١٨\١٠\٢٠١٢
دوورکەوتنەوە.

ئەحمەد کامیار
ئەم شیعرە کورتەم بۆ مەرگى
کچە تاقانەکەم (کوردستان) نووسیوە.
پێشکەشى دەکەم بە ژیانى چوار هاوڕێم.
ژیان
بەرەو رۆژهەڵاتى مردن سەفەرى کرد
دونیا سارد بوو
بەفر دەبارى
شتیکی تریش دەبارى
تەرى دەکردم و نەمدەزانى چییە؟
ئەفسانەیەک
بانگى کردم
وەڵامم نەدایەوە.
موشتاقى گەڕانەوەى شەوەکانمم لەگەڵ کچەکەم
کە قەت نەیدەگووت (بابە)
وایدەزانى من دوژمنیم.
موشتاقى بینینەوەى نیشتیمانم
کە قەت لە باوەشى نەگرتم
حەزیش دەکەم ژنەکەم بدۆزمەوە
پێى بڵیم:
ئەو گۆرانییەى ئێمە گوتمان چەند کورت بوو
ئەو باڵندەیەى گڕى گرت چەند بچووک بوو
ئەو شەوانەى لە رۆژ دەچوون چەند تاریک بوون.
ژنەکەم دەدۆزمەوە
گۆرانییەکى درێژ درێژى بۆ دەڵێم
بچووک بچووک بۆى دەسووتێم
تاریک تاریک بۆى دادەگیرسێم
ئینجا بۆ هەتاهەتا لێى دووردەکەومەوە.
____________________________________
تێبینى:
من بە کەمیی بە کوردى دەنووسم ئەم دەقەشم بە
زۆرلەخۆکردنەوە نووسیوە، ناوى نانێم هیچ.
فەرەنسا
/ لیۆن
masti.shaw@yahoo.com
|