٣٠\٩\٢٠١٢
ئەگەر کاریکاتێر
بڕبڕەی پشتی رۆژنامەیە لە کوردستاندا؟

فەرەیدوون سامان
ئەنجامدانی ریپۆرتاژی رۆژنامەوانی لانیکەم پێویستی بە باگرەوەندێکی
رۆشنبیری ھەیە بۆ رۆژنامەنووسێک کە دەخوازێت کارێکی رۆژنامەوانی ئەنجام
بدات ، بۆ نمونە رۆژنامەنووس کە باس لە ھونەری کاریکاتێر دەکات و
پرسیارەکانی رووبەرووی کەسانێک دەکاتەوە ، لەبەراییدا مەرجی بنەڕەتی و
سەرەکییە ئەو کەسانە شارەزاو بەئەزمون بن لەو بوارەدا، چونکە لەکاتێکا
وەڵامدەرە بە ھەڵە زانیارییەک دەبەخشێت گەرەکە کاکی رۆژنامەنووس
پرسیارێکی دیکە بورووژێنێت تا وەڵامدەر
بەھەڵەکەی خۆیدا بچێتەوە و زانیارییەکە راست بکاتەوە، بەھەرحاڵ ئەگەر
وەڵامدەریش وەک رەخنەگر یان شارەزایەک خۆی نماییش کرد، دەبێت زۆر
بابەتیانە و بێ لایەنانە و پرۆفیشناڵانە رەخنەبگرێت، وخزم و دۆست و
برادەر نەناسێ، بەشان و باڵی برادەرێک یان ھاوشارێکی خۆی ھەڵنەدات و
رەخنەش لە خەڵکانی تر بگرێت.
• رۆژنامەوانی لاو کاکە ھاوتا ئەسوەد
لەبابەتێکی بەناونیشانی (کاریکاتێر بڕبڕەی پشتی رۆژنامەیە لەکوردستاندا)
کە لەژمارە ١٤٢٠ی رۆژنامەی ھەولێر لە ٣٠/٨/٢٠١٢ بڵاویکردۆتەوە، و
تیایدا ناوی کاک (تاریق کارێزی) بە رەخنەگری شێوەکاری بردووە و کارێزیش
دەڵێ " لە ساڵانی پێشتردا چەند گۆڤاری کاریکاتێری دەرچوون لەکوردستاندا
وەک (مەلامەشھور) و (سیخورمە)". دواتر دەڵێ "کۆمەڵەیەک ھەیە بەناوی
کۆمەڵەی کاریکاتێریستانی کوردستان" و دواتر دەڵێ " قوڕسایی ھونەری
کاریکاتێر لە دوو شاردایە کەرکوک و دھۆک" و دواتریش کارێزی دەڵێ "
لەشاری کەرکوک ٤ کاریکاتێریستی بەتوانامان ھەیە، ئەوانیش محەمەد ساڵەیی،
گرفتار کاکەیی، عەلی دەروێش و پەروەر) و لە دھۆکیش چەند
کاریکاتێریستێکی باش ھەن، بەڵام لە شاری ھەولێر کاریکاتێریست دروست
نەبووە".
• لەقسەکانی کارێزی زانیمان کەوا دوو
گۆڤاری پێشەنگی ھونەری کاریکاتێریمان ھەبووە، ئەویش (مەلامەشھور) و (سیخورمە)،
بەڵام کارێزی ئەوە نادرکێنێ کە (مەلامەشھور) لە ھەولێر و (سیخورمە)ش لە
سلێمانی دەرچوون لە ساڵی ١٩٩٧، ئەی ئەگەر ئەو شارانە کاریکاتێریستیان
نەبووە و تا ئێستاش بۆیان دروست نەبووە، ئەی ئەو گۆڤارانەیان چۆن
دەرکردووە بەبێ کاریکاتێریست؟ خۆ کاریکاتێریستیان لە شارەکانی ترەوە
ھاوردە نەکردووە؟ راستە لەھەولێر جیاوازیان بە شارەکانی کوردستانەوە
نەکردووە، و تاکە کاریکاتێریستی شاری کەرکوک لە (مەلامەشھور) ھاوکار
بووە کاک (گرفتار کاکەیی) بووە، ئەویش بۆ چەند ژمارەیەکی کەم ھاوکار
بووە، و لەشاری دھۆکیش ھەروەتر تاکە کاریکاتێریست کە ھاوکار بووە کاک (سەردار
کیستەیی) بووە، و ئەویش بەردەوام نەبووە!! کەچی چەندین کاریکاتێریستی
گەنجی شاری ھەولێر و بە شێوەیەکی بەردەوام و بەبێ ھیچ پاداشتێک یان
موچەیەک (گۆڤاری مەلامەشھور)یان بەرێوەبردووە، وەکو (کامەران خۆشناو) و
(ھەندرێن خۆشناو) و (لوئەی مەتی) وەکو ستافی سەرەکی و (سەڵاح محمد علی)
و دواتریش (عەلی دەروێش) کە تازە ھاتبووە ھەولێر و چەندانی تر وەکو
ھاوکار کاریان لەم گۆڤارەدا کردووە. لەسلێمانیش ھەروەتر چەندان
ھونەرمەندی ئەم شارە گۆڤاری (سیخورمە)یان دەرکردووە، ئەوانیش وەکو
ھونەرمەندان ئاکۆ محمد فتاح لە سەرەتاوە و دواتریش بازیان جلال و
مەریوان عومەر و دوای ئەوانیش سائیر بەدری و مشکی زادە و ئاکۆ ئیبراھیم
و ... چەندان ھونەرمەندی تر.
• دواتر کارێزی دەڵێ " کۆمەڵەیەک ھەیە
بەناوی کۆمەڵەی کاریکاتێریستانی کوردستان"، بەڵام ناڵێ ئەویش ھەر لە
شاری ھەولێر و بە توانا و ماندووبوونی کاریکاتێریستانی شاری ھەولێرەوە
دامەزرا، دەنا لە کاکە (عەلی درەوێش) ەوە بترازێ، کەس لە
کاریکاتێریستانی شارەکانی تری کوردستان ھاوکار و پاڵپشت و بەشدارنەبوون
لەم کۆمەڵەیە، ئەی ئەم کۆمەڵەیە چۆن دامەزرا و چۆن چالاکی ھەبووە و چۆن
بەردەوام بووە، تەنانەت چەندان ژمارەشیان لەگۆڤارێکی کاریکاتێریی
مانگانە بەناوی (تەنز وێنە)ەوە دەرکردووە، کە لەزۆر رووەوە چاکتر بووە
لەگۆڤارەکانی تریشەوە. سەرەڕای ئەو بایکۆت کردنەی کاریکاتێریستانی
شارەکانی تری کوردستانەوە!! لەم گۆڤارە (تەنزوێنە) کاک (کامەران خۆشناو)
سەرنووسەر (فیعلی) و کاک (ھەندرێن خۆشناو) یش بەڕێوەبەری نووسین بووە،
ئەوەی کاریکاتێریستانی شاری ھەولێر لە کاریکاتێریستانی شارەکانی تری
کوردستان جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە دەستی نووسینی تەنزیشیان ھەیە، و
بۆخۆیان کاری نووسینیان لەم گۆڤارەدا کردووە، ئەمەش بەھرەیەکی تری
کاریکاتێریستانی ئەم شارە دەسەلمێنێت.
• دواتر تاریق کارێزی دەڵێ " قورسایی
ھونەری کاریکاتێر لەدوو شاردایە کەرکوک و دھۆک" و دواتریش کارێزی دەڵێ
" لە شاری کەرکوک ٤ کاریکاتێریستی بەتوانامان ھەیە ئەوانیش محمد ساڵەیی،
گرفتار کاکەیی، عەلی دەروێش و پەروەر) و لەدھۆکیش چەند کاریکاتێریستێکی
باش ھەن، بەڵام لەشاری ھەولێر کاریکاتێریست دروست نەبووە".
ئێمە دەپرسین ئەوە بۆ تەنھا ناوی کاریکاتێریستانی شاری کەرکوک دەزانێ،
کەچی ھی شارەکانی تر یان نازانێ یان حەزناکات ناویان بێنێ!؟ جارێ کاک (محمد
ساڵەیی) کە ساڵانی زووی دوای راپەرین ماوەیەکی کورت کاری لە ھونەری
کاریکاتێر کرد، بەڵام وا بۆ زیاتر لە بیست ساڵ دەچێ ھیچ کارێکیمان
نەدیوە، دوای ئەوەی کە رووی لەھەندران کردووە، لێرەشەوە دەپرسین ئەو بۆ
ناوی ئەو دەبات، کە نزیکەی بیست ساڵە ھیچ کارێکی ھونەری دیار نییە،
کەچی ئەوانی تریش ھیچ!؟ دەترسین ھەر تەنھا لەبەرئەوە بێت کە خەڵکی شاری
کەرکوکە؟ خۆ ھونەریش شارچێتی تێدا نییە!؟ ئەی ئەگەر لەبەرئەمە نەبێت بۆ
شاری ھەولێر کاریکاتێریستی تێدا دروست نەبووە، دوای ئاماژە پێکردنی ئەو
ھەموو حەقیقەتانە، سەرنجی خوێنەرانی خۆشەویست بۆ ئەوسەرچاوانە رادەکێشم
کە زانیاری وردترو قووڵتری تیایە لەمەر ِھونەری کاریکاتێر لەکوردستان
بەگشتی و لە ھەولێر بەتایبەتی.
____________________________________
سەرچاوەکان:
- دیمانە لەگەڵ ھونەرمەند کامەران خۆشناو - کاروان زمارە ٢٠٤ لە ٢٠٠٦.
٢- دیمانە لەکەڵ ھونەرمەند ھەندرێن خۆشناو - گۆڤاری کاروان- زمارە ٢٣٠
و ٢٣١ لە ٢٠٠٨.
٣- دیمانە لەگەڵ ھونەرمەند لوئەی کۆیی - گۆڤاری کاروان - زمارە ٢٣٤ لە
٢٠٠٨.
٤- میزکرد ێ لەبارەی ھونەری کاریکاتێر لەرۆزنامەکەریی کوردیدا لە
گۆڤاری رۆزنامەفانی - زمارە ٨ لە ٢٢/٤/٢٠٠٢ - فەرەیدون سامان.
٥- توێژینەوە (مێژووی ھونەری کاریکاتێر لە شاری ھەولێر) لە گۆڤاری
رۆزنامەنووس - زمارە ١٤ لە ٢٠٠٨ - ھەندرێن خۆشناو.
ماڵپهڕی فهرهیدوون سامان
|