په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\١٠\٢٠١٦

    دوور لە لالش.

                            

 نەجاح ئیبراهیم                          و: لوقمان مەنسوور

 

گەر ھەموو جیھان ئازارەکانت بەشکەن
ھەر یەکەم شەو کۆڵ ئەدەن
گۆرانییەک بووی
بە دەوری چیا ئەخولایتەوە
پەپوولەیەک بووی لە رەنگ
رێگای گەڕانەوەت
بۆ لالش
ون کردبوو
لە نێو کۆمەڵێک روخساری بۆگەن
وازی لە رەنگی خۆی ھێنابوو
کێ پێشبڕکێی شاڵاوی مەرگت لەگەڵ ئەکا؟!
لە نێو کێڵگەی باروود و ئاسن و گوللە
چاوەکانت لێڵ ببوو
دارستانێک لە بۆنی شەڕانگێزیی
دەوروبەرتیان تەنیبوو
چۆن چۆلەکەیەکی زارەترەک و تۆقیو
ئەتوانێ چڵێک بدۆزێتەوە و
بیکاتە بێستان و؟!
جریوەی جوانی چیای شەنگال پڕکا
نزیک بێ لە گۆشەی عودەی
چاوە زەقەکان نزیک ئەبنەوە
دوای سەرەگێژکە چی ھەیە؟!
دارەکان لەبەر دەستت وشک ئەبنەوە
جۆگەلەی خوێن وشک ئەبێ
(مەلەک تاووس) حەوت ھەزار ساڵ ئەگری
تا تۆبەی قبووڵ بێ
جیھان دە ھەزار ساڵ بۆت دەگری
پەشیمانیی داد نادا
جگە لە سووڕانەوە شتێکی تر نییە
بە ھیوای ھەناسە بووی
لە گەرووی شووشەوە
لە سییەکان تێپەڕێ
دەستێکی خوێناویی
چڵە نێرگزێکت بداتێ

نیگاری نەمرییت لە گەنم
لە گوڵ و
ھەنار
بۆ بکێشێ
چەقۆ بیناقاقایەک ئەگرێ
بە ئایەتەکانی (مەسحەفی رەش)
پاکژ کراوەتەوە
پێش ئەوەی داسی ژەنگن
ھەردوو ساوای مەمک ببڕێ
کێ جۆلانەی منداڵییت پێ ئەبەخشێ؟!
تا لە نێو باڵی با دا بفڕی و
لەسەر پەڵەی ھەور بنیشیتەوە
ئای لە برینی ئەو ھەموو ساڵە!
بە خوڕ خوێنی لێ ئەچۆڕێ
ترس ھەموو شوێنێکی تەنیوە
ھەناسە تەنگ ئەبێ
لقە داری ڕەوان ئەشکێ
کەنیزەک بە تەنیایی ئەنەوێ
فریادڕەسیش ئەو بەردەیە
کە بۆ قووڵایی ئاو ھاوێژراوە
ھەزار پرسیار بە مێشکا دێ
نووکی پەنجە ئەسووتێنێ و
حەزی دەربازبوونیش
لە خۆڵەمێش دایە.

_________________________

سەرچاوە: تۆڕی میدیایی لالش:

www.lalishduhok.com/adeb/post/116103
 

ئەفرین

 



 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک