په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٩\٢٠٢٥

   دوو هۆنراوە.

ئەرسەلان مەحمود

بارانی شین.

١.
هەر جارێک  
بیر لە ئاسمان دەکەمەوە  
پەنجەکانم دەبنە هەور، دەبنە چەخماخە،  
باران دەبارێ، وشەکانم تەڕ دەبن لە هەوادا،  
دەبنە ماسی، ڕەو دەبەن،  
لە بۆشاییدا.  
دەکەونە  
ئاوی مردوو،  
لە تۆڕی چاوەکانتدا،  
هەموو شتێک شین  
دەبێت.

 ٢.
تۆ پێم بڵێ:  
تەڕبوون مەرگی وشکاییە؟  
یان لەدایکبوونەوەی ئاوە لە خۆیدا؟  
هیچ بۆ هیچ نانووسم، تەنها پەنجەکانم  
دەخەمە سەر کاغەز، سەر کیبۆردەکە،  
وەک ئەوەی کۆنە برینێک دابپۆشم،  
برین دەبێتەوە بە ڕووبار و  
بە دەریاچە.

 ٣.
ئاسمان  
دەبێتە کتێبخانەیەک باراناوی.  
هەردەم تەڕ، هەمیشە شینن،
وشەکان.

 ٤.
شینایی  
قووڵایی دەریایەکە  
سەرچاوەکەی لە ئاسمانە،  
دەڕژێتەوە ناو زەویی ناخم.  
دەنووسم دەبمە کۆپرێک،  
لە نێوان دوو دیار و
نادیاریدا.

 ٥.
درەختەکان  
بە ڕەگی شینەوە دەگریەن،  
کاتێک سێبەرەکانیان دەمرن.
فرمێسکەکانیان دەبنە وشە،  
وشەکان دەبنەوە باران -باران
دەبێتەوە بە ئاسمانی بێکۆتا،  
لە دیدەدا.

 ٦.
کاتێک بیر  
لە ئاسمان دەکەمەوە  
هیچ نابینم جگە لە خۆم،
وەک دڵۆپێکی سەر گەڵا  
کە هێشتا نەخزاوە، بەڵام
دەزانێت، دەبێت بڕوات. 
لە ڕواندا.

 ٧.
کێ دەزانێت؟  
نووسین خۆکوشتنی وشکاییە،  
یان خوێندنەوە و لەدایکبوونی تەڕایی.  
من لە نێوان ئەم دوو مەرگ و ژیانەدا  
دەژیم، دەمرم، دەژیمەوە.  
پەنجەکانم،  
هەمیشە تەڕ تەڕن،  
هەمیشە شین شینن،  
هـەمیشە دەنووسن،  
شتێێێێک کە ناتوانم  
بیخوێنمەوە.
___________________________________________
ئەم دەقە سەفەرێکە لە نێوان ئاسمان و زەوی، لە نێوان تەڕایی و وشکایی، لە نێوان دیار و نادیار. لە حەوت وێستگەدا، کە وەک حەوت ئاسمانی ناخی وان، گەشتێکە بەناو پرۆسەی نووسیندا - ئەو کردارەی کە وشە دەگۆڕێت بۆ باران، باران بۆ دەریا و دەریا بۆ ئاسمانێکی نوێ.

شینایی لێرەدا تەنها ڕەنگ نییە. هەندێک جار قووڵایی دەریایە، هەندێک جار خەمۆکی فرمێسکە، هەندێک جار بەرزایی ئاسمانە. پەنجەکانی نووسەر کۆپڕن - نە لەم دیوەن و نە لەو دیوە، بەڵکوو لە خودی گواستنەوەدا دەژین. هەر دڵۆپە بارانێک وشەیەکە، هەر وشەیەک ماسییەکە لە بۆشاییدا شەپۆل دەدات، هەر شەپۆلێک دونیایەکی تازە دەخوڵقێنێت.

ئەم دەقە پرسیار دەکات: کاتێک دەنووسین، ئایا شتێک دەمرێنین یان شتێک زیندوو دەکەینەوە؟ کاتێک وشەکانمان تەڕ دەبن و دەبنە باران، ئایا ئێمە دەمێنینەوە یان دەگۆڕێین؟ وڵامەکان لەناو خودی بارانەکەدان - ئەو بارانە شینەی کە هەم دەگری و هەم پێدەکەنێ، هەم دەنووسێت و هەم دەسڕێتەوە.

دەقە داوات لێدەکات تۆش پەنجەکانت تەڕ بکەیت، بچیتە ناو بارانەکەوە و لەوێوە سەیری ئاسمان بکەیت. لەوانەیە ئەوەی دەیبینیت تەنها ڕەنگی شین بێت، یان لەوانەیە هەموو ڕەنگەکانی ناخت بێت کە لە دڵۆپێکدا کۆبوونەتەوە.

 

 

 

------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 


بارانی پێش وشە.
بارانێک دەبارێت.
وەک میوانێک نا، وەک بێگانەیەک نا،
وەک خۆی وەک ماناکەی - وەک نور،
وەک ئەو ڕاستیەی پێش وشە هەبوو،
وەک ئەووو بێدەنگییە قووڵانەی کە
دەنگی تێدا دەژی.

هەر دڵۆپێکی
کیمیاگەرێکی نوێ نەبینراوە.
لە بەرزاییە هەوربڕەکانەوە دادەکات،
ڕازی ملیۆنەها ساڵی لە ناخیدا
هەڵگرتووە.

کاتێک بەر زەوی دەکەوێ،
نابێتە ئاو، دەبێتە گۆڕانکاری،
دەبێتە شیـعر، دەبێتە بـۆن،
دەبێتە دوانگـە و مۆسیقا.

لەژێر پەنجەکانیدا
شووشەکان دەلەرزن، تنۆکەکان دەتەقنەوە،
وەک ستێرەیەک ڕێیە جوانەکان دروست دەکەن
 ڕێچکەی ئاوی، نەخشەی کاتی، جوگرافیای
ساتە ونبووەکان.

شتێک دەژەنێت.
ڕیتمێک کە پێش مۆسیقا هەبوو،
ئاوازێک، کە مرۆڤی فێرە گوێگرتن کرد.
تەنەکە و دار و بەرد - ئامێرێک لە
ئۆرکێسترایەک.

گوڵەکان سەر بەرز دەکەنەوە،
دەمیان دەکەنەوە بۆ خواردنەوەی ئەم شەرابە ئاسمانییە.
باران لە ناو گەڵاکاندا دەخزێت، دەبێتە خوێنی سەوز، دەبێتە
هێزی نـەرم، هێزی ژیان. درەختەکان دەروێشانە دەهەژێن
دەکەونە سەما لە ناو خۆیاندا.

خاک دەکرێتەوە.
وەک کرانەوەی پەڕتووکێکی پیرۆز.
هەر چاڵێک دەبێتە پیالەیەک بۆ وەرگرتنی ئەم پیرۆزییە.
تۆوەکان لە ژێر خاکدا دەجووڵێن، دەزانن کە کاتی هاتووە،
تێدەگەن کە کاتی گەشەکردن، کە کاتی بوونەوەیە بەوەی
کە تەنها و تەنها لە خەیاڵەکاندا، لە
خەوندا بینیویانە.

ڕێگەکەکان دەبریسکێنەوە،
دەبێتە ئاوێنەیەک بۆ ئاسمان.
شار خۆی دووبارە دەبینێتەوە،
وەک وێنەیەکی هەڵگەڕاوە..

ڕاستییەکی وەرچەرخاو.
بارانێک سنوورەکان دەسڕێتەوە -
ئاسمان و زەوی دەبنەوە بەیەک
 سەرو خوارو یەکدەگرن.

باران
پەلەی نییە،
کاتی خۆی دەناسێت،
کاتی خۆی، دەزانێت،
ڕیتمی خۆی
دەزانی.

بارانێک دەبارێت،
بەسەر دەریاکاندا دەبارێت.
دڵۆپەکان ون دەبن، ئاو دەگەڕێتەوە بۆ ئاو.
خاک هەناسەیەکی قووووڵ هەڵدەکێشێت
بۆنی خاک، بۆنی دەستپێکی
وەرزێکی نەبینراو.

شتێک ئامادەیە
بـۆ ناسینەوە، بـۆ نووسینەوە،
بە پێنووسی بوون، بەبێ وشە،
بە زمانێکی ڕوون.

شوێن دەگۆڕێ،
شێوە دەگۆڕێ. دەبنە هەڵم،
دەبێتە هەور، دەبێتە شەونم،
دەبـێـتە ڕووبار.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک