١٢\٣\٢٠١٦
ئەگەر مەلا موستەفا بە ناناوەندییەکەی
(لامەرکەزییەکەی) ١١ی ئازاری ١٩٧٠
رازی ببووایە، چی
روویدەدا؟
هەژێن
- ڕێکەوتننامە شومەکەی جەزائیر ڕووینەدەدا ...
- ئاشبەتاڵ شومەکە دەروونی تاکە ڕزگاریخوازەکانی کۆمەڵی کوردی
وێراننەدەکرد ...
- پێشلەشکریی "قیادە موەقەتە" بۆ ڕژێمی ئیسلامی ئێران و هێنانەوەی
پاسدار بۆ خۆرهەڵاتی کوردستان ڕووینەدەدا . ..
- جەنگی نێوخۆیی ١٩٧٧- ١٩٨٧ ڕووینەدەدایەوە ...
- ڕێکەوتنە شومە سێ قۆڵییەکەی دەوڵەتانی عیراق - ئێران - تورکیە
ڕووینەدەدا ...
- شەرێ هەکاری و کۆمەڵکوژکردنی نیئۆ-جەلالییەکان ڕووینەدەدا ...
- ساڵی ١٩٧٨ڕاگواستنی گوندەکان ڕووینەدەدا ...
- جەنگی هەشت ساڵەی عیراق - ئێران ڕووینەدەدا ...
- ئەنفالی بارزانییەکان ڕووینەدەدا ...
- کۆمەڵکوژکردنی ئەندامانی (حشع) لە قڕناقا و پشتئاشان ڕووینەدەدا ...
- هێنانی پاسدار بۆ سەر بیرەنەوتەکانی باباگوڕگوڕ ڕووینەدەدا ...
- بە بەکرێگیراوکردنی "جاشکردنی" خەڵکی ڕاگوازراو و بێکارکراوی
گوندەکان لەنێو ئوردووگە و شارەکان ڕووینەدەدا ...
- زیندووکردنەوەی خێڵایەتی ڕووینەدەدا ...
- کیمیابارانی دۆڵی جافایەتی و بالیسان ڕووینەدەدا ...
- هێنانی پاسدار بۆ هەڵەبجە و کیمیاباران ڕووینەدەدا ...
- کۆمەڵکوژکردنی پیشمەرگەکانی (گوردانی شوان)ی کۆمەڵە ڕووینەدەدا ...
- ئەنفاڵکردنی قەرەداخ و گەرمیان و ..تد ڕووینەدەدا ...
- هەزاران کەس زیندانی و تیرۆر و لەسێدارە نەدەدران ...
- داگیرکردنی کوەیت ڕووینەدەدا ...
- جەنگی دووەمی کەنداو/ پەلاماردانی عیراق ڕووینەدەدا ...
- ئابڵوقەی ئابووریی دەهە و نێوێك لەسەر عیراق و هەریمی کوردستان
ڕووینەدەدا ...
- سازشی ١٩٩١ بەرەی کوردستانی لەتەك ڕژێمی ئەنفالکەر و پیلانی
تێکشکاندنی ڕاپەڕین ڕووینەدەدا ...
- کۆڕەوی ملیۆنی و نەهامەتییەکانی ڕوویاننەدەدا ...
- کوشتوبڕی ڕاپەڕیوان ڕووینەدەدا ....
- تیرۆرکردنی هەزاران ژن پاش ڕاپەڕین ڕووینەدەدا ...
- لێبوردنی گشتی بۆ بەکرێگیراوان بەناوی "چەکداری شۆرشگێڕ " پێویست
نەدەبوو ...
- جەنگی نێوخۆیی ١٩٩٤- ١٩٩٨٧ ڕووینەدەدایەوە ...
- گاردی کۆماریی ڕژێمی بەعس و تانکەکانی بۆ هەولێر نەدەهێنرانەوە ...
- سوپای پاسداران بەرەو کۆیە نەدەبرا ...
- هێرشەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پەکەکە ڕوویاننەدەدا
...
- ساڵی ١٩٩٤کوشتوبڕ و تەقە لە خۆنیشاندەرانی دژی جەنگ نەدەکرا ...
- عیراق نەدەبوونە گەراجی لەشکرکێشی تورکیە و ئێران ...
- ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان نەدەبوونە تاقیگە و مەشقگەی
لەشکر و تۆپخانەکانی دەوڵەتانی ئێران و تورکیە ...
- عیراق و هەرێمی کوردستان نەدەبوونە بازار و هەڕاجخانە و شوێن چەپاوڵی
کۆمپانییە جیهانییەکان ...
- نەوتی عیراق تاڵانفرۆشنەدەکرا ...
- سامانی سروشتیی هەرێمی کوردستان تاڵان و خاکی کوردستان کوناودەر
نەدەکرا ...
- رێکەوتننامەی پەنجا ساڵی نەوت لەتەك دەولەتی تورکیە واژۆنەدەکرا ...
- کەرتە گشتی و دەوڵەتییەکان پارتیی و تایبەتینەدەکرانەوە ...
- ئەو هەمووە گروپ و پارتییە ئیسلامییە دروستنەدەبوون ...
- جەنگە نیوخۆییەکان لەتەك ئیسلامییەکان ڕوویاننەدەدا ...
- ژنکوژی نەدەبووە شوناسی خەڵکی هەرێمی کوردستان ...
- نووسەران و ڕۆژنامەنووسان تیرۆرنەدەکران ...
- ئێستا هەزاران ئازیزی لەسێدارەدراو و کوژراو و ئەنفالکراومان لە
ژیاندا دەبوون ...
- چەند ملیۆن کورد و عیراقی ئاوارە نەدەبوون ...
- داعش دروستنەدەبوو و نەدەهێنرایە عیراق ...
- جارێکی دیکە لە هەزارەی سێیەم ئیزیدییەکان جینۆسایدنەدەکرانەوە ...
- ژنانی مەسیحی و شەبەك و ئیزیدی نەدەکرانە کەنیزەك ...
- بازرگانانی سەر بە (پدک) و (ینک) نەوت و گازی داعش'یان ساخنەدەکردەوە
...
- هەڵبەتە ئەوەش بڵێم، كە (بارزانی) و (تاڵەبانی) و ئەوانی دیكە
نەدەبوونە یەكەمین ملیاردلێری یەكەمی خۆرھەڵاتی ناوین، هەر ئاوا
كاسەلێس و دەربارەكانیان نەدەبوونە كەڵەگای ڕاسەری كۆمەڵی هەریمی
کوردستان و دروستکەری ئاژاوە لە "ڕۆژاوا" و باکوور ...
- زۆر شتی دیکە، کە ئێوەی خوێنەر لە من باشتر ئاگاداریان هەن و وردتر
دەیانزانن ...
بەڵام، ئەو ڕاستییەمان لەبیرنەچێت، ئەگەر بڕیاری تەقەکردنەوەی بارزانی
بە فەرمانی شای ئێران و دەوڵەتی ئەمەریکا نەبووایە، زۆرێك لە نووسەران
و "چالاكان" و پسپۆڕان و ..تد میدیاکارانی زماننەزانی ئێستای هەرێمی
کوردستان ناویان لە کوڵەکەی تەڕیشدا نەدەبوو، شارێكی بێبەرهەمی وەك
سلێمانی نەدەبووە پێگەی دەیان ملیارلێر و سەدان ملیۆنێر، ئیدی با
هەولێر و دهۆك و (سەری سپی) لەولاوە بوەستێت.
لەبەرئەوە و لەسەر ئەو بنەمایە، بەدڵنیاییەوە سازشکردن لەتەك دەولەتی
عیراق ساڵی ١٩٧٥ هەم دەبووە ڕێگر لە وێرانبوونی کوردستان و هەم بوار بۆ
ڕۆشنبیربوون و هوشیاربوونەوەی جەماوەریی و هەڵکشانی کولتووریی و
کۆمەڵایەتی دەڕەخسا و هەم دەوڵەتان و کۆمپانییەکانی ئێران و تورکیە و
دەوڵەتان و کۆمپانییە جیهانخۆرەکانی دیکەی ناوچەکە و جیهان لە بەرەکەتی
جەنگەکانی نێوخۆ و دەرەوەی عیراق بەهرەمەندنەدەبوون.
ئایا ئێستا بە شرۆڤەکردن و هەڵسەنگاندنی ئەو بزووتنەوە چەکدارییەی
کورد، کە ساڵی ١٩٧٦ سەریهەڵدایەوە، بێجگە لە ماڵوێرانی کوردان و ئەو
نەهامەتییانەی سەرەوە و خزمەتکردن بە دەوڵەتانی داگیرکەر هیچی دیکەی
سەرەنجام بووە یا بەرهەمهێناوە؟
ئایا ئەنفالکران و کوژران و لەنێوچوونی هەزاران مرۆڤی کورد و عەرەب و
تورکمان و کلدان و ئاشووری و وێرانبوونی ژینگە لەو جەنگە نێوخۆیی و
دەرەکییانەدا، بێجگە لە قوربانیبوون بۆ بەدەسەڵاتگەییشتنی تاڵانکەران و
گەندەڵان و ملهوڕانی ئێستا و ڕێگەخۆشکردن بۆ دیکتاتۆریی سەرانی کورد و
شیعە و سوننە لە سەرەتای هەزارەی سێیەم، هیچی دیکە بووە؟
١١ی ئازاری
٢٠١٦
ماڵپهڕی ههژێن
|