په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٢\٢٠١٤

    دونیا گۆڕاوە.


هەژار قانع

دونیا گۆڕاوە..
ئێستا سیگار زۆر دەکێشم
رۆژانە دەچمە بەردەم ئاوێنە
لە سیماى زەردم دەڕوانم
دایکم دەڵێت
ماوەیەکە رەنگت هیچ پێوە نەماوە
نانم پێناخورێ
لاوازیی مرۆڤەکانى مۆدێرنە دڵى گرتوم
دونیا گۆڕاوە..
بەڵام من هێشتا وەک جاران
وەک جارانى پێش ئەلیکترۆنات
وەک رۆژانى بەر لە رۆبۆتبوون
هێشتا هەر خۆمم
دونیا گۆڕاوە..
هەنگاوەکانم زۆر خێران
شوێن (پێ)کانم لە پێشمەوە دەڕۆن
قاچەکانم تا چاوبڕکا دواکەوتوون
نازانم خۆم لە کوێى رێگەکان دام
غەریبانە هەنگاو دەنێم
دەمەوێ بارى گرانى دڵم سووک بی
پڕ بە گەرووم هاوار دەکەم تەنهام
دەچمە دارستان
دەپاڕێمەوە لە بولبولێک
شتێک دەربارەى دەردى دڵى من بخوێنێ
بە بێچوە مەیموونەکان دەڵێم
دڵتەنگ مەبن کە مرۆڤ نین
مرۆبوون بەختێک نییە مایەى ئیرەیى بێ
دونیا گۆڕاوە..
هیچ شتێک ئاسوودەم ناکا
دەچمە سەفەر
لە ناو رۆژنامە و کتێبەکاندا
بە دوای دڵنیایی دونیادا دەگەڕێم
بە ئازارەوە لە بەردەم منداڵێکدا چۆک دادەدەم
وەک ئەوەى لە تیشکى خۆر بڕوانم
ئاوى چاوم، روومەتەکانم تەڕ دەکا
دونیا گۆڕاوە..
جاران ئێمە هەژار بووین
لە گوندێکى بچووکدا دەژیاین
باوکم سەرقاڵى دروستکردنى قەفەز بوو
ئێواران بە عەلاگە دڵنیایى دەهێنایەوە
دایکم خەریکى کارى ناوماڵ بوو
منیش رۆژانە
لەگەڵ باڵندەى ناو قەفەزەکاندا وازیم دەکرد
ئێستا لە شاردا نیشتەجێین
وەک جاران هەژار نین
وەلێ دەوڵەمەندیش نین
باوکم هێشتا قەفەز دروستدەکا
ئێواران بە ماشێنەکەى تووڕەیى دێنێتەوە
دایکم هەموو کات دڵى ئازارى هەیە
منیش ئێستا لە ژوورێک دام
خەریکم ئەم وشانە دەنووسم..

 


hazharqani@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک