په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\١١\٢٠١٧

عەلی عەبدوڵاکانی یەکێتی و کۆنگرەی چوارەم.


عەلی مەحمود محەمەد    


لە ناوەڕاستی چلەکان پارتی لە لایەن دوو گەنجی مارکسی کوردەوە دامەزرا بە ناوەکانی ھەمزە عەبدوڵا و عەلی عەبدوڵا, ھەمزە عەبدوڵا لەساڵی ١٩٥٩ مەلایی و جەلالیەکان پێکەوە کودەتایان بەسەریدا کرد و لە سکرتێری لایانداو کۆتاییان بە رۆڵی پێشەنگی لە ژیانی سیاسیدا ھێنا, عەلی عەبدوڵا مایەوەو بەردەوام بوو تا لە کۆنگرەی ١٣ەمینی پارتی کە لە ١٢ بۆ ١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠١٠ بە بەشداری ١٥٠١ کەس لە شاری ھەولێر بەسترا دوای ١١ ساڵ لە کۆنگرەی ١٢ی, کشی لێکرا و لە جێگیری سەرۆکی پارتی وەلا نراو ئیتر ببڕای ببڕ لەناو پرۆسەی سیاسی کوردستان نەبینرایەوە, تەنانەت وا لە سیاسەت غەریب ببوو لەکاتی بەشداریکردنی لە ریفراندۆم بە پەنجە مۆرکردنێک راچەڵەکی, لە کۆنگرەی ١٣ەی پارتی ١٣ بارزانی پیاو بۆ کۆمیتەی ناوەندی دەرچوون دەیکردە ٢٣٪ی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی,ترس ھەیە لە گەڵ ھەر کۆنگرەیەکدا ژمارەیەک زیاد بکەن, سەرجەم پلە سیادییەکانی حیزب و حکومەت لە پشکی پارتیان گرت, پەرلەمانیشیان بۆ حەزلێکەرانی شەڕە چەلەحانێ و دەرچوون لە کەناڵەکانی راگەیاندن بەجێ ھێشت, کۆنگرەی ١٣ یەکەم کۆنگرەی پارتی بوو لە دوای روخانی بەعس و فرۆشتنی نەوت و بارینی دۆلار بەسترا,لە ٢٠٠٣ ەوە حیزب لە کوردستان بووە ئامرازێکی گرنگ بۆ دەستکەوتی مادی, کورسی و دۆلار دەست لە ملانێی یەکتر بوون و چینێکی سەرمایەداری ئۆلیگارشی گەندەڵی بەھێزیان لە کوردستان بەرھەم ھێنا, کە ئێستا کایەی سیاسەتیان لە ھەردوو بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن کۆنترۆڵ کردووە, بۆیە بارزانییەکان لە رێگای کۆنگرەی چەپڵەوە ویستیان شەرعیەتی دەسەڵاتی حیزبی بدەنە خۆیان و جومگە گرنگەکانی حیزب کۆنترۆڵ بکەن خۆیان بڕیاردەرو جێبەجێکەر بن لە یەک کاتدا.


لەم رۆژانەدا مشتومڕ گەرمە لەسەر بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٨, کە بۆ ماوەی ٨ ساڵە ئەم حیزبەش وەک پارتی کۆنگرەی نەبەستووە, گەرمبونی باسی بەستنی کۆنگرەی ینک بەدوای روداوە تاڵەکانی کەرکوک تێوە گلانی چەند کەسایەتیەک لە بنەماڵەی خوالێخۆشبوو تاڵەبانی دێت لە گرتنەوەی کەرکوک, ویستیان لەو رێگایەوە پێگەی خۆیان بەھێز بکەن, وەلێ شانس یار نەبوو روداوەکان پێچەوانە کەوتنەوە, کە ئێستا لە دەرەوەی شەرعیەتی حیزبییەوە یەکێتی بەڕێوە دەبەن و بڕیارە کاریگەرەکانی دەدەن, ئەم باڵە جگە لەوەی ئابووری و رێکخستن و سپۆنسەری ینک واتا ئێرانیان لە پشتە , ھاوکات دەزگا ھەواڵگرییەکان و ھێزی مەعنەوی بنەماڵەشیان لە پشتە کە لە مانگی رابردوو لە کۆچی تاڵەبانی زۆرترین جەماوەری کورد لە مێژووی باشوری کوردستاندا بەشداری بە خاک سپاردنەکەیان کرد.


تاڵەبانیەکان لە بەرەی ئەنجومەنی ناوەندی و ئەنجومەنی سەرکردایەتیەوە فشاریان دروست کردووە کەمپەینی بەھێزیان پێکەوە ناوە بۆ بەستنی کۆنگرە لە سەرەتای ساڵی داھاتوو, بەتایبەتیش لە ئێستادا کۆسرەت کە دوا کارێزمای ناو ینک ە نەخۆشە, ھاوکات پسپۆری کتلەکاریشە, بۆیە جادەیان بۆ چۆڵکراوە کودەتایەکی نەرمی سپی رەنگ لەناو ینک ئەنجام بدەن بێ بوونی تارمایی کۆسرەت, کە بە دووەم دامەزرێنەرەوەی ینک دێتە ژماردن لە دوای ٣١ی ئاب, لێرەدا دەپرسین ئایا کۆنگرەی ینک یش وەک کۆنگرەی پارتی بە چونە پێشەوە ھەردوو بنەماڵەی تاڵەبانی و ئیبراھیم ئەحمەد و بە دەستەوە گرتنی جومگەکانی دەسەڵاتی حیزبی کۆتایی دێت؟,ئیتر ئەو رۆژە دێتە پێشەوە, سێڵڤیەکان لەناو ھۆڵی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بگرن؟, لە کۆنگرەی چواری ینک چەند نازناوی تاڵەبانی لە ریزی یەکەمە دەرچوەکانەوە دەبن بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی و چەندیان لەسەر کورسی مەکتەبی سیاسی و کەسی یەکەمی حیزب دادەنیشن, ئایا کۆنگرەکە دەکەنە کودەتا بەسەر عەلی عەبدوڵاکان ناو ینک و چەند عەلی عەبدوڵا و مەلا قادر دەنێرنەوە بۆ ماڵەوە لە سیاسەت خانەنشینیان دەکەن؟, چەند مانگێک ماوە و چاوەڕوانی دووەم پارتی بنەماڵە بن لە کوردستان, ئەگەر لە جیھان کۆمپانیا بنەماڵەییەکان باون, ئەوا لە کوردستان لەبەر ئەوەی سیاسەت باشترین ئامرازی پەیدا کردنی پارەیە لای ئۆلیگارشییەکان, ئەوا پێک ھێنانی حیزبی بنەماڵە پرۆسەیەکی زەرورییە.
 

 

alimahmud2001@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک