٢\١١\٢٠١٠
ئەگەر پارتى
دیموکراتى (کوردستان) لەجیاتى پارتى دیموکراتى (ئەمریکا) حاکم بوایە.

نیا کامیل
سەرەنجام کار بەوە گەشت کە پێگەیەکى ئینتەرنێتى ژمارەیەکى ئێجگار زۆر
بەڵگە نامەى نهێنى لەسەر جەنگى عێراق بخاتە بەرچاوى هەموو دونیا ، وە
بەچەندین زمانى جۆراوجۆر . کە بەشێک لە وەحشى گەرى جەنگێک کە لەلایەن
ئەمریکاوە لەسەر خەڵکى ئەم ووڵاتە فەرز کراوە عەکس بکاتەوە . ئەگەرچى
بۆ خەڵکى عێراق جێگەى نهێنى و سەرسوڕمان نەبوو ، یانى شتێکى نوێى تیا
نەبوو . چونکە ، هەر تاکێکى عێراقى شاهیدى زۆر لەوە زیاترە کە لەو
بەڵگە نامانەدا هاتووە .
چاوەڕێش دەکرێت هەمان شت لەسەر جەنگى ئەڤغانستان ئەنجامبدات ، سەرەڕاى
ئەوەى کە پێشتر ژمارەیەکى زۆر بەڵگە نامەى نهێنى لەسەر جەنگى
ئەڤغانستان بڵاوکردۆتەوە .
ئەمە لەسەر ئاستى جیهانى مشتومڕشێکى زۆرى لێکەوتەوە ، وە ڕوخسارى
ئەمریکاى خستە ژێر پرسیارێکى زۆرەوە . تا کار گەیشتە ئەوەى خودى
وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا لیژنەیەکى پسپۆڕى سەد و بیست کەسى پێک بهێنێت
بۆ لێکۆڵینەوە و چاو خشانەوە بەو بەڵگە نامانەدا .
لە ئەمریکا و لەژێر سایەیى پارتى دیموکراتى (ئەمریکا ) دا بەڵگەنامەى
نهێنى دەزگاى موخابەرات و وەزارەتى بەرگرى و کۆمپانیا پەیوەندى دارەکان
ئاشکرا دەکرێت ، لەلایەن میدیاى سەربەخۆوە .ئەمە لەکاتێکدایە
بەرژەوەندی ، سیاسى ، ئابورى ، سەربازى ، وە ئاسایشى نەتەوەیى ئەم
ووڵاتە . بە هەموو دونیادا پەخش بۆتەوە و بەستراوەتەوە بە هەموو
کوچەیەکى ئەم دونیایەوە ، یانى هەرچى لەم دوونیایەدا ڕوبدات کاریگەرى
لەسەر بەرژەوەندیەکانى ئەمریکا دەبێت ، بە پێچەوانەشەوە .
لە سایەى حکومەتەکەى پارتى دیموکراتى ( ئەمریکا ) دا ، و لەم هەلو
مەرجەى کە میدیاى ئازاد بۆى پێکهێناوە ، نەمان بینى ئەو پێگەیە فلتەر
بکرێت ، یاساغ بکرێت ، نەمان بینى ئەو کەسانەى بەڕێوەى دەبەن و کارى
تیادەکەن ، هەڕەشەیان لێبکرێت ، ڕاوەدو بنرێن ، بفڕێنرێن، دارکارى
بکرێن ، تێهەڵبدرێن ، وە نەشمان بینى کەسیان تیرۆر بکرێن .
هەروەها کاتێک پێشتر ، خانم کلنتۆن قسەى دەکرت ، لەنێو ئامادەبواندا
برادەرێکى ڕۆژنامەنووس هەستاو ووتى، خانم من دەمەوێت لێرەدا کچەکەت
لێَََََََبخوازم داواکاریشم ڕەزامەندى پیشان بدەیت ، خانمى یەکەمى
ئەمریکا ، بەزەردەخەنە و ڕویەکى خۆش و ئاساییەوە وەڵامى کاکى
ڕۆژنامەنووسى دایەوە .
ئیتر ئاسمان نەڕوخا ، ئەو برادەرەش شەق شەقێن و حەسیر مەیانى پێنەکرا ،
پاشانیش لیژنەى ئیغتیالیان بۆ دروست نەکرد و تیرۆریش نەکرا . ئەم خانمە
سەر بە پارتى دیموکراتى ( ئەمریکا ) بوو .
من ئەم دوو ڕوداوە دەبەستمەوە بە کوردستانەوە لە ژێر سایەیى پارتى
دیموکراتى ( کوردستان ) دا .
ئەوەى ئیمڕۆ سەیرى ڕۆژنامە و میدیاکانى کوردستان بکات ( هەمووشیان نە )
لەوە حاڵى دەبێت کە بابەتى جێگەى مشت و مڕى ئەمڕۆ ، بریتیە لە ، ئازادى
ڕۆژنامەگەرى ، وە بڕى ئەو سزایانەى پارتى دیموکراتى ( کوردستان ) لە
دادگا لە میدیاکان و نوسەران و ڕۆژمانەنووسان داواى دەکات . بەهانەى
پارتى دیموکراتى ( کوردستان ) بۆ ئەم کارەشى ئەوەیە ، کە ئەم برادەرانە
زیانیان بە سومعەى پارتى دیموکرات گەیاندوە ، یانى ڕوخسارێکى باشى
پارتیان نیشان نەداوە. من نازانم ئەم میدیایان کامە بەڵگەى نهێنیان
ئاشکراکردوە ، کامە نهێنیان درکاندوە ، مەگەر خەڵکى کوردستان شاهیدى
کارو کردەوە و مێژووى پارتى دیموکراتى ( کوردستان ) نین ؟؟؟. کامە
سومعەى پارتیە تا لەکەدار بکرێت ، بۆ شوێن ماوە بۆ لەکە ؟!!.
سەیرە لەسایەى حکومەتەکەى پارتى دیموکراتى ( کوردستان ) دا پڕۆژە
یاسایەک خۆى ئامادەى دەکات و خۆى دەنگى پێئەدات و خۆشى ئیمزاى ئەکات .
کەچى جێبەجێى ناکات . باشە پارتى ئەوەندە لە مێژوو و ڕابردوو و ئێستا و
کار و کردەوەکانى دەترسێت ، وا تۆڕێکى ئەوەندە گەورەى هاویشتوە و
دەیەوێت دەریاکە تاق بڕاو بکات ، هەموو میدیا و نوسەر و ڕۆژنامە نووسە
موخالیفەکانى خۆى بچنێتەوە ؟؟!!.
کاتێک هاوڕێیەکى ڕۆژنامەنووسى ئێمە خەونى دیبوو . لە خەونەکەیدا خەیاڵى
کردبوو ، کە کچى خانمى یەکەمى هەرێم بخوازێت . ئیتر نە لە ژیانیدا
خانمى یەکەمى دیبوو نە خاتونى کچیشى ، تەنها لە خەونیدا خەیاڵى کردبوو
. بۆیە پاش بێدارهاتنەوەى تەنها دووکات ژمێر مۆڵەتى هەناسەدانیان پێ
عەتا کرد ، ] ئەم خانمە سەر بە پارتى دیموکراتى ( کوردستان)ە[ . ئیتر
ناودەمیان وەک عەمبارى کڵاشینکۆف بۆ پڕکرد لە گوولە . بە بەهانەى ئەوەى
چۆن زاتى کردوە لە خەویدا خەیاڵى وابکات .
باشە ئەگەر پارتى دیموکراتى ( کوردستان ) لە جیاتى پارتى دیموکراتى (
ئەمریکا ) حاکم بوایە ، دەبوو چارەنوسى چۆمسکى چی بوایە ؟ ، دەبوو
چارەنووسى ئەو داماوانەى زاتیان کردوە سەدان هەزار بەڵگەنامەى نهێنی
بڵاوبکەنەوە چى بوایە ؟؟ . پارتى دیموکراتى (ئەمریکا) کە پەرچەمى کەرى
بەرزکردۆتەوە ، بڵێى بەقەد ئەو کەرە فامیان هەبێت و لە ترسناکى ئەو
کارە تێنەگەن .
ئەى باشە ئەگەر درک بەوە دەکەن بۆ دێڵن ئەو پێگە ئەلکترۆنیە ( ئەو
میدیایە ) بەردەوام بێت لە کارەکانى ، وە سەرەڕاى ئەوەش بەنیازبێت
بەڵگەنامەى نهێنى تر ئاشکرا بکات . ئەى بۆ ڕێگە ئەدەن ئەو برادەرانە
ئاوا بەبەرچاویانەوە بێن و بچن !!. منیش تێناگەم بەڕاستى سەیرە !!؟ .
باشە ئەو ڕۆژنامەنووسەى بەبەرچاوى هەموو دونیاوە داواى کچى خانمى
یەکەمى ئەمریکاى کرد ، دەبوو نەگبەتە چارەنووسى چیبێت !!!؟؟. ئەى بۆ
چاوێک لە ئێمە ناکەن و دەرسێک وەرناگرن ، پارتى دیموکراتى ( کوردستان )
کە پەرچەمى داڵى بەرزکردۆتەوە ، چاوى هەرکەسێک هەڵدەکۆڵێت ، کە بەچاوى
گومانەوە بڕوانێتە مێژوو و خەبات و ئێستا و کارو کردەوەکانى پارتى و
بارزانى .
باشە ئەى ئێمە چى بکەین ئەگەر ڕۆژێک بەڵگەنامەیەکمان دەست کەوت ،
یەکسەر بیسوتێنین ، چونکە پەیامى مەرگە ؟. باشە دەبێت مەفهومى پارتى
دیموکراتى ( کوردسات – ئەمریکا ) لە چیەوە وەرگیرابێت ، چۆن
دیاریکرابیت ؟ پشت بەکان دیموکراتى و فەلسەفە و بنەما دەبەستێت ؟؟؟ .
خۆ ئەگەر پارتى دیموکراتى کوردستان حاکم بوایە ، بەدڵنیاییەوە جیهان
ئیشتا جیهانێکى تربوو .
nyakamil@hotmail.com
http://nyakamil.blogfa.com
|