په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٥\٢٠٢١

ئەگەر هەڵوێستەکان بەکردەیی نەکرێن.


ئەرسەلان مەحمود    


هەمووان قسە دەکەن، بەڵام پێدەچێ کەس لەسەر ئەوانەی مافی ئازادانە و ئازادی مرۆیی و سروشتی خۆیان بەکار بردوە، کاردانەوەی کردەیی نەبێت، بەداخەوە ڕابردوی دەیان ساڵەمان پڕیەتی لە وەها بێ موبالاتی و خەمساردییەک، ئەوەتا تابێ باجەکەی قورستر دەکەوێتە سەر مانای هەبوون و مانمان!!

ئازادیخوازان، خانەوادەچی، تیرەو هۆزو عەشرەت و خێڵگەراو ناوچەگەرچی نین تا هەبێ لەناوەوەی ئەمانەدا هەڵبداتێ لەسەریان و بکەونە سەر شەقام لەپێناویاندا، دیندارو مەزهەبگەراو قیامەتچی نین تا هەبێ لەناو ئەم ئەهلە بکەوێتر هاوارو فتوای حەڵاڵ و حەرامکاری دەربکەن. لەواقیع و لەحەقیقەتدا، ئازادیخوازان کەوتوونەتە دەرەوەی چیوە پەتی و فەرهەنگی و حیزبی و ئایدیالی و ئایدیۆلۆژیستیەکان، ئەوان بەر لەوەی هەر شتێک بن، مرۆڤن، بێگومان مرۆڤی خاوەن مۆڕاڵ و زیندو، وشکە حیزبی و ئایدیالی و ئایدیۆلۆژیستی ڕوت و ڕواڵەتگەرا نین تا بەکردوە ئەمانەی لەپێشەوە باسمانکردن بێنە دەنگ لەسەریان و بایکۆتی وەها دەسەڵات و حکومڕانێتییەک بکەن بێباکانە ئازاریان ئەداو سەرکوتیان ئەکات!!

حوکمدراوانی بادینان، ئازادیخوازن و بەس، نە ڕاست و نەچەپ، نە ڕۆژئاوایی و نە خۆرئاوایی، نە ئاشبەتاڵچی شۆڕش و نەپەلامار دەری کوردانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواو باکورن، هەروەک چۆن نە تانک و زرێپۆشی بەعسیان هێناوەتە سەر سنگی نیشتمان و نە جەندرمەی تورکیشیان بردوەتە سەر کەپکی حەمەداغا، بەڵێ نە وڵاتیان کردوە بە مۆڵگەی سەربازی هەرێمایەتی و تەراتێنی هەواڵگری دەولی، نە سەرخان و ژێرخان و شکۆی خەڵک و نیشتمانیشیان هەرزانفرۆش کردوە، ئەمانە هەرگیز یارییان بە چارەی میللەتەکەیانەوە نەکردوە، نووسەر و ڕۆژنامەوان و چالاکانێک بوون، مەدەنی و ئەوپەڕی ئازادیخواز.

ئەگەر ئەمڕۆ هیچ کەس لە خانەوادەو تیرەو هۆزو عەشرەتەکان، لە دیندارو ئاینگەراکان و ئەتایستەکان، لەحیزب و ئایدیالی و ئایدیۆلۆژیستەکان، لە جەماوەرو تاکبەتاکی یەکە پێکهێنەرە جڤاکییەکان، لە ڕێکخراوەکان و چالاکانی مەدەنی، لە نووسەرو ڕۆژنامەوان و ڕوناکبیرەکان، لە ڕاست و چەپ و ناوەندگەراکان لەسەر ئەمان"زوڵم لێکراوانی بادینان" بەکردەیی هەڵنەدەنێ و نەڕژێنە سەر شەقامەکان، بەدڵنیاییەوە سبەی هەمان چارەنووس چاوەروانی یەکبەیەکیان دەکات!!

ئەم دەسەڵاتە ملهوڕو ڕواڵەتگەرا ستەمکارو گاڵتەجاڕەی ناوی خۆی ناوە حکومەتی هەرێم، ئەگەر ئەمەی هەروا سادەو ئاسان و سەر پێیی بۆ بچێتە سەرو تێپەڕێ بەسەر خەڵک و هێزە جیاوازە حیزبی و مەدەنی و جڤاکییەکان، ئەوا جگە لەخۆ بەدەستەوەدانی هەمەکی، جگە لەهەڵوەشان و داوەشانی جڤاکی و سیاسی، هیچ شتێکی تر نامێنێت چاوەڕوانکراو!!

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود  

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک