١٩\٥\٢٠١٦
ئەگەر بوومە سەرۆک.

کامیل ژیر
رێکارە بەپەلەکانم:
١- سەرەتا ئەبم بەدیکتاتۆرێکی نیشتمانی. دوای ٥ ساڵ، پرسی سەرۆکایەتی
ئەسپێرم بە رای نەتەوە.
٢- بێ مۆڵەت و بێ گشتپرسی، سەربەخۆیی کوردستان رائەگەیەنم و ئەوی بێتە
رێم، بەرەنگاری ئەبمەوەو لەرێی لۆبیەکی ئاگرینەوە، ئارامی لەپایتەختی
دژکارانا ناھێڵم.
٢- دیموکراسی توڕئەدەم ھەتا ئەو کاتەی زانیاریی نەتەوە ئەگاتە ئاستی
دیموکراسی.
٣- سیستمی ئەو پارتایەتیە ناھێڵم کە بەشەبوجەکەیان لەموچەی فەرمانبەران
زیاتربوەو سەرچاوەی گەندەڵی و دوبەرەکی و شەرو پشێویی ناوخۆبون و
باڵیان بەدەستی نەیارانەوەبوە.
٤- ھەڵبژاردنی پەرلەمان ئەکەم بە شێوازی بازنەیی و بڕوانامەی
پەرلەمانکار لە کۆلێج کەمترنەبێ.
٥- ھێزێکی سەربازیی و پۆلیسیی و ئاسایشی باوەڕدار لەھەردو رەگەز بۆ
سەرتاسەری کوردستان، ھەر بەناوی پێشمەرگەوە، دائەمەزرێنم و بژێوییان
لەئاستێکی بەرزدا دابینئەکەم و لەتەمەنی ١٨ساڵیدا مەشقی سەربازی بە
ھەمو گەنجێک، نێرو مێ، ئەکەم بۆ ماوەی ٣ مانگ .
٦- بەژمێرەو بوجەی گشتیی ھەمو ساڵەکانی دوای راپەڕیندا ئەچمەوەو دوا
فلسی دزراو لە گەندەڵکاران ئەسەنمەوەو بە سزای یاساییان ئەگەیەنم.
٧- سامانی ژێر زەوی تەرخانئەکەم بۆ مەبەستی (بەرگری و ھێرش) و ئەوەی
ئەمێنێتەوە، وەک ماڵی سپی ھەڵیئەگرم بۆ رۆژی رەش و تەنیا بەباج و رەسم
و گومرگ و کرێ و داھاتی گشتی، دەزگاکانی میری و پرۆژۆکان بەتێروتەسەلی
ئەبەمبەڕێوە.
٨- زەوی خۆماڵی (تامیم) ئەکەم و بە گرێبەستی درێژخایەن ئەیدەم بە کرێ
بە کەرتی تایبەت و بە کۆمپانیای بیانی، بۆ مەبەستی پیشەسازی و کشتوکاڵی
و گەشتیاری و خزمەتگوزاریی گشتی و ھەلی گەشەدانیان بۆئەڕەخسێنم و
ھاوردەو ھەناردە ئازاد ئەکەم بۆ ھەموان و بۆکەرتی گشتی و کەرتی
تایبەتیش.
٩- فەرمانگەکان لەنوکەوە، لەسەر سیستمی رۆژئاوایی دائەمەزرێنمەوەو
رۆتین ناھێڵم و تەنیا
٢٥٪ فەرمانبەرانی بەتوانا، بە موچەیەکی
تێروتەسەلەوە، ئەھێلمەوەو ھەلی کار بۆ
٧٥٪ ەکەیتری لەکەرتی تایبەت
ئەڕەخسێنم و بوار بەکرێکاری بیانی نادەم. گەندەڵیش بەھەمو جۆرەکانیەوە،
تاوانێکی نیشتمانی ئەبێ.
١٠- تەنیا یەک زانکۆ، لەئاستێکی بەرزدا، ئەھێڵمەوە بۆ دەرچوانی زۆر باش.
خوێنکارانیتر بۆ پەیمانگەکان، یا رو بکەنە کەرتی تایبەت..
١١- بیمەی رادەی کەمی ژیان، بە پەککەوتوانی بێ داھات، ئەبەخشم.
١٢- دڵنیایی تەندروستی بۆ ھاولاتیان دابینئەکەم و پەرە بە نەخۆشخانە
گشتییەکان ئەدەم و نۆڕینگەو ئەزمونگەو دەرمانخانە تایبەتەکان ناھێڵم و
موچەی پزیشک و ئەزمونکارو دەرمانساز بەپێی بارستایی کارەکانیان لە
نەخۆشخانە گشتییەکاندا ئەبێ.
١٣- موچەی مامۆستایان لە ھەمو قۆناغەکانی خوێندندا بەپێی بڕی
وانەکانیان ئەبێ.
١٤- موچەی خانەنشینیی سەرۆک و وەزیرو پەرلەمانکارو ھەمو ئەوانەی بەدەر
لە یاسای خانەنشینیی شارستانی و سەربازین، ئەبڕم.
١٥- زمانێکی فەرمی دەستەبەرئەکەم و گرنگیش بە شێوەزارەکان ئەدەم.
١٦- مێژوی کورد لە دیدی نەتەوەییەوە ئەنوسمەوە.
١٧- ھەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە، پەروەردە ئەخەمە سەر رێچکەیەکی
نەتەوەیی.
١٨- ھەمو مزگەوت و پەرستگەو کەنیسەکان ئەکەم بە ناوەندی خوێندن و
زانیاری و ھەمو کەسێکیش ئازادئەبێ لەماڵی خۆیدا ئاینداری و خواپەرستیی
خۆی بکا، یا نەیکا.
١٩- پاشگرو پێشگری بەگ و ئاغاو شێخ و حاجی و مەلاو کوێخاو میرزاو
ھاوشێوەکانیان ناھێڵم.
٢٠- دەستورێک دائەڕێژم سەروەریی یاساو ماف و ئازادیی تاکە کەس و
پێکھاتە نەتەوەییەکانی تیا پارێزراوبێ و سنوری کوردستانی تیا
دیاریکرابێ و یاساکان لەدەستورەوە سەرچاوە بگرن.
بنەما گشتییەکانم:
ا- کوردایەتی، راگری بون و مانی ئێستەو ئایندەمانە.
ب- ھەمو نزیکبونەوەیەک لەداگیرکەران، دورکەوتنەوەیە لەسەربەخۆیی.
ج- سەربەخۆیی کوردستان ھەمو کاتێ کاتیەتی ئەگەرچی کاتەکان چونیەکنین.
د- جگە لە سەربەخۆیی و بەرگریکردن لێی، رەوا نیە بۆ ھیچ مافیکی
کەمتر،خوێنی نەتەوە بەھەدەر بدرێ.
ە- پێدانی ھەر پۆستێکی وەزاری و پەرلەمانی بە کورد، لەناو دەسەڵاتی
داگیرکەراندا، دەرزییەکی سڕکەرە لەجەستەی کوردستان.
و- نۆژەنکردنەوەی ماڵی داگیرکەران، وێرانکردنی ماڵی داگیرکراوانە.
ز- ئاشتی و برایەتی لەنێوان داگیرکەرو داگیرکراودا، کۆیلەیەتییە بۆ
دوەمیان. کوردستان لەجەنگێکی گەرم یا ساردا ئەبێ تا رزگارکردنی دوا
بستە خاکی.
تێبینی: کۆمەڵگەکان چونیەکنین، ھەر کۆمەڵگەو لەھەر سەردەم و
بارودۆخێکدا،جۆرە سیستمێکی بۆ ئەگونجێ و گەشەی پێئەدا. واتا ئەبێ کاڵا
لەقەد باڵابێ. ئەم بەرنامەیە کاڵای بەقەد باڵای ئەمڕۆمانە و
خۆشگوزەرانیش دابینئەکا بۆ گەلی کوردستان . ئایندە، بەرنامەی جیاوازی
خۆی ئەبێ. ئەم بەرنامەیەش پێشنیارە بۆ ھەر سەرۆکێکی ھەڵکەوتو، نەک بۆ
خودی خۆم.
ماڵپهڕی کامیل ژیر
|