|
١٦\١١\٢٠٢٦
دوو هۆنراوە.

ئەرسەلان مەحمود
پێخاوس بەرەو
بەیانی.
دەنگێک کپ
لە قوڵایی ڕووبارەکەوە،
تەنها ماسییە کوێرەکان
گوێیان لە زایەڵەکەیەتی.
ئاوەکە مێژووی پەنجەکانمان دەشواتەوە و
بەسەر بەردە لووسەکانەوە
وێنەی ئەو باڵندانە دەکێشێت
هێشتا لەناو هێلکەدا
خەوتوون.
لێرە کاتژمێرەکان بە لم کارناکەن،
پێوەرەکە لێدانی دڵی شەپۆلێکە
دەیەوێت بگاتە کەنار و
ببێتە پەیکەری خوێ.
∿ ∿ ∿
بەفرێکی کۆن
لەناو ئێسقانەکانمدا دەجمێت،
کام هەرەس
فێری ئەو بێدەنگییەی کردم
تاک و تەرا لەبەر باراندا بوەستم؟
ئەی ئەو گەرمییەی ناو سییەکانم
چۆن بوو بە گەرووی شەماڵێک
هێشتا ناوی هیچ دارستانێکی
نەبیستووە؟
∿ ∿ ∿
لەناو برینە قڵیشاوەکەی پێمدا
ڕەگەکان
نامەیەکی دوورودرێژ
بۆ دیداری بەهار دەنووسنەوە.
هیچ درەختێک
بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ باپیرە خۆڵینەکەی
سەوزایی خۆی نابەخشێتە هەتاو.
ئەوەتام لە پەنای دیوارێکی قوڕیندا دانیشتووم،
گوێم داوەتە گفتوگۆی نێوان شەونم و گژوگیا،
بە چرپە
چیرۆکی ئەو ڕەنگانە دەگێڕنەوە
پێش ئەوەی ببنە گوڵ،
لە خەونی پەپوولەیەکدا
ژیاون.
∿ ∿ ∿
لە بازاڕی مسگەرەکاندا
چەکوشەکان ئاوازێکی کۆن زیندوودەکەنەوە.
پیاوێک تاڵ تاڵ بە تاڵە تاڵەکانی تیشکی نیوەڕۆیان
بەڕەیەک بۆ ژوورە ساردەکانی زستان دەچنێت،
ژنێک لەناو کاسەیەک ئاودا
تەلیسم و تەمەنی هەورەکان دەخوێنێتەوە.
ئێمە نەوەی ئەو چرایانەین
بە زەیتی زەیتوون دەسووتێن،
نەوەی ئەو دەستە کراوانەین
تەنها لە قەفەسی سینگدا
کۆترە سپییەکان ئازاد دەکەن
تا ئاسمان
تەنگەبەر نەبێت.
∿ ∿ ∿
سبەی
کاتێک تەم چیاکان جێدەهێڵێت،
پەنجەرەیەک لەناو هەوادا دەکرێتەوە
هیچ چوارچێوەیەکی نییە.
بێئەوەی بمەوێت
دەبمە ئەو ڕەشەبایەی
لاپەڕەی کتێبە لەبیرکراوەکان هەڵدەداتەوە
لەسەر لووتکەیەکی بەردین.
سێبەری خۆم
وەک عەبایەکی کۆن دادەکەنم و
بە پێخاوسی،
بە ڕەگەکانی ناو برینەکانمەوە،
دەچمە ناو ئاهەنگی
درەوشانەوەی
بەیانی.
خاڵی بێکۆتایی.
ژوورەکە
هەر هێندەی کەلەسەرێکە و
دیوارەکانی شوێنیان لەبیرچووەتەوە،
تەنها دەنگەکان قاشدەکەن و
توێکڵەکانیان دەلێسنەوە.
سێبەرەکان کوێر،
پەنجەکوتەیانە بەشوێن چرایەکدا،
هەر پەنجەیەک جێماوی پەنجەیەکی ترە،
کورسی لەسەر کورسی دانیشتووە.
ڕابردوو
ئاسنێکی ژەنگاوی
چەقیو لەژێر زماندا،
نە تفدەکرێتەوە و
نە قووتدەدرێتەوە،
تامەکەی بووەتە
خوێن و خوێنەکەی
بووەتە تامی.
جێماین هاوڕێ،
هەر زۆریش جێماین،
لەناو ئەو دڵۆپە خوێنانەی
تەمەنێک پێش ئەوەی
بکەونە سەر زەوی،
وشکبوونەوە لە هەوادا.
گەیشتنەوە بەخۆمان
بوو بە وەهمی ئەو پێیانەی
هێشتا باوەڕیان بە جوگرافیا ماوە،
لە هیچ نەخشەیەکدا
ئەم ژوورە نەماوە.
ئەگەر پرسییان ئێوە کێن؟
بڵێ: ئێمە ئەو خاڵە ڕەشانەین
ڕستەکانیان لەتوپەتکردین،
بێئەوەی هیچ مانایەک
کۆتایی هاتبێت.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|