٢٤\٧\٢٠١٤
عەلەوییەکان
باوەڕیان بە چی هەیە؟

رێبوار
عەلەوییەتی
چییە؟؟ عەلەوییەتی لە دوای مەزهەبی سوننە لە تورکیا دووەمین بیروباوەری
ئیسلامییە، ئەهلی سوننە گرێدراوی خوا و شەریعەتی پێغەمبەرەی ئیسلام و
خەلیفە و ئەسحابەکان و حەدیسەکانە بەڵام عەلەوییەکان گرێدراوی خوا و
پێغەمبەر و ئیمام عەلی و ئەهلی بەیتن لەگەڵ ١٢ ئیمامەکەی کە ئەمانەن (ئیمامی
عەلی.. ئیمامی حەسەن.. ئیمامی حوسەین.. ئیمام زەینەل عابدین.. ئیمام
محەمەد باقر.. ئیمام جەعفەری سادق.. ئیمام موسای کازم.. ئیمام عەلی
رەزا.. ئیمام محەمەد تاقی.. ئیمام عەلی ئەلنەقی.. ئیمام حەسەن
ئەلعەسکەری و ئیمام محەمەد مەهدی) لە ناو خودی عەلەوییەتیدا تەریقەتی
جیاواز هەیە، یەکێک لەو ڕێبازەی کە لایەنگرێکی زۆری هەیە لە ناو
عەلەوییەکاندا بەکتاشییە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەکتاشی بە تەریقەت
ناوزەند کراوە بە هەموو عەلەوییەت لە قەڵەم نادرێت.
باوەڕی بنگەیی عەلەوییەتی چییە؟؟ ێبازی عەلەوییەتی پابەند بوونە بە خوا
و محەمەد و عەلی و ئەهلی بەیت و ١٢ ئیمامەکەیان لە هەمان کاتدا شەریکە
بەشی ڕێبازی شیعەشن، ئەوەی پێویستە سەرنجی لێبدرێت بوونی باوەڕەکەیانە،
عەلەویی باوەڕیان وایە کە خودا لە ناو هەموو بەشێکی گەردوون دایە بە
مرۆڤیشەوە، پێیان وایە کە مرۆڤ لە ڕێگای ترسەوە نا بەڵکو دەبێت لە
ڕێگای خۆشەویستییەوە لە خوا نزیک ببێتەوە هەر بۆیە خولیایەکی زۆریان
هەیە بۆ خۆشەویستیی و نرخی مرۆڤایەتی، عەلەوییەکان بە شێوە و قەوارە لە
قورعان ناڕوانن بەڵکو بە ناوەڕۆکی مەعنەوی لێی نزیک دەبنەوە هەر بۆیە
بە خۆیان دەڵێن کە ڕیبازێکی تەسەوەفییە بۆ کامڵبونی ئاستی روح لە
مرۆڤدا، عەلەوییەکان پێیان وایە خوا هەموو خۆشەویستییەکی خۆی بە مرۆڤ
بەخشیوە هەر بۆیە خۆشەویستیی مرۆڤ لە ناویاندا بە بنچینە دەگیردرێت،
عەلەوییەکان لە چوارچێوەی خواپەرەستییدا ژن و پیاو لە یەک جیاناکەنەوە
پێیان وایە دەبێت مرۆڤ بە زمان و کولتوور و سەما و مۆسیقای خۆی چۆنی
بووێت خواپەرستیی بکات نەک یاسا و ڕێسایەکی تایبەتی بۆ دیار بکرێت
چونکە خودی مرۆڤ لە ناخیدا ئازادە و چۆنی بووێت دەتوانێت پردی نیوان
خۆی و خوای خۆی دروست بکات.
عیبادەت لەناو عەلەوییەکاندا.
عەلەوییەکان
باوەڕیان بەیەک خوا هەیە هەروەها محەمەد بە پێغەمبەر دەزانن و ئیمامی
عەلی بە ئیمامیان و بە خەلیفەی پێغەمبەر دەزانن، عەلەوییەکان خواپەرستی
خۆیان لە شوێنێک دەکەن کە پێی دەڵێن (جەم) ئەو ٣ ڕۆژەی ڕۆژانی
لەیلەتولقەدر بە یەکەوە دەبەستێت بەڕۆژو دەبن هەروەها ٣ ڕۆژ ڕۆژوی پاکو
بێگەردی بۆ مرۆڤ دەگرن، لە مانگی موحەرەمدا ١٢ ڕۆژ بەڕۆژو دەبن، لەدوای
مانگی موحەرەمیش ٣ ڕۆژ بەڕۆژو دەبن کە پێی دەڵێن ڕۆژی خزر، عەلەوییەکان
لەناو خۆیاندا بونەتە چەند بەشێک کە هەریەکەیان بەشێوازێک پێشەوایەتی
ئەم ڕێباز و فەلسەفەیە دەکات، بۆنمونە ئەوانەی خۆبەخشانە لەپێناو ئەم
ڕێیەدا خواپەرستی دەکات پێیان دەوترێت (تالب) واتا خوێندکار یان قوتابی،
ئەم تالبە لەم پێناوەدا خۆی پەروەردە دەکات و ئەگەر ڕێساکانی ئەم
ڕێیەیان بەتەواوی بەجێبگەهێنێت لە چاو عەلەوییەکاندا پلەوپایەی بەرز
دەبێتەوە، ئەو گوفتەی لەناو عەلەوییەکاندا پێی دەوترێت (ڕێگا)ی حەق بۆ
ئەوەی بچیتە جیهانی ئەم فەلسەفە و ڕێبازەوە ٤ دەرگایان هەیە ئەمانەش
هەریەکەیان لەیەکتری جیاوازن ئەمەش بۆگەیشتنە بە مورتەبەی فێربونی
زانستی ڕێگای حەق، هەر دەرگایەک لەم ٤ دەرگایە خاوەن ١٠ پێگەیە، ئەو ٤
دەرگایەش پێکهاتوون لە دەرگای شەریعەت.. دەرگای تەریقەت.. دەرگای
مەعریفەت و دەرگای حەقیقەت، هەموو دەرگا و پێگاکان لەناو خۆیاندا مانای
تایبەتی زاتی خۆیان هەیە، بۆ نموونە دەرگای شەریعەت پێکهاتووە لە
بیروباوەڕی ڕاست و ژیانی ڕاست بە واتایەک ئەم دەرگای شەریعەتە باوەڕی
زاتی و شێوازی ژیانی مرۆڤ ڕێکدەخات، دەرگای تەریقەت پێکهاتووە لە
خزمەتکردنی تەریقەت و بایەخدان بە یاسا و ڕێساکانی عەلەوییەت، دەرگای
مەعریفەت ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە دەستی لە خۆی شۆر یبێت و خزمەت بە
مرۆڤایەتی بکات، دەرگای حەقیقەتیش ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە دەستبەرداری
ژیانی تایبەتی خۆی بووبێت و خۆی بۆ خواپەرستی تەرخانکردبێت و توانیبێتی
بەشێوەیەک پەیوەندیەکی مەعنەوی لە نێوان خۆی و خوادا ببەستێت، بە
کوردێکەی خۆی وەک دێوانە لێکردبێت.
(جەم) چییە؟
لە ناو عەلەوییەکاندا ماڵی جەم واتای ماڵی جەماعەت دەبەخشێت، لەناو
عەلەوییەکاندا ئەگەر کەسێک کێشە یان دڵتەنگ یان شەڕی هەبێت لەگەڵ
کەسێکدا و ئەویش ئەهلی جەم بێت ئەگەر ئەم دوانە ئاشنەبنەوە ئەوە دەرگای
جەم لە ڕویاندا ناکرێتەوە، عەلەوییەکان زاتێک دەکەن بە بەرپرسیاری جەم
کە لە ناوخۆیاندا بە (دەدە) ناوزەند دەکرێت.
ناوی (عەلەویی) لە چی پێکهاتووە؟
وشەی عەلەوییەتی بە گوێرەی خۆیان تەواوکراوەی ووشەی (اعلا یاخود
عالی)یە کە بە کوردییەکەی مەزن دەگرێتەوە، هەروەها دەڵێن ئەم وشانە
لەناو قورعاندا چەندین جار دووبارە بۆتۆتەوە و ناوی ئیمام عەلیش لەوێوە
سەرچاوەی گرتووە، هەروەها دەشڵێن زاتەن پێش ئیمام عەلی کەس ناوی عەلی
نەبووە، بەوکەسانە دەگوترێت عەلەویی کە گرێدراوی عەلین.
____________________________
سەرچاوەکان:
http://alevilik.nedir.com/#ixzz38JeLqwMz
http://www.alevisesi.com/alevi-kelimesinin-anlami.html
ماڵپهڕی رێبوار
|