|
١\٦\٢٠٢٦
دوو هۆنراوە.

ئەرسەلان مەحمود
ماسکی ساغلەمی.
لەم شارەدا...
لەم تاقیگەیەی ونبوونەدا،
بە دوای سێبەری مانایەکدا وێڵیت؛
نە لە پەراوێزی چەپدا جێگەت دەبێتەوە،
نە لە سەنتەری ڕاستدا.
شەوانەش،
جێخەوەکەت دەبێتە داربەستێک..
بۆ هەڵگرتنی لاشەی وەهمەکانت.
لەم شانۆ گەورەیەدا،
جاران بە لوتبەرزییەوە
دەتڕوانییە ئەو ڕۆحانەی
لەژێر باری ئاگامەندیدا داڕمابوون..
ئیتر بۆچی بە نوزانەوەیەکی ساویلکانە،
شکۆی ئەم بێهودەییەت لەکەدار دەکەیت؟
ئەو دەسەڵاتەی پێیوایە کلیلەکانی یەقینی پێیە،
لەو قاڵبە مادییە دەچێت؛
بە ماسکی ساغڵەمییەوە،
بە جەستەی پەراوێزخراوێکی بریندار
پێدەکەنێت!
پێیوایە بێدەنگی و مانەوە لەناو مێگەلدا هێزە و..
پرسیارکردنیش نەخۆشییە.
بەڵام ڕۆژێک..
ئاییی لەو ڕۆژەی پەردەی ساختە دەدڕێت و
یەقینەکان هەڵدەوەرێن،
ئەوسا لەبەردەم ئاوێنەدا دەردەکەوێت؛
نە ساغڵەم بوو و نە زانا،
گەمژەیەک بوو تەنها..
بێئاگا لە مەرگی مانا!
کەواتە دەتەوێ عاشق بیت؟
ئەگەر عەشق وەک گەردەلوولێکی ئەزەلی،
ستوونەکانی بوونت لە ڕەگەوە ڕانەژەنێت،
ئەگەر لە لێڵاییە تاریکەکانی هۆش
و سووچە کەنەفتەکانی جەستەتەوە،
فوارە نەکات،
تەنی خەیاڵت بپێچەوە و
مل بەم سەرکێشییە شێتانەیەوە مەنێ.
نا -
تا لە نشێوییەکانی دڵ
و گێژەڵوکەی مێشک و دەشتاییەکانی
هەناوی تینووتەوە سەرڕێژ نەبێت،
خۆت مەسپێرە بەم ئاگرە سپییە.
ئەگەر مەحکومیت
کاتەکانت بە دیار شووشەبەندە بلوری
و ساردەکانی تەنهاییەوە بە ڕێ بکەیت،
تا هەستێکی چنراوی ساختە
یان وشەیەکی سڕکار
لە غوباری خەیاڵتدا بپاڵێویت،
کایە بە پشکۆی مۆمەوە مەکە.
ئەگەر بۆ سەوداکردن بە گۆشەگیری
و پڕکردنەوەی درز و کڵافەکانی ناوبانگ،
نەخت دڵ دەبەخشیت،
بچۆرە ناو کڕێوە جەمسەرییەکانی
فەنابوونی وشکارۆیی خۆتەوە.
ئەگەر دەتەوێت تەنها غەریزە کاتییەکانت
لە میحرابی نوێنی شەودا بکەیتە قوربانی،
نا - هەرگیز نا،
مەبە بە پاسەوانی ئەم پەرستگەیە.
ئەگەر عەشق لای تۆ لاشەیەکی ساردە
و ڕۆژانە دەبێت مۆمیایی بکەیت
و هەناسەی دەستکردی پێبدەیت،
لێگەڕێ با بگەڕێتەوە بۆ خاک.
ئەگەر تێڕامان لەم جەبرە بێبەزەییەدا،
تەوەرەیەکی قورسە لەسەر جومگەکانی هۆشت،
بگەڕێوە بۆ قووڵاییەکانی کەنار بێدەنگیت.
ئەگەر دەتەوێت وەک سێبەرە مورتەزەقەکانی
نێو فیلمە ڕۆمانتیک و ڕۆمانەکانی چەرمەسەری،
جنۆکەی شێتی بکەیتە مۆدێل و
برینەکانت مەکیاژ بکەی،
ئەم کایەیە لەبیر بکە.
ئەگەر لە غوربەتی کائیناتی ناختەوە،
بە تەمای چەخماخەیەکی سەرمەدییت،
ببە بە حەسارۆچکەیەکی پشوودرێژ و
وەهمەکانتی تێدا شانە بکە.
ئەگەر ئەو گڕکانە
تەمەنێکی کێشا و دڵتی نەبرد،
بگەڕێوە سەر غوبار و
ڕیتمی ژیانی ئاسایی خۆت.
ئەگەر مەجبوور بوویت
لە حزور دادگای لۆژیکی
هاوڕێ و عابیرانی شەقامدا،
شکۆفەی عەشقەکەت
وەک ڕەنگ بۆ نابیناکان وێنا بکەیت،
تۆ هێشتا لە کەنار بیابانێکی
بێئاو و سەرابیدا وێڵیت.
نا - هەرگیز نا،
مەبە بە کێلەگۆڕی تاقیکردنەوە مۆمیاییبێژەکان،
وەک ئەو هەزاران تارماییە تهماوییەی
شۆستەکانیان بە باسی درۆینی
وەفاداریی مۆمیا کردووە.
ئەرێ...
دەی ئەوەندە عەبەسی و
ئەوەندە خودپەسند و
ئەوەندە نەرجسی مەبە،
هێندە لە ئاوێنەی غرووردا
بۆ مانیفێستۆی هەستەکانت
مەگری، مەگەڕێ.
کتێبخانە و ئەرشیفخانەکان،
لە حزور چیرۆکە کڵۆڵ و ساردەکاندا،
سەر سووچەکانیان داگرتووە و
باوێشکی بێزاری دەدەن،
دەی گەردوون شێلووتر مەکە...
دەی...
عاشق مەبە...
دەی ....
تا وەک تیشکە نەیزەکێکی یاخی،
کەوانەی ڕۆحت لەت نەکات،
تا ئارامیی شوشەبەندت بەرەو ئاقاری
شێتبوونێکی ئەزەلی و وێرانەیەکی پیرۆز
پەلکێشت نەکات،
نا - تکایە نا،
دەست بۆ ئەم بڵێسەیە درێژ مەکە.
تا تیشکە ئەتۆمییەکەی ناوت
هەموو سێبەرە قووڵەکانی هەناوتی نەسوتاندبێت،
مل بەم جەبرە پیرۆزە مەدە.
تا ئەو چرکەیەی تەمەنت
لە دوا وێستگەی زەمەندا دەوەستێت،
یان عەشق لە شانشینی ناوتدا
دەبێتە ئەبەدییەت،
چ شاڕێیەکی دی نییە...
نەبووە.
دیداری دوا وشە
لە ڕۆژی سڕینەوەی دەقی بووندا،
خاڵێک لە دەوری وشەیەکی نائامادە دەخولێتەوە،
پەیکەرتاشێک قڵیشی بەردێکی بێدەنگ دادەپۆشێت.
وەهمە تاریکەکان لەناو بۆشاییدا قەڵەمبازیانە،
وێنە کاڵبووەوەکان لە پەراوێزی پەڕەکاندا یاری دەکەن.
هێڵە خۆڵەمێشییەکە
وەک هەمیشە
دەکەوێتە بەرچاو.
لە ڕۆژی سڕینەوەی دەقی بووندا،
سێبەرەکان لەژێر تەمەوە لەناو دێڕەکاندا هاتوچۆ دەکەن،
تەنهایەک لە کەناری تابلۆیەکی سپیدا
بە بێدەنگی پیر دەبێت.
ونبووەکان لە کۆڵانە داخراوەکاندا هاوار دەکەن،
مەلەوانێکی خنکاو لە لێواری بیرەوەرییەک
نزیکتر دەبێتەوە.
بە بەردەوامی،
دەنگی قەڵەمێک لەسەر کاغەزێکی زبر دێت،
بەرەو ڕستەیەکی ناتەواو
ڕێنوێنی دەکات.
ئەوانەی چاوەڕێی مانیفێستۆیەکی
ڕەها و خاڵی کۆتایی بوون،
نائومێد بوون.
ئەوانەی چاوەڕێی ڕاڤەیەکی یەقین و
دەنگی نووسەری گەورە بوون،
نائومێد بوون.
بڕوا مەکە ئێستا خاڵێک دابنرێت،
هەتا پرسیار و گومان لە خەیاڵدا بن،
هەتا ڕەشایی دیدەنیی لاپەڕەیەک بکات،
هەتا پەراوێزەکان بەسەر سەنتەردا بڕژێن.
هیچ کەسێک
بڕوا ناکات ئەمە ساتی سڕینەوەکە بێت.
جگە لە وەرگێڕێکی ماندووی چاوداخراو،
ویستبووی خوڵقێنەر بێت.
سەرباری ئەوەی خوڵقێنەر نییە،
ئەو گەلێ پڕکارە،
لە کاتی سڕینەوەی وشە زیادەکانی
دووپاتیدەکردەوە:
هیچ دەقێک لە دەرەوەی دەق بوونی نییە،
هیچ دەقێک لە دەرەوەی دەق بوونی نییە.
ئێوارەیەک لە دەرەوەی
کات.
ببینە چۆن؛
چرکە و خولەک و کاتژمێرەکان،
لە ناو چەکمەجەیەکی تاریکدا
فڕێدراون؛
لە ئێوارانی هەینیدا.
ببینە چۆن؛
دەنگی پێی گەشتیارەکان
لە خوێنەڕێژیی سێبەرەکاندا
دەخنکێن،
لە شەقامە جێماوەکاندا.
مێژووی پڕ لە تەپوتۆزی مرۆڤ،
لەناو گۆزەیەکی شکاودا
خۆی شاردۆتەوە،
لە گۆشەی مۆزەخانەیەکی
لەبیرکراودا.
ببینە چۆن؛
لە نێوان دوو هەناسەی
بەستوودا،
بووینە پارچە بەردێکی
ئەبەدی.
*
* *
وەهمی مەوداکان
وەک دوو نەیزەکی سەرگەردان،
لە خولگەیەکی لەبیرکراوی ئەم گەردوونەداین.
گەیشتن بەیەک، تەنها گەمەیەکی کوشندەی
کێشکردن بوو، نەک دروستکردنی پەناگەیەک
بۆ پێکەوەبوون، بۆ ئارامی.
لە پشت ئەو دەرگەیانەی هەرگیز نەمانکردنەوە
و لەسەر ئەو کورسییانەی هەرگیز لەسەریان دانەنیشتین،
ژیانێکی تر، خەریکە یادەوەرییەکانی ئێمە دەژی.
ڕێگەکان کۆتاییان نایەت،
بەڵکوو ئەوە شوێنپێیەکانی ئێمەن
لەناو بیرۆکەی ڕۆیشتندا فەنا دەبن؛
بەرەو خاڵێک نە دەبێتە نیشتمان
و نە دەبێتە مەنفا.
تەنیایی،
مەخلوقێکی زەبەلاح نییە
لە قوڵایی ئاودا بەدوای مەرگدا بگەڕێت،
خودی ئەو زەوییەیە ملیارەها ساڵە
بەدەوری خۆیدا خولدەخوا
و کەناراوێکی نییە.
دەریاکانیش،
تەنها دڵۆپە فرمێسکی
جێماوی ئەو خوداوەندانەن،
کاتی خۆی لە بێزاریی
خۆیاندا گریاون.
لە ناخمدا،
کەشوهەوای وێرانە هەسارەیەک هەیە.
ئەگەر لێم نزیک بیتەوە،
گەردەلوولێک هەڵدەکات،
هەموو ئاراستەکان بەناو یەکدا دەبات.
پەنابردنە بەر چەتر،
گەمژەیی مرۆڤە لە بەرامبەر بێکۆتاییدا؛
ئێمە خۆمان گەشتیار نین لە شوێنێکەوە هاتبین،
ئێمە خودی کۆچکردنین لە نەبوونەوە...
بەرەو
نەبوون!
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|