ئه‌گه‌ر به‌رهه‌ڵستکار هه‌بوایه!
حه‌کیم کاکه‌وه‌یس
سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له به‌رده‌م په‌رله‌مانتاره تێره‌کاندا باسی ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ی کرد که حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له دوای ڕووخانی به‌عسه‌وه به ده‌ستی هێناون. ئه‌وه‌نده زانکۆ کراونه‌ته‌وه و ئه‌وه‌نده کیلۆمه‌تر ڕێگاوبان قیڕ کراوه و ئه‌وه‌نده نه‌خۆشخانه کراونه‌ته‌وه و به‌ندکراوی سیاسی له کوردستاندا نییه. له به‌ر ئه‌وه‌ی له په‌رله‌ماندا به‌رهه‌ڵستکاری وا نییه سه‌نگه‌ری جیا کردبێته‌وه، که‌س نه‌بوو باسێکی گه‌نده‌ڵی و خراپه‌کارییه‌کان بکا. ئه‌وه‌ی هه‌تا ئێستا ڕۆڵی به‌رهه‌ڵستکاری دیتوه، ته‌نها ڕۆژنامه و ڕۆژنامه‌وانه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بوونه، ئه‌گه‌رچی لێشیان ده‌کوژرێ. حیزبه‌کانی تری ناو په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ قافڵه‌دا قافڵه‌چین و له‌گه‌ڵ ڕێگردا ڕێگرن، بۆیه نه ده‌سه‌ڵاتدارن نه به‌رهه‌ڵستکار. بوونی به‌رهه‌ڵستکاری کارا پێویسته تا ڕۆژنامه‌وانه سه‌ربه‌خۆکان له هه‌موو ناڕه‌واییه‌کی ده‌سه‌ڵاتدار و به‌رهه‌ڵستکار به ده‌نگ بێن و سسته‌می دیموکراتی بکه‌وێته سه‌ر سکه و ڕێڕه‌وی خۆی. ئه‌گه‌ر به‌رهه‌ڵستکار له په‌رله‌ماندا هه‌بوایه، به دڵنیاییه‌وه ئه‌م قسانه‌ی ده‌کرد:
جه‌نابی سه‌رۆک: ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ی باسی ده‌که‌ن، ڕاستن به‌ڵام زۆر له‌و دکتۆرا و ماسته‌رانه‌ی که له دوای ڕووخانی به‌عسه‌وه به ده‌ست هیندراوون، خاترانه‌ن و هه‌یه به به‌ڵگه‌نامه‌ی ناوه‌ندییه‌وه ماسته‌ری به ده‌ست هێناوه و ئه‌و هه‌موو جاده‌یه‌ی که قیڕ کراون، له ڕاستیدا قیڕیان پێدا دراوه. ڕاسته نه‌خۆشخانه کراونه‌ته‌وه به‌ڵام هه‌رگیز هێنده‌ی ئێستا جه‌ڵته‌ی ده‌ماغ و دڵ و خۆسوتاندن و خۆکوشتن له کوردستاندا نه‌بووه. ڕاسته زانکۆ کراونه‌ته‌وه به‌ڵام پلانێک بۆ ئه‌وانه دانه‌ندراوه که دوای خوێندن چی بکه‌ن و چۆن دامه‌زرێن و چۆن بژێن. ڕه‌نگه به‌ندکراوی سیاسی نه‌بێ، به‌ڵام لاوێکی کورد که به سه‌فه‌ر هاتۆته‌وه کوردستان ده‌سگیر کرا و سه‌فیری سوید فریای نه‌که‌وتبا وه‌ک زۆر کوردی تر بزر ده‌کرا... چۆن خۆشحاڵ بین ده‌زگای حکوومه‌تی کوردستان هه‌ڕه‌شه بێ له سه‌ر لاوی کورد و سه‌فیری سوید نه‌جاتده‌ری بێ! ڕاسته زۆر کاری باش کراوه به‌ڵام داهاتی حکوومه‌تی کوردستان که که‌س نازانێ چه‌نده و له سه‌دا چه‌ندی سه‌رف کراوه و چه‌ندی خوراوه، له‌وانه‌ی زیاتر پێ ده‌کرا. ڕاسته خزمه‌تی زۆر کراوه به‌ڵام که‌رکووک له ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه و حیزبه‌کان له که‌رکووک، له بری ئه‌وه‌ی خه‌می گێڕانه‌وه‌ی که‌رکوکیان بێ، وه‌ره‌قه‌یان بۆ عاره‌ب ده‌کرد بگه‌ڕێنه‌وه بۆ که‌رکووک و له هه‌ر گوند و گه‌ڕه‌کێکدا دوو موختار داده‌نێن و له قوتابخانه‌کاندا پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر دابه‌ش ده‌کرێن. جه‌نابی سه‌رۆک، خه‌ڵکی کوردستان، نه له کاتی ئه‌نفال و ڕاوناندا خۆیان ده‌سووتاند نه له کاتی برسێتی و قاتوقڕیدا، که‌چی ئێستا به سه‌دان که‌س، به هۆی ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه حکوومیه‌کان و ڕێکخراوه لاده‌ره‌کانه‌وه خۆیان ده‌سووتێنن و ته‌نانه‌ت هه‌یه له به‌ر که‌مده‌رامه‌تی خۆی ده‌کوژێ و له‌وانه‌ش گه‌ڕێ که له ڕێی ئه‌وروپا بوونه خۆراکی نه‌هه‌نگ. جه‌نابی سه‌رۆک! گونده‌کانمان ڕۆژانه بۆردومان ده‌کرێن و ناڕه‌زایی ده‌رنابڕین تا په‌رله‌مانی عیراق به خێری خۆی به ده‌نگ هات. پێتان وا نییه به‌غداییه‌کان پتر خه‌می کوردیان بێ؟! ئه‌دی ئه‌مه مه‌ترسی ئه‌وه‌ی به دواوه نییه خه‌ڵکی کوردستان هانا بۆ به‌غدا به‌رێ؟! ئه‌دی هه‌ر ئه‌وه نه‌بووه هۆی ئه‌وه‌ی موسڵ و خورماتوو، له هه‌ڵبژاردندا ئه‌وه هه‌ڵوێستیان بێ؟! جه‌نابی سه‌رۆک! ئاواره که‌رکووکیه‌کانی ناو که‌رکووک، چینکۆ و ته‌نه‌که و بلۆک ده‌که‌نه په‌نای هاوین و زستانیان که‌چی په‌نای فه‌له‌ستینیه‌کان ده‌ده‌ن!
ئه‌گه‌ر به‌رهه‌ڵستاکار، که به زمانی ئه‌مڕۆ پێی ده‌ڵێن ئۆپۆزۆسیۆن له په‌رله‌ماندا هه‌بوایه، ئه‌و قسانه‌ی ده‌کرد و ڕۆژنامه‌وانانیش به‌رپه‌رچی هه‌ندێکیان ده‌دایه‌وه و بۆ حکوومه‌تی کوردستان ده‌بوونه پشتگر نه‌ک به‌رهه‌ڵستکار. کاری حکوومه‌تی کوردستان به ته‌رازوویه‌ک ده‌پێورێ که یه‌ک تای هه‌یه و ته‌نها چاکه‌ی تێ ده‌خرێ و خراپه‌کانیش بۆ بن به‌ڕه. له ڕاستیدا به‌رهه‌ڵستکار بۆ ده‌سه‌ڵات وه‌ک ئاوینه‌یه‌که به‌رانبه‌ری بوه‌ستێ و ناڕێکیه‌کانی سیمای خۆی تێدا بدۆزێته‌وه و ڕێکیان بخا. ئه‌گه‌ر که‌سێ هه‌بێ بیه‌وێ حکوومه‌ت له کورد تێکبدا، هه‌ر ئه‌وانه‌ن که ئێستا مته‌قیان له خۆ بڕیوه و له "به‌ڵێ قوربان" به‌ولاوه هیچی تر نازانن چونکه هه‌ر ئه‌وان بوون بۆ ئه‌نفالکردنی کوردیش هه‌ر "به‌ڵێ قوربان"یان ده‌زانی. چه‌ند ساڵێک به‌ر له ئێستا له نووسینێکدا گوتبووم: پێویسته سه‌رانی کورد ئینقلاب به سه‌ر خۆیاندا بکه‌ن! ئێستا کاتی ئینقلابکردنیش به سه‌ر چووه، به‌ڵام کاتی ئه‌وه ماوه بڵێین: خۆزگه هه‌موو مانگێک هه‌ڵبژاردنێک ده‌کرا تا بته نوێنه‌ره‌کانی خه‌ڵک له په‌رله‌ماندا بێنه زمان و قسه بکه‌ن تا خه‌ڵکی کوردستانیان لێ ڕازی بن.
بوونی به‌ره‌یه‌کی به‌رهه‌ڵستکاری کارا له ناو په‌رله‌ماندا یه‌کێکه له مه‌رجه‌کانی دیموکراتی و نه‌بوونیشی ئه‌و سسته‌مه زنده‌به‌چاڵ ده‌کا که ئه‌و ناوه‌ی له خۆی ناوه. ڕه‌خنه‌گر خۆی له باسی شتی چاکی ده‌سه‌ڵات لاده‌دا، وه‌ک ده‌سه‌ڵات خۆی له باسی خراپه‌کاریه‌کانی خۆی لاده‌دا. بزانه یه‌کێ له قه‌ڵه‌مه مه‌عاشخۆره‌کانی حیزب و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به لای ئه‌وه‌دا ده‌چێ که یاسا له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه پێشێل ده‌کرێ! باسی بوونی به‌رزه‌پرد و باخچه‌ی گشتی و دوامۆدێلی ئۆتۆمبیل و بازاڕی مۆدێرن ده‌که‌ن، به‌ڵام باسی ئه‌وه ناکه‌ن ڕێ له که‌ر و عاره‌بانه‌ی هه‌ژاران گیراوه و باسی ئه‌وه‌ش ناکه‌ن ئاخۆ کام کۆمپانیا ئه‌و کارانه‌ی ئه‌نجام داوه و بۆ چ ڕێزدارێکی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجام داوه و کێ به‌ڵێنده‌ری ده‌ستی یه‌که‌می ئه‌و کارانه‌یه. به لای منه‌وه، مه‌ترسی گه‌وره له سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی کورد هه‌یه و لای به‌رپرسان باسی نییه و به‌رهه‌ڵستکار هه‌بوایه، قوڕی ده‌پێوا. ئه‌و خۆراکه ژه‌هراوییانه و ئه‌و ده‌رمانه به‌سه‌رچووانه و خه‌ساربوونی به‌رهه‌می نیشتمانی مه‌ترسین له سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و به هۆی نه‌بوونی به‌ره‌یه‌کی به‌رهه‌ڵستکاره‌وه، چ باسیان نییه. وا دانێ سنووره‌کانمان لێ داخران. کوا پێویستییه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی ژیان؟ خۆ له ماوه‌ی یه‌ک مانگدا ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی پێشتر! به‌رزه‌پرد ناخورێ... دوامۆدێلی ئۆتۆمبیل له‌به‌ر ناکرێ و به شرینقه له خه‌ڵکی نادرێ. ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی مه‌ترسی له سه‌ره.
ئه‌م قسانه، قسه‌ی به‌رهه‌ڵستکارن به‌ڵام له نه‌بوونی به‌رهه‌ڵستکار، قه‌ڵه‌مێکی په‌راوێز تۆماریان ده‌کا.
kakaways@hotmail.com
|