٩\٦\٢٠١٣
ئەگەر تۆ سەرۆکی
ھەرێم بی؟

بەنگینە پیرۆت نوری
بۆ قسەکردن لەسەر دواین پرس لە ھەرێمی کوردستان"دەستوور و دەسەڵاتەکانی
سەرۆکی ھەرێم "ماوەیەکە باس باسی گەڕانەوە و نەگەڕانەوەی دەستوورە بۆ
پەرلەمانی کوردستان،یاسا ناس و لایەنە سیاسیەکان،ڕاگەیاندن و
چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدنی لەگەڵ قسە کردنیان لەسەر دەستوور، کە لایەک
باسی سازانی نیشتمانی و لایەکیش ڕاپرسی و لایەکیش گەڕانەوە بۆ پەرلەمان
بە دوا چارەسەری نیشتمانی دەزانێت.
ئێمە وەک ڕاگەیاندنکار کە لایەنێکی سەرەکی باسکردنی ئەو پرسە چارەنوس
سازەین،ئەرکی ئێمەیە بیرو ڕا جیاوازەکان و بۆچونی ھاوڵاتیان بەڕای گشتی
بگەیەنین،شونکە لەگەڵ پرسی دەستووریش باسی کورسی و پێگە و دەسەڵاتی
سەرۆکی ھەرێمیش دەکەن.
لێرەدا بە پرسیارێک "ئەگەر تۆ سەرۆکی ھەرێمی
کوردستان بیت چیت دەکرد؟"بیر و ڕای ئەو ھاوڵاتیانە بڵاو دەکەینەوە کە
لە تەمەنە جیاوازەکان و کەسانی پیشەی جۆراو جۆر بۆمان دواوون:
"سدیق عەلی" شاعیر و رۆژنامەنوس لەڕانیە
دەڵێ :ئەگەر من سەرۆکی ھەرێم بم بەیانیان لەگەڵ منداڵە ھەژارەکاندا
دەچومە قوتابخانە، لەگەڵ کچە گەنجەکاندا ئایندەم ڕەنگین دەکرد لەگەڵ
کورە لاوەکاندا نیشتمانم لەرۆحمدا ھەڵدەگرت، لەگەڵ برسیەکاندا
پێدەکەنیم، ھەر کەسێک دڵی کەسێکی بریندار کردبا پێم دەگوت ئازاری دڵ
زۆر سەختە برینی رۆح تیمار ناکرێت، ئەوکات دەبومە خەونی بێ خەونەکان،
تەنھا لەگەڵ بێدەرەتانەکان بەربانگم دەشکاند، بەکۆڵانە قوڕاوەکاندا
دەچومە دەوامی خۆم،نەم دەھێشت ژمارەی حیماکانم ئەوەندە زۆر بێت نەزانم
لەکوێ وەستاون.
ئەگەر من سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بام چیم بۆ
وڵات دەکرد! چاوم بە موچەی گشتی ولاتدا دەخشاندەوە جیاوازی کەم و زۆری
موچەی فەرمانبەران و جیاوازی نێوان ھەژار و دەوڵەمەندم کەم دەکردوە و
ھەژارم لەوڵاتدا نەدەھێشت، خوێندنگایەکی تایبەتم بۆ ئەو خوێندکارانەی
ئاستی خوێندنیان لاوازە دەکردەوە، گرنگیم بە خزمەتگوزاریە گشتیەکان
دەدا بەتایبەتی داواکاری لاوان.
"شەوێن پیرۆت" ئەوەشی گوت: گرنگیم بە
ژینگە و پرۆژەی ئاو و ئاوەرۆ دەدا و نەخۆشخانەیەکیشم بۆ ئالوودەبوانی
جگەرە کێشان دەکردەوە.
ھەروەھا لەڕێگەی تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبوک،چەند
وەڵامێکم وەرگرت کە بەم شێوەیە وەڵامیان دامەوە:
"ھەردی شەفیق"ی شاعیر دەڵێ: ماڵی کوردم
رێک دەخستەوە و گەندەڵیم بنەبڕ دەکرد و کۆنترۆڵی جۆریم نەدەھێشت و
کورسیشم لەسەر خۆم تاپۆ نەدەکرد و ھیچ خزمێکی خۆمم لەھیچ پۆستێکی
حکومیدا دانەدەنا و ئەوانەشم دادگای دەکرد کە سلێمانیان خەڵتانی خوێن
کرد.
ھەروەھا دەستوورم ھەموار دەکردەوە،سیستمی ئابوری و بازارم ئەکرد بە
بازاری ئازاد و خورغ کاریم نەدەھێشت،حزب و حکومەتم لێک جیا دەکردەوە،
موچەمەم بەجۆرێک رێک دەخست جیاوازیم تا ڕادەیەک کەم دەکردەوە،ناوی
ناوچە کوریەکانم لەتوری و عەربیەوە دەگۆڕی بۆ ناوی کوردی و لەبری
حزبایەتی کوردایەتیم لەناوچە دابڕێنراوەکاندا پەرە پێدەدا، بودجەیەکی
تایبەتیم بۆ ھەژاران دیاری دەکر،بۆ سیاسەتی دەرەوەش پرسم بە ھەمو
لایەنە سیاسیەکان دەکرد و کۆمەڵێک خەبیری شارەزا لەدەرەوە دەم ھێنا.
لە حاجیاوا "جەبار عەزیز"ی شاعیر پێی
وایە: مرۆڤ ئەوەی لە بێدەسەڵاتیدا دەیڵێت لەئانی دەسەڵاتدا قسە کەی
دەگۆڕێت،بۆیە ھەرگیز ئەوەی ئێستا ھەر یەکەمان بیری لێدەکەینەوە،پێم
وانیە بتوانین لەگەیشتمان بە دەسەڵات بیکەین،من وەک خۆم ھەمیشە ئەوە
بڕوامە یەکەمین و گرنگ ترین کارێک کە بیکەم دادگای کردنی ھەمو ئەوانەی
بەقسەیەک بەشداری شەڕی ناوخۆیان کردوە،دەرکردنی ھەرچی خیانەتکاری
نیشتیمانیە،کە نابێ گۆڕیشیان ھەبێت لەم وڵاتەدا.
لەڕانیەوە رۆژنامەنووس "مەڵبەند غازی" بە
نیوەی وڵاتیش ڕازی نیە و دەڵێ:ئەگەر من سەرۆک بومایە ڕازی نەدەبووم
سەرۆکی نیوەی وڵات بم.
"عەدنان گەردی" لە ھەولێر گوتی:وەکو
سەرۆک بارزانی دەبوم بۆ وڵات و نیشتمان.
"محەمەد ئیبراھیم"یش لەچوارقورنە دەڵێ:
ئەو خەونە قەت نایەتە دی بۆیە من ھەوڵیشی بۆ نادەم،بەڵام پێم باشە ھەر
کەسێک دەبێتە سەرۆکی ھەرێم لەخەمی خەڵکدا بێت،ئەرکەکانی وەک سەرۆکی
ھەرێم جێ بەجێ بکات نەک وەک بازرگانێکی سیاسی بێت میللەتەکەی
بچەوسێنێتەوە.
لە سلێمانیەوە "تەحسین ئەحمەد" نایەوێت
ببێتە سەرۆک و پێی خۆشە ھەر بەشاعیری بمێنیتەوە و دەڵێ:نابمە سەرۆکی
ھەرێم ئەگەر بشمە سەرۆک مەگەر ئەوە خەیاڵ بێت چونکە تەسەور ناکەم ئەو
پۆستە بەخۆمەوە ببینم.
خوێندکارێکی تەمەن ٢٨ ساڵ لە ھەولێر بە ناوی
"لازیا لاز" دەڵێ: ئەگەر من لە جێگەی سەرۆک بومایە گەندەڵی و
کرێچیەتیم لە وڵاتدا نەدەھێشتت، لەو نەوتەی کە دەفرۆشرێت ھەمو کەسێکی
ئەم نیشتمالنە بەشی خۆیم پێدەدا.
"گۆیژە جەبار" چالاکوانی مەدەنی لەرانیە
پێداگری لەوە دەکات کە" ژیانی ھەژار و دەوڵەمەند دەکەم بە یەک قیاس.
لە چوارقورنە "دارا فقێ مستەفا" تەمەن ٢٩
ساڵ و پیشە مامۆستا دەڵێ:ئەگەر سەرۆکی ھەرێم بم کوردستان دەکەمە
وڵاتێکی دامەزراوەیی و ھێزێکی نیشتمانی دروست دەکەم،کە دور بێت لەدەستی
حزب و ھەرچی وێنە و پۆستەری سەرۆکی حزب ھەیە لە دامودەزگاکان دوریان
دەخەمەوە و وڵات دەکەمە خاوەنی دەستوورێک و پەرلەمان ڕۆڵی کارابێت نەک
سەرۆکی ھەرێم.
"کاروان وریا" دەڵێ :ئەگەر من سەرۆکی
ھەرێم بم دەستەبەر کردنی بنەما ئازادیەکان و دیموکراتیەکی ڕاستەقینە کە
خەونی ھەمو مرۆڤێکی کوردە ئەولەویەتی کارەکانم دەبو.
لە چوارقورنە وەرزشکار و یاریزانی نێودەوڵەتی
"ھیمداد عەلی حەسەن" دەڵێ:ھەر لەساتی بونم بە سەرۆک ئامادەکاری
دەکەم بۆ ٢٠ ساڵی ئایندە و یاساکم دەردەکرد نەوە زۆر بخەنەوە،تا ڕێژەی
دانیشتوانی کورد لەگەڵ عەرەب ھاوسەنگ بێتەوە،ھەوڵی جدی دەدەم بۆ
بوژاندنەوەی ژێرخانی وڵات و ئابوریەکی خۆماڵی و بەرنامەیەکی ستراتیژی
توکمەم دادەڕشت،سوپای وڵاتم بەھێز دەکرد و نەم دەھێشت یەک بستێ لەخاکی
نیشتمان وڵاتان دەست درێژی بکەنە سەر،بۆچونی لایەنە سیاسیەکان و ڕەخنەی
ئۆپۆزسیۆن بەھەندم وەردەگرت.
لە چوارقورنە "ئالان ئەحمەد رەسوڵ"
فەرمانبەر و تەمەن ٢٣ ساڵ کە بڕوانامەی دبڵۆمی ھەیە دەڵێ:ئەگەر من
سەرۆکی ھەرێم بم پێش ھەمو شتێک عەدالەتی کۆمەڵایەتیم ئەچەسپاند،چونکە
چارەسەری ھەمو کێشەکانی دەکرد و گەندەڵی بن بڕ دەکرد،ئازادی
ڕۆژنامەگەریم دەستەبەر دەکرد.
"جەنگی ئیسماعیل عەبدوڵا" تەمەن ٢٩ ساڵ
خوێنکاری ماستەر لەسنگ و دڵ، لە شاری پونەی ھیندستانەوە بەم شێوەیە
وەڵامی داینەوە:
من ئەگەر ببم بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان،١- پێش ئەوەی خۆم ھەڵبژێرم چی
سەروەت و سامانم ھەیە ئاشکرای دەکەم،موچەی خۆم بە ڕێژەیەک کەم دەکەمەوە
بەس پێی بژیم لەگەل زیاد کردنی موچە بەشێوەیەک ھەمو کەس بتوانێت پێی
بژیت،٢- زیاتر گرنگی بەبوارەکانی خوێندن و تەندروستی دەدەم،٣-
ھەوڵدەدەم ھەمو تاکێکی ھەرێمەکەم لێم ڕازی بێت، ٤-شەفافەت لەھەمو
دەزگاکان پەرە پێدەدەم،٥-دانانی نوسینگەی تایبەتیم لە ھەمو شارو
شارۆچکەکان بۆ ئەوەی بتوانم بەشێوەیەکی ڕاستەو لەژیانی گەل تێبگەم و
چارەی ئاریشەکانیان بکەم،٦-دەوڵەتی کوردیم ڕادەگەیاند٧-سزادانی
ئەوکەسانەی بەبەڵگە فایلی گەندەڵیان ھەیە. ٨-کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو
-٩جێ بەجێ کردنی ھەر فەرمانێکم لەماوەی دیاریکراودا لەگەڵ جێ بەجێ
کردنی ھەمو ئەو بەڵێنانەی لەکاتی دیاریکراو دا کە داومن.
"ژیلوان موراد" لەچوارقورنە دەڵێ:بێگومان
دەسپێکی کارەکانم بریتی دەبو لەگەڕاندنەوەی دەستوور بۆ پەرلەمان و
ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم،لەیەکەم دەقەی دەست بەکار بونم
ڕام دەگەیاند تەنھا ئەو چوار ساڵە لەپۆستەکەدا دەمێنمەوە،کەمترین
ڕۆژەکانی سەرۆکاتیم لەکۆشکی سەرۆکایەتی بەسەر دەبرد و زۆربەی رۆژەکانم
لەناو خەڵکیدا بەسەر دەبرد بۆ ئەوەی بتوانم لەنزیکەوە ئاگاداری
کێشەکانی ھاوڵاتیان بم.
"ھەرێم فۆنت" دەڵێ: کوردستانم دەکردە یەک
پارێزگا و دەمخستە سەر تورکیا،لەبەر ئەوەی لەوێ خەڵک و حکومەت کاریان
بەسەر ئیشی یەکترەوە نیە ئاسایشی وڵات نەبێ،ھەر لا ئیشی خۆی
دەکات،بەڵام لای خۆمان ھەمومان بەدوا پارەوەین،وام لە کوردستان دەکرد
خەڵکی لەوڵاتان بۆ گەشتیاری بێنە کوردستان.
"شاڵاو عبداللە"لەوڵاتی بەریتانیاوە دەڵێ:ئەو قەیرانەی لەھەرێمی
کوردستان ھاتوتە ئاراوە،بەسازانی نیشتمانی چارەسەرم دەکرد،ھەروەھا
بەشێوەیەک خزمەتی ھاوڵاتیانم دەکردبەخۆپیشاندان خۆیان بانگم بکەنەوە
چوار ساڵی تر سەرۆکیان بم،ھەلی کارم بۆ گەنجان دەرەخساند.
"رۆژین قەرەداغی" گوتی :ئەزانی قەت
پێشبینی ئەو پرسیارەم نەدەکرد چ جای ببمە سەرۆکی ھەرێم،بەھەر حاڵ،سێ
ستراتیژم دەبو و بە سێ ئاراستە ئیشم دەکرد،-١دەستە بەرکردنی داد
پەروەری کۆمەڵایەتی و گەڕانەوەی ناوچە داگیرکراوەکان بۆ سەر ھەرێم،کە
ئەمانە ئامانجی نزیکن.
-٢ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی-٣بە دیموکراتیکردنی سیستمی بەڕێوەبردنی
وڵات.
رۆژنامەنووس "رێباز محەمەد عەلی" لە
ناحیەی ھیرانەوە دەڵێ:ئەگەر من سەرۆکی ھەرێم بم یاسای سزا و پاداشت
دەردەکەم و بەردەوام کۆبونەوە لەگەڵ چین و توێژەکان دەکەم بەتایبەتی
لەگەڵ لاوان،چونکە لاوان بەھۆی بیر و بازویان ئاگاداری دواین
گۆرانکارین و ئایندەی وڵاتیشن.
مامۆستا "ئامانج ئەحمەد حەمەد"
لەچوارقورنە پێی وایە:ئابوری وڵات کارەبا و ڕێگە و بان و بینای متکامل
لەکەرتی تەندروستی و پەروەردە و سیستمی گواستنەوەی پیشکەوتو و کادیری
تەکنۆکرات بۆ تەکاندان بە سەرخستنی پرۆژەکانی نیشتەجێ بوون،لەپاڵ
ئەمانە جێ بەجێ کردنی نیزامی سزا و پاداشت بۆ ھەمو جومگەکانی
بەرێوەبردن،لەڕێگەی سزانی نیشتیمانی دەستوورێکم بۆ وڵات دادەنا ،تا
ڕێگر بێت لە تۆتالیتاریەت.
"بێستون سلێمان" دەڵێ وەڵام دانەوەی وەھا
پرسیارێک قورسە بەڵام ھەر چۆنێک بێت منیش وەک تاکێک ئاوات و ئامانجم
ھەیە بۆ خۆم و بۆ کوردستانیش،ئەگەر من ئەو پۆستە وەربگرم بەپرۆژەی
خزمەتگوزاری رۆحی خۆشەویست کردنی کوردستان لەدڵی لاوەکاندا بە ئینتمای
نیشتیمانی بۆ ناخی تاکەکان دەگیڕمەوە،ھەمو کارێک بە راپرسی لەنێو
گەنجەکاندا بەتایبەتی زانکۆکان ئەنجام دەدەم.
مامۆستا "جەعفەر ھەڵمی" گوتی دەستوورم
دەناردەوە پەرلەمان ھەر ٣٦ حزبەکەم کۆدەکردەوە چیان پێ باشە ئەوەم
دەکرد،لەیەک خول زیاتر خۆم ھەڵنەدەبژاردەوە بۆ ھیچ پۆستێک و لەدەرەوەی
حزب و حکومەت خزمەتی وڵاتم دەکرد و دەبوم بەپشتیوانیەکی قایم بۆ
گەلەکەم و بەپرۆژەی جوانکردنی کوردستان رەق و کینەم لە دڵی خەڵکی
دەردەھێنا و حیسابی خۆم ساف دەکردەوە و سەروەریم بۆ خۆم دەگێرایەوە.
ماڵپەڕی بەنگینە پیرۆت نوری
|