په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١\٢٠١٩

    دوو هێڵی تەریب.

کەژاڵ ئیبراهیم خدر

ئەی مرۆڤی ئەم سەردەمە
بەگەکانی سەدەی ناوەند
دەتانەوێ فێرم بکەن
وەک خانمی دیوەخانان
بەپاییزو بەزستانان
لەژوورەوە خۆم بەند بکەم
تاکوو برسی و بێ نەواکان
نەبینم کە؟
لەکوێ دەنوون و چی دەخۆن "
تا ھەتیوو پێ خواسەکان
نەبینم کە"
لەبەر چۆڕاوگەی گوێسوانەو
قوڕو چڵپاوی
لاکۆڵان و شەقامەکان
بەبێ بەرگی و ،بەپێی پەتی
دێن و دەڕۆن.
   *   *   *
ئەی ئەوانەی گەرەکتانە
کات بگێڕنەوە بۆدواوە
دەتانەوێ فێرم بکەن
بەھاوینان
لەگەڵ پۆلێ کارەکەرو خزمەتچیاندا
لەگەڵ ھەرەوەزی تازە
بەرەو کام ھەوارە خۆشە
کۆچ ڕەوبکەم؟
تاکوو لەگەڵ
کیژی بێ ناز کەوتوەکاندا
ئاشنا نەبم؟
لەگەڵ دەست و پێ قەڵشیوو
لەگەڵ کوڵمی سووتاویاندا
ھاوتا نەبم".
   *   *   *
دەبا منیش پێتان بڵێم
کە لەروانینی چاوی من و
چاوی ئێوە
وەکوو دووھێڵی تەریب وان
ھەستی من و ،ھەستی ئێوە
وەکوو وێنەی ،شەو رۆژ وان
قەت تێکەڵی یەکتر نابن.
   *   *   *
ئەگەر منیش
وەک ھەر بێ نازێکی ئەم خاکە
سەرمای زستان
دەست و پەنجەم لەگۆ نەکاو
ھەموو لەشم نەتەزێنێ
یاخوود قرچەو گەرمای ھاوین
سەروچاوم نەپڕوکێنێ و
نەم سوتێنێ
ئەی باشە چۆن
شادی بەھار ڕێگە دەدا
ماچی چاوی نێرگز بکەم
ئەی شنەبا چۆن شاباش و
مژدەی نەورۆزم بۆ دێنێ.

 

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک