٢٦\٩\٢٠١٣ ئەڵمانیا و ناتۆ بەرپرسن لە ھێرشە کیمیاییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
فوئاد زیندانی
ئەوەی تا ئێستا ڕۆشنە ئەوەیە ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانی لەبلۆکی شەڕ کە بە بلۆکی ( ناتۆ) ناسراوە، سەرکەوتووبوون لەوەی چەکی کیمیایی بگەیەننە دەستی ھێز و گرووپە ئیسلامیە توندڕەوەکانی سەربە ڕێکخراوی ئەلقاعیدە کەبەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ گرێدراوی خودی ئەمەریکا و بلۆکی (ناتۆ) یە لەڕێگای تورکیای ھاوپەیمانی ھەردوولایەن! ئەگەر مرۆڤ وردببێتەوە لەووڵاتانی بلۆکی ناتۆ ، دەردەکەوێت کە تورکیا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆتە بەشێک لەشەڕ و تاوان لەڕووداوەکانی سوریا بەگشتی و شەڕوتاوانەکان دژ بەکوردان و کوردستانی ڕۆژئاوا بەتایبەتی و بووەبە یەکەمین وویستگە و گۆڕەپانی ڕاستەوخۆی پێشوازیکردن و مەشق پێکردن و پڕچەکردن و ناردنە ژوورەوەی گرووپە تیرۆریستیەکان و بەکارھێنانیان دژ بە گەلی کورد بەمەبەستی پاکتاوی کوردان لەپێناو سەپاندنی گرووپەکانی سەر بە قاعیدە و عەرەبی سوننە مەزھەب لە کوردستانی ڕۆژئاوادا، ھەرچەند مرۆڤ بیربکاتەوە لەوەی بۆ ئەو ھێزە ئیسلامیانە ھێرش دەکەنە سەر کوردان؟ تەنیا دەگاتە یەک ئەنجام ئەویش ئەوەیە بەرەی نوسرە و سوپای عیراق و شام و سەدا نەوەدی یەکینەکانی سوپای سوریای ئازاد بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پشتئەستورن بە تورکیا ، قەتەڕ ، سعودیە ، ڕژێمی بەشار ئەسەد ، و لە ھەمان کاتدا ناڕاستەوخۆ لە لایەن وڵاتانی ناتۆ دەپارێزرێن و پشتگیریان لێدەکرێ.
ئەرکی ئەو گرووپە ئیسلامیە توندڕەوانە شەڕکردنە لە دژی کوردان ، ئامانجی ئەو شەڕە ئەوەیە ، ئەوەی بەشار ئەسەد لەماوەی حوکمی بەعسدا لەسەردەمی خۆی و باوکیدا لەدژی کوردان ئەنجامیداوە ئەوان دەبێ درێژەی پێبدەن و تەواوی بکەن بۆ ئەوەی کورد لەدیزایینی نوێی سوریا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا جێگە نەگرێ و ھەرژێردەستبێ! ئەگەر مرۆڤ ھەوڵی دۆزینەوەی سەرچاوەی ڕاستەقینەی تاوانەکان و ھەڕەشەکان دژ بەگەلی کورد بدا، بۆمان دەردەکەوێ ووڵاتانی سەرمایەداری و زلھێز و بەرھەمھێنەرە سەرەکیەکانی چەکی کۆمەڵکوژی لەوانەش: ئەڵمانیا ، بەریتانیا ، ئەمەریکا ، فەڕەنسا... سەرچاوەی ڕاستەقینەی ھەموو ئەو تاوانانەن کە دژ بەگەلانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و گەلی کورد بەتایبەتی ڕوودەدەن.
ئەڵمانیا وەک چۆن سەرچاوەی سەرەکی چەکی کیمیایی بوو بۆ ڕژێمی پێشووی عیڕاق کە بەو چەکە ژەهراوییەی ئەڵمانیا و ناتۆ ھێرشی کردە سەر ھەڵەبجە و سەردەشتی کوردستانی ڕۆژھەڵات و چل شوێنی جیاوازی تری کوردستانی باشوور ، بەھەمان شێوە ئاشکرا بووە ئەڵمانیا بەرپرسە و بەشدارە لە کۆمەڵکوژی غوتە لە سوریا ، چونکە لەم چەند ساڵەی دواییدا (١١١) تۆن کیمیایی فرۆشتوە بە ڕژێمی سوریا بەتایبەتی لەنێوان ساڵەکانی (٢٠٠٢ و ٢٠٠٦)دا، حکومەتی ئەو سەردەمەی ئەڵمانیا بەفەرمی مۆڵەتیداوە بە فرۆشتنی ماترێاڵەکانی کیمیایی بۆ ڕژێمی سوریا کە بۆ دروستکردنی گازی دەمارەکان (سارین) بەکاردەھێنرێت ، لە کاتێکدا ھەموو جیھان ئاگاداربوو کە ڕژێمی بەعسی دەسەڵاتدار پرۆگرامی دروستکردن و بەرھەمھێنانی چەکی کیمیایی ھەبووە ، لەبەر ئەوە ئەڵمانیا ڕاستەوخۆ بەرپرسیارە لە ھێرشەکانی گازی ژەهراویی جۆری سارین (گازی دەمارەکان) کەبەچەکی کیمیایی ناسراوە بۆ سەر ھەڵەبجە و غوتەی سوریا، حکومەتی ئەڵمانیا لەئەنجامی پرسیارەکانی پەرلەمانتارانی پارتی چەپ لەساڵانی ٢٠٠٠/٢٠٠٣ و ٢٠٠٥/٢٠٠٦دا، دانیناوە بەوەی کە بەگشتی ٠٤٠.٩٣ کگم جۆرێک پێکھاتەی(ماتریاڵی ئاوی فلاوەر) و ٤٠٠.٦ کگم (فلۆرایدی ناتریۆم) و ٠٠٠.١٢ کگم (ھایدرۆ فلۆرایدی ئامۆنیۆم) مۆڵەتی داوە بە فرۆشتنی بۆ حکومەتی سوریا، ئەو ماتڕیاڵانە پێکھاتەی سەرکین بۆ دروستکردنی گازی دەمارەکان (سارین)، حکومەتی ئەڵمانیا ئەو ڕاستیانەش باش دەزانێ!!
|