په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٣\٢٠١٢

     ئه‌گه‌ر هاتی بۆ ماڵه‌که‌م.

حه‌یات مه‌جید

ئه‌گه‌ر هاتی بۆ ماڵه‌که‌م
چرای رۆحمت بۆ هه‌ڵئه‌که‌م
به‌هار له‌ به‌ر پیت ئه‌روێنم
له‌ گوڵاڵه‌ سووره‌

فه‌رشی خۆشه‌ویستیت بۆ ئه‌چنم
هاوینت بۆ سازگار ئه‌که‌م
هه‌رچی گه‌رمیی خۆر هه‌یه‌
له‌ چاومدا بۆت ئه‌چێنم
پایزت وه‌ک خۆی پیشان ئه‌ده‌م
ئه‌بم به‌ هه‌رزاڵێک شیعر

هه‌رچی وشه‌ی ناسک هه‌یه‌

گه‌ڵا گه‌ڵا به‌سه‌ر باڵا جوانه‌که‌تدا

ئه‌یوه‌رێنم
زستانیش بێ چه‌تر وه‌ره‌
بۆ نازانیت هه‌رچی نمه‌باران هه‌یه‌
له‌ تۆ ئه‌دات نمه‌ی ماچی لێوانمه‌
هه‌موو گیانت رائه‌مووسێت

نه‌رم نه‌رم
باڵا قه‌شه‌نگه‌که‌ت ئه‌شوا..
ئه‌گه‌ر هاتی بۆ ماڵه‌که‌م
له‌ نێرگز کراسێکت بۆ ئه‌دورم
ماڵه‌که‌شم له‌ رێحانه‌ هه‌ڵئه‌کێشم
به‌س یه‌ک جار وه‌ره‌ بۆ ماڵه‌که‌م
په‌نجه‌کانم دائه‌گرسێنم
له‌ هه‌موو قوژبنێکی چاوه‌روانیی
ماڵه‌که‌مدا
به ‌یه‌که‌وه‌ قاوه‌یه‌کی تاڵ تاڵ
له‌ یه‌ک کوپدا
به‌ قه‌ندی لێوه‌وه‌ بخۆینه‌وه‌
ئینجا ئه‌زانی چه‌ند چاوه‌ڕێم
بۆیه‌ ئه‌ڵێم

به‌س یه‌ک جار وه‌ره‌ ماڵه‌که‌م.

 

hayat.qader@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک