په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٣\٢٠١٨

دوو چڵە نێرگزی نیشتمان و تەمەنێک خزمەت.

هۆمەر        

 
چلەکانی ھەتاویی(شەستەکانی زایینی)دەبێت کە دڵێک لە پێناو بەخشینی ڕۆشنایی زێتر بە زمان و چاندی نەتەوەکەی،لە"مەھاباد"ی ھەر ھەمیشە کەسکەوە، بارگە و بنەی ژین تێک دەنێت و ڕوو لە "تاران"ی پێتەخت دەکات. ھەر لە یەکەم ساتەکانی نیشتەجێبوونەوە ھەتا ئێستایش کە تەمەنی گەشی ھەر بەرەو بەرزایی دەچێت، بۆ یەک ساتیش ئەڤینی نیشتمان لە دڵە میھرەبانەکەی دەرنەچووە و بە درێژایی ئەم تەمەنە دوور و درێژە، ھەردەم ڕووناکایی بۆ گەلەکەی بووە و لە ھەر وشە، نووسین،ئاخاوتن و دەرکەوتنێکی،تەنێ ھەر یەک پەیڤ خۆ دەنوێنێت و بەس؛ ئەویش ناوی پیرۆزی "کوردستان"ە. ئەم مرۆ نازەنینە تا سەر ئێسقان گەلپەروەرە، ھەر ھەموو ژینی بە کوردان بەخشیوە تا ناوی کوردیش وەک نەتەوەکانی دی ھەرگیز ھەرگیز لە درەوشانەوە نەکەوێت و پشتگوێ نەخرێت. لە تاراندا ھەر زۆر زوو خۆی دەبینێتەوە و درێژە بە بڵندکردنەوەی باڵای زانستیی خۆی دەدات و ڕوو لە خوێندنی باڵا دەنێت و لە ھەوەڵین دەرفەتیشدا ،ئەوەی لای گرینگ دەبێت ،تەنێ ھەر زمانەکەی دەبێت و بەس؛ بۆیە خێرا ئاوڕ لە زمانی زەنگینی نەتەوەکەی دەداتەوە و پێنووسەکەی لەو پێناوەدا دەخاتە گەڕ. فرەی پێناچێت ڕادیۆ کوردیی تاران دەبێتە مەکۆ و دەلاقەیەک بۆ گوێزتنەوەی دەنگەکەی بۆ ھەر ھەموو کوردان. ئەم پێوەندیی و ھاوکارییەلەگەڵ ڕادیۆ، تا بەم ساڵە دواییانەیش ھەر درێژەی دەبێت و ئەم کەسایەتییە خودان ڕێزە لەو تریبۆنەوە پەیڤی نازداری کوردی بۆ سەر دڵی شەیدای ھەموو کوردێکی زمان خۆشەویست دەگوێزێتەوە. ھەر دوا بە دوای سەقامگرتن لە تاران، ماڵەکەی گورجێ دەبێتە مەکۆی گشت دڵێکی ئاشقی کوردستان و تا ھەنووکەیشی لەگەڵ بێت، ئەم ھەوارە،ھەواری ھەر ھەموو کوردانە و کەم ڕۆژ بووە و دەبێتدەرکەی لە ڕووی نووسەران و نیشتمانپەروەران کراوە نەبێت. ھەر پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩(١٣٥٧ی ھەتاویی)دووی وەرگرتنی مۆڵەتی بڵاڤۆکێکی کوردی دەکەوێت و گۆڤاری "گرشەی کوردستان" لە تارانەوە بڵاو دەکاتەوە. ئەم گۆڤارە ھەر بە ھەوڵی تاکەکەسیی ئەم مرۆڤە نەتەوەپەروەرە تا ٩(نۆ) ژمارەیەکی لێ دەردەچێت. خزمەتی ئەم نووسەر و خەمخۆرەی زمان و فەرھەنگی کوردان، یەک و دوو بوار ناگرێتەوە و لە چەند کورتە دێڕێکی ئەوتۆدا جێی نابێتەوە و دەرفەتی تایبەت بە خۆی گەرەکە. لەم سۆنگەوە تەنێ ویستم نەوەی ئێستا ،مرۆی نازەنینی ئەوتۆ و لەم چەشنەی ئاشقی نەتەوەکەی بەم ڕۆژە ھەستیارانە پشتگوێ نەخات و سۆراخێکی بگرێت و قەدرزانی تەمەنێک خەمخۆریی و پەرۆشیی بەرانبەر فەرھەنگ و زمانەکەی بێت. ئەم کەسایەتییە لە دڵەوە نزیک و خاکەڕایە کەس نییە جگە لە مامۆستا "محەممەد ساڵح ئیبراھیمی(شەپۆل)" کە نھا لە تەمەنی نزیک ٩٠ ساڵیدایە و لە تارانەوە بە درێژایی ئەم ھەموو تەمەنە بۆ ھەر ڕوودواێکی تاڵ و شیرینی نێو کوردستانەکەی فرمێسکی ھەڵوەراندووە و بۆ تاقە ساتێکیش نیشتمانەکەی لە دڵ دەرنەکردووە.


شیاوی وتنە مامۆستا محەممەد ساڵح ئیبراھیمی (شەپۆل)،ساڵی ١٩٣٣(١٣١٢ی ھەتاویی) لە شاری مەھاباد لە دایک بووە. مامۆستا شەپۆل، خاوەنی پتر لە ٣٠ پەڕتووکە و سەدان وتار و بابەتی لە گۆڤار و بڵاڤۆکی کوردیی ئەمدیو و ئەودیودا بڵاو بووەتەوە و ھەمیشە بەشدار و ئامادەبوویەکی بەشی فرەی کۆڕ و جڤینە کوردییەکان لێرە و لەوێ بووە و بە یەک لە سیما ھەرە ناسراوەکانی کورد دادەنرێت کە ساڵگارانێکی دوور و درێژە لە تارانەوە ڕاژە و خزمەتی میللەتەکەی دەکات.

 

 


بەڵام دووەمین چڵە نێرگزی نیشتمان ، ناوێکی سیما گەشی نێو بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی کوردییە کە ھێشتا ھەر زارۆک دەبێت کە ئەڤینی قووڵی زمانەکەی خۆی، دنەی دەدات ڕوو لە ڕادیۆ بنێت و لە ڕادیۆ کرماشانەوە زێتر بەھرە گەشەکەی دەربخات. کەم نین ژماری ئەو گوێگرانەی کە ھێشتاکە زایەڵەی سۆزی دەنگەکەی ئەم مرۆ ئازیزەیان لە گوێچکەدایە و ھەر بە یادی ئەو سەردەم و ڕۆژانە، ئەشکی شادی دەزێتە نێو نیگا و دڵیانەوە. دڵە ئاورینەکەی ئەم کەسایەتییە نازەنینە، پڕیەتی لە یادەوەریی تاڵ و شیرین و ئەوەندە بەسەرھاتی ڕۆژگار لەسەر دڵە سۆزبارەکەی بارە کە ھەر کامە و ھەڵگری وانە و پەندێکی گرانبایی و بەبایەخە. ھەنووکەیش ھەر کە باس لەو سەردەمە و خەباتی فەرھەنگیی ئەو ڕۆژگارە دەکات، فرمێسکێک گەش بە نێوچاوانە میھرەبانەکەیدا دەتکێتە خوار و ئەوەندەی دی، سۆزی دڵ بۆ ناخی ھەموو کوردێکی گەلپەروەر دەگوێزێتەوە. تەمەنێک خزمەت لە بواری ڕادیۆ و ڕاگەیاندنی کوردییدا دڵەکەی کردووە بە خەزنەیەکی گرانبایی و ھەمووان چاوەڕوانن ڕۆژێک لە ڕۆژان، گۆشەیەک لەم گەنجینە زەنگینە بخاتە سەر ڕووپەڕی قاقەزان و خوێنەر بەرانبەر شتە نەبیستراوەکانی ئەودیو دنیای ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی کوردی وریا بکاتەوە. لە کرماشانەوە دەست بە کاری ڕاگەیاندن دەکات و لە تاراندا پتر باڵا دەکات و لە ڕێی گۆڤاری "ئاوێنە"وە، دیوێکی تری ڕوخسارە تیشکبارەکەی دەردەخات و ئەم بڵاڤۆکە کوردییە تا بە ٥٤ ژمارەی لێ چاپ و بڵاو دەبێتەوە و بێگومان سووچێکی پرشنگدار لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە خۆی دەبەخشێت. ئەم دڵە پڕ لە میھر و سۆزەی نیشتمان، پاش پتر لە چل ساڵ غوربەت و دووریی و دابڕان لە وڵاتی نازەنینی کوردان، ئێستا غەریبانە لە شاری "سنە"ی زێدی ناخەکەی نیشتەجێیە و تۆسقاڵێک لەو ئەڤینە ئاورینەی بەرانبەر دار و بەردی نیشتمان نەک لە کەمیی نەداوە بگرە سەد ھێندە فرەوانتر بووە. ئەم کەسایەتییە خودان سەنگەیش، ھەر ھەمان ئاشناکەی دوێنێی ڕادیۆ کوردیی کرماشان، مامۆستا "محەممەد (ھومایۆن)کەمانگەر"ە کە ھەنووکە دڵی ھەگبەیەکی ڕەنگاڵەیییە لە سەدان یادەوەریی ساڵانی دوور و نزیک و بە گێڕانەوەی ھەر بیرەوەرییەک، دڵەیشی ڕاست دەچێتەوە بۆ ھەر ئەو سەردەمانە.


بۆ وتن دەشێت مامۆستا ھومایۆن کەمانگەر ،ساڵی ١٩٤٢(١٣٢١ی ھەتاویی) لە شاری سنە لە دایک بووە. ھێشتا کۆرپەیەکی ساوا دەبێت کە باوک بە ماڵەوە ڕوو لە کرماشان دەکات و ھەر لەوێندەرێ سجیل و ناسنامە بۆ منداڵە ساواکەی وەردەگرێت. خۆشەویستیی باوک بەرانبەر زمان و تۆرە و چاندی کوردان، گورجێ لەسەر دڵەی جگەرگۆشەکەی کاریگەر دەبێت و ئەمیش نەک بە دڵێک بگرە بە سەد دڵ، میھر و ئەوینی زمانەکەی خۆی دەکەوێتە دڵ و ھێشتا لە دوا ناوەندییدا دەبێت کە لە ڕادیۆ کرماشان دەست دەکات بە خەبات و دواتر بەرپرسایەتی ڕادیۆ "قەسر" و خودی ڕادیۆ کرماشان دەکەوێتە ئەستۆی. پاش شۆڕشیش، ئەم خەباتە لە تاران و ڕادیۆ کوردیی تاران درێژە پێ دەدات و تا بەم ساڵە دواییانەیش ئەم پێوەندیی و ھاریکارییە ھەر بەردەوام دەبێت. ھەر لە تاراندا نزیک بە ١٠ ساڵێک سەرنووسەری گۆڤاری "ئاوێنە" دەبێت و لەو بوارەدا خزمەت بە زمان و چاندی نەتەوەکەی دەکات.


چەندە جوان دەبێت ئێمەی کوردیش وەک گەلانی پێشکەوتوو، ئەم نەریتە زەنگین و ڕەنگینە بۆ سەرپاک کۆمەڵگە بگوێزینەوە و ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان بە دێڕێک لە ھەر بوار و بەستێنێکدا خزمەتی نەتەوەکەی کردووە، ھەر لە سەردەمی ژیانی خۆیدا قەدرزانی بین و ڕێز لە ساڵگارانێک ڕاژەی لە ھەمبەر گەلەکەی بنێین و نەوەی نوێش ئاشنا بەم سیما گەش و درەوشاوانە بکەین. مەبەستی نووسەری ئەم چەند دێڕە، تەنیا گوێزتنەوەی ئەم پەیامە بوو و بەس. تەمەنی ئەم دوو چڵە نێزگزەی نیشتمان ھەر بەرەو بڵندایی بچێت.

 


h_noryawi@yahoo.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک