٢۴\٦\٢٠١٠
ئەگەر وەزیری
کارەبا بوومایە..!

شێرزاد عومەر مەحمود
چونکە لە چلەى هاویندا نەمتوانیوە ساتێک لەژێر باى فێنکدا بحەسێمەوە
بەهۆی نەبوونى کارەبا، چونکە شەو تا بەیانى لەنێو چڕە گەرماى تەمموزدا
لەنێو گەرما و شارى پڕ لە مار و مێشوولە لە بێ کارەباییدا رۆژم
کردۆتەوە، چونکە نەخۆشەکەم شەو تا بەیانى لە بێ کارەباییدا ناڵاندوێتى،
چونکە منداڵە ساواکەم لە نیوەڕۆی هاوینى سەختى شارە 14%سەوزەکەم لە بێ
کارەباییدا هەمیشە بێ ئارام بووە، چونکە نەمانتوانیوە لە نیوەڕۆکاندا
لە بێ کارەبایی نانێک بە حەساوەیی بخۆین، چونکە لە بێ کارەبایی ئاوێکى
ساردم لە تەمووزى ئاگریندا چنگ نەکەوتووە لە ماڵ، چونکە لەبەر بێ
کارەبایی ژینگەى شارەکەم وەک کورەخانەى لێهاتووە لەبەر مۆلیدە
ئەهلییەکان، چونکە بەشێکى ژیانى جوانمان بە لێدانەوەى سرکێتە
فیوزکراوەکان دەبەینە سەر، چونکە بڕێک مووچە زیادنەکراوەکانمان دەچێت
بۆ گیرفانى مۆلیدە ئەهلیەکان، چونکە کارەبا بۆ کۆمپانیا و کارگەکانى
بەرپرسەکان هەیە، بەڵام بۆ خەڵکى رەش و رووت و زەحمەتکێش وشکە ساڵیە و
کارەبا بە خشتەیە، چونکە ماڵی بەرپرسەکانمان هەمیشە چراخانە و
گەڕەکەکانى هاووڵاتیانیش وەکو گوندێکى سەردەمى عەباسیەکانە، چونکە و
زۆرچونکەى تر......
لەبەر ئەم هۆیانە ئەگەر وەزیری کارەبا بوومایە یان دەستم لەکار
دەکێشایەوە و یانیش لەپێش پەرلەمان و ئەنجوومەنى وەزیران وەک وەزیرێکى
قارەمان و رۆڵە و هەڵبژێردراوى ئەم میللەتە مانم دەگرت و هەموو حکومەتم
دەهەژاند تا هاوکارم دەبوون لە چاککردنەوەى کارەباى وڵاتەکەم، ئەگەر
وەزیری کارەبا بوومایە لە راپۆرتى مانگانەى وەزارەتەکەم بۆ ئەنجوومەنى
وەزیران دەمنووسی(بڕوخێ حکومەتى بێ کارەبا)، گەر وەزیری کارەبا بوومایە
هەموو پسپۆر و ئەندازیار و زانا و دانا و کادیر و کارمەندەکانى
وەزارەتەکەم مۆڵەت دەدا بۆ یەکجارى بچنە ماڵەوە و ئیفلاسم بە
وەزارەتەکەم دەهێنا و پێشنیارم دەکرد بۆ حکومەتەکەم کە وەزارەتەکەم
بکرێتە(وەزارەتى مۆلیدەکان)، گەر وەزیری کارەبا بوومایە بەخۆم و
دارودەستەکەم دەچوومە سەر ماڵە بەرپرسەکان و ئەو ماڵانەى کارەباى
حکومیان لێم دزیوە و دەمدانە میدیاکان و سکاڵام دژیان تۆمار دەکرد،
چونکە ئەم رەفتارانە وەزارەتەکەم سووک دەکەن، ئەگەر وەزیری کارەبا
بوومایە دواى دوو مانگى تر، شەش مانگ و ساڵێک و چوار ساڵی تر بەڵێنم
پێتان نەدەدا کارەبا بە یەکجارى چاک دەبێت، راستیەکەم نەدەشاردەوە
ئەوەندەش بەڵێنى بێ بنەمام نەدەدا بۆ ئەوەى پێگەکەم لەق نەبێت، ئەگەر
وەزیری کارەبا بوومایە لە بری دەرکردنى گۆڤارێک و چێکردنى ماڵپەڕێک بۆ
وەزارەتەکەم ئەم خەرجییە زۆرەم بەهەدەر نەدەدا، بەڵکوو چرا و لامپا و
فانۆسم بەدیارى بۆ ماڵە هەژارە بێ کارەباکانى شارە گوناهەکەم دەبرد،
ئەگەر وەزیری کارەبا بوومایە بە کارەبا خۆم دەکوشت، بۆ ئەوەى
حکومەتەکەم وشیاربێتەوە لەوەى کە ئیتر بەسە تاکەى میللەت
هەڵدەخەڵەتێنرێ، ئەگەر حکومەتێک لەماوەى 17 ساڵ کارەباى یەک دوو شارى
پێ دابین نەکرێت، ئەى چۆن دەتوانێ مافەکانى هاووڵاتیان دەستەبەر بکات و
چارەنووسی نەتەوەیەک لەئەستۆ بگرێت؟ ئەگەر حکومەتێک بتوانێ پڕۆژەیەکى
گەورەى بازرگانى کە گەورەتربێت لە پڕۆژەکانى کارەبا بە ماوەى کەمتر لە
ساڵێک جێبەجێ بکات و نەتوانێ کێشەى کارەبا چارەسەر بکات ئەو حکومەتە
نەبێت باشترە..؟!
بەرپرسە حکومیەکانى ئێمە چونکە پێشتر لە بێ کارەبایی شاخدا ژیاون و لە
زیندانەکانى رژێمیش هەمیشە بە کارەبا ئەشکەنجە دراون، بۆیە ئەوە حەڤدە
ساڵ دەبێت دژایەتى سەرسەختى کارەبا دەکەن و ناخوازن گرفتى کارەبا چاک
بکەن، بۆیە نامەوێ وەزیری کارەبا بم، چونکە بەرگەى شەرمەزاربوونى تاکە
کەسێک ناگرم، چ جاى ملیۆنەها کەس، بۆیە نامەوێ وەزیری کارەبا بم، چونکە
لەبەر 17 ساڵ بێ کارەبایی وا خەریکە ئێمەش دەبینە دوژمنى کارەبا، بۆیە
هەرگیز ئەو پۆستەم قەبوڵ نییە، چونکە بەساى منەوە ئەمنى قەومى دەکەوێتە
بەر مەترسی و هەڕەشە.
کرێکارە بەنگلادیشییەکانى هەولێریش کە تازە هاتبوونە کوردستان پێیان
سەیر بوو کارەباکەمان بەو چەشنەیە، بۆیە دەیانگوت: ئەوە چییە کارەباى
ئێمە لە کارەباکەى ئێوە زۆر چاکترە و نازانین کارەبا بڕان چییە، بۆیە
نامەوێ ببمە وەزیری کارەبا، چونکە نامەوێ ببمە بنێشتە خۆشەى سەر زارى
خەڵک، بەڵام بۆ یەک کاتژمێریش ئەگەر بکرێم بە وەزیری کارەبا ئەوا دەست
لەکار دەکێشمەوە..!!
s4632628@gmail.com
|