٢\٩\٢٠١٥
ئەگەر فەلسەفە
بەردەوامیی بدا بە وەڵامدانەوە جارێکی تر خودا قسە دەکاتەوە؟

بەنگین پیرۆت
زۆر جار دەربارەی چیەتی بوون و گەردوون
گفتوگۆ لەگەڵ خۆمدا دەکەم ئاخۆ گەردوون چۆن و لەچیەوە بووە بە گەردوون؟
ئاین، وون کەری پرسیار و بیرکەرەوەی بیرکردنەوەی فکرە،مرۆڤەکان بەبێ
خواستی خۆیان پەنا دەبەنە بەر ئاین بەبێ ئەوەی سەرەدەزوویەک وەڵامیان
دەست بکەوێت. ئاین شوێنگەی بزر بوونی پرسیار و گۆمی مەنگ بوونی
بیرکردنەوەیە ھەر ئەمەشە وا دەکات رۆحیەت و دڵی مرۆڤ ئاسودو نەبێت،
ھەمیشە لەناو ماڵی دییندا لەگەڕان دابێت. لەبەر ئەوە ئاین ڕێگری خواستە
دونیاییەکانی مرۆڤ دەکات نەک بەدی ھێنەری، لەکاتێکد مرۆڤ بۆ ژیانی
دونیا ھاتوە نەک پیادەکردنی ڕێبازی ئاین.
چی ڕویدەدا لەجیاتی ئەوەی ئاین سەرکوتی خواستەکانی مرۆڤ بکات ئازادی
بکردایە؟ چی رویدەدا مرۆڤ سروتەکانی پەرستش جێ بەجێ نەکات! ئێ خۆ خوا
خوایەکی ھەمووشت زانە دەبێ بزانێت و دەش زانێت دەبێ بەندەکانی لەسەر
گێتی چی بکەن و چی دەکەن.
پێش پەیدا بوونی ئاین مرۆڤ بەپێی یاسایەکی سروشتی، لەسەر زەوی ژیاوە
لەدوای زەمەنێکی زۆر لە ژیانکردنیش، ئاین پەیدا بووە. بۆچوون ھەیە پێی
وایە مرۆڤ بونەوەرێکە لە ماڵەکەی تری دیوی
گەردوون ھاتوە "ئەگەر ئەم بۆچونە یان فکرە یا خەیاڵە، ھەرچیەکە،
گرنگ ئەوەیە بۆ چونێکە بوونی ھەیە، وەک ئەوە وایە مرۆڤ لە
دیوی یاسای سروشت، یانی میتافیزیکەوە ھاتوە بۆیە پێی وایە
میتافیزیک بوونێکە لەدیوی بوون دا، یاخود میتافیزیک سێبەری سروشتە کەی
خۆری بوون ئاوا بوو، سێبەری میتافیزیک دەسڕدرێتەوە، نەک پەیدا دەبێت
چونکە چارەنوسی میتافیزیک بوونە، میتافیزیک
چارەنوس نیە بۆ بوونی بوون".
پێش بوونی مرۆڤ ئایا ئاین بوونی ھەبووە؟ کێ دەڵێ پێش بوونی مرۆڤ ئاین
ھەبوو بووە؟! ئەی مەگەر ئەوە نیە خودا بە
ناردنی سروتە ئایینەکان وەڵامی کردەوەکانی مرۆڤ دەداتەوە!
تێڕامان و بیرکردنەوە لەشتەکان بۆ ئەوەنیە بیان پەرستین کە بۆ سودمەندی
فکر و قوڵ بوونەوە پەیدا بوون لە نمونەی خۆر و مانگ و ئەستێرەکان کە
پێشتر پەرستتراون، تێڕامان بۆ ئەوەیە مرۆڤ بیر بکاتەوە و وەڵامی
پرسیارە گەردوونیەکان ئەندێشەی بجوڵێنن یان پرسیار لەبوونی ئاین بکات.
دواجار لە ڕێگەی سروتە ئایینەکانەوە خودا
وەڵامی مرۆڤەکانی داوەتەوە، فەلسەفەش دەبێتە دوا وەڵامی مرۆڤ، وەک
گوتیشمان لەڕێگەی قورئانەوە خودا دوا پەیڤی خۆی گوتوە، "من گومانم لە
ئەندێشەی ھزری مرۆڤ ھەیە بەوەی ئەگەر مرۆڤ بوونەوەرێکی وشیارە ئەو
ھەموو تاوان و شەڕەنگێزی و کوشتارە چیە لە گێتی رودەدات؟ بۆیە "ئەگەری
گومانی گریمانە لە وشیاری ھزری مرۆڤ و
فەلسەفەی بیری ھزری مرۆڤ دەکەم" ئەگەر گریمانە بکەین فەلسەفە
بەردەوامیی بدا بە وەڵامدانەوەی پرسیارە ھزرییەکان ئایا جارێکی تر خودا
قسە دەکاتەوە؟
ماڵپەڕی بەنگین پیرۆت
|