|
٢٧\٩\٢٠٢٦
دوو هۆنراوە
.

فەرهاد ئەحمەد
پایز و
کۆترەکانم.
لای من جوانن وەرزەکان
هەر یەک ڕەنگێک دەهێێنن
بە بەرگی ڕەنگاوڕەنگیان
چەند جوان؟ خۆیان دەنوێنن..
من پایزم لا جوانە
هەرچەند وەرزی خەزانە
فەرشی گەڵا ڕادەخات
لە ژێر ئەو درەختانە.
پایز دنیا سارد دەبێت
چاوم لە کۆترەکانە
چیلکە و گەڵا دەهێنن
بۆ گەرمیی ناو هێلانە
منیش دانیان بۆ دەبەم
دەفڕن دێنە سەر شانم
گەنمیان بۆ ڕۆدەکەم
تا تێربن کۆترەکانم..
٢٣\١٠\٢٠٢٤
بیرتدەکەم.
بۆ باوکم.
بوو بە ساڵێک، تۆ بێدەنگی و
منیش گوێی خۆم هەڵخستووە.
زۆر تامەزرۆی وشەیەکم
لەزارتەوە، نەمبیستووە.
بوو بە ساڵێک هەرنەهاتی
چاوەڕوانیت بەئازارە
بیرتدەکەم، بەڵام چیبکەم؟
کۆچت، مەرگە و دوا دیدارە..
بوو بە ساڵێک، حەزمدەکرد
چاوم کەوێت بە ڕوخسارت
گوێم کەیلکەی بە دەنگی خۆت
شاگەشکەبم ، بەدیدارت.
تۆ کەی وا بووی؟ کەی دڵڕەقبوی؟
وا بڕۆیت و نەیەیتەوە.؟؟!
دڵم دەڵێ بۆیە واتکرد.
تا خۆتم لەبیربەیتەوە..
نا.. ئازیزم، سیما و شێوەت
بۆ هەمیشە لە چاومایە
دەنگ و سۆزی میهرەبانیت
لەگەڵ شنەی ڕۆحمدایە.
بە ڕۆشتنت ،لەیادناچیت
من بیر لە تۆ دەکەمەوە
بە یادەکانت ،سەبووریی
ئەم دڵەی خۆم دەدەمەوە..
٢٩\٨\٢٠٢٥
rahanddrwd@gmail.com
|