په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١\٢٠١٤

دووبەرەکیی كۆمەڵایەتیی و ناوچەگەریی تەنیا مشەخۆریی و ملهوڕیی دەسەڵاتداران مسۆگەردەكا!

 


گەنجانی سەربەخۆی سەیسادەق و ھەڵەبجە.

بە خۆتان دەزانن ھەر كەس دەتوانێت لە پشت كۆمپیوتەرەكەیەوە دابنیشیت و بەناوی سەیسادەقییەوە ھەڵەبجەییەكان جنێوبارانبكات و ھەروا بەناوی ھەڵەبجەییەوە سەیسادەقییەكان جنێوبارانبكات، لەبەرئەوە زیاتر گومانتان بۆ دەرەوەی سەیسادەق و ھەڵەبجە، بۆ دەستە چەپەلە ڕامیارییەكان، بۆ پیلانگێڕەكانی نێو بارگە و سەركردایەتییەكان بچێت، ئەگەر ھەڵەبجەیی و سەیسادەقییەكی بێدەسەلاتیش لەو جنێودان و دووبەرەكییەدا بەشدارییكرد، ئەوا ھەم لە ناھوشیارییەوەیە و ھەم گومانی كرێگرتەبوونی بۆ پارت و باندێكی مافیایی مشەخۆری لێبكەن و وەك دووبەرەكی دروستكەرێك ڕەفتاری لەتەكدا بكەن، نەك وەك ھەڵەبجەییە یا سەیسادەقیەك!

ھەموو ئازادیخوازێك و مرۆڤێكی ھوشیار ئەوە دەزانێت، كە لەم دووبەرەكییەكدا تەنیا ئەوانە قازانج و بەرژەوەندییان دابینكراو دەبێت، كە لە جیابوونەوەی بودجەی سەیسادەق و ھەڵەبجە لە خەزێنەی پارتەكانیان، پشكی مشەخۆرییان كەمدەكات ! ئەوانەش كەسانی دیاریكراون، دەسەڵاتدارانی ئێستا و كاندیدەكانی كابینەی تازە، لیستی پارتەكان و دەستەبژێرە ڕامیار و ڕۆشنبیرە لاورگەكانی دەسەڵاتن، ئەوانەی كە بە درێژایی خەباتی چەكداری ١٩٦١ تا ١٩٩١ ئێمەیان لەپێناو بەدەسەڵاتگەییشتنی خۆیان بەكوشتدا و خۆیان بوونە جێگرەوەی مشەخۆرانی سەردەمی بەعس ! ئێمەیان بە كوشتدا و بەخۆیان ئاشتبوونەوە، ئێمەیان كردە سووتەمەنی جەنگە لابەلاییەكان و كەچی شوناسی شۆرشگێڕییان بە بەكرێگیراوانی بەعس و ئاغاكان بەخشی و گیانبەختكردووان و خەباتكارانی ڕێی ڕزگاریش فەرامۆشكران!

لەبەرئەوە زۆر پێویستە وەڵامی ھەر جنێودەرێك، لەلایەن ئازادیخوازان و ڕۆشنبیرە ھەڵەبجەیی و سەیسادەقییەكانەوە بەم جۆرە ڕستانە بدرێتەوە "دانیشتوانی ھەڵەبجە و سەیسادەق ھیچ بەرژەوەندییەكی كۆمەڵایەتی و ئابووریی جیاوازییان نییە، تاوەكو دژی یەكدی بوەستنەوە، ئەوەی ھەیانە ناكۆكبوونی بەرژەوەندی ھەر دوو شارەكەیە بە بەرژەوەندی دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازان!" .

سەركەوتوو بێت خەباتی خۆڕێكخستووی جەماوەریی و كۆمەڵایەتی لە گروپە خۆجێییە سەربەخۆكان و لە رێكخراوە جەماوەرییە سەربەخۆ ناقوچكەییەكاندا.
بەرەو جێخستنی فیدرالیزمی ناقوچكەیی و دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ، كە مسۆگەركەری سەربەخۆیی ھەموو گوند و شار و ناوچە و ھەرێمێكن!

ڕسوایی بۆ ھەر ھێز و تاكێك كە دووبەرەكی كۆمەڵایەتیی دروستدەكات.
بڕوخێ دەسەڵاتی سەرووخەڵكی بە ھەموو شێوە و سیستەمەكانییەوە.
ئازادی.. یەكسانی.. دادپەروەریی كۆمەڵایەتیی.

 


سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان
٦\١\٢٠١٤
 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک