٢\٦\٢٠١٧
دوو تێبینی بۆ کاک
نوری کەریم.

محەمەد بەرزی*
لە ساڵی ٢٠١٥ دا کاک نوری کەریم پەرتووکێکی بە ناوی: (سەرنجێک لە
دوا بەرهەمەکەی دکتۆر جەمال نەبەز. کاژیک
١٩٥٩ پێشخان و پاشخانەکانی)** چاپکردووە. دوای
خوێندنەوەی ئەو پەرتووکە دوو سەرنجم لە لا دروستبوو ، کە ئەمانەی
خوارەوەن:
یەکەم: لە لاپەڕە (٧٨)دا نووسیویەتی: (لە دوای ساڵەکانی ١٩٦٨ بە دواوە
ژمارەیەک هاوبیر لە ڕیزەکانی کاژیکدا کشانەوە)، لەو ناوانەشدا ناوی من
هاتووە. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە تا ئێستا و ڕۆژێک لە ڕۆژان نە بە دەمی
و نە بە نوسراو وازهێنانم پێشکەش بە کاژیک نەکردووە و جێگای شانازیشە،
کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەو رێکخراوەدا کارمکردووە. بێگومان لە دوای هەرەسی
شۆڕشی ئەیلولەوە کاژیک جموجۆڵی نەما و بە تەواوی خۆی سڕکرد. بەڵگەی
بەردەوامیم لە ساڵەکانی حەفتاکاندا لە پەرتووکی: (هێندێک بیرەوەری
ڕۆژانی کاژیک)ی کاک ئازاد مستەفادا، کە ساڵی ١٩٨٥ چاپکراوە بە ئاشکرا
دیارە. لەو ساڵانەدا لەگەڵ کاک ئازاد مستەفادا لەیەک شانەدا بووین و
رێکخەرەکەمان کاک عەبدوڵلا ئاگرین بوو. بڕوانە لاپەڕەکانی ٢١ و ٢٢ی ئەو
پەرتووکە.
دووەم: لە لاپەڕەی ٩٤ی هەمان پەرتووکدا باسی رەفیق چالاک دەکات و دەڵێ:
سەرکردایەتی پارتی کۆمنیستی عیراق دەستیان لێشتبوو ، بە ناپاک و خۆفرۆش
ئەژماریان کرد و بڕیاری لە نێوبردنی مۆرکرا. ئەوەبوو ساڵی ١٩٦٢ دا
تەقەیان لێکرد و هاوکات پارتیش تەقەی لە عەلی حاجی مەلا شەریفی سەعاتچی
کرد، هەردووکیان بریندار بوون و پێکەوە لە نەخۆشخانەی سلێمانی کەوتبوون.
چالاک بە عەلی دەڵێت: (عەلی من گوللەی شیوعیم بەرکەوتووە، چاکدەبمەوە،
بەڵام تۆ گوللەی شۆرشی کوردت بەرکەوتووە دەتکوژێت) هەر بەو جۆرەش بوو
ئەو پیاوە دوای دوو ڕۆژ کۆچی دوایی کرد و
چالاکیش چووە ڕیزی شۆڕشەوە. بێگومان ئەم چیرۆکە هەڵەیە. ڕاستییەکەی
ئەمەیە : ڕەفیق چالاک لە نە خۆشخانەی گەورەی سلێمانی (خوار پارکی دایکی
ئێستا) دەکەوێت. عەلی حاجی مەلا شەریف دەچێت بۆ سەردانی. کاتێک
سەردانەکەی تەواو دەبێت و دێتە دەرەوە دەستڕێژی لیێ دەکەن و هەر لەوێدا
دەمودەست گیانی دەردەچێت و خۆشم چوومەتە سەر تەرمەکەی. لەو ڕۆژانەدا
دەنگۆیەک بڵاوبوو، کە گوایە ڕەفیق چالاک تەلەفونی بۆ عەلی کردووە تا
سەردانی بکات. بە مەش گومان لە ڕەفیق چالاک دەکرا، کە بە پیلان ئەو
تەلەفونەی بۆ کردبێت تا لە ناو ئەو خەستەخانەیەدا بیکوژن.
لە دوا جاردا ڕێزی زۆرم بۆ کاک نوری و ئاواتی سەرکەوتنی بۆ دەخوازم.
_________________
* حەمە
قادر (بەرزی)
**
بەستەری پەرتووکەکە:
www.emrro.com/serinceklediwab.htm
mkbarzy@hotmail.com
|