١٢\٣\٢٠٢٢
ئەفسووس لەوێش!

دارا خونچە
(پێشکێشە بە و ژن پیاوە
ئازاد و یەکسانییخوازانەی
کە بە هۆی نەبوونی یەکسانیی
رەگەزیی دەچەوسێنەوە).
خۆ هێشتا دێوجامە
ئاڵوواڵایەکان
ماچ ئەشکەنجە دەدەن و
رامووسانیش لە برینان دەگرن!
دەی هێشتاکەش
لە سەنگەری هاوسەرگیریی گیرۆدەین و
بە هاوشانی
ئەفسانەکانی ئاسمانان
بانگخوازەکانی سەر زەوی
ئەفسوونەکانی رمووزنی نێرەوزیی
مەژیی و بەژنی ''مێ و مێینەیی''
لە پووڵ و پەڕۆ و پوولەکان
لە زێڕ و زیو و تەنەکان
هەڵدەکێشین!
ئەفسووس لەوێش
لە دوڕ بەرەی بەرابەرییش
بە ئەندازەی یەک موو کێمتر..
هەر وەتۆیە!
نا نا.. وەنییە؛
ئەمن و ئەتوو و ئەو ئەوها نین
هەر ئەوانن؛
نێرەوزە میرزازادە
پەتییەکانی دیوانانن
لە ''قوز'' پتر هیچ نابینن!
لێ ئەو ''ئەمن و ئەتوو و ئەو''ەش
هێشتا فرچکمان نەگرتیە
یاخود هێشتا
هەر لە پشتی بابمانین و
هێشتا لە دالک نەبووینە!
__________________________________________
ئەفسوون:
پەرجوو، فرتوفێڵ، فرتوفێر.
رمووزن:
دێوەزمە، مێردەزمە، دەعبایەکی ئەفسانەیی ترسناک.
نێرەوزیی:
نێرینەیی پتر بە لایەنە
زایندەییەکەی.
مەژیی:
مێشک، ئاوەز.
دوڕ:
هندوڕ، نێو، ناو.
کێمتر:
کەمتر.
وەتۆ:
ئاوا، ئەوها.
دالک:
داک، دایک.
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|