١\٦\٢٠١١
دووفاقیی
له سیاسه‌تی تورکیادا به‌رانبه‌ر به سوریا.

ره‌زا شـوان
تا ئێستا باهۆزی ڕاپه‌ڕین و گۆڕان له
وڵاتانی عه‌ره‌بیدا، دوو دیکتاتۆری ملهوڕی عه‌ره‌بی ڕاپێچکرد و، ملکه‌چ
و سه‌رشۆڕی خواسته‌کانی جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو بوون و..به ناچاری و له
ترساندا هه‌ڵهاتن..ئه‌و دووانه‌ش( زین العابدین بن علی ـ دیکتاتۆری
تونس) و ( حسنی مبارک ـ دیکتاتۆری میسر) بوون .. ئه‌وه‌تا خۆیان و
خێزان و ده‌ستوپێوه‌نده به‌زیوه‌کانـیان کونه مشکیان لێبووه به قه‌یسه‌ری
و شوێنیکیان نییه تیا بسره‌ون..ئێستاش سێ دیکتاتۆری زراوچووی تری عه‌ره‌بی
له سره‌دان و ، هاکا خراپتر له‌و چاره‌نووسه ڕه‌شه‌ی که به‌سه‌ر هه‌ریه‌که
له ( سه‌دام و زین العابدین و مباره‌ک )ی به‌د ڕه‌فتار هات ، زۆر
خراپتر به‌سه‌ر ئه‌مانیشدا بێت .. کاتی مانه‌وه‌شیان له ده‌سه‌ڵاتدا ،
به به‌ریه‌وه نه‌ماوه و ، دره‌نگ و زوو که‌وتوونه.. هاکا مژده‌ی هه‌ڵتیزانیان
ڕابگه‌یه‌نن .. یان کێ ده‌ڵێت که فریای هه‌ڵهاتن و خۆشاردنه‌وه‌ش ده‌که‌ون
؟!.. نازانین تۆ بڵێی ئه‌مانیش وه‌کو فس‌فس پاڵه‌وانی گۆڕبه‌گۆڕی سه‌دامی
کاکیان ، بۆ خۆشاردنه‌وه کونه مشکیان ئاماده نه‌کردووبێت.. ؟ ئه‌م
سێ دیکتاتۆره پالیۆراوه‌ش ( موعه‌مه‌ر قه‌زافی ـ دیکتاتۆری لیبیا ) و (عه‌لی
عه‌بدوڵڵا ساڵح ـ دیکتاتۆری یه‌مه‌ن ) و( به‌شار حافز ئه‌سه‌د ـ
دیکتاتۆری سوریا)ن..که له پێناوی مانه‌وه و ده‌سه‌ڵاتدا، زۆر به
دڵڕه‌قی و دڕندانه، به ئه‌وپه‌ڕی توانا و هێزیانه‌وه، ده‌ست
ناپارێزن و که‌وتوونه‌ته کوشتن و گرتن و ئه‌شکه‌نجه‌دانی خۆپیشانده‌رانی
وڵاته‌کانیان .. ئه‌ی هه‌شیان به‌سه‌ر ، کورد وته‌نی : « هه‌موو شتێک
له باریکیدا ده‌بچڕێت.. ته‌نها زوڵمه که له ئه‌ستووریدا ده‌پسێت
».. جامی زۆڵم و زۆرداریش پڕبووه و لێی ده‌ڕژێت .. دڕنده‌ترین و به
هێزترین سوپاش .. ناتوانێت له به‌رده‌م گه‌لانی ڕاپه‌ڕی و تووڕه‌دا ..
له ڕووی بڕوا و ئیراده‌ی پۆڵایینی گه‌لاندا.. بتوانێت به‌رگری له سته‌مکاران
بکات و ، خۆی ڕابگرێت.. هه‌ر توانا و ئیراده‌ی به‌هێزی گه‌لانه چۆک به
دڕنده‌ترین دیکتاتۆر و زۆردار داده‌دات.
وا بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێکه ، گه‌لانی سه‌رکوتکراوی هه‌ریه‌که له
لیبیا و یه‌مه‌ن و سوریا ، له دژی دیکتاتۆره زۆردار و سته‌مکار و
ملهوڕه‌کانیان ڕاپه‌ڕیون و درێژه به خۆپیشاندانه ئاشتییه‌کانیان ده‌ده‌ن
و، داوای چاکسازی و ڕیشه‌کێشکردنی گه‌نده‌ڵی و، داوای یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ریی
کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌که‌ن .. داوای نان و ئاو و ڕووناکی و ئازادی و
دیموکراتی و ژیان ده‌که‌ن..داوای دادگایی کردنی دز و جه‌رده و جه‌لاده‌کانی
وڵاته‌کانیان ده‌که‌ن.. داوای ئازادکردنی ڕۆڵه بێتاوانه‌کانیان ده‌که‌ن
، داوای نه‌هێشتنی بێ‌کاری و هه‌ژاری و ژیانی کوله‌مه‌رگی و کوێره‌وه‌ری
ده‌که‌ن.. به‌ڵام دیکتاتۆره‌کانیان به ئاگر و ئاسن.. به کوشتن و بڕین
و گرتن و ئه‌شکه‌نجه‌دان ، وه‌ڵامی داخوازییه ڕه‌واکانی گه‌له‌کانیان
ده‌ده‌نه‌وه.. به گێره‌شێوێن و سنووربه‌زێن تاوانباریان ده‌که‌ن.. له
ڕیزی خۆپیشانده‌ران و شۆڕشگێڕانی هه‌ره‌یه‌که له لیبیا و یه‌مه‌ن و
سوریادا ، به سه‌تان هاوڵاتی بێ‌تاوان و خۆپیشانده‌ری ده‌ستپه‌تی
کوژراون و تا ئه‌مڕۆش ئه‌م تاوانانه نه‌وه‌ستاوه و درێژه‌یان هه‌یه
.. تا ئێستا زیاتر له هه‌زار که‌س له سوریادا به فیشه‌ک یا له ژێر
ئه‌شکه‌نه‌داندا گیانیان له ده‌ست داوه ، زیاتریش له ده هه‌زار که‌س
گیراون و، به‌پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی چاودێری مافه‌کانی مرۆڤ « هیومه‌ن
ڕایتس ۆچ » و « جه‌زیره نێت ».. به‌ندکراوه‌کان زۆر دڕندانه ئازار و
ده‌درێن و.. ژماره‌یه‌کیان به هۆی ئه‌شکه‌نجه‌دانه‌وه گیانیان له
دست داوه.. هه‌ندێکیش له لاشه‌کان فڕێدراونه‌ته ناو ده‌ریاوه .. بۆ
ئه‌وه‌ی وه‌کو ئه‌و گۆڕه به کۆمه‌ڵه‌ی خۆپیشانده‌ره گرتووه کوژراوه‌کان
، که له« ده‌رعا » دۆزرایه‌وه .. ئاشکرانه‌بن و نادیار و گۆڕونبن.
دێینه سه‌ر سه‌رباسی نووسینه‌که‌مان ، ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێستی تورکیا و
ئه‌مریکا و ئێران ، له‌مه‌ر خۆپیشاندانه‌کان و بارودۆخی شلۆقی ئه‌مڕۆی
سوریا و، به‌شار ئه‌سه‌دی لێقه‌وماو ــ پیاوه نه‌خۆشه‌که ــ چییه و
.. چۆن ده‌یانه‌وێت ئه‌نجامی خۆپیشاندانه‌کانیان بقۆزنه‌وه.
تورکیا هاوسنوره له‌گه‌ڵ سوریادا و هه‌شت سه‌ت کیلۆمه‌تر سنووریان
پێکه‌وه‌یه ــ به‌ڵام ئێمه‌ی کورد هه‌رگیز دان به‌و سنووره
دروستکراوه‌دا نانێین، چونکه له دوای چوارپاچه کردنی کوردستان ئه‌و
سنوور‌و ناهه‌قییه له نێوان باکوور و ڕۆژئاوای کوردستاندا کێشرا،
له لایه‌کی تریشه‌وه هه‌ریه‌که له تورکیا وئێران و سوریا ،
ئه‌ندامن له په‌یمانێکی سێقۆڵی نه‌گریسدا،له دژی هێنانه‌دی هیوا و
خواسته‌کانی گه‌لی کوردمان، له هه‌ر چوار پارچه‌یه‌ی کوردستاندا، به
تایبه‌تیش له دژی به هیوای دامه‌زراندنی« ده‌وڵه‌تی کوردستان» ئه‌م
نیازه گڵاوه‌شیان نه‌شاردۆته‌وه..بۆ درێژه‌دان به‌م مه‌به‌سته‌یان
و،بۆ زیان پێگه‌یاندن به ژێرخانی ئابووری و تێکدانی ئارامی و سه‌قامگیری
له باشووری کوردستاندا .. ئه‌و سێ ده‌وڵه‌ته هاوپیلانن و هه‌مهه‌نگی
و هاوکاریه‌کی ته‌واویان له نێواندا هه‌یه .. تا ئێستا چه‌ندین جار
هه‌ریه‌که له تورکیا و ئێران به بیانووی بوونی « په‌که‌که » و «
پاژاک » به دووقۆڵی به فڕۆکه و به تانکی قورس و تۆپی دوورهاوێژ..
چه‌ندین گوندیان له باشووری کوردستاندا بۆردومان کردووه .. زیانێکی
زۆری ئابووریان به گوندنشینه داماوه‌کانمان گه‌یاندووه و.. چه‌ندین
بریندار و شه‌هیدیشمان بووه له ئه‌نجامی ئه‌و بۆردوومانه ده‌ستنه‌پارێزراوانه‌دا.
ئه‌وان باش ده‌زانن که ئێمه‌ی کورد له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستاندا
، له به‌ره‌ین و هه‌موو خوشک و برا و که‌سوکاری یه‌کترین .. هه‌مان
هیوا و ئاواتیشمان هه‌یه.. تورکیا ئه‌وه‌ش ده‌زانێت که له سوریا ،
زیاتر له سێ ملیۆن کورد هه‌یه و له تورکیاشدا نزیکه‌ی بیست و پێنج
ملیۆن کوردمان هه‌یه.. له هه‌ریه‌که له تورکیا و ئێران و عێراق و
سوریادا، کورد نه‌ته‌وه‌ی دووه‌من .. ناتوانن ئه‌م ڕاستییه بشارنه‌وه
و حیسابمان بۆ نه‌که‌ن .. ئه‌گینا سه‌قامگیری له وڵاته‌کانیاندا مه‌حاڵه
.. تورکیا پێشبینی ئه‌وه ده‌کات و ئه‌و ترسه‌شی هه‌یه ، له‌وانه‌یه
له ئه‌نجامی هه‌چ گۆڕانکارییه‌ک له سوریادا ، ئێه‌ی کورد سوودمه‌ند
بین و داوای مافه ڕه‌واکانمان بکه‌ین .. ئه‌مه‌ش کاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر
گه‌لی کوردمان له باکووری کوردسـتاندا ده‌بێت.. بۆیه گڕیان تێبه‌ربووه
و که‌وتوونه‌ته خۆیان .. پیلانی ئه‌وه ده‌کێشن که گه‌لی کوردمان له
ڕۆژئاوای کوردستاندا هچ ڕۆڵێکی نه‌بێت و پراوێز بکرێت.. تورکیا به
ئاشکرا ده‌ستی خستۆته ناو کاروباری سوریاوه.. ئه‌مریاکاش پشتگیری
لێده‌کات .
سه‌رۆک وه‌زیرانی تورکیا ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان جارێک خۆی و جارێکی
تریش ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵوی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا ، هه‌ر وه‌کو
سوریا کۆڵۆنیه‌کی تورکیا بێت..فرمان به‌سه‌ر به‌شار ئه‌سه‌دا ده‌که‌ن و
ده‌ڵێن : « پێویسته چاکسازی بکه‌یت و توندوتیژی به‌کار نه‌هێنیت و سه‌رکوتی
خۆپیشانده‌ران نه‌که‌یت » پیویسته:« حکومه‌ته‌که‌ت هه‌ڵبوه‌شێنیته‌وه
و حکومه‌تێکی تازه دابمه‌رێنن » داوای ئه‌م مه‌رجه‌ش له به‌شار ئه‌سه‌دی
دۆستیان ده‌که‌ن « پێویسته له حوکمه‌ته تازاکه‌تاندا، چه‌ند وه‌زاره‌تێک
به « اخوان المسلمین»ـه کان بده‌ن و چه‌ند وه‌زاره‌تێکیش بده‌ن به
خۆپیشانده‌ران .. » ئه‌گه‌ر یه‌کیک کاربه‌ده‌ستانی ڕژێمی تورکیا نه‌ناسێ،
واده‌زانێت که تورکیا نموویه‌که له ئازادی و دیموکراتی و دادپه‌روه‌ری
و دابینکردنی مافه‌کانی مرۆڤدا ، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆش تورکیا درێژه به
سیاسه‌ته شۆڤێنییه‌که‌ی ئه‌تاتورک ده‌ده‌ن و ، نزیکه‌ی نه‌وه‌ت ساڵه
له باکووری کوردستاندا ، کورد ده‌کوژن و ده‌گرن و کورد ده‌چه‌وسێننه‌وه
.. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که داوای ئازادی و دیموکراتی و ئاشتی و یه‌کسانی
ده‌که‌ین .. تا ئه‌مڕۆش ده‌ستیان به خۆێنی گه‌لی کورمان سووره ..دنیا
گۆڕا به‌ڵام عه‌قلیه‌تی تۆرانییه ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌کانی تورکیا هه‌ر به
بۆگه‌نی ماوه‌ته‌وه.
بۆ چاودێریکردنی بارودۆخی ناوخۆی سوریا ، هه‌مه‌هه‌نگییه‌کی ته‌واو له
نێوان ئه‌مه‌ریکا و تورکیادا هه‌یه ، ئه‌مه‌ریکا ده‌زانێت که تورکیا
له سوریا و له وڵاتانی عه‌ره‌بییه‌وه نزیکه و به هۆی گۆڕانکارییه‌کانی
ئه‌م دواییه‌وه.. ده‌یه‌وێت پێگه و سه‌نگی خۆی هه‌بێت.. بۆیه له
ئیستاوه ڕێ خۆش ده‌که‌ن بۆ سوود وه‌رگرتن له دوای ڕووخاندنی به‌شار
ئه‌سه‌د.. به هه‌موو شێوه‌یه‌ک ده‌یانه‌وێت ئه‌م هه‌له بقۆزنه‌وه و
له ده‌ستی خۆیانی نه‌ده‌ن..هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش تورکیا بانگهێشتی
ئۆپۆزسیۆن و نوێنه‌رانی خۆپیشانده‌ره‌رکانی کردووه ، به تایبه‌تیش «
اخوان المسلمین »نه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی له تورکیادا کۆببنه‌وه به
گوێره‌ی داواکانی تورکیا و ئه‌مه‌ریکا بگه‌نه ئه‌نجامێک و .. له شێوه‌ی
شۆڕشگێڕانی لیبیا « ئه‌نجوومه‌نێکی کاتیی سوریا » دابمه‌زرێنن .. ئه‌وه‌ی
شایانی باسه ته‌نها کورد بۆ ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه بانگ نه‌کراوه ، به‌ڵکو
یه‌کێک له هه‌وڵه‌کانی تورکیا له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئه‌وه‌یه که
نابێت به هیچ کلۆجێک کوردی تیا بخوێننه‌وه و، نه له ئێستا و نه له
داهاتووشدا، بواری کورد نه‌ده‌ن که هیچ ڕۆڵ و مافێکی هه‌بێت .. ئه‌مه‌ش
شتێکی تازه نییه له هه‌ڵوێستی تورکیا به‌رانبه به دۆزی کورد له
هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستاندا .. ئه‌گه‌رچیش تا ئه‌مڕۆش له سوریا و له
ده‌ره‌وه‌شدا ئۆپۆزسیۆنێکی کارا و یه‌گرتووی سوری نییه و .. ئه‌وه‌ی
که هه‌شه له دوو به‌ره‌ی لاوازدان.. یه‌که‌میان قه‌ومچییه عه‌ره‌به‌کان
و دووه‌میشیان ئیسلامییه‌کان « اخوان المسلمین » .. که دوو ئایدۆلۆجیه‌تی
جیاوازن ، ئه‌گه‌رچی وه‌کو نه‌ته‌وه له‌یه‌ک نزیکن.
ئه‌مه‌یه هه‌ڵوێست و سیاسه‌تی دووفاقی تورکیا به‌رانبه‌ر به سوریا و
چه‌ند وڵاتێکی تر.. له لایه‌که‌وه داوای چاکسازی له به‌شار ئه‌سه‌د
ده‌که‌ن و .. که‌چی به ئاشکراش باوه‌شیان بۆ ئۆپۆزیۆنی سوری کردۆته‌وه
و هاوکارییان ده‌که‌ن .. تورکیا ئه‌وه‌ش ده‌زانێت ، که به لای ڕژێمه‌که‌ی
به‌شار ئه‌سه‌ده‌وه ، دانوساندن و گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ « اخوان
المسلمین » دا.. هێڵی سووره .. بێگومان له‌م سه‌رده‌مه‌شدا دامه‌زراندنی
حوکمه‌تێکی عیلمانی له سوریادا زۆر دووره و نایه‌ته‌دی.ته‌نها به
ڕێکه‌تن له نێوان پێکهاته‌کاندا ده‌توانن سوریا به‌ڕێوه‌به‌ن.
کێشه‌ی ئێمه‌ی کوردیش له سوریادا ، کێشه‌ی خاک و نه‌ته‌وایه‌تیه ..
کێشه‌ی داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستان و .. چه‌وسانه‌وه و داپڵۆسین و
زه‌وتکردنی مافه ڕه‌واکانی گه‌لی کوردمانه .. کێشه‌ی دانانه به
ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیمان .. کێشه‌ی ئازادی بۆ کورد و دیموکراتی بۆ
سوریایه .. کێشه‌ی شۆڤێنیه‌تی به‌عس و نایه‌کسانی و نادادپه‌روه‌رییه.
ئه‌وه‌ی جێی نیگه‌رانییه به لای ئێمه‌وه ئه‌وه‌یه ، به ناوه«
چوارده حیزبی کوردی »مان له رۆژئاوای کوردستاندا هه‌یه ، بێجگه له
چه‌ند ڕێکخراێکی لاوان و قوتابیان و ژنانی کورد. به‌ڵام تا ئێستا نه‌یان
توانیوه پێکه‌وه دابنیشن و به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتوو پێک بهێنن و.. له‌سه‌ر
هه‌ڵوێست و ستراتیژیه‌تێکی نه‌ته‌وایه‌تی کوردی ڕێبکه‌ون..ده‌بوایه
ئه‌و پارته کوردییانه‌مان ئه‌م ده‌رفه‌ت و هه‌لومه‌رجه‌ی ئه‌مڕۆیان
بقۆستایه‌ته‌وه و .. ڕابه‌رایه‌تی کوردیان بکردایه و ببونایه به مه‌رجه‌عی
گه‌له‌که‌مان .. تا ئه‌مڕۆش نه پرۆژه‌یه‌ک و نه نه‌خشه ڕێگایه‌کیشیان
هه‌یه..؟؟ بێگومان ده‌رفه‌تێکی وا به ئاسانی دووباره نابێته‌وه.
بابێینه سه‌ر ئه‌م بارودۆخه‌ی سوریا، له ڕوانگه‌ی ئێرانه‌وه ..
ڕژێمی کۆماری ئێرانی سێداره‌ش، که ده‌سته‌کانیان به خوێنی گه‌لانی
ئازادیخوازی ئێران سووره. لایه‌که‌وه ئه‌ندامێکی ئه‌و هاوپه‌یمانییه
سێقۆڵییه‌یه که له دژی کورد کارده‌که‌ن .. له لایه‌کی تریشه‌وه
هاوپه‌یمانێکی گیانی به گیانی سوریایه .. زۆر به‌م لێقه‌ومانه‌ی به‌شار
ئه‌سه‌د نیگه‌رانن.. چونکه به له‌ناوچوونی به‌شار ئه‌سه‌د ، ئه‌و
جێگه‌و پێگه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ له سوریا و لوبناندا هه‌یانه له ده‌ستیان
ده‌چێ و ، ناشتوانن چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی بۆ « حیزب الله » بنێرن.. بۆیه
کۆسیان که‌وتووه و.. بۆیه به هاواری به‌شار ئه‌سه‌ده‌وه چوونه و..
و ده‌یانه‌وێت هوکاری بکه‌ن له سه‌رکوتکرن و داپڵۆسینی خۆپیشانده‌رانی
سوریادا .. .بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئێران ژماره‌یه‌کی زۆر ڕاوێژکار و
ڕاهێنه‌ری شاره‌زای له کوشتن و لێدان و ئه‌شکه‌نجه‌دانی بۆ سوریا نارد
.. که ئه‌م پسپۆریه‌شیان له کوشتن و ئه‌شکه‌نجه‌دانی لاوانی
ئازادیخوازی گه‌لانی ئێرانه‌وه به ده‌ستهێناوه.. هه‌روه‌هاش ئێران
کۆمه‌ڵێک ئامێر و ده‌زگای ته‌کنه‌لۆژیی تازه‌ی پێشکه‌ش به سوریا کرد
، بۆ چاودێری و جاسووسیکردن له‌سه‌ر ئه‌و هاوڵاتییه سوریانه‌ی که به
هۆی ئینته‌رنێته‌وه ، له فه‌یس بووکدا ڕه‌نگ و ده‌نگیان به یه‌کتری
ده‌گه‌یه‌نن و له‌م ڕێگایه‌شه‌وه هه‌واڵه‌کانی خۆپیشاندانه‌کان و
جموجوڵی هێزه‌کانی ڕژێم به یه‌کتری ده‌گه‌یه‌نن.. تا ئیستا چه‌ندین که‌سیان
گرتووه و به‌م توومه‌تانه تاوانبار کراون ، که به هۆی ئه‌و ده‌زگا
چاودێرییه ئێرانییانه‌وه ئاشکرابوونه .. به‌ڵام خۆپیشاندانه‌کان به‌رده‌وامن
و ڕۆژ به ڕۆژی ژماره‌ی خۆپیشانده‌ران له زیادبووندایه و ، خه‌ریکه
هه‌موو شار و گه‌ڕه‌ک و دێیه‌کی سوریا بگرێته‌وه.. به به‌ڵێنه
چاکسازییه درۆکانی به‌شار ئه‌سه‌د هه‌ڵناخه‌ڵه‌تین و پێویسته بڕوا و
نه‌مێنێت به کوشتنی چه‌نده‌ها هاوڵاتی سوریا تاوانباره.
ئه‌مڕۆ سوریا بووه به گوریسی کێشمه کێش.. سه‌رێکی به ده‌ست
ئۆپۆزسیۆن و تورکیا و ئه‌مه‌ریکاوه‌یه ، سه‌ره‌که‌ی تریشی به ده‌ست
ڕژێمه‌که‌ی به‌شار ئه‌سه‌د و ئێرانه‌وه‌یه .. به دڵنیاییه‌وه له ده‌ستی
ئێران و به‌شار ئه‌سه‌د ده‌ترازێ و لایه‌نی یه‌که‌م ده‌یبه‌نه‌وه..
دوایی له کێک دابه‌شکردنه‌که‌دا پشکی شێر به‌ر کێ و چ لایه‌نێکیان ده‌که‌وێت
..؟ با قسه‌ی پێشوه‌خت نه‌که‌ین و ، ئه‌مه بۆ داهاتوو بهێڵینه‌وه..
چونکه هه‌ر ڕوودا و کاتێک قسه‌ی خۆیان هه‌یه..
یا کورد وته‌نی : « که‌س نازانێت خێر و شه‌ڕ له چیدایه.. ؟ »
ئه‌گه‌ر چی تا ئێستا ئاسۆیه‌کی ڕوون و دیارنییه‌وه و.. کورد له
ڕۆژئاوای کوردستاندا تا چه‌ند به له ناوچوونی ڕژێمه‌که‌ی به‌شار ئه‌سه‌د
سوودمه‌ند ده‌بێت..ئایا ده‌نگ و سه‌نگمان چه‌ند ده‌بێت..؟ ئایا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته
تازه‌یه‌ی دێته کایه‌وه ڕێ به کورد ده‌ده‌ن وه‌کو دووه‌مین نه‌ته‌ه
له سوریادا، له سه‌نته‌ری بڕیارداندا به‌شدار بێت..؟ ئایه ئه‌گه‌ر
به‌شێکیش بێت، مافه ڕه‌واکانی کورد دێنه دی..؟ ئه‌وسته‌م و نادادپه‌روه‌ری
ده‌رهه‌ق به کورد هه‌یه نامێنێت.. ؟ یان کێ ناڵێت که : « خۆزگه‌مان
به کفن دز » نابێت..؟ دیکتاتورێکی دڕنده‌تر و شۆڤێنی تر ده‌سه‌ڵات
ناگرێته ده‌ست .. ؟ که زیاتر گه‌لی کوردمان سه‌رکوت بکات و زیاتریش
بمان چه‌وسێننه‌وه.. تا ئێستا خۆپیشانده‌رانی سوریا.. ناوی کورد نابه‌ن
و نامان خوێننه‌وه .. با هه‌موو شتێکیش نه‌خه‌یه‌نه سه‌ر ده‌سه‌ڵات و
لایه‌نه‌کانی تر.. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین که هه‌ق ده‌سێنری و نادرێت..
ده‌بێ خۆمان دوای مافه‌کانان بکه‌وین .. له خۆمان بپرسین ده‌بی چی بکه‌ین
و چی نه‌که‌ین ، ئایه ستراتیژییه‌تێکی تۆکمه‌ی خه‌بات و تێکۆشانمان هه‌یه..
؟ یه‌کڕیزین و یه‌کده‌نگین و هاوکارین هاوهه‌ڵوێستین..؟ خاوه‌نی یه‌ک
وتاری سیاسین..؟ مه‌به‌ستم له ڕۆژئاوای کوردستانه..ئه‌ی چ پرۆژه‌یه‌کمان
بۆ داخواییه‌کانمان ئاماده‌کردووه؟ وه‌کو دوا وه‌رقه‌ش ، ئایا شه‌قامی
کوردیمان له ڕۆژئاوای کوردستاندا.. تا چ ڕاده‌یه‌ک ئاماده‌ن ئه‌گه‌ر
پێویست بکات .. بڕژێنه سه‌رشه‌قام و داوای مافه‌کانمان بکه‌ن ..؟
له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من گه‌شبینم ، به نه‌مانی دیکتاتۆرێکی زۆرداری له‌خۆبایی
و، ڕژێمێکی ڕه‌گه‌زپه‌رستی سه‌رکوتکه‌ر.. هیواداریشم هه‌موو ده‌سه‌ڵاتدارانی
ئه‌مڕۆ و داهاتووش .. په‌ند و وانه له چاره‌نووسی ڕه‌ش و شه‌رمه‌زاری
و سه‌رشۆڕی ، ئه‌و دیکتاتۆره ترسنۆکه به‌زیوانه‌ی ئه‌مڕۆمان وه‌ربگرن
.. که ڕسوابوونه و بوونه‌ته مه‌خسه‌ره و په‌ندی زه‌مانه.
٣٠\٥\٢٠١١
- نه‌رویج
ماڵپه‌ڕی ره‌زا شوان
|