٧\٥\٢٠١٢
ئەگەر ھاتی پەلەمەکە،
با دڵم ھێشووی تۆ بگریت؟؟

کەژاڵ ئیبراھیم
خدر
١
ھەمیشە لەدرەختێکی
وەنەوشەیی دەچی
قژت جوانە شانەی ناوێ
ھەمیشە لەمیوانی ناوەخت دەچی
جگە لەتریفەی بارانی چاوم
جەستەت ئاوی تری ناوێ
ھەمیشە لەکۆترێکی غەمگین دەچی
کانیاوی رۆحی من نەبێ
گەروت ئاوی تری ناوێ
ھەندێک جار دەنکە گەنمێکی و
پەرژینی بایەک ئەتڕوێنێ
ھەندی جار چڵی نێرگزێکی پڕ لەشووشەی
دەریایەکی پڕلەتەرمی
بەخۆڕ دێت و کەس ناتبینێ
بەڵام ئەوەی بۆمن گرنگە
میوەی ھێشوەکانی لێوتە
ھەربۆمنە و بۆکەس نابێ.
٢
بەقەد دارسێوە لا سورەی لادێ
سێوی دڵم خۆشەویستی بۆت گرتوە
بەقەد دەنکی لارو لەنجەی
دارھەنارەکانی ھەڵەبجە
فرمێسکم بۆتۆ ڕشتوە.
٣
کە شورەی چاوەکانت گریا
فرمێسکی خەیاڵەکانم بوون بەباران
کەڕەشەبای گۆڕستانێکی سەرخۆش قژتی داپۆشی
تاڵەکانی بوونە شۆستەی جووڵەو سەما
کەلێوەکانت شەپۆلی بزەو خەندە گرتی
دەریای دڵم بوو بەقاقا
کەچاوەگەشەکانی ئەوینت کردەوە
تیشکی خۆربوو خۆی شاردەوە؟؟
٤
کراسێکی رەنگاڵەیت بۆ دووری بووم
تاکوو سێبەری مردن لەبەرم کرد
لەباخچەی چۆڵی تەنھایمدا
ماچێکی سەرلێوت کردم
دەست و پەنجەی ناسکت گوشیم
تائەبەد رووگەی سورکردم
ھەرگیزگوناحم پێ نەکرد؟؟
٥
ئەگەرھاتیە کەناری دڵمەوە
زۆر لەسەر خۆ وەرەو پەلەمەکە
نەکا قاچەکانت لەبەرد کەوێ
ئەگەر ھاتی پەلە بکە
ئاگرێک لەدەرونما خۆی حەشارداوە
خەرمانی دڵ دەسوتێنێ
خۆت دەزانی درەنگ کەوی
چاوی چاوەڕوانیم دەفڕێ.
٦
ئەوەی گوڵی سەوزی باخچەکەم
بۆدڵی تۆی کردووە
ھەر ئەوەیە عاشقێک
بۆ رۆحی کوژراوی تۆی کردووە
ئەوەی تۆ بەخەیاڵێکی پڕ لەئەسرین
بۆ مەغریبی منت کردووە
ھەر ئەوەیە
دەروێشێکی پڕ لەتەریقەت بۆ ژنێکی کردووە.
٧
کە خۆری نائومێدی لەجەستەی ژنێک ھەڵدێ
چاوەکانم بۆ ئەوینت خوڵقاوەو ھیچ نابینن
جگە لە سێبەری چاوەکانی تۆ
کە خۆریش زەردەپەری ئێوارانی
پاڵتۆکەی دەپێچیتەوەو ئاوادەبێ
خەونەکانم ھیچ نابین جگە لە تۆ.
٨
ئەگەر ڕۆژێ وشەیەکم بوونە گوناح و
لەسەفەرێکدا نەغرۆی کردیت
ئازاری دایت،، زوو پێم بڵێ
دڵنیابە و چاوەڕێبە
دەیسڕمەوە لەبیرەوەری و ناخمدا
بۆئەوەی دڵت ھیچ نەڵێ.
٩
چەندین ساڵە پیتەکانی ناوت
لەگوڵاڵەی مێشکمدایە
بوونەتە ئاوێنەی رووناکی و
ھەرگیز بیرم ناچێتەوە
تەنیاپیاوێک لەچاومدا
ئارەزووی سەفەرێک دەکاوو
قەت پیرنابێ
بۆیەدڵم بڕیاریدا
باوەش بۆکەس نەکاتەوە
ھەر بۆ خۆشەویستی ئەونەبێ.
١٠
کەڕەش دەچیەوە لەپیاوێکی نائومێد دەچی
تەنھایی خەمت لێ دەبارێ
کەرەنگت وەک گوڵ سپی دەچێتەوە
بزەو خەندەم لی دەبارێ
تۆپڕی لەتریفەی مانگەشەو
من بە ھەردوکیان ڕاھاتوم
ھەر بۆیەشە کە ئەتبینم
لە ڕقێکی پیرۆز دەچم.
١١
حەزدەکەم بتکەم
بەکۆلارەیەک و بەئاسانی
لەئاسمانا بێت و بچی
ئەوکاتە ھەر بەدەستی خۆمە
نزمت کەمەوە لای خۆم و
یالەئاسماندا بەرزبفڕی.
١٢
سەردەمێکە لەگەڵ تۆدا دەژیم و
تەمەن ناڕواو وەک خۆی ماوە
سەردەمێکە لەگەڵ تۆدا
پیاسە دەکەم
قاچەکانم گڕوتینی جارانیان ھەرماوە
سەردەمێکە لەگەڵ تۆدا پێدەکەنم
تووڕەبوونیش لێم تۆراوە.
١٣
پێان ووتم بوویتە شاعیرێ
ئاگاداربە خۆت دووبارە نەکەیتەوە
منیش ووتم
مادام ووشەو رستەو شعر
ھەرتۆیت و تۆیت
کەس تاقەتی لێمان ناچێ.
١٤
شەوێک شعریکم بۆنوسیویت
باران بەلێزمە دەباری
بەیانی خەبەرم بۆوە
باران ھەموو ووشەکانی سڕی بۆوە
ھەربەتەنیا ووشەی خۆشەویستی نەبێ.
١٥
ئەڵقەیەکت بۆناردبووم
روخسەتم لەپەنچەم وەرکرت
بۆم ھەڵگرێ
زۆ دڵخۆش بووم بەئەسپایی
پێان ووتم "بەختەوەرم
ئەوتاکە،، خۆشەویستیت بێ؟
١٦
زستان ھات و
بەفرباری و، بەبەفراوی لێوەکانت داتپۆشیم
رەنگم سپی سپی بوو لەبەفر
ھاوین ھات و تیشکی خۆر رەش رەشی کردم
دڵم ترسا ئاخۆ سیمام نەشێواوە
رۆحت جوانە
ھەقم نیە سیمات چۆنەو چۆن گۆراوە.
١٧
ماوەیەکە عەشق بۆتە
روبارێک ولەناویدا مەلە بکەم
ماوەیەکە چاوت بۆتە روبارێک و
لەناویدا خۆم وون دەکەم
ماوەیەکە لێوت بۆتە گۆرانیەک
لەگەڵیدا سەما دەکەم
بۆیە نەکەی قەت لێم دووربی
من دەمەویت بۆھەمیشە بۆنت بکەم.
١٨
ئازادییان کردە تفەنگ
چی باڵندەی رووناکی بوو
ھەموویان کوشت
ژنیان کردە بووکە شووشەو
لەسەر خوانی مێزەکاندا سەمایان کرد
نیشتیمانیان کرد بەخەم و
شنەی ئازاری دایپۆشین
وەرزێکی پرخۆڵەمیشی بوو
جوانی خاکی لێ سەندین.
١٩
من نەمزانی لەچاوتروکانێکدا
تەمەن دەڕواو
خۆشەویستی ھەردەمێنێ
ژیان بێ تۆ تەنیاییەو
پایز بەھار ناوەرینێ.
٢٠
تۆھەندێک جار
پەپولەیت و بەسەرجەستەی
خۆزگەکانی ھەستمدا دەفڕی
ھەندێ جاریش ھەنگێکی تاک وتەنیای
بێدەنگی زەمەن دەشکێنی و
شیلەی ھەموو جەستەم دەمژی.
٢١
ئەوەی زۆر دڵخۆشم دەکا
تۆلەمینای یاقووتی مندا دەژی
ئەو شەوەی لەخەزانێکدا بۆتۆت دەنوسم
پڕاوپڕی ژوورەکەم دەبێتە تریفەو
مۆمەکان دەتوێنەوە
ئەو رۆژەی بۆبێدەنگی نیشتیمان
دەنوسم
دەرگای ھەموو زیندانەکان دەکرێنەوە.
٢٢
ھەرچی روبار ھەیە،، جوانە
بەڵام ھیچیان
وەکوو ملوانکەی چاوت مەستم ناکەن
ھەرچی رەزو شینایی و باخە،، جوانە
بەڵام ھیچیان وەکوو
بزەو خەندەی لێوت
شادم ناکەن
ھەرچی ناوی پیرۆز ھەیە
بوونەتە سەرابێکی ناوەخت
بوونەتە نۆتەو مۆسیقا
بوونەتە شەونمی سەردرەخت
بەسێبەری باڵات ناگەن.
٢٣
تنۆک تنۆک لەزەتی ماچەکانت
ڕژانە سەر لێوەکانم
تا ئەبەد بیرم نەچۆوە
ھەناسەی شنەبای تاڵەکانت
بەر سەمای شێواوی قژم کەوت
تۆزێک لە فرمێسکی چاوت
ڕژایە ناو لەپی دەستمەوە
ھەرگیز ختووکەی ووشک نەبۆوە.
٢٤
سەرم بەر مرواری سنگت کەوت و
دوو دڵۆپ فرمێسکی گەشت و
پەنجەرەیەک لەنائومێدی و
خەندەیەکی پڕ لە سۆزم
لێ دەکەوێتە خوارێ،
پێش دۆزەخی ماڵئاوای
دەستم بەر دەستت کەوت و
ئەوەی لە دەستم بەربۆوە
پەنجەکانم ھەپرون بوون بەجارێ.
ماڵپهڕی
کهژاڵ
ئیبراهیم خدر
|