په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\١٢\٢٠٢٤

   دوو هۆنراوە.

ئەرسەلان مەحمود

  دەنگەکان لە بێدەنگیدا.
١-
کاتێک دەنگەکان دەبن بە ئاو و
وشەکان دەڕژێنە نێو یادەوەرییەکی شێدار،
لەوێ دەبم، لە نێوان دوو چرکەساتی ڕووناکیدا،
وەک تەمێک کە بە پەنجەرەی کاتەوە نوسابێت.

٢-
لە بێدەنگیدا،
هەموو دەنگەکان یەک دەگرنەوە
وەک چۆن هەموو ڕووبارەکان دەڕژێنە
نێو زەریایەکەوە، من لێرەم لە نێوان
دوێنێ و سبەی.

٣-
وەک دڵۆپە بارانێکی
هەڵواسراو بە نێوان ئاسمان و زەوییەوە
یادەوەرییەکانم هەڵواسراون، کاتێک کە
باران نم نم دەبارێت، یادەوەرییەکانم
دەبن بە گۆرانی و گۆرانییەکان دەبن بە
ئاو و ئاو دەبێت بە دەنگێک لە دوورەوە،
دەنگێک کە خۆی دەدۆزێتەوە.

٤-
هەموو
دەنگەکان دەگەڕێنەوە
بۆ ئەو بێدەنگییەی کە
لە سەرەتاوە لێیهاتوون.

 

کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤

 

  هەرەس.

هەموو شتێک
لە ناوەوە دەڕووخێت،
درزە نادیارەکان قووڵتر دەبن،
تەنها چاوە وردبینەکان
دەیانبینن.

■
چاوەڕێی
کارەساتێکی گەورەین،
کەچی خۆمان لە خەوی
قووڵدا نوقم کردووە،
دەترسین لە ڕاستییەکان
ئاگادار بینەوە.

■
ترسێک
لە هەموو
چاوەکاندا نیشتەجێ بووە،
ئەم سەردەمە بەرەو هەڵدێر دەڕوات،
کەچی خۆمان لە گێژاوی خۆشییە
ساختەکاندا نوقم
کردووە.

■
هەرەسهێنان زمانی خۆی هەیە،
هەموومان فێری ئەم زمانە بووین،
بەڵام کەس نایەوێت پێی بدوێت.

■
لە ناخی کۆمەڵگەدا
شتێک هاوار دەکات،
دەنگی کپی هەرەسێک
هەرسیکی گەورە تر،
بەڵام گوێچکەکانمان
پڕن لە دەنگی بێهودە.

■
هەموو شەوێک
خەون بە کارەساتێک دەبینین،
بەیانی کارەساتێکی گەورەتر ڕوودەدات،
کەچی فێر بووین لەگەڵیدا بژین
نەژین، بمرین.

■
تەماشای
ئاسمان دەکەین،
هەموو شتێک هێمای
کۆتایی پێوە دیارە،
تەنانەت هەورەکانیش
چیتر وەک جاران نین.

■
هەستە قووڵەکانمان
پێمان دەڵێن دوا وەرزی ژیانە،
کەچی سەرقاڵی ئاهەنگ گێڕانین
بۆ مەرگی خۆمان.

■
چۆن دەکرێت چۆن
پێیان بڵێین ئەوەی دەیبینن ڕاستە،
کاتێک هەموو کەس خۆی لە درۆیەکی
جواندا حەشار داوە.

■
کەس نازانێت
لە قووڵایی کۆمەڵگەدا چی ڕوودەدات،
تەنها ئەوانەی لە ژێرەوەن دەزانن
بناغەکان داڕماون.

■
دڵۆپە بارانەکان ئیتر پاک نین،
زەویش ماندووە لە هەڵگرتنی
قورسایی دەرد و درۆکانمان.

■
هەموو شتێک کۆتایی
خۆی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە،
وەک نەخۆشێک کە دەزانێت
هیچ چارەسەری نییە.

■
شەوانە گوێمان
لە دەنگی داڕمانی بەهاکانە و
بە ڕۆژ خۆمان گێل دەکەین.

■
دەمانەوێت هاوار بکەین،
بەڵام دەزانین گوێگرێک نەماوە،
هەمووان سەرقاڵی گوێگرتنن
لە دەنگ و ناڵەی خۆیان.

■
لە ناخی
هەر یەکێکدا
پەیامبەرێک هەیە،
بەڵام ترساوین لە
دەنگی بێدەنگی
لە ویژدانمان.


پایزی ٢٠٢٤ - رانیە
ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک