۆڤایەتى بووەتەوە و کەم کەس هەیە ڕاستییەکانى ئەم شارە بریندارە نەزانێ و نەچووبێتە ناو قوڵایی چیرۆکەکانیەوە. ئەوەتا سەرانى بەعسى ڕووخاو و پاشماوەى ڕژێمە لەناوچووەکەى سەدام بە بەرگێکى تر و بەجۆرێک لەجۆرەکان جێ دەستیان دیارە لە ئاژاوە نانەوە و پەکخستنى دۆزى ڕەواى کورد و لەناو هەموشیاندا دۆسێى شەهیدکردنى شارى هەڵەبجە و دواخستن و داواکردن بۆ دووبارە پیاچوونەوەى هەموو ئەو دیکۆمێنت و شایەتیانەى کە هەیە لەسەر کیمیابارانکردنى هەڵەبجە لەلایەن سەرانى ڕژێمى بەعسەوە . ئێمە وەک هەڵەبجەییەک و کەس و کارى سیانزە شەهیدى یەک بنەماڵە بەتوندى هەموو ئەو هەوڵ و کارانە مەحکوم و ڕیسوا دەکەین کە بۆ وەلاوەنانى کەیسى هەڵەبجەو ئەو هەموو قوربانیە دەدرێ کە میللەتى کوردى بە سەرانسەرى دەوڵەتانى دونیا ناساند و مەسەلەى خۆناساندن و هەبوونى قه‌واره‌ی نەتەوەیی بەرانبەر هەموو نەتەوەکانى ترى دونیاى هێنایە ئاقارێک کە تەواوى مافى مرۆڤى نێو دەوڵەتى لە هەموو کارەسات و گۆڕانکارییە نەوعییەکانى ئەمڕۆ ئاگادارببێت و وا بکات لەو ڕێیەوە مەسەلەى بە جینۆساید ناساندنى ئەنفال و کیمابارانکردنیش بخرێتە نێوەندى باس و لێکۆڵینەوە و تەنانەت لەزۆر ڕووەوە کاریش کرا بۆ یەکلایی کردنەوەى ئەو مەسەلەیە .


بۆیە هەموو هەوڵێکى وەک ئەم هەوڵەى کە دەدرێت بۆ دواخستن و پەراوێز خستنى مەسەلەیەکى گەورەى پڕبایەخى وەک کەیسى هەڵەبجە ، بەتوندى بەڕوویدا دەوەستینەوە و هەموو لایەنە پەیوەند دارەکانیش ئاگادار دەکەینەوە کە ڕازیبوون و بێدەنگ بوون لەمەڕ جۆرە کردارێکى وەک ئەمەى ئێستە لاواز کردن و پەک خستنى هەنگاوەکانى سیاسەتى کوردە بەرانبەر هەموو دەوڵەتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و لەلایەکى تریشەوە بە فیڕۆدانى خوێنى هەموو ئەو شەهیدانەیە کە ساڵانێکە بۆ ئازادى و ڕزگارى میللەتى کورد داویانە.


پێداچوونه‌وه‌ کەیسى هەڵەبجە ئەوەندەى ره‌هه‌ندێکی سیاسى لە پشتە بەو هێندەیە دەلالەت نییە لە پاکى و پیرۆزگرتنى دادوەرانەى نێو حەرەمى بیناى مەحکەمە . لەبەر ئەوە هیچ پاساوێک نیە بۆ دەرخستەى ئەم مەسەلەیە و هەموو لایەک لەو دیوەى ترى ئەم بارودۆخە ئاگادارن کە بەهەر شێوەیەک بێت و هەموو کات نەیارانى کورد و خەڵکى ستەم لێکراوى هەڵەبجە ویستویانە ئەو دادگایی کردنەى کە پەیوەستە بە کیمیاباران کردنى شارى هەڵەبجە دوا بخرێت و ناوە ناوە و بەهەرهۆیەک بووبێت لە دەمێکەوە خستوویانەتە دەمێکى تر و تا کار گەیشتە ئەوەى سەرلەنوێ بچنەوە بە هەموو مەلەفەکانى تایبەت بە کەیسى هەڵەبجەدا.


بۆیە دوا خاڵى سوور و دوا پەیام ئاڕاستەى لایەنى پەیوەند دار و حکومەتى ناوەندى بەغداد ئەکەینەوە کە ئەگەر ئەم تەحقیق کردنە نایاساییەى کە بڕیارى لێدراوە ، بەهەر جۆرێک لەجۆرەکان بخرێتە بابى بەتاڵبوونەوە و قبوڵ نەکردنى ، ئەوا ئێمە دەیان و سەدان ڕێگە هەیە بیگرینە بەر تا ڕێ لەو کارانە بگرین و چیتر ڕێنەدەین ناهەقى و نا عەدالەتى بەرانبەر دانیشتوانى هەڵەبجە و کەیسى هەڵەبجە بکرێت .


دەکرا دەسەڵاتى سیاسى کوردیش بەتوندى بەرپرچى ئەو جۆرە بڕیارەیان بدایەتەوە کە دڵنیان ئاکامەکەى لە دژى میللەتى کورد و خەڵکى ستەم لێکراوى هەڵەبجە تەواو دەبێت ، هەق وایە قەڵەم بەدەستان و نوسەرانى خەمخۆر بە دۆزى سیاسى کورد و ناوچەکە چیتر مه‌ره‌ەکەبى بێدەنگى بڕژن و تەواوى میدیاکانى دونیاى لێ ئاگاداربکەنەوە بۆ ئەوەى مەسەلەیەکى گەورەى وەک هەڵەبجە نەخرێتە ئەودیو دەرگا داخراوەکانى مێژووەوە و قۆناغێکى نوێ و حوکمێکى عادیلانەى سەراپا گیر هەموو کون و قوژبنێکى ئەم جیهانە بگرێتەوە و ناعادیلانى هەر بڕیارێکیش بە سزاى یاسایی گەل و وڵات بگەیەنرێت .

 


Bestoon1617@yahoo.com