٢٢\١\٢٠١٥
ئەگەری داوایەکی
پڕ مەترسیی.

سوارە کەمال
سەرەرای ئەوەی حیزبە کوردیەکان بەشدارو هاوبەش بوون لە دامەزراندنەوەی
دەوڵەتی عیراقی پاش سەدام ، کەچی بریار بەدەستانی عەرەب، دەستیان لە
پێشێڵکردنی مافەکانی نەتەوەی کورد هەڵنەگرت . پێنەدانی مووچەو چەک و
تەقەمەنی بە هێزی پێشمەرگە ، یەکێکە لەو نمونانە.
بەڵام بەهۆی هێرشی داعشەوە ، لهمکاتهدا ئامادەیان دەربڕیوە هێزی
پێشمەرگە وەک بەشێک لە هێزی بەرگری عیراق بەرخوردی لەتەکدا بکەن.
دیارە ئەم هەڵومەرجەی عیراق و سوریا ، باشوورو رۆژئاڤای کوردستانی پیا
گوزەر دەکات . بۆتە جێگای مەترسی بۆ زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکەو دنیای
دەرەوە . ئەوانیش هەر یەکەیان بەپێ پێگەو قەوارەی بەرژەوەندیەکانیان لە
هەوڵی گۆرینی ڕێرەوی ئەم شەڕەدان . حوکومەتی بەغداش وەک هەر وڵاتێکی
بیانی ، لە رێگای رێگەوتنی کاتی و هەوڵە دبلۆماسییەکانیەوە دەیەوێت
لەگەڵ هەرێمدا رێکبکەوێت . دیارە هۆکار گەڵێک لە پشت ئەم جموجۆڵەی
بەغدا هەیە ، واپێدەچێت یەکێک لە وانە ؛ هەوڵدان بێت بۆ سازدانی
زەمینەی بەشداریپێکردنی هێزی پێشمەرگە لە راماڵکردنی دەوڵتی ئیسلامی
لەسەر خاکی عەرەبی عیراق.
هەڵوێستی حیزبەکان.
بەهۆی جیاوازبوونی باکگراوەندی حیزبەکانی باشوور ، لە شێوازو ئاستی
توند و ساردی پەیوەندیان بەوڵاتانی دەرەکیەوە ، تێگەیشتنیان لەسەر
زۆرێک لە پرسەکان دژ بەیەک دێنە ئەژمارکردن . بۆ نمونە ؛ لە پاش هێرشی
داعش بۆ سەر موسل ، جارێکی تر سەلمێندرا کاریگەری وڵاتانی ناوچەکە
لەسەر حیزبەکان ، یەکێکە لەو فاکتەرانەی ناچاریان دەکات تەنانەت لەسەر
پرسە نیشمانیەکانیش یەک هەڵوێست نەبن . بینرا یەکێتی بێ یەک و دوو
داعشی بەدوژمنی کورد هێنایە ناساندن ، پارتیش بەپاساوی ئەوەی شەری کورد
نیە ، هەوڵیدا دورە پەرێزبێت . ئیسلامیەکانیش وێرای ئەوەی هەڵویستی
دووەمیان پێ پەسەند بوو ، لەهەمان کاتدا بەشێک لە بۆچونەکانیان وا
دەردەکەوت کە مەزهەبیان بەلاوە گرنگترە لە بەرژەوەندی گەلی کوردو
نیشتمانەکەی . هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆرانش ، دەکرێت زیاد لە بۆچونێک
هەڵگرێ ، یەکەمیان ؛ بەهۆی ئەوەی لایەنێگی نوێە ، نەیتوانێوە بەهەمان
شێوازی حیزبەکانی تر لەگەڵ وڵاتانی دەرەکی پەیوەندی ببەستێت ، دووەمیان
؛ واپێدەچێت بزۆتنەوەی گۆران پەیوەندیی حیزب بە وڵاتانی دەرەکیەوە
رەتبکاتەوەو بە ئەرکی پەرلەمان و حوکومەت بزانی.
هەڵویستی تورکیا و ئیران.
دیارە هەر وڵاتی بەپێی بەرژەوەندی ، ریزبەندی دۆست و نەیارەکانی دەکات
. حیزبەکانی کوردستانیش ویستوویانە بەهەمان شێوە بەرخورد بکەن ، بەڵام
بەهۆی ئەوەی هێزو توانای دەوڵەت زۆر بەرفراوانترە لە حیزب، جگە لەوەی
دەستکەوتیان چەند بەرابەرترە ، لەهەمان کاتدا توانایان هەیە حیزب
ناچاربکەن پێچەوانەی خواستی لایەنگرانشی هەڵوێست دەربرێت.
ئەوەی بینرا ، ئێران لەسەرەتای دەستپێکردنی قەیرانەکانی سوریا ، بێ
پێچوو پەنا لایەنگری رژێمی ئەسەدی کردووە و لە پەلەماردانی عیراقشدا
لەسەر هەمان هەڵوێست ماوەتەوە . بەڵام تورکیا بە پێچەوانەوەی ئێران ،
سەنگەری دژ بە ئەسەدی هەڵبژاردووە ، لەپەلەماردانی عیراق و هەرێمشدا
نەک هەر خۆی دزییەوە بەڵکو تومەتبارە بەوەی پشتوانی داعش دەکات .
بەرەنجام.
لەمکاتەدا هاوسەنگی هێز لەبەرژەوەندی گەلی کورد دایە ، بەلام ئاماژەی
پشت جموجولەکانی بەغدا لەتەک هەرێم جێگای تێرامانن ، وادەردەکەون کە
داوا لە هەرێم بکرێت شانبەشانی عەسکەر بکەونە هەوڵی رزگارکردنی خاکی
عەرەب . دیارە ئەم داوایە جگە لە بەغدا ، لەبەرژەوەندی دەوڵەتی ئێرانشە
، بە دوورش نازانرێت ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەمان داوایان هەبێ .
کەواتە دەبێ بپرسین لە ئەگەری داوایەکی وادا هەرێم چدەکا ؟ پێموایە
ئەگەر بە نەرێنی وڵام بداتەوە ، دەیخەنە ژێر چەندین جۆر فشارەوە ،
ئەگەر بەشداریش بێت ، ڕوبەروی چەندین ئاستەنگی دەرەکی و ناوەکی
دەبێتەوە . بۆ نمونە ؛ شەقامی کوردی ئەزمونی تاڵی لەگەڵ حوکومەتی بەغدا
هەیە ، ئایا رێگا دەدات پێشمەرگە بگرێتە سوری بەر لەشکر؟
بۆیە پێویستە هەر سێی سەرۆکایەتێەکەو سەرجەم لایەنە پەیوەندارەکان ،
پێش بەفەرمی داواکردنی بەشدارپێکردنی هێزی پێشمەرگە ، زۆر ژیرانە
دراسەی هەمەلایەنەی ئەگەری ئەم داوایە بکەن و ئامادە باشبن بۆ هەر
ئەگەرێک.
swarekemal@yahoo.com
|