١٤\٨\٢٠١٢
دووڕوویی لە
وتەکەی ئەحمەد داود ئۆغڵو لە کەرکوکدا.

رەزا ساڵح
پێش ئەوەی ھەندێ لە قسەکانی وتەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد داود
ئۆغڵو بە کورتی شی بکەمەوە، کە لە سەردانەکەی ھەفتەی رابردوویدا بۆ
شاری کەرکوکی کوردستانی کردی، لە میانەی ئەو دیدارەیدا، کە لەگەڵ
جەماوەرێکی زۆری تورکماندا لە بارەگای (بەرەی تورکمانی) لە کەرکوک
بۆیان سازکرابوو، پێشکەشی کرد.. کە نە کوردێک و نە عەرەب و نە
ئاشوورییەک بۆ ئەو دیدارە بانگ نە کرابوون.
ئەم سەردانەی ئەحمەد داود ئۆغڵو بۆ کەرکوک لەم قۆناغە و لەم دۆخە
نالەبارە سیاییەی ئەمڕۆی عێراقدا، لە لایەکی تریشەوە یەکلا نەکەوتنی
کێشەی سوریا .. و گۆرانکارییەکانی ناوچەکە.. سەردانێکی کوتوپڕ و بێ
مەبەست نەبوو ، تورکیا دەیەوێت ئەم بارودۆخە بقۆزێتەوە.. ئەمڕۆ تورکیا
رۆڵی پولیسی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەگێڕێ..
سەردانەکەی ئەحمەد ئۆغڵو بە بڕیاری ئۆردوگان بوو.. ئەحمەد ئۆغڵو لە
بەردەم تورکمانە ئامادەبووەکانی دیدارەکەیدا وتی : " چاوم بە سەرەک
وەزیرانی تورکیا کەوت و بڕیارمان دا کە سەردانێکی رانەگەیەندراوی
کەرکوک بکەم.. خوا حەز بکات دووبارە جارێکی تر دەگەڕێمەوە ".
بە پێی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و داب و نەریتە باوەکان.. ئەم
سەردانەی ئەحمەد ئۆغڵو بۆ کەرکوک، نایاسایی و پێشێلکارییە.. بێ رێزی و
سوکایەتی کردنە بە سەروەری و شکۆی وڵاتێکی تر.. تورکیا خۆشی ئەم راستتە
باش دەزانێت.. وەکو وتمان تەنگەژە و ململانییە سیاسییەکانی نێو لایەنە
سیاسییەکانی عیراقی قۆزتۆتەوە.. تورکمانەکانی عیراقیشی دڵنیا کرد کە
تورکیا پاڵپشتیانە، کومەڵێک بەڵینی ئاشکرانەکراوشی ، پێدان، ھەر لەم
ھەفتەیەشدا وەفدێکی باڵای بەرەی تورکمانی سەردانی تورکیایان کرد..
سەردانەکەشیان پەیوەندی بە کەکوکەوەیە.. دەبی تورکیا چ راو
نەخەشەیەکیان بۆ دابنێ کە لە سەری بڕۆن.
ئۆردووگان داکۆکی لە سەردانە نایاساییەکی ئەحمەد ئۆغلو کرد و، پاساوی
بۆ ھێنایەوە و وتی : " ئەحمەد داود ئۆغڵو پاسپۆرتی سووری دیپلۆماسی
ھەیە و مافی خۆیەتی سەردانی ھەر شوێنێک بکات.. ئەی بۆ رەوایە کە
کاربەدەستانی ئێران بەبێ راگەیاندن سەردانی شوێنەکانی عێراق بکەن ".
ئێمەش لە ئۆردوگان و ئەحمەد داود ئۆغڵو دەپرسین، ئەی ئەگەر ھات وەزیری
دەرەوەی عێراق ھۆشیار زێباری کە پاسپۆرتی سووری دیپلۆماسی ھەیە ، بە بێ
ئاگاداری و رەزامەندی ئێوە سەردانی شاری ( ئامەد) یان ( وان) یا ھەر
شارێکی تری باکووری کوردستان بکات.. باس لە لەو زوڵم و تاوانانەکاتان
بکات، کە دەرھەق بە گەلی کوردمان کردووتانە و دەیکەن.. ئایا ئێوە بێ
دەنگ دەبن و گڕ ناتان گرن..؟
بەڵام ئەوە قسەی ناوێت کە لە لای ئێوە " بانێکە و دوو ھەوایە " ھەردەم
ماف و راستییەکان بە دوو پێوەری جیاواز دەپێون.. لەم دوو رووییەشدا لە
وێنەتان نییە.
سەردانەکەی ئەحمەد داود ئۆغڵو بۆ کەرکوک .. سەردانێکی نەخشە داڕێژراوە
و مەبەستێکی سیاسی لە پشتەوەیە.. پێش کەرکوک سەردانەکەی ئەحمەد ئۆغڵو
بۆ شاری ھەولێر سەردانێکی رووکەشی بوو بۆ ئەوەی مەرامە قێزەوەنەکەی
سەردانەکەی کەرکوکی پێ پەردە پۆش بکات.. ئەوەش راست نییە کە لەسەر
بانگھێشتی حکومەتی کوردستان بنگ کرابی .. بەڵام ، دەبوایە بە لە ھەولێر
بە گەرمی پێشوازی لە سەردانەکەی نەکردایە .. چوکە ھەریم کوردستان سەر
بە تورکیا نییە.. تا ھەر کاربەدەستێکی تورکیا بیەوێ بەبێ پرس و
رەزامەندی و گوێ نەدان سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات.. ھەر لە
تورکیاشەوە ئامانجی ھاتنبوو بۆ کەرکوک.. بە بۆچوونی من ئەمە
سنووربەزاندنە و ھاتنەی زەنگێکی ئاگادارییە بۆ کورد ، تورکیا دان بنێ و
نەنێ بەم راستییەدا ، کەرکوک بەشێکە لە کوردستان و دەبێ بگەڕێتەوە سەر
کوردستان.. کوردیش نابێت لە ھەڕەشەکانی تورکیا بترسێ..تورکیا دەیەوێت
رۆڵ و پێگەی کورد بێ ھێز بکات لە کەرکوکدا.. بۆیە دەبێت بە ووردی
مەبەستی ئاشکرا و شاراوەیان بخوێنینەوە.. تورکیا دەیەوێت ئەو نزیک
بوونەوەی نێوان پێکھاتەکانی شاری کەرکوک دابڕێت و، کۆسپ بۆ جێبەجێ
کردنی ماددەی( ١٤٠) درست بکا .. جیاوازی نەتەوایەتی دوست بکات..
ناکۆکییەکانی نێوان کوردستان و بەغداش قووڵتر دەکا .. ئەگەرچی ئۆغڵو
کەرکوکی بە شاری پێکەوە ژیان و برایەتی ناوبرد.. بەڵام سەرکردەکانی
تورکیا ھەمیشە راز و قسەکانیان بە پێچەوانەی رەفتار و
کردەوەکانیانەوەیە.. قسەکانیان گوزارشت لە ناخی دڵیان ناکات.
من وەکو کوردێک و، وەکو کەرکوکییەک، ھەڵویست و دەنگی ناڕەزایی و
نیگەرانی خۆم دەخەمە پاڵ ھەڵویست و ناڕەزایی ئەو خوشک و برایانەی کە
سەرکۆنەی ئەم سەردانەی ئەحمەد داود ئۆغلو بۆ کەرکوکی کوردستان دەکەن.
ناشبوایە پارێزگاری کەرکوک دکتۆر نەجمەدین کەریم بە رووخۆشی و
گەرمییەوە پێشوازی لە ئەحمەد ئۆغلو بکردایە و .. ئەو دیدارە
رۆژنامەییەشی لەگەڵدا ساز نەکردایە و، سەردانەکەشی بە سەردانێکی گرنگ
ناوی نەبردایە.
دکتۆر نەجمەدین رۆڵەیەکی شاری کەرکوکە و ، ئاگاداری ئەو ھەموو ستەم و
تاوانانەیە کە لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی ئیمپریالیزم و داگیرکەری
کوردستان تا دەگاتە ئەتا تورکی رەگەزپەرست و سەرکردەکانی ئەمڕۆی تورکیا..
دوژمنی سەرسەختی کوردن و ، ئەوەی ناشی بە کوردیان کرد و دەیکەن.. بە
ھەزاران کوردی بێ تاوانیان کوشت.. تا ئەمرۆش بە ھەزاران کوردمان لە
گرتووخانەکانی تورکیادا ئەشکەنجە دەدرێن و.. دێھات و شاروچکەی کوردستان
نەماوە دوو جار و سێ جار توکیا کاولیان نەکا.. بە کوشندەترین چەکی
قەدەغەکراوی نێودەڵەتی ھەوڵی کوردقڕان و سڕینەوەی ناسنامەی کورد دەدەن..
لە تاوان و دڕندەیی و خوێنڕشتنی بێ تاواناندا تورکیا خاوەنی باڵاترین
نومرەی پێوەری جیھانییە ، ھەق وایە ناوی تورکیا لەم بوارەدا لە ( کتێبی
گیتس) دا تۆمار بکرێ.. تا ناقڕگەیان بە خوێنی کورد سوورە.. ئایا
سەرکردەیەکی وەکو داود ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیای خوێرێژ.. شایانی
ئەوەیە بەو گەرمییە پێشوازی لێ بکری و ھاتنەکەی بۆ کەرکوک بە سەردانێکی
گرنگ ناو ببرێ ؟.. یا دەبوایە خۆپشاندانی نارەزایی لە دژی ھاتنی بۆ
کەرکوک بکرایە.. کورد راستی وتووە کە : " نە بە پێکەنینی دوژمن و نە
بەخۆشی زستان بڕوا مەکەن ".
تا ئەمڕۆش ھەر تورکیایە دژایەتی ھێنانەدی خواستەکانی گەلی کوردمان دەکا..
چەند جارێک سەرکردەکانیانی کۆن و ئێستاشیان ئەو شەکرەیان شکاندووە و
دەڵێن: " دەوڵەتێکی کوردی لە ئەفریقاش دەوڵەتێک دروست بکات.. تورکیا
دژایەتی دەکات و لە ناوی دەبات " .. ئەم ڕقە رەگەزپەرستییەیان چی
دەگەیەنێ؟
ئەگەر ئەمە نیاز و مەبەستیان بێت.. دەبێ چاوەنواڕی چی لە ئۆغڵوەکان
بکەین؟؟
ئەحمەد ئۆغڵو بۆ ئەوە نەھاتبوو برینی کەرکوک ساڕێژ بکات .. بەڵکو خوێی
کردە برینەکەوە.
تا ئەمرۆش خەیاڵی زیندووکردنەوەی دەوڵەتی عوسمانی داگیرکەر بەری نەداون..
بۆیە ئۆغڵو لە وتەکەی لە بارەگای بەرەی تورکمانیدا وتی : " لە دوای
(٧٥) ساڵ کە زۆر چاوەڕێمان بوون وەکو یەکەمین وەزیری دەرەوەی تورکیا
ھاتم بۆ کەرکوک.. بەڵام بەڵینتان دەدەمێ کە لە داھاتوودا زۆر چاوەڕێ
ناکەن..".
بەڵی ئەم بەڵینەی ئەحمەد ئۆغڵو بە تورکمانەکانی شاری کەرکوک، ئاشکرایە
کە مەبەستیان چییە.. بەشێک لە تورکمانە توندڕەوەکان ، بەم بەڵینانە با
دەچیتە کەوڵیانەوە و ڕەفتایان دەگۆڕێ.. تا ئەمڕۆش بەرەی تورکمانی لە
کەرکوکدا لەسەر رێنماییەکانی تورکیا ھەڵسوکەوت دەکەن.
بۆیە یەکسەر تورکمانێکی توندڕەو ھەستا و تی : " کەرکوک تورکمانییە و..
بە تورکمانیش دەمێنێتەوە " .
بەڵێ ئەحمەد ئۆغڵۆ بەنزین بە ئاگردا کرد.. مژدەی ھاتنەوەی دەوڵەتی
عوسمانی بە تورکمانەکان دەدا...دەیانەێ بەم قسانەش کورد بورووژێنن و ،
ململانێی نەتەویی بخەنە نێوان پێکھاتەکانی کەرکوک.
ئۆغڵو وتی : " کەرکوک گرنگە بۆ ئێمە " .. ھەر وەکو باس لە گرنگی شارێکی
تورکیا بکات .. جا قوربان بۆ گرنگ نییە بۆتان.. نزیکەی ھەشتا ساڵە سوود
لە نەوتی کەرکوک وەردەگرن.. کوردی خاوەن نەوتەکەش .. بەشی ھەر ماڵ
وێرانی و کوێرەوری بووە.. بە پارەی نەوتی کەرکوکیش بوو، کوشندەترین
چەکیان پێ کڕی و کوردیان پێ کوشت وکوردستانیان پێ کاول کرد.. ئەمڕۆشی
لە گەڵدا بێ، ئەوەندەی تورکیا لە نەوتی کەرکوک سوود وەردەگرێ.. کورد لە
سەدا یەکی ئەو رێژەیەش سوود لەم نەوتەی خاکی خۆی وەرناگرێ.
ئەحمەد داود ئۆغڵو کە سەردانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوکیشی کرد.. کە
زۆربەی ئەندامەکانیان کوردن ( لیستی برایەتی ) یە.. لەو دیدارەیدا لە
بەردەم تورکمانەکاندا وتی:
" پێیانم وت کەرکوک یەکێکە لە شارە کۆنەکانمان.." ھەروەکو ناوی شارێکی
تورکیا بھێنێت ، زۆر بێ شەرمانە ئەم قسەیەی کرد.. ئەندامانی کوردمان لە
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا.. لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکاندا حەوت
حەوت قسە دەکەن و سەلکە گایەک بە دەمیانەوە دەچێت و.. دێویش یخ دەدەن..
کەچی لە کەرکوکی کوردستاندا.. کەسیان بەرپەچی قسەکەی ئەحمەد ئۆغڵویان
نەدایەوە و پێی بڵین شەکر دەشکینی و ، کەرکوک شارێکی ئێوە نییە، شارێکی
ئێمەی کوردە، یەکێکە لەشارە مێژووییە دێرینەکانی کوردستان.. چوار ھەزا
ساڵ بەر لە ھاتنی ئێوەی عوسمانییەکانی داگیرکەر، شاری کەرکوک لەلایەن
کوردەوە دروست کراوە و.. ھەر کوردیشی لێ ژیاوە.
جا بەپێی قسەیەی ئەحمەد ئۆغڵو بێت.. خۆ بەریتانیا و فەرەنسا و ئیسپانیا
و ئیتالیاش بۆ ماوەیەکی درێژ.. چەندین وڵات و شاری دنیایان داگیرکرد..
بەڵام سەرکردەکانی ھیچ لەم وڵاتانە ئێستا ناڵین ئەو وڵاتە یا ئەو شارە،
وڵات و شاری ئێمەیە.. بۆیە قسەکەی ئۆغڵو مایەی پێ کەنینە.
ئەحمەد ئۆغڵو کە ناوی نەتەوەکانی کەرکوکی ھێنا، وەکو کەسێکی دەمارگیر،
لە ریزبەندییەکەیدا : تورکمان، ئاشوری، کورد، عەرەب.. ئەو باشیش
دەزانێت کە لە کەرکوکدا کورد زۆرینەیە.. نەک تورکمان، ھەموو ئامارە
سەرژمێرییەکان ، بە ھینەکانی دەوڵەتی عوسمانیشەوە ، ھەر کورد
دانیشتوانی زۆربەی کەرکوک بوونە.. عوسمانییەکان بەر لە بەعسییەکان
ھەوڵی بە (تورکردن) کەرکوکیان داوە.. بەشێکی زۆری تورکمانەکانی ئەمڕۆی
شاری کەرکوک وەچەی ئەو سەربازە تورکە عوسمانیانەن کە لە کەرکوکدا
نیشتەجێ کران..
تورکمانە توندڕەوەکانیش زۆر زیادە رۆیی لە ژمارە و لە قەوارەی خۆیاندا
دەکەن.. ( بۆق ئاساییەکە ھەر خۆیان بف دەدەن و دەڵین.. وابزانین
قەوارەی ئێمە لە قەوارەی کورد زیاترە.. ) ھەر بۆ نموونەش رێژەی تورکمان
لە شاری ھەولێردا لە سەدا سێشی دانیشتوانی ھەولێر کەمترن.. کەچی دەڵێن
( ھەولێر شارێکی تورکمانییە).
تورکمانێکی تر بۆ وروژاندنی سۆزی تورکیا و.. داکاڵان لەسەریان ھاواری
کرد: " ئەوان دەیانەوێت لە کەرکوکدا تورکمان لە ناوبەرن.. یارمەتیمان
بدەن " .
نازانم مەبەستیان لە (ئەوان) کێیە ؟ ئەگەرچی ئەوان تا ئێستا ئەم چۆرە
درۆ و توومەتانە بۆ کورد ھەڵدەبەستن.. بە پێچەوانەی ئەم قسەیەشیانەوە
تا ئێستا ھیچ لایەنێکی تر بە قەی کورد رێزی لە تورکان نەگرتووە و
داکۆکییان لە مافەکانی تورکمان نەکردووە.. کورد دژایەتی ھیچ نەتەوەیەکی
نەکردووە و ناشی کات.. ھەردەم دەستی برایەتی و ئاشتی و پێکەوەژیانی بۆ
نەتەوەکانی تر درێژ کردووە. تا ئەمرۆش ھێندەی کورد ناز و دڵی تورکمانی
راگرتووە .. ھیچ لایەنێکت تر ئەمایان لەگەڵ تورکمانەکاندا نەکردووە..
لە سەردەمی بەعسی خوێنڕێژەکاندا، بەشێکی زۆری تورکمانەکان ببوونە بەعسی
و بە جەیشی شەعبی و، بەشێکیشیان لە ترسا یا بۆ بەرژەوەندی نەتەوەی خۆی
لە تورکمانەوە کرد بە عەرەب .. تا رەزامەندی عەرەبەکان بە دەست بھێنن..
بەڵام لە ساڵی (١٩٩٣) دا.. کە وەفدێکی تورکمان، لەگەڵ تاونباری
گۆڕبەگۆڕ عەلی کیمیاوی لە کەرکوکدا کۆدەبنەوە.. بە عەلی کیمیاوی دەڵین
: " ئیمەی تورکمان دڵسوزتانین.. ئێوە بەو چاوەوە کە لە کورد دەڕوانن..
بەو چاوەوە لە ئێمە مەڕوانن.." کیمیاویش وەڵامیان دەداتەوە و پێیان
دەڵێ : " ئێوە پڕ بە چنگێکن و دوو حیزبتانیش ھەیە.. دەرگای تورکیا
کراوەتەوە ئەگەر دەتانەوێ بگەڕێنەوە بۆ ئەوێ " .
ئەحمەد ئۆغڵو وتیشی : " لە ھەر شوێنێکی جیھاندا تورکمان ھەبێت.. ئێمە
بەرپرسین ئاستیاندا و دەیان پارێزین.. ئەم کارەشمان بەردەوم دەبێت " .
ئەم قسەیەی لە جێی خویدایە.. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە دەست لە
کاروباری ھەرێمێکی تر یا وڵاتێکی تر وەربدن.. ئەی بۆ ئەم مافە بە گەلی
کوردمان ڕەوا نابینن..؟ ئەگەر سەرکردە و بەرپرسێکی کورد لە تورکیاشدا
نەبێت بڵێت، ئێمە پشتگیرێ لە خەبات و مافەکانی گەلی کوردمان دەکەین لە
ھەر پارچەیەکی لە ھەر شوێنێکی کوردستان و جیھاندا بێ.. ئەحمەد ئۆغڵو و
کەسانی تری رژێمەکەی ئەم کورد بە مرۆڤی پلە دووش نازانن و ، ئەگەر
کوردێک قسەیەکی وا بکات.. بە سەرپێچی کردن بە ھێڵ بەزاندنی
دەزانن..دوور نەڕۆین ئەگەر لە ھەرشوێنێکی باکووری کوردستاندا..
خۆپشاندانێکی پشتگیری لە خەبات و مافەکانی گەلی کوردمان لە رۆژئاوای
کوردستاندا بکرێ. بە ئاگر و ئاسن و لێدان و گرتن پێشیان لێ دەگرن و
قەدەغەیان دەکەن.. ئەمەیە دووڕوویی و درۆکانی ئۆغڵووەکان.
جەنابی ئەحمەد ئۆغڵو. ئێوە لە ھەر شوێنیکی جیھاندا لە سەر تورکمان
بکەنەوە.. ئێمەی کوردیش ، بتانەوێ و نەتانەوێ ھەموومان برای یەکترین..
لە ھەر شوێنێکی جیھاندا خوێن لە لووتی کوردێکەوە بێت.. سوێ دەچیتە
دڵمانەوە؟
ئەحمەد ئۆغڵو لە کۆتایی وتەکەیدا وتی : " تورکیا بەرانبەر بە بەشەرییەت
ھەست بە ئەرکی خۆی دەکات.. لە ھەر شوێنێکی جیھاندا،ھەر گەلێک ئازاری ھەبێت..
ئەرکی تورکیایە کە دەستی یارمەتی بۆ درێژ بکا.." .
ئای کە راست ناکەن و شەرم لە خۆتان ناکەن کە ئەم قسانە دەکەن.. چونکە
رەفتار و کردەوە دڕندانە و قێزەوەنەکانتان ، بە بەرانبەر بە گەلی
کوردمان لە باکووری کوردستاندا.. بە پێچەوانەی ئەم قسانەتانەوەن.. کورد
وتەنی : " درۆماست نییە بە سمێڵەوە دیاربێ ".
کام دەوڵت و رژێم ھەیە لە جیھاندا، وەکو تورکیا دژی ئازادی و دیموکراسی
و یەکسانی بێت..؟ کام وڵات بە قەی ئێوە پێشێلی مافەکانی مرۆڤیان کردووە..؟
تا ئەمرۆش دەستان لە گرتن و کوشتنی گەلی کوردی ئازادیخوازمان و، لە
وێرانکردنی کوردستانمان ھەڵنەگرتووە.. کوشندەترین چەکی تازە لە دژی
کورد بە کار دەھێنن و.. دەست لە منداڵ وئافرەت و پیر ناپارێزن..
قوتابخانەکان و مزگەوتەکانیش تەپخ دەکەن.. گوایە ئێوە ھەڵگری پەیامی (
حوریەت ، عەدالەت ، ئاوەدانکردنەوەن).. بەڵام ئەمانە تەنھا دروشمی
بریقەدارن.. چونکە لەراستیدا ئێوە دوژمنی سەرسەختی (ئازادی، دیموکراتی،
یەکسانی، رەوا ، ئاشتی) ن.
ئەمەیە یەکسانی و دادپەروەری، دەستی یارمەتیتان بۆ گەلانی ئازادیخوازی..
دەبوایە شەرمتان بکردایە و ئەم قسانەت نەکردایە.. چونکە ێێوە : "پووشێک
لە چاوی خەڵکیدا دەبینن..کەچی راژەیەک لە چاوی خۆتاندا نابیینن".
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|