٣\٢\٢٠١٨
ئەڵمانیا و
چەکفرۆشتن بە تورکیا.

هەڵۆ محەمەد
کوێرەوەری پرسی کورد ھەر لەوەدا نییە بە
تەنیا شەڕی بوونی بەرامبەر بە چوار دەوڵەتی داگیرکەر دەکات، بەڵکو
ئازار و سوێکەی لەو شوێنەدا زیاتر قووڵ دەبێتەوە،کە کۆمەڵگای
نێودەوڵەتی،دوای ئەو ھەموو تراژیدیایەی بەسەر کورد دا ھاتووە،ھێشتا لە
چاوی بەرژەوەندی ڕووتەوە لەم کێشەیە دەڕوانێ و ئامادە نییە بە دروشم و
پرنسیپەکانی مافی چارەنووس و مافی مرۆڤ و ویستە دیموکراسی و
پێشکەوتنەکانی سەردەمی گلۆبالیزم ـ کە خۆی بانگاشەی بۆ دەکات ـ کار
لەتەک کورد دا بکات و لەمپەڕیک بۆ ئەو سیاسەتە دڕندانەی دەرھەق بە کورد
لە تورکیا و ئێران و عێراق و سوریاوە پێڕەو دەکرێ، دروست بکەن و ئەو
دروشمانەی بانگاشەی بۆ دەکەن، بۆ میللەتانی بندەستیش بەکاری بەرن.
ھاوکات بیسەلمێنن کەوا ڕێز لەو ھەموو قوربانی و ئازارەی کورد
دەگرن،کەوا بۆ ساڵانێکە لە بری جیھان دەجەنگێ لەدژی دڕندەترین و
تاریکترین ھێزی سەدەی بیست و یەک. کورد جەنگێک دەکات بە پێشمەرگە و
شەڕڤان،کە کوڕ و کچی ڕۆڵەی کوردن، داستان تۆمار دەکەن و گەورەترین
سەروەری مێژووی سەدەی بیستەم دەنووسنەوە. ئەوە کچانی کوردن، ھێزی (داعش)ی
دڕندەیان ھەڵبڕیوە. ئەوە کوڕانی کوردن ئەفسانەی داعشیان تێک شکاندووە.
داعش ئەو ھێزەی خەونی بەشێکی جیھانی زڕاندبووە / زڕاندووە.
دەسەڵاتە کۆلۆنیالیستەکانی دوێنێ و دەوڵەتە زلھێزەکانی ئەمڕۆ، لە ئاست
تراژیدیای کورد دا، نابینا و گوێ ئاخنراو و زمان لاڵ و بڕاون. ھۆکاری
سەرەکی ئەم ھەڵوێستە شەرم ھێنەرەش ڕایەڵی توندوتۆڵی دەوڵە داگیرکەکانی
کوردستانە وەک بازاڕی ساخکردنەوەی کەرەسەی بەم دەوڵەتانە. ھاوکات
ئەوەیە کوردستان دەوڵەت نییە. ئێمە لەم ڕیال پۆلەتیکە دەگەین.
ھەڵوێستی ئینگلیز بە پلەی سەرەکی و فەرەنسا پاش ئەو دیار و زانراوە.
رووسیا و ئەمەریکاش دەستی ڕەشیان لە چارەنووسی کورد گێڕاوە. ئەڵمانیاش
سەدەیەک زیاترە ڕۆڵێکی نەڕێنی دەگێڕێ و لە زۆر قۆناخیشدا، بەداخەوە دژ
بە بەرژەوەندییە باڵاکانی کورد لە بوون و ھەبونیدا وەستاوەتەوە.
باس لەوە ناکەین چۆن ژەنەڕاڵ و سوڵتانەکانی عوسمانی و کەمالیزم
لەسەردەستی ژەنەڕاڵەکانی ئەڵمانیادا مەشقیان پێکراوە. ئاماژەش بۆ ئەوە
ناکەین کە چۆن چەکی کیمیاویان بە سەددام فرۆشت و قوربانییەکانی
ھەڵەبجەی لێکەوتەوە. بەڵکو دەمانەوێ تیشکێ بخەینە سەر پەیوەندی
ئەڵمانیا بە داگیرکەری تورکەوە، ھەتا ئەمڕۆ ڕەھەندێکی نامرۆیی و
ھاوزەمان گاڵتەجاڕیشی وەرگرتووە. وەک ئەوەی دەبینین ئەڵمانیا بە ھەموو
تەکنەلۆژیای نوێوە، پاڵپشتی لە تورکیا دەکات و لەگەڵ سەددامیش دا
ھەیبوو، ئێستاش لەژێر پەردەوە لەگەڵ ئێران برەوی پێدەدات.
لەسەر داخوازی تورکیا ساڵانێکە حکومەتی ئەڵمانیا ڕاوەدونانی ئەندام و
لایەنگرانی پ ک ک دەکەن، ئەو پارتە قەدەغە کرا. کە منداڵێکی کورد لە
ئەڵمانیا لەدایک دەبوو، کەسوکاری دەیان ویست ناوی کوردی لێ بنێن،
دامودەزگاکانی ئەڵمانیا ئەو دایکوباوکەیان ناچار دەکرد، بچن لە سەفارەت
و کونسۆلی تورکی پاڵپشتی بھێنن. دیارە لەم بارەدا تورکیا ھیچ بەڵگەیەک
نادات، لەمەڕ ناوی کوردییەوە. بەم جۆرە ئەو خێزانانە ناچار دەبن، ناوی
دیکە ھەڵبژێرن... ئەمانە و ھەزاران نموونەی دیکە لەسەر پەیوەندی قوڵی
ئەڵمانیا و تورکیا ھەیە. لەڕاستیشدا تورک لە ئەڵمان دەخوا و باشیشی
دادەدۆشێ.
بۆیەکا ھەر رۆژێ کوردستان بێتە دەوڵەت و کورد دەسەڵات پەیدا بکات،
پێویستی لە دادگای نێودەوڵەتی گازندە لەسەر ھەموو ئەو وڵات و کارخانانە
بە فەرمی بکات. ئاخر کورد قوربانییەکی گەورەی سیاسەتی نامرۆڤانە و بێ
مۆڕاڵی نێودەوڵەتییە.
ئەگەرچی لەحاڵی حازردا پەیوەندی ئەڵمانیا و تورکیا، بەھۆی سیاسەتی
ئەردۆغانەوە کە ھێرشی زۆر دەکاتە سەر ئەڵمان و گەیاندوویەتیە سەر
سووکایەتی و ھیچ ھەژمارێکیان وەک دۆست و ھاوپەیمان بۆ ناکات و تەنانەت
پێی وتن نازی، کە تا ئێستا بەس بەرپرسانی جوولەکە توانیویانە لەسەر
ئاستی بەرز ئەو وشەیە بە ئاشکرا بە ئەڵمان بڵێن، لێ ئەردۆغانیش بێ
سڵەمینەوە پێی وتنەوە، بەڵام حکومەتەکەی مێرکل ھەر دەیەوێ تاڵە موووی
معاویە لەگەڵ تورکیادا نەپسێنێ. ئەمەش بە بیانووی ڕێکەوتننامەی
کۆچبەرانەوە، کە لەگەڵ تورکیا مۆریان کردووە. حکومەتی ئەڵمانیا لەژێر
گوشاردایە و وەزیری دەرەوە دەیەوێ ھەندێ مەرج بخەنە سەر تورکیا بە
ناڕوونی دەیەوێ بڵێ:" ئێمە مادام تورکیا لەشەڕدایە، چەک و تەقەمەنی بۆ
نانێرین". لە وەڵامدا رۆژنامەیەکی سەباحی تورکی بەتەوسەوە دەنووسێ: "
باشە لەمەو پاش لە گرێبەستەکاندا بۆمان بنووسن، چۆن و لە کوێ؟ بەکاریان
بھێنین. لەمەو دوا چەکەکان تەنیا لە کودەتاکان دا بەکار دەھێنین" .
لە ڕاستیدا کێشەکە لەوەدایە، تورکیا ڕووە و ڕۆژھەڵاتی ئیسلامی و رووسیا
وەرچەرخاوە و باوەڕی وایە شەمەندەفەرەکەی ھەرگیز ناگاتە برۆکسل، و
ھەرگیز وەری ناگرن ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا.
ئەوانەی لە ئەڵمانیا دەژین، ئاگاداری ئەو پرسیارەی خەڵکی ئەڵمانن، کە
زۆربەی جاران دەیکەن: ئێوە بۆچی ناتوانن پێکەوە ھەڵکەن یاخود پێکەوە
بژین؟!
جگەلەوەی ئەو سنوورە دەستکردانەی ڕۆژئاوا کێشاوێتی لە دروستکردنی
دەوڵەتە دەستکردەکان دا، بۆتە دیواری بەندیخانەی نەتەوە و گروپە
ئێتنیکی و ئایینیەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھاوکات ئەوروپا ئەو
بەھەشتەی کە بۆ خۆی سازی داوە، لەسەر خوێن و جەستەی ئاسیا و رۆژھەڵاتی
ناوین و ئەفریکایە. ئەوە ئەوانن ئەندازیاری ناوچەکە، دەستەوتاقمی
گوێڕایەڵی خۆیانیان ھێناوەتە سەر حوکم و بە ھەموو توانایەکی
لۆگیستییەوە پاڵپشتی لە ڕژێمە دیکتاتۆرەکان دەکەن، تا کارەکانی
خۆیانیانی پێ مەیسەر بکەن. بۆیە دەبینین لەم میانەدا چاوپۆشی لە ھەموو
بەھاکانی مرۆڤایەتی و شارستانێتی دەکەن و درۆی ڕووت و بێ پەردە دەفرۆشن
بە خەڵکی خۆیان و جیھان.
پرسێکی حاشا ھەڵنەگرە، ساڵانێکە بە چەک و تەقەمەنی ئەڵمانیا، تورکیا
کوردستان کاول دەکات و وێنە تانکەکانی ئەڵمانی لە شەڕدا دژ بە کوردی
بەشەکانی تریش بەکار دێت، چۆتە دەرەوەی سنووری دەوڵەتانی ناتۆشەوە،
کەچی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانی دەڵێ: ئێمە بەڵگەی تەواومان
نییە،ئەو تانکانە لە شەڕدا بەکارھێنرابن. گاڵتەجاری بگاتە ئەو ئاستە،
ئیدی ھیچ بەھایەک لە دروشم و بانگاشەکاندا نامێنێ. ئەوەتا دەبینین
خۆشبەختانە کۆمەڵی ڕۆژنامەنووس و کەسانی ھونەرمەند و پێشکەرشکار و
سیاسی، بەرگەی ئەو درۆدەلەسە و دیماگۆگییە ناگرن و بێ گوێدانە
سیاسەتەکەی حکومەتی مێرکل، ھەندێ وتار و بەرنامەی تیڤی لەسەر
ڕووداوەکان دەکەن و بە بەڵگەوە باس لە سیاسەتی دووڕوویی ئەڵمانیا دەکەن
و وێنەی تانکەکان لە مەیدانی شەڕ دا نیشان دەدەن. کەچی لەتەک ئەوەشدا
بێ شەرمانە دەیانەوێ خۆیان لەو تەنگەتاوییە ڕزگار بکەن، بۆیەکا حکومەت
بە فەرمی ھەر دەیەوێ نکۆڵی لێ بکات.
لەلایەکی دیکەوە، ئەڵمان کە دەڵێن ئێمە چەک نانێرین بۆ تورکیا و بۆ
ناوچەی قەیراناوی، مەبەستیان ئەوەیە تۆڵەی خۆیان لە ئەردۆغان بکەنەوە.
دەنا گەر ئەوان مرۆڤدۆستن و داوای ئاشتی دەکەن، بۆ ھەر لە بنەڕەتدا چەک
دروست دەکەن؟ ئەی بۆ نازانن چەک بۆ شەڕ و مرۆڤ کوشتنە.! دیارە ھەمان
پێوەر بۆ وڵاتانی دیکەی ڕۆژھەڵات و رۆژئاوا ڕاستە.
لەوەڵامی ئەم پرسیارە کە گەڵێ جار بەندە لێی کردوون، دەڵێن: ئێمەش
دروستی نەکەین و نەینێرین وا وڵاتێکی تر ئەم کارە دەکات. دیارە بۆ
سەردەمی سەددامیش ھەر ھەمان شتیان دەگوت و دەشھاتن بە سەدان ھەزار
خەڵکیان دەھێنایە سەر شەقام بەناوی "نا خوێن بۆ نەوت". منیش دەڵێم ئەی
ناتوانن ئێوە دەست پێشکەر بن و ببنە سەرتۆپ بۆ وڵاتانی تریش. دیارە
ھەردەبێت سەرەتا یەکەم ھەنگاو لە وڵاتێکەوە دەست پێ بکات. بەڵام
لەڕاستیدا ئەم وەرامەیان بۆ خۆدزینەوەیە لە ڕاستییەکان. Volker Perthes
سەرۆکی "ناوەندی زانست و سیاسەت" و گەورە ڕاوێژکاری حکومەتی ئەڵمانی و
ئەندامی ستاڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لەتەک دیمیستۆڕا بۆ کێشەی سوریا، لە
چاوپێکەوتنێکی دا لە رۆژنامەی تاگە شپیگلی ٢٨/١/٢٠١٨، دەڵێ: "ھەناردەی
ئەڵمانی بازاڕێکی باشە، شوێنی کار مسۆگەر دەکات و توێژینەوە و پێشکەوتن
بەھا پەیدا دەکەن، گەر ئەو پارچە گەورانە بەرھەم بھێنرێ". دواتر
سەبارەت بەو پاسیڤیستانەی دەڵێ ئەم چەک بەرھەمھێنانە ئاگری شەڕ خۆشتر
دەکات دەڵێ: "بۆ من لەم گفتوگۆیەدا توخمێکی گەوھەری دیار نییە:
بەرژەوەندی ستراتیژی".
کەواتە ئەوان بەم مامەڵە و بازرگانییە، کە ساڵانە گەشەی ئابووریان بە
ملیارد یۆرۆ زیاد دەکات، بازاڕیان گەرمتر دەکەن و گەشە بە تەکنەلۆژیای
خۆیان دەدەن، ھەر دەبێت بەردەوام بن. ئیدی با نەتەوەی بێ دیفاع و
تەنیاباڵی وەک کورد ھەر ھاوار و داد بکات.
شاراوە نییە، گەر بھاتایە ئەم دەوڵەتانە ھاوکار و پشتیوانی دەسەڵاتە
خوێنڕێژ و دیکتاتۆرەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوینیان نەکردایە، لەمێژ بوو کورد
و گەلانی دیکە بە ئامانجی خۆیان گەیشتبوون. بۆیەکا بەرپرسیارێتی
مێژوویی و مۆڕاڵی دەکەوێتە سەر شانی ئەمانیش.
ئەم کورتە پێشەکییە بۆ دەوڵەمەندترکردنی ئەم وتارەیە کە پوختەکەم لە
ئەڵمانییەوە کردووە بە کوردی، لەمەڕ ئابڕووچوونی چەکفرۆشتنی ئەڵمانیا،
کە ناونراوە "ئەڵمانیا مەرگ ھەناردە دەکات".
٢٨\١\٢٠١٨
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|