٢٠\٥\٢٠٢٠
ئەدەبی تازەی
منداڵان لە فەرەنسا سەریهەڵدا.

رەزا ساڵح
لە سەدەکانی (سیانزەمین و چواردەمین) دا، لە هەموو جیهاندا، ناوەڕۆکی
ئەو بابەتە ئەدەبییانەی، کە پێشکەش بە منداڵان دەکران، بریتیبوون لە:
فێرکردن، لە ئامۆژگاری وشک، لە خوو و رەوشتی باش، لە رەفتاری پەسەند،
لە چاکەکردن، لە تەمێ کردن، لە پێبەندبوون بە داب و نەریت و بەها
کۆمەڵایەتییەکان، لە رێنمایی ئاینی، لە گوێدێری، لە شاسواری و ئازایەتی
و لە پاڵەوانێتی.
ئەدەبی منداڵان لە سەردەمی تازەدا، وەکو ئەدەبێکی سەربەخۆی تایبەت بە
منداڵان، لە (سەدەی حەڤدەمین) دا، بۆ یەکەمین جار، بەر لە هەموو
وڵاتانی جیهان، بە شێوەیەکی فەرمی، لە وڵاتی فەرەنسادا سەریهەڵدا و
گەشەی کرد و بەرەو پێشەوە هەنگاوی نا.
ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دەستپێشکەری چەند نووسەرێکی ناسراوی فەرەنسی، کە
خۆیان لە بواری نووسین بۆ منداڵان تاقیکردەوە. لەو سەردەمەدا، نووسین
بۆ منداڵان شوورەیی و شەرمەزاری بوو، بۆیە نووسەرە ناسراو و بە
تواناکان، روویان لە بواری نووسین بۆ منداڵان ناکرد، لە ترسی ئەوەی کە
ناوبانگیان نەزڕێ و پایەی ئەدەبییان نەیاتە خوارەوە و رەخنەیان لێنەگرن
و خەڵکیش توانج و پلاری ناشیرینیانلێنەگرن.
یەکەمین نووسەری ریچکەشکێنی فەرەنسی، شاعیر و چیرۆکنووسی بە توانا و
بەناوبانگ (چارلـز پیـرۆ: ١٦٢٨ـ ١٧٠٣)بوو.. کە لە ساڵی (١٦٩٧) دا،
یەکەمین کۆمەڵە چیرۆکی بۆ منداڵان نووسی، لە پەرتووکێکدا، لەژێر ناوی (چیرۆکەکانی
دایکە قازم) دا، چاپیکرد و بڵاوی کردەوە.. بەڵام (چارلز پیرۆ) هـێشتا
ترسی لە ناوزڕاندن و لە هاتنە خوارەوەی پایەی ئەدەبی و لە رەخنە و لە
لۆمەی خەڵکیمابوو.. بۆیە ناوی خۆی لەسەر پەرتووکەکەی نەنووسی، وەکو
نووسەر ناوی کوڕە بچکۆلەکەی (پیرۆ دار مانکور) ی لەسەر پەرتووکەکەی
نووسی.. بەڵام لە دوای مردنی، دەقی پاکنووسە ئۆرجیناڵییەکەی پەرتووکی (چیرۆکەکانی
دایکە قازم) یان دۆزییەوە، کە بەدەستخەتی خودی چارلز پیرۆ نووسراوە و
ناو و نازناوی خۆشی لەسەر نووسیوە.

کڵاوسوور يا (کۆڵوانەسوور و
گورگ) چیرۆکێکی (چارلز پیرۆ)یە.
لە چیرۆکە خۆش و بڵاوەکانی ئەم کۆمەڵە
چیرۆکە (جوانە نووستووەکە، ساندرێلا یا (پێڵاوە شووشەییەکەی ساندرێلا)،
ریش شینەکە، کڵاوسوور (ئەم چیرۆکە لە کوردی دا بووە بە کۆڵوانە سوور)،
پشیلەی چەکمە لەپێ، پەنجە باڵا، ... چەندین چیرۆکی تر.
زۆربەی پاڵەوانەکانی ئەم کۆمەڵە چیرۆکە، خەیاڵی و ئەفسانەیین، پێشتریش
بەشێکی زۆری ئەمچیرۆک و هەقایەتانە، لەسەر زاری خەڵکیدا بوون.. بەڵام
چارلز پیرۆ بە خۆرسکی، بە زمانێکی شیرین و پاراو، بە شێوازێکی هونەری و
ئەدەبی ناسک و سووک و ئاسان بۆ منداڵان دایڕشتوون.. منداڵان و
گەورەکانیشچێژ و خۆشییەکی زۆریان لە خوێندنەوەی ئەم چیرۆکانەی چارلز
وەردەگرتن.. تا ئەو کاتە لە دەرەوەی پەرتووکەکانی خوێندنەوەی
قوتابخانەدا، هیچ پەرتووکێکی تر نەبوون، کە منداڵان بیانخوێننەوە..
بۆیە پەرتووکی (چیرۆکەکانی دایکە قازم) بە یەکەمین پەرتووکی چاپکراوی
ئەدەبی بۆ منداڵان دادەنرێت..لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، ئەم پەرتووکەیان،
وەرگێڕا بۆ سەر زۆربەی زمانەکانی گەلانی ئەوروپا و بە هەزاران دانەیان
لێ چاپکرد و بڵاویان کردەوە.. ناوبانگێکی زۆری دەرکرد.
لەم چیرۆکانەی چارلز پیرۆدا، خەیاڵ زاڵە و پانتاییەکی فراوانی گرتۆتەوە،
چیرۆکەکانی ململانێن، لە نێوان چاکە و خراپەدا، لە نێوان شەڕ و ئاشتی
دا..چارلـز پیرۆ بە گشتیبۆ منداڵانی نووسیون، واتە رەچاوی قۆناغەکانی
منداڵی و جیاوازیەکانی تاکی منداڵانی نەکردوون، ئامانجی چارلـز ئەوە
بووە، کە خۆشی و شادی بخاتە دڵی منداڵانەوە.
ناوبانگ دەرکردنی پەرتووکی (چیرۆکەکانی دایکە قازم) بوو بە هاندەر بۆ
چارلز پیرۆ، بۆ ئەوەی کە کۆمەڵەی دووەمی چیرۆکەکانی بنووسێت، کە لەژێر
ناوی (چیرۆک و هەقایەتەکانی رابردوو) دا، هەر لە ساڵی (١٦٩٧) دا،
چاپیکرد و بڵاوی کردەوە. بەڵام لەسەر ئەم پەرتووکەیدا، وەکو نووسەر،
ناو و نازناوی تەوای خۆی دانا.. لە چیرۆکە خۆشەکانی ئەم پەرتووکەی:
ئەڵماس و بۆق، کەوڵی گوێدرێژ یا (شازادە هەڵهاتووەکە)، جنۆکە، گورگ،
ریکی کاکۆڵدار، ویدۆی دەم بە پێکەنین،.. چەندین چیرۆکی تر.
بێجگە لە چیرۆک، شارلز پیرۆ، کۆمەڵێک هۆنراوەی شیرینیشی بۆ منداڵان
نووسی.
لە دوای مردنی چارلـز، تا ماوەیەکی درێژ، هیچ نووسەرێکی تری فەرەنسی،
چیرۆکی خەیاڵئامێزیان بۆ منداڵان نەنووسین.. بێجگە لەو هەوڵانەی کە
هەندێ لە ژنان دایان.
چیرۆکنووس، خاتوو (لیبرتس) کۆمەڵێک چیرۆکی بۆ منداڵان نووسی،
گرنگترینیان (گەنجینەی منداڵان)ە. کۆمەڵێک ژنانی نووسەریش پێکەوە و بە
هاوکاری، کۆمەڵێکی زۆری چیرۆک و نەزیلە و هەقایەتی فۆلکلۆری و
ئەفسانەیی و میللییان کۆکردنەوە، لەژێر ناوی (کۆمەڵەی جنۆکەکان) دا، لە
(٤١) بەرگدا بڵاویان کردەوە.
بڵاوبوونەوەی ئەو دوو پەرتووکەی چارلز پیرۆ مژدە و راگەیاندنی
لەدایکبوونی ئەدەبی منداڵان بوو، چونکە تا ئەو کاتە لە جیهاندا ئەدەبێک
نەبوو بە ناوی ئەدەبی منداڵانەوە. ئەم دوو پەرتووکەی چارلز پیرۆ،
کارتێکردنێکی زۆریان لەسەر نووسین بۆ منداڵان لە ئەوروپادا هەبوو..
گەلێ لە نووسەرانی وڵاتانی ئەوروپا، چاویان لە چارلز پیرۆ کرد و
ئەوانیش کەوتنە گەڕان و کۆکردنەوەی چیرۆک و هەقایەتە میللی و
ئەفسانەییەکانی گەلەکانیان. لەوانەش (برایانی گریـم) لە ئەڵمانیا، (پێتەر
ئاسبیورسن و یۆرگن مۆ) لە نەرویج.. چەندین نووسەری تریش.
شایانی باسیشە داهێنانی (ئامێری چاپکردن) گرنگترین و سەرەکیترین رۆڵی
هەبووە لە چاپکردن و لە بلاوبوونەوەی پەرتووک دا..بە هۆی ئامێری
چاپکردنەوە، نووسەران نووسینەکانیان چاپکرد و بڵاویان کردەوە. دەتوانین
بڵێین، بە داهێنانی ئامێری چاپکردن شۆڕشێکی رۆشنبیری و ئەدەبی لە
ئەورۆپا و لە جیهاندا سەری هەڵدا.
نووسین بۆ منداڵان لە فەرەنسادا، تا سەدەی (هەژدەمین) هـێشتا بە تەواوی
رەگ و ریشەی دانەکوتابوو.. تا فەیلەسوف و مامۆستای بەناوبانگی
پەروەردەیفەرەنسی (جان جاک رۆسۆ: ١٧١٢ـ ١٧٧٨)، رۆسۆی خاوەنی تیۆری (پەروەردەی
سروشتی) لە رێی بیر و بۆچوون و زانیارییەکانی دەربارەی فێرکردن و
پەروەردەکردنی منداڵان، کە لە ساڵی (١٧٦٢) دا، لە پەرتووکە بە
ناوبانگەکەیدا (ئیمیل)بڵاوی کردوونەتەوە، رۆسۆ دەڵێت:"پێویستە منداڵان
لە باوەشی سروشتدا پەروەردە بکرێن، هەموو جۆرە سەربەستییەکیان بۆ دابین
بکرێن.." جان جاک رۆسۆ، شۆڕشێکی گەورەی لە بواری پەروەردەکردنی منداڵان
دا پەرپاکرد.. سەرەڕای ئەوەی کە رەخنەیەکی زۆریان لە تێۆر ولە بیر و
بۆچوونەکانیجان جاک رۆسۆ گرت..بەڵام تیۆر و بۆچوونەکانی بوون بە
بیرۆکەیەکی باش و بە رێبازێکی سەرکەوتوو، بۆ پەروەردەکاران و
مامۆستایان و بۆ نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵان.
گەورەترین و بە ناوبانگترین نووسەری فەرەنسی و جیهانی، لە بواری نووسین
بۆ منداڵان دا، کەڵە شاعیری گەورە (جان دی لافۆنتین: ١٦٢١ـ ١٦٩٥)ە. کە
لە جیهاندا بە (میری چیرۆکەشیعر و مەتەڵ و ئەفسانە بۆ منداڵان) ناسراوە..
لافۆنتین سەرجەم (٢٤٣) چیرۆکەشیعری بۆ منداڵان نووسیوە.. لە (١٢)
پەرتووکدا چاپی کردوون و بڵاوکراونەتەوە.. لافۆنتین نایشارێتەوە کە
سوودی لە (ئەفسانەکانی ئێسوپ) ی یۆنانی و لە چیرۆکەکانی (کلیلە و
دیمنە)ی نووسەری هیندی(بەیـدەبا) وەرگرتوون.
میری شاعیرانی ئەدەبی عەرەبیش (ئەحمەد شەوقی) کە (بە رەچەڵەک کوردە و
باوکی خەڵکی سلێمانییە) لە باشووری کوردستان. زۆر سەرسام و
هۆگریچیرۆکەشیعرەکانی لافۆنتین بۆ منداڵان ببوو، کارتێکردنیان لەسەر
چیرۆکەشیعرەکانی دا هەیە.. شەوقی کۆمەڵێک لە چیرۆکە شیعرەکانی لە
چیرۆکەکە شیعرەکانی (لافۆنتین) ەوەوەرگرتوون. بە زمانی عەرەبی هەر بە
چیرۆکەشیعرەوە، بۆ منداڵانی عەرەبی داڕشتوون. نووسەری روسیش (ئیـڤان
کرایلۆڤ) و نووسەری پۆڵەندیش (ئیگناسی کراسیسکی) سەرسامی
چیرۆکەشیعرەکانی لاڤۆنتین بوون وسوودیان لە چیرۆکە ئەفسانەییەکانی
وەرگرتوون.
لە شاعیرانی کوردیشمان، پیرەمێردی نەمر و فایق بێکەس و هەژار موکریانی،
چەند چیرۆکەشیعرێکی (لافۆنتین) یان وەرگرتوون، دەشێش لە ئەحمەد شەوقی
یەوە وەریان گرتووبن.. بەڵام ئەو سێ شاعیرەمان ئەو چیرۆکەشیعرانەیان،
بۆ منداڵانی کوردمان بە زمان و بە شێوازێکیهێندە شیرینی کوردی،
بەچێژێکی کوردی ئەوتۆ دایان رشتوون، کە زۆر لە دەقەکانی لافۆنتین و
لەوانەی ئەحمەد شەوقیشزۆر خۆشتر و بە چێژترن. لەوانەش (رێوی و کەڵەشێر،
قەلەباچکە و باخەوان: پیرەمێرد)، (دوو پشیلە و سەلکە پەنيرێک، جووتێ
مراوی کیسەڵێک: فایـق بێکەس)، (کۆبوونەوەی مشکان: هـەژار).
زۆر لە خوێنەران چیرۆکەشیعرەکەی پیرەمێرد (رێوی و کەڵەشێر) یان
لەبیرچۆتەوە، یا نایزانن، بۆیە بە پێویستم زانی کە لێرەدا بینووسمەوە،
تا بۆ منداڵەکانیان بیخوێننەوە:
رۆژێ مـــام رێـوی دەهـــات
دەم بـە وێــرد و ســـەڵەوات
دوایـی دەیـــوت بـە ئـــــاواز
لـەعـنەتی خـوا لـە فـێـڵـبــاز
دنـیــا هـێـنـدەی پـێ نــــاوێ
هــــەژارێ بـخـەیـتـــە داوێ
عـومـرێـــکـە دێــت و دەڕوا
وا چــاکە روو بکـەیـنە خـوا
ئــاخ رۆژێ بـەیــــانــی زوو
گوێم لە دەنگی بانگ دەبـوو
خـــۆزگە بـۆ کـەڵـەشــــێـرێ
بـەیـــانـیان بانـگ بـدێـــــرێ
نـاردی بـۆ لای کـەڵـەشـــێـر
دانـی بـۆ دەڕژێــــنـم تـــــێـر
ئـەو بـێ بـانـگــــم بـۆ بـــــدا
مـن دەبـمــە پـیــــاوی خــودا
کـەڵـەشــێـر بـە راســـپـێـری
وتـی بــەم فـێـــــڵـە فــــێـری
بــەڵام بـــاب و بـاپـیـرمــــان
ئـەوی خـسـتـۆتە بـیـرمــــان
رێـــوی بـە فـێــڵ نـاوەسـتـێ
مـەگــەر تـەڵـە پـێی بەســتێ
بۆ یەکەمین جاریش لە فەرەنسا و لە هەموو جیهاندا، لە لایەن نووسەرێکی
گەورەی تری فەرەنسییەوە، کە بە نازناوی (هاوڕێی منداڵان) خۆی ناساندووە،
لەساڵی (١٧٤٦ ـ ١٧٩١) یەکەمین رۆژنامەی لەژێر ناوی (هـاوڕێی منداڵان)
دا بۆ منداڵان دەرکرد. واتە هەر بە نازناوەکەی خۆیەوە دەری کرد..
سەرنووسەری ئەم رۆژنامەیە (هاوڕێی منداڵان)، بە زمانێکی شیرین و ناسک و
ئاسان، بابەتەکانی نووسینەکانی دەنووسین. ئەم رۆژنامەیە سوود و خۆشی و
چێژێکی زۆری بە منداڵان دەبەخشین.. لە هەمان کاتیشدا، تەوژمێکی باشیشی
بە گەشەکردن و بە پێشکەوتنی (ئەدەبی منداڵان) لە فەرەنسادا بەخشی.
نووسەر و رۆژهەڵاتناسی فەرەنسی بەناوبانگیش(ئەنتـوان گالان)، لە نێوان
ساڵانی (١٧٠٤ـ ١٧١٦) دا، چیرۆکەکانی (هەزار و یەک شەو) بە عەرەبی(الف
لیلە ولیلە) ئەنتوان لە زمانی عەربییەوە وەرگێڕان بۆ سەر زمانی فەرەنسی
و لە (١٢) بەرگـدا چاپیکرد و بڵاوی کردنەوە.. وەرگێڕانی (هەزار و یەک
شەو) بووە هۆی ناوبانگ دەرکردنی ئەنتوان گالان و دەستخۆشیش لە فەرەنسا
کرا.. هەر لەمدەقە وەرگێڕانە فەرەنسییەوە، (هەزار و یەک شەو) یان، بۆ
سەر چەندین زمانی تری گەلان وەرگێڕان.
ئەنتوان گالان بێجگە لە (هەزار و یەک شەو) کۆمەڵێکیشلە هەقایەت و
ئەفسانەکانی هیندی، لە نووسینی نووسەری بە ناوبانگ (بەیدەبا) وەرگێڕایە
سەر زمانی فەرەنسی.
(ئەنتوان دو سانت ئێکسۆپیری:١٩٠٠ـ ١٩٤٤) نووسەر و فـڕۆکەوانێکی جەنگی
بوو لە هێزی ئاسمانی فەرەنسادا، چەند چیرۆکێکی خۆشی و بە ناوبانگی بۆ
منداڵان نووسی لەوانەش چیرۆکی (شازادە بچکۆلەکە) کە بە شاکارێک وبە
یەکێک لە چیرۆکە هەرە بەناوبانگەکانی جیهانی بۆ منداڵان دادەنرێت.. ئەم
چیرۆکە وەریان گێڕاوە بۆ سەر (٢٧٠) زمانیجیاوازی گەلان و (٧٥) ملێون
دانە لەم پەرتووکە لە جیهاندا، لێی فرۆشراوە.. بێجگە لەم چیرۆکە،
ئەنتوان ئیکسۆپیری، چەند چیرۆکێکی تریشی بۆ منداڵان نووسی،لەوانەش (زەویی
پیاوان) و(فـڕۆکەوانی جەنگ).
ئەنتوان ئیکسۆپیری، لە کارێکی فڕۆکەوانیدا، بە فڕۆکەکەیەوە کەوتە ناو
دەریا، لە دوای چل و چوار ساڵ، لە (١٩٨٨) دا، لە رۆخی مارسیلیا،
تەرمەکەی دۆزرایەوە.
(جـۆن ڤـێرنا: ١٨٢٨ـ ١٩٠٩) نووسەرێکی ناسراوی تری فەرەنسییە، کۆمەڵێک
چیرۆکی خەیاڵی زانستی بۆ منداڵان نووسیون، لەوانەش:(لە زەوییەوە بۆ
ئاسمان)، (گەڕان بە دوای جیهانلە هەشت رۆژدا)، (بیست هەزار فەرسەخ
لەژێر زەوییەوە).
١٧\٥\٢٠٢٠
- نەرویج
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|