په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٧\٢٠١٧

  دوو دڵدار.

سمکۆ ئەحمەد

هەنگێك و گوڵێك دڵدار بوون
هەنگەکە هەموو ئێوارانێ
ماچی هەنگوێنی لە ژێر پەڕەی
گوڵ دادەنا
گوڵیش هەموو بەیانییەک باوەشی
پەمەیی بەودا دەکرد و
نەرم نەرم شیلەی مەمکی
لە نێو دەمی هەنگ دادەنا

باخچە و و گوڵ و مەل و چیمەن
هاوڕێیان بوون
تەختەی شانۆ و
پەڕەی شیعری هەردووکیان بوون
رۆژ هات و چوو
بەفر و نێرگز سەرچۆپیان
ئالوگۆڕ کرد
دار و باخچە بەرگی سەوز و سپی و نارنجییان یەک لە دوای یەک
لە بەژن هەڵکرد

بەیانییەکی پرچ زەرد هات
گوڵی پەمبە زەردهەلگەڕا
کاتێ زانی ئەو بەیانییە لە ژێر لۆچی مەمکی
پەڕەکانیا ماچی هەنگوین دانەنرابوو
هاواری لە باخچە و چیمەن کرد
سەودایەکی هەنگی چاوزەردی بۆ بکەن
گوڵ و باخچە و مەل و چیمەن
کەوتنە گەڕان
بەدوای هەنگی ئاشقدا لەگەڵ باران
شاخ و دەشت و حەوشەی ماڵان
کەوتنە گەڕان

مەلی باڵ شین بە چاوی خۆی
هەنگی چاو زەردی بینیبوو
لە نێو پورەی باخی سەرۆك
زیندانیکی بە تەل چنراو
لە باتی گوڵ کەللە شەکر
لە کەمەری هەنگ بەسرابوو

گوڵی پەمبە لەو رۆژەوە شیلەی نەما
ووردە ووردە قەترە ماچی هەنگوینی هەنگ

لە ژێر پەرەی پەمەییدا وەک زەنگیانە کەوتنە خوارێ
رۆژ لە دوای رۆژ چرچ و سیس بوو
لە پایزدا بۆ دوا جاریش لە چاو ونبوو.


٢٠١٧ - لەندەن
ماڵپه‌ڕی سمکۆ ئه‌حمه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک