په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٩\٢٠١٣

ئەگەر کاندیدەکان نوێنەری خەڵکن، هەق وایە هەموو وازبێنن!

تاهیر حەسەن      


هەر چوار سال جارێک بۆ ماوەی مانگێک یان زیاتر، کۆمەڵگا دەخرێتە نێو بارودۆخێکی تەواو ناشیرینەوە، بارودۆخێک کە هۆکار لێی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانە بۆ پەرلەمان، دەبیتە جەنجاڵیەکی دروستکراو بۆسەر ژیانی ئاسایی کۆمەڵگا.


من تا ئێستا چەند بابەتم نوسیوە لەسەر مەسەلەی بونی پەرلەمان و واخستنە پێش چاوی کۆمەڵگا، کە ئەو جێگایە تەنها جێگایەکە بۆ دەستخستنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و دیارخستنی ئەو ناڕێکیانەی کە حکومەت دەیکات بە دژی کۆمەڵگا. لای من پەرلەمان ئەو جێگایەیە، کە خواستە جەماوەریەکان نەک چارەسەر ناکات، بەڵکو تا ڕادەی قوڵکردنەوە و شکست پێخواردنی خواستە جەماوەریەکان بۆخۆی لەکار دایە، چونکە گەر پەرلەمان ئەو ناوەندە بێت بۆ داڕشتنی یاساکان و چاودێر بەسەر ئەرک و کاری حکومەتەوە(حکومەت یانی دەسەڵات)، ئەو کات دەبوا بیتوانیایە لەم چەند خولەی کە بونی هەبوە، کارێک و دەست کەوتێکی وای بنیات بنایە، کە کۆمەڵگاو دەسەڵاتیشی بەرەو ئاقاری گۆڕانکاری ڕیشەیی ببردایە. بەپێچەوانەی ئەم دیدەوە، خودی سەرۆک پەرلەمان و ئەندامەکانیشی کە هەریەکە و لە ئەسڵدا نوێنەری حیزبەکەیەتی، بوون بە ژێر دەستەی ئەو حکومەتەی کە بە حیساب ئەم چاودێری ئەرک و هەڵسوڕانەکانی بکات. لێرەدایە، کە چیتر پەرلەمان ئەو جێگایە نیە بۆ چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگا، هێندەی بوە بەو جێگایەی کە ئەندام پەرلەمان کە پێشتر کاندیدا بوە و، لە نێو خەڵکەوە، چوتە نێو هۆڵی پەرلەمان و ئیتر لە وێدا گەر بەرەی ئۆپۆزیسۆنیش بونی هەبێت، تەنها لە بۆڵە بۆڵ زیاتر، چیتر نەیانتانیوە کارێکی باشتر جێبەجێ بکەن کە لە بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگاو خەڵکی هەژار کراو بوبێت.


خودی ئەو کاسایەتیانەی تا پێش هەڵبژاردن لە بانگەشەدان بۆخۆیان و حیزبەکانیان، بەردەوام لە نێو جەماوەردان و بە شوێن سواڵی دەنگەوەن، کاتێکیش دەردەچن و گەشتنە هۆڵی نا پیرۆزی پەرلەمان، ئیتر ئەوان لە کەسانی سادەی ناو کۆمەڵگاوە دەبن بە مرۆڤ گەلێک تەنها لە نێو تیڤیەکانەوە دەبینرێن، خەڵکیش مەگەر بڵێت ئەم نانە بەو ڕۆنە. ئەدای ئەو پەرلەمان تارانە، گەر بهاتبایەو نوێنەری خەڵکی کوەردستان بونایە، هیچ کات قبوڵی ئەو دوو ڕوویەیان نەدەکرد، کاتێک وەک کەسایەتیەکی سادەن، پێش چونە پەرلەمان و دواتر دەبن بە خاوەنی ڤێلا و پاسەوانی شەخسی و سەیارە و خاوەن دەفتەرە دۆلار، ئینجا دەشڵێن ئەو پارەیەی مانگانە وەری دەگرین بەشمان ناکات، چونکە هێندە سەرقاڵن بەڕێ کردنی ئەو میوانە پەرلەمانتارانەی دیکەی وڵاتانی جیهان کە دێن بۆ سەردانی کردنیان. ئاخر گەر وانەبوایە، دەبوا ئاستی پەروەردەی خۆتان بگۆڕیایە، پێش ئەوەی بیر لە گۆڕانی پەروەردەی باوی کۆمەڵگا بکەنەوە. ببینن، دەرئەنجامی بانگەشەی هەوڵبژاردنی ئەندام پەرلەمان، چ ئاڵۆزیەکتان دروست کردوە بە ڕۆژ و بە شەو، بێجگە لەوەی کە بێزاریتان دروست کردوە لە نێو ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگادا، هەر بە بۆنەی ئێوەشەوەیە کە تا ئیستا چەند کەس کوژراون و بریندار کراون، لە ڕێگەی کەسانێکی نادیارەوە کە تەقە دەکەن بەسەر لایەنگرانی نەیارانی خۆیاندا؟ ئاخر ئەمە لە پای چی؟ ئاخۆ ئێوە گرنگن یان مرۆڤێک کە بێ ئەوەی بخوازێت بەبۆنەی بانگەشەتانەوە دەکوژرێت و کۆتای بە ژیانی دەهێنرێت؟ ئاخۆ گەر ئێوە هەموتان نوێنەری خەڵکن، بۆچی شەقێک هەڵنادەن لەو نوێنەرایەتی کردنەتان و بگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگا. بۆچی قبوڵی دەکەن لە حیزبەکانتان کە تەقە بکات بەسەر لایەنگرانی نەیارەکانیدا؟ کوامەیە ئەو پەروەردە نوێیەی کە لە ڕێگەی ئێوەی پەرلەمانتارەوە، تا بیگەیەنە کۆمەڵگا و حیزبەکانتان؟ ئاخۆ مافی خۆم نیە جارێکی تر پێتان بڵێمەوە؛ کە ئێوە نوێنەری حیزبن و هیچ کات نوێنەری کۆمەڵگا و بەرەی ئازادیخواز نین لە کۆمەڵگادا؟ ئاخۆ کام کاندیدا هەیە، لە خۆی پرسی بێتەوە، کە بەهای مرۆڤێک گرنگە یان، بانگەشەیەک کە ئیستیفزاز و فەوزا دروست کردن بە شوێن خۆیدا بهێنێت؟


خەڵکی کوردستان ماوەی ٢٣ ساڵە گیرۆدەی دەستی هەراج کردنی کەسایەتی تاکی کۆمەڵگا کراوە لە ڕێگەی خودی حیزبە حاکم و دەسەڵاتدارەکانەوە، خودی پەروەردەیەکی وا هەر هاو شێوەی ئەو پەروەردە دیکتاتۆریانەیە کە وڵاتانی ڕۆژهەڵات پێیدا گوزەر دەکەن، دروست کردنی پەرلەمانیش هەر لە ساڵی ١٩٩٢ەوە تا ئێستا گەر هەر چوار ساڵ جارێک نەبوبێتە مایەی هێنانی خەم بۆ سەر چەندین خێزان، ئەوا نەش بوە بەو جێگایەی کە بتوانێت سەربکەوێت بەسەر ئایدۆلۆژیای حیزبەکاندا و بتوانێت ببێتە ئەو مەیدانەی کە هەنگاوەکان بەرەو ئاراستەی بە مەدەنی کردنی زیاتری کۆمەڵگا بێت. بۆیە لای من ئێوە گەر هەڵوێستێکی جدیتان نەبێت لە بەرانبەر خودی پارتەکانتاندا، ئەوا ئێوەش لە خودی پارتەکانتان تاوانبار ترن، چونکە ئەوانەی تەقە دەکەن، هەر لە نێو حیزبەکاندان و سەر بە بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنن. خۆ ناکرێت بڵێین ئەو تەقە کەرانە لەو دیو سنورەکانەوە هاتوون و دەستێکی دەرەکی دەیەوێت ئەو هەلومەرجە پڕ لە دیموکراسیەت و عەدالەتیە تێک بدات کە ماوەی زیاد لە دوو دەیەیە کاری بۆ دەکرێت!


خودی دەسەڵاتداران و تەواوی ئەو فەرهەنگەی هەڵگرین، بریتیە لە یەکتر سڕینەوە و سەپاندنی خود بە زەبری هێز، هەر هەموو نوێنەرایەتی کەلتورێک دەکەن، کە کەس ئەوی تری لە خۆی پێ باشتر نیە. ئەم فەرهەنگ و کەلتورە، تەنها لە نێو خودی ئەو هەلومەرجانەدایە، کە کۆمەڵگا وەک خودی خۆی خاوەن ئەو ئیرادە سیاسیە نیە کە بتوانێت ئەم تەحەکوم بە حیزبەکانەوە بکات، نەک حیزبەکان تەحەکوم بە کۆمەڵگاوە بکەن و بیکەن بە کۆیلەی خۆی. گەر وانەبوایە، خەڵکی کوردستان قبوڵی ئەم تێکڕا مافیاو پیاو خراپانەی نەدەکرد، کە ئێستا هەموی بوە بە فریشتە و دەیەوێت کۆمەڵگا بخاتە ژێر دەستی خۆیەوە.گەر ئێوەی کاندید، نوێنەری خەڵکن، وەرن پێکەوە هەر هەموتان لە پایتەخت کۆ ببنەوە و خۆپیشاندانێک ڕێک بخەن بە دژی ئەو کەلتورەی کە حیزب زاڵی کردوە بەسەر ئێوەش و کۆمەڵگادا، و بڕۆن بە هەموتانەوە داوای لێبوردن لە کەس و کاری کوژرا و بریندارەکان بکەن، چونکە گەر شایی و لۆغانی ئێوە نەبوایە، ئەوا ئەو مرۆڤانەش نەدەکوژران!!!!


١٣\٩\٢٠١٣
ماڵپه‌ڕی تاهیر حه‌سه‌ن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک