٩\٩\٢٠١٠
دوو ساڵە، لە
سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان، لقى
هەولێر، تەوقیف کراوم.

فەرەیدون بێوار
ئەمرۆ (30/8/2008) دوو ساڵى رێک بەسەر پڕکردنەوەى فۆرمى ئەندامێتیمدا
تێپەردەبێت. دووساڵ لەمەوبەر، دوواى ههشت
ساڵ کارکردن، دوواى ئەوەى لقى هەولێرى سەندیکا دامەزرا، وەکو
چاولێکەرییەک منیش وەکو ئەو خەڵکە چووم فۆرمى ئەندامێتیم پڕ کردەوە.
دواى پێنج شەش مانگێک لەساڵى (2009)دا چووم بۆ سۆراغى ئەندامێتیم،
پێیان وتم پشتگیرییەکەت بگۆڕە، پاش ماوەیەکى تر وتیان وێنەکانت بزر
بووە.
لەسەرەتاى ساڵى (2010)ەدا بۆ جاری سێیەم وتیان پشتگیرییەکەت و فۆرمى
پڕکردنەوەى ئەندامێتیت بگۆڕە، هەڵبەت لەهەمان دەزگا پشتگیریم
دەهێنایەوە. دیسانەوە لەمانگى پێنجى ئەمساڵ بانگیان کردەمەوەو وتیان
فۆرمەکەت کێشەى هەیە، کاتێک فایلەکەم لەگەڵ دووسێ فایلى تردا
لەگۆشەیەکى فەرامۆشکراودا دۆزییەوە، وتیان داواى لێبوردن دەکەین
فایلەکەت تەواوەو لەم رۆژانە دەینێرین بۆ ئەنجوومەنى سەندیکا، تووشی
شۆک هاتم، وتم یانى دوواى ساڵێک و نۆ مانگ هێشتا نەچووەتە ئەنجوومەنى
سەندیکا؟
ئەوا چوار مانگیش بەسەر مانگى پێنجدا تێپەڕی، کەچی هێشتا فایلەکەى من
نەچووەتە ئەنجوومەنى سەندیکا.
کاتێک پێوەندیم بەکاک "حاکم ئازاد"ەوە کردو پێم وت دووساڵە فایلەکەى من
لاى ئێوەیە، ناوبراو نکۆڵى لێکرد و وتى "لقى هەولێر ساڵێک دەبێت
دامەزراوە، ئیدى چۆن فایلەکەى تۆ دووساڵ دەبێت".
لەماوەى ئەم دوو ساڵەدا، دەیان کەسى نارۆژنامەنووس هەر بەفشەو
لەچاوتروکانێک بوونەتە ئەندامى سەندیکا، منیش کەدەساڵە کارى نووسەرى و
رۆژنامەنووسی دەکەم و زێتر لە (800) بابەتى (وتار، دیمانە، راپۆرت،
بەدوواداچوون، هەواڵ، وەرگێڕان) بڵاوکراوەم هەیە، ئاوا سەفاو مەروام
پێدەکەن.
وەنەبێ کارى من لەسەر ئەو ناسنامەیە وەستابێ، بەس بەداخەوە بۆ سەندیکاو
لقێک، کەباس لەشەفافییەت و نەهێشتنى رۆتینان و نەمانى ئینتماى حزبایەتى
دەکات، و خۆی بەداکۆکیکارى رۆژنامەنووسان دەزانێت، کەچی
رۆژنامەنووسەکانى بەم دەردە دەبات.
من پێم وانییە ئەمکارە هەر لەخۆڕا بووبێت و رێکەوت بێت، کێ بڕوا دەکات
فایلێک، لەناو هەزار فایلدا، دوواى دووساڵ هێشتا نەچووبێتە ئەنجوومەن؟
دەمەوێ لقی هەولێرى سەندیکاى رۆژنامەنووسان وەڵامیان هەبێت وپاساوێکى
قەناعەتپێکەر بۆ کارەکەیان بێننەوە، کەمن وخەڵکى قەناعەتیان پێ بکەین
کەکارى ئەنقەست نییە.
هەولێر
F_bewar@yahoo.com
|