١١\٧\٢٠١٣
ئەکتەری
ناوداری ئەمەریکی شارۆن ستۆن و بەھمەن قوبادی سەردانی ھەڵەبجەیان کرد.
مەنسوور جیهانی
خانمە ئەکتەری ناوداری ئەمەریکی شارۆن ستۆن و سینەماکاری کورد بەھمەن
قوبادی سەردانی شارەکانی ھەڵەبجە و کەرکووکیان کرد.
 ئەکتەری
ناوداری ئەمەریکی خاتوو "شارۆن ستۆن" Sharon Stone
بە ھاوڕێیەتی لەگەڵ سینەماکاری بەئەزموونی کورد بەھمەن قوبادی سەردانی
شارەکانی ھەڵەبجە و کەرکووکیان کرد و لە نزیکەوە زۆربەی شوێنەکانی ئەو
دوو شارەی کوردستانیان بینی.
شارۆن ستۆن دوای بینینی ھەڵەبجە و کەرکووک، ھەرێمی کوردستانی بەجێھێشت
و ئێستاکە بەھمەن قوبادی سەرقاڵی پڕۆژەیەکی نوێیە کە لە شارەکانی
بەغداد و نیۆیۆڕک و بەشێکیشی لە شاری ھەڵەبجە وێنەدەگیرێت.
شارۆن ستۆن چەند ساڵ پێش ئێستا بۆ ماوەی چەند ڕۆژ لە شاری تاران میوانی
سینەماکاری کورد بەھمەن قوبادی بوو. ئەم دوو ھونەرمەندە و ھەروەھا ٦
کەسایەتی دیکە لێژنەی نێودەوڵەتی دژە مین پێکدێنن و تاکوو ئێستا لە
چەندین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی دژە مین لە ئاستی دنیادا بەشداریان
کردووە.
ئەم ڕۆژانە بەھمەن قوبادی لە شارەکانی بەغداد و نیۆیۆڕک سەرقاڵی
بەڕێوەبردنی پڕۆژەکانییەتی.
شارۆن ستۆن ساڵی ٢٠٠٧ لە میانەی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی سینەمای
حەقیقەت "سینەما وێریتێ" Cinema Verite
فیلمی "کیسەڵەکانیش دەفڕن" لە دەرھێنانی بەھمەن قوبادی بە ھۆگرانی
سینەما ناساند و فیلمەکە بە ئامادەبوونی پاشا و بنەماڵەی سەلتەنەتی و
ژمارەیەکی زۆر لە پەیامنێرانی دنیا لە مۆناکۆ لە فەڕەنسا نمایشکرا.
ستۆن سەبارەت بە فیلمی سینەمایی "کیسەڵەکانیش دەفڕن" گووتی: ئەم فیلمە
زۆر جوان سازکراوە و لە دەرھێنەرێکی بلیمەت و بێ وێنەیە کە نە تەنیا
یەکێک لە بەھێزترین فیلمەکانە لە بواری شەڕ و بێرەحمیدا، بەڵکوو
نیشاندەری بەھرە دەروونییەکانە کە ھەر مرۆڤێک لە کاتی شەڕ لە خۆیدا
دەیبینێتەوە. ئەم فیلمە بنەما و پێکھاتەیەکی بەھێزی ھەیە و ئەم فیلمە
یەکێکە لە سەرکەوتووترین و سەرسوورھێنەرترینی ئەو فیلمانەی کە لە
ساڵانی دواییدا بینیومە.
شارۆن ستۆن ڕۆژی ١٠ی مارسی ١٩٥٨ لە شاری میدویل پێنسیلوانیا لە
ئەمەریکا لە دایک بووە، دووھەمین منداڵی بنەماڵەیە و برایەک لە خۆی
گەورەتر و دوو خوشکی چکۆلەی ھەیە. لە نەوەدەکاندا وەکوو قوتابییەکی
خوڵقێنەر لە بواری نووسیندا لە زانکۆی ئێدینبۆڕۆی پێنسیلوانیا
بوورسییەی وەرگرت و بە پلەیەکی زۆر باش دەرچوو.
سەرەتا وەکوو شاجوان سەرکەوتنی بەدەستنەھێنا ھەر بەم ھۆیەوە بە شوێن
ھونەری مانکەنیدا ڕۆیی و بووە مانکەنی ڕیکلامی کۆمپانیای فۆڕدی
ئەمەریکی کە بووە ھۆی ئەوەی کە بۆ یەکەمین جار بچێتە پێش کامێڕا و لە
نێوان خەڵکیدا بناسرێت.
ستۆن بۆ یەکەمین جار لە فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی خۆش خەیاڵی"ـدا
لە دەرھێنانی سینەماکاری ناوداری جیھان ۆودی ئالێن لە ساڵی ١٩٨٠ ڕۆڵی
بینی و لە دواییدا لە کۆمەڵێک فیلمی دیکە وەکوو ئەکتەر ڕۆڵی بینی.
ئەم ئەکتەرە زیاتر بە بۆنەی رۆڵ بینین لە فیلمی سینەمایی "غەریزەی
سەرەکی" لە ساڵی ١٩٩٢ لە دەرھێنانی مایکێڵ کیتۆن ناسراو و بووە یەکێک
لە ئەستێرەکانی ھۆلیڤوود.
شارۆن ستۆن تا ئێستا لە فیلم گەلی زۆر، ھونەری خۆی نواندووە و لە
فیستیڤاڵی جۆراوجۆر لە ئاستی دنیادا خەڵاتی گرینگ و بەنرخی
بەدەستھێناوە.
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|