١٧\٥\٢٠١٥
عەلی قەرەداغی و
ئەردۆغان و داعش.

فوئاد زیندانی
پێنجشەم (١٤)ی گوڵانی ٢٠١٥ "عەلی محێدین قەرەداغی" ناسراو بە عەلی
قەرەداغی وتارێکی لەسەر تورکیا بەناونیشانی " ئەو شاڵاوەی ئەمڕۆی سەر
تورکیا بۆچێ " بڵاوکردەوە . لەڕاستیدا ناوەڕۆکی نووسینەکە لەگەڵ
ناونیشانەکە و ئامانجەکانی تاڕادەیەک دژ بەیەکترن و لەیەکتر دوورن
بەشێکی نووسینەکەی ناوبراو دەخەینەڕوو.
نووسەر لە بابەتەکەیدا بەھەموو شێوەیەک ڕتووشی سەروچاوی ئەردۆغان و گوڵ
و ئۆغڵوو دەکات ، ستایشی حکومەتەکەی ئەردۆغان دەکات و نکۆڵی لە
جینۆسایدی ئەرمەنیەکان بەدەستی عوسمانیەکان دەکات و ئاماژە بە
دەستکەوتەکانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بەسەرۆکایەتی ئەردۆغان
دەکات کە لە ١٢ ساڵی رابردوو بەدەستیھێناوە بۆ گەلی تورکیا ، تەنانەت
باسی ئەوەش دەکات کە تورکیا بۆ یەکەمجار مانگی دەستکردی سەربازی
دروستکردووە ھەروەھا زریپۆش و تانکی دروستکردووە و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی
دروستکردووە ! لە ڕووی سیاسی عەلی قەرەداغی باسی سیاسەتی دەرەکی تورکیا
دەکا کە چۆن لە ھەردوو لای دورگەی قوبرس ئاشتی بەرپا کردووە و ئاماژە
بە ڕۆڵی پۆزەتیڤی تورکیا دەکا لە ئاسیا ئەوروپا!
عەلی قەرەداغی سەبارەت بە ناوخۆی تورکیا دەنووسێ : تورکیا لە دژی پارتی
کرێکارانی کوردستان لە شەڕێکی مەترسیداردابوو ، بەملیاراتی تێدا
خەرجکرا و بەوھۆیەوە ھەزاران لە ڕۆڵەکانی تورک و کورد بوونە قوربانی ،
جگە لەوەی ناوچەی ڕۆژھەڵات لەباری کاولکاری و ھەژاری و بیکاری و کاوز
دەژی ، ناوبراو ڕایدەگەیەنێ : ئەمڕۆ گەلی کورد بەشدارە لە بنیادناوەی
تورکیایەکی بەھێزی یەکگرتوو ھەموو لایەک سوودی لێدەبینێ ، تورکیای
یەکسانی لە مافەکان جیاوازی ناکرێ لە نێوان کەسەکان لەسەر بنەمای
نەژادی و ئایینی و تایفی ، بۆیە نابێ و ناوەشێتەوە ھیچ پارتیەکی کوردی
لەگەڵ پارتیە ناسیونالیستیە تۆرانیەکان بوەستێ و ھاوکاریان بکا کە
ستەمیان لەگەلی کورد کردووە و ھەوڵی تاوانە و لەناوبردنی ناسنامەیان
داوە لە حەفتا ساڵی رابردوودا ! دیارە نووسەر لەبری باکوری کوردستان
ناوچەی ڕۆژھەڵاتی بەکارھێناوە لە نووسینەکەیدا!
سەبارەت بە جینۆسایدی ئەرمەنیەکان نووسەر لەبەشی کۆتایی نووسینەکەیدا
ڕایدەگەیەنی کە بابەتەکە بە سیاسی کراوە ئامانج لەکەدارکردنی سومعەی
تورکیایە ، ھەروەھا چەندین فەرموودە و سورەتی وەک " ئیبراھیم ٤٦ ،
گامێش ١٢٠ ، ھتد ... بەکارھێناوە لەپێناو داپۆشینی ئەو تاوانە گەورەی
عوسمانیەکان!
لێرەدا بە پێوویستی دەزانم ئەگەر بە کورتیش بێت وەڵامی مامۆستا عەلی
قەرەداغی بدەمەوە.
دەوڵەتی تورک لەسەردەمی عوسمانی کۆن و کەمالیزم و عوسمانیە نوێێەکانی
تازە بەھەموو پارتیە ئیسلامی و تۆرانی و ناسیونالیستی ، یەک
ستراتیجیەتی نەگۆڕ بەرامبەر بەگەلی کورد و خاکی باکوری کوردستان لە
تەواوی تورکیا پەیڕەو دەکا ، پەرە بەسیاسەتی داپڵۆسین و گرتن و کوشتن و
تیرۆرکردن و ئەشکەنجەدان و زیندانی کردن و دەستدرێژی کردنە سەر ژن و
منداڵان دەدا ، ھەروەھا خاپورکردنی گوندەکان و بەکارھێنانی چەکی
کیمیاوی و کوشتنی بەکۆمەڵ وەک ئەوەی دوێنێ لە ڕۆبۆسکی ڕوویداو
بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر ناوچەکانی
باکوری کوردستان پیشەی ڕۆژانەی سوپا و پۆلیس و دەسەڵاتدارانی تورکیایە
بەتایبەتی لەسایەی حکومەتی ئاکەپە کە ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات ،
سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە باکوری
کوردستان ، پرۆسەکە بەدەستپێشخەری ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان "
عەبدوڵا ئۆجەلان " دەستیپێکردووە و تا ئێستاش کورد تاکلایەنە بەپێێ
ڕێنماییەکانی ئۆجەلان پابەندە بەو پرۆسەیە ، بەڵام ئاستەنگی لەلایەن
حکومەتی ئەردۆغان دەخرێتە سەر رێگای پرۆسەکە بۆیە پرۆسەکە بەھیچ
شێوەیەک بەئەنجام نەگەیشتووە ، لە بری ئازادکردنی ئۆجەلان ، حکومەتی
تورکیا پەرە بەسیاسەتی ئینکاری کێشەی کورد و گۆشەگیری و دابڕانی
ئۆجەلان دەدات لە ئیمڕاڵی.
مامۆستا قەرەداغی ، بۆ زانیاری بەڕێزتان زیاتر لە (٣٠٠) زیندانی سیاسی
کورد لە گرتووخانەکانی تورکیا نەخۆشن لەمردن نزیکن واتە ھەرکاتێک
ئەگەری گیانلەدەستدانیان لەئارادایە کەچی حکومەتی تورکیا ئازادیان
ناکات ، ھەزاران سیاسەتمەدار ، ژن ، منداڵی تەمەن کەمتر لە ١٨ ساڵ ،
ڕۆژنامەنووس ، چالاکی مەدەنی لە زیندان و ژوورە تاریکەکانی ڕژێمە
ئیسلامیەکەی (ئەردۆغان)ن بەگشتی نزایکەی (١٣٠) ھەزار مرۆڤ لە تورکیا
لەزیندانن بەھۆکاری سیاسی ، نەتەوەیی ، چەپ و... ھتد.
ئەو یارمەتیەی حکومەتی داد و گەشەپیدان (ئاکەپە) بەسەرۆکایەتی ئەردۆغان
و گوڵ و ئۆغلوو پێشکەشی ڕێکخراوی ئیسلامی تیرۆریستی (داعش) یان کردوە و
تائێستاش دەیکەن لە ھەموو جیھان وێنەی نیە ، تورکیا وویستگەی سەرەکی
تیرۆریستانە لەھەموو جیھان ، لەڕیگای تورکیاوە تیرۆریستان دێن و ھێرش
دەکەنە سەر گەلی کورد لە ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان ، عوسمانیە
نوێیەکەی ئەنقەرە خەونی بە کەوتنی شاری " کۆبانی " دەدیت بەڵام
خەونەکەی نەھاتە دی . حکومەتی ئاکەپە دوای ئەوەی لەکەوتنی کۆبانی بێ
ئومێدبوو لە مانگی شوباتی ٢٠١٥ کەوتە کۆکردنەوەی پاشماوەکانی ھەردوو
ڕێکخراوی تیرۆریستی (بەرەی نوسڕە ، بزووتنەوەی ئەحراری شام ) ھێزێکی
(١٥٠٠) کەسی لەو تیرۆریستانە دروستکردووە و ھەموو یارمەرتیەکی لۆجیستی
بۆیان دابین کردووە ، لەدژی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لەناوچەی "
گرێ سپی " بەکاریان دێنێ.
سەبارەت بە جینۆسایدی گەلی ئەرمەن لەساڵی ١٩١٥ دا ، کەس ناتوانێ ئەو
جینۆسایدە ئینکاربکات ، مێژوو شاھێدی ئەو تاوانایە!
لە کۆتاییدا دەڵێم مامۆستا عەلی قەرەداغی ئەو نووسینەی بەڕێزت دژی
بەرژەوەندی گەلی کوردە و لەخزمەت عوسمانیە نوێیەکان و داعشدایە و بێ
ئومێدی گەلی کورد بە ئایینی ئیسلام نیشاندەدات.
fuadzindani@yahoo.de
|