په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١٠\٢٠٢٠

ئەهریمەنەکە لە وردەکارییەکاندایە.


ئەرسەلان مەحمود  


هێما نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، ئەوانەن لەبەڕێوەبردن و ڕێبەرایەتی كردندا خاوەنی ئایدیای داهێنەرانەو هێزی هزری مرۆییانەی كاریگەرن بەسەر كەسانی تر لەكۆمەڵگەیەكی دیاریكراودا، نەك ئەوانەی بەهۆی هێزو هزری خێڵەكیانەو جیهازی بیرۆكراتی و سەپاندنی دیسپلینێكی توندی تایبەتەوە دەیانەوێ‌ یا دەخوازرێ‌ واوێنا بكرێن و بچەسپێندرێن لەزیهنیەتی خەڵكیدا.

لەمێژوودا هیچ هێماو كاریزمییەكی نەتەوەیی و نیشتمانی گەلپەسند نادۆزیتەوە هێزو مەزنی شكۆدارانەی خۆی لەسیستمە یاسایی و شەرعی و عورفیەكانەوە وەرگرتبێت، بەڵكە ئەوە توانای كێشكردنی خودی و بلیمەتیە خودییەكەیە وەها هێمایەكی خوڵقاندووە، ئەمە نەهەر لەبواری كارگێڕی و سیاسی و پێشەڕەوایەتیكردنەکەدا، بگرە لەبوارە كۆمەڵایەتی و ئاینی و فكری و ماریفی و زانستیەكانیشدا هەر وایەو تەنها‌ لەڕێگە بەبنەماو مانا قوڵە مرۆییەکانەوە سیفاتە كاریزمیەكان لەخۆدا كۆ کراونەتەوە، نەك لەڕێگەی كەویكردنی خەڵك بەهۆی سامانی دزراو، یان ئابوری بزرو بێزراو، یان هەیمەنە پێكردنی نەرێتگەرایی كوێرانەی مەزهەبی و قەومی و سەپاندنی هێزی یاسایی و عورفی‌.

بەنمونە: هەمووان یان زۆرینەی ڕەها "گاندی" بەهۆی ڕۆشناییە مرۆییەكەی و سەرنجڕاكێشیی بیرو باوەڕو پەیام و بەڵێنەكانی وەك كاریزما قبوڵ دەكەن، بەڵام كاتێك بابەتەكە دێتە سەر جەنەڕاڵ دیگۆل لەفەڕەنسا یان هیتلەر لەئەڵمانیا، یان سەددام لەعیراق و... تاد بێگومان مومكین نییە هەمووان یا زۆرینەی ڕەها لەخۆیانداو گەلانی تر ئەمانە وەك كاریزما پەسەند بكەن، چونكە ئەمانە خودی ئەو هێزەی هەیانبووە بەبنەما لەماناو بنەما مرۆییە داهێنەرانە سروشتییەكانەوە سەرچاوەیان نەگرتووە، بەڵكە پشت بەستوو بوون بەهێزو دەسەڵاتی ترادیشناڵی یان یاسایی و عورفی و چەک یان لەڕێگەی زەبرو زەنگ و هەیمەنە پێكردنی هزری ترس و تۆقاندنەوە ئەو ڕەمزەتەیان بەدەست هێناوە.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هەروەك ئەوەی ماكس فێبەر دەڵێ‌ "مەرج نییە كەسایەتی كاریزمی هەمیشەو بۆ هەتاهەتایە هەر بەكاریزما بمێنێتەوە" تا هەبێ‌ و بیەوێ‌ بەیاسا ڕێگری لەوە بكات قسەیان لەسەر بكرێ‌ و بخرێنە ژێر پرسیارو ساتیرەوە، بەڵكە دەشێت ماوەی هێماو كەسێتییە كاریزمییەكان زۆر كورت یان درێژ بێت، ئیدی بەرۆیشتنی زەمەن و رۆژگارو هۆكاری دی بۆی هەیە ئەو هێماو كاریزمییەتە كاڵ ببنەوەو نەمێنێت، هێماو كاریزمییە مرۆییە گەلپەسندو هەمیشەییەكان ئەوانەن لەسەردەمی خۆیانداو دواتریش لەڕێگەی هزرو ئایدیاكانیانەوە بەردەوام بانگەشەی دادپەروەری و یەكسانی مرۆیی كردبێ‌ و بكرێت، ئەمە بەزۆر یان بەیاسا ناچەسپێت، ئەوەی لەسەردەمەكانی پێشوودا كاریزمی بوو لەم سەردەمەدا كاریزمی نییە، یان ئەوەی لەزێدو نیشتمانی تۆدا كاریزمییە لەشوێنێكی ترو لەكۆمەڵگەیەكی تردا كاریزمی نییە، تەنانەت لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا بەهۆی ئەوەی هەموو چەمكەكان بەهای واتایی جارانی خۆیان لەدەستداوەو ئەوەی بەلای تۆوە وەك تاك باشە یان خۆشە یان جوانە یان گرینگە مەرج نییە لەدیدی تاكێكی تردا ئەگەر هاوزمان و نەتەوەشت بێت هەمان ئەم پێوەرو ماناو بەهایانەیان هەبێت. ئەمە بۆ مەسەلەی كارێزماو هێما نەتەوەیی و نیشتمانییەكان تەنانەت لەسەر ئاستەكانی تاكیش هەر ڕاستە، یانی بابەتەكە پتر ڕێژەییەو هەڵەیەكی كوشندەیە پاڵپشت بەهێزە عورفی و كۆمەڵایەتی و سیاسی و یاساییەكان بسەپێندرێت، لەوەها سەپاندنێكدا دەسەڵات و حكومەت بەرەو ملهوڕی دەباو دەستكراوەی دەكات لەخنكاندنی ئازادی و لێدان لەبەهای ئازادییەكان.

لەڕاستیشدا هێما یا كاریزمییە نەتەوەیی و نیشتمانی و ئاینی و ...تاد ئەگەر بەحەق و لەحەقیقەتدا هێماو كاریزمی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئاینی و...تاد بن، یانی ئەگەر لەهێزی زاتی و بابەتیبونیانەوە وەها شكۆمەندییەكیان پێبڕابێ‌، نەپێویستیان بەوە هەیە بەیاسا بەرگری لەمانەوەی ناوبانگ و شكۆمەندییان بكرێ‌، نەك تاك و خەڵكانێكیش دەبن سوكایەتییان پێبكەن، لەبەر ئەوە ئامانج لەوەها یاسا ڕێژكراییەكی كۆمەڵكە بەنمونە پێدانی ژمارەی سپاردن یا گەڵاڵە كردنی پڕۆژە یاسای هێما نیشتمانییەكان، لەبنەمادا بۆ لەقاودانی ئازادییەكان و لێدانە لەبەهای ئازادییەكان، چونكە شەیتانەكە لەتەفاسیلدایە.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک