په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١٢\٢٠١١

ئەڵماسی فەریب، هەڵبژاردنی مەجلس، ئۆپۆزسیون.


محەمەد حەکیمی   


کۆماری ئیسلامی لە دوای سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٨دا لە رێفرئەندۆمێکدا مەشرووعیەتی دا بە خۆیی، بە پێی ئامارەکانی ئەو کات رژێمی ئیسلامی لە سەدا ٩٨.٢ لە بەشداربووان، دەنگیان بە کۆماری ئیسلامی داوە، بەڵام ئەمە لەحاڵێکدایە کە ئەگەر رێژەی دەنگدەرانی ئەو کاتی ئێران چاو لێبکەیەن لە سەدا ٥٠ش دەنگیان نەداوەبە تایبەتی خەڵکی کوردستان ئەو هەڵبژاردنەیان بایکوت کردوە.


مێژووی هەڵبژاردن لەئێران دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی ئەشکانیان، لەو کاتەدا مەجلس پێکهاتبوو لە کەسانی سەر بە دەسەڵات‌و ئەشراف، لەدوای هێرشی عەرەبەکان بۆ سەر ئێران مەجلس لەو وڵاتە بۆ ١٠٠٠ساڵ هەڵوەشایەوە. لەدوای ئەو ماوە زۆرە لەکاتی ناسرەدین شاە، چەند جار مەجلسی دامەزراندو هەڵوەشاندوە کە دەتوانین ئاماژە بکەین بە مەجلسی ٢٥ کەسی" مەسلحەت خانە" یان مەجلسی "مەشوەرەت"و مەجلسی" وەکێل‌و بازرگانەکان.


یەکەمێن مەجلس کە بە شێوەی گشتی نوێنەرانی خەڵک بڕیاربوو تێیدا کار بکەن لەکاتی مەشرووتەدا بوو کە ئەویش زۆر جار لە لایەن بنەماڵەی شاوە درایە بەر گوللەو تۆپ‌و لە ئاکامدا لە کاتی هاتنە سەرکاتی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٣٥٨ مەجلسێک پێکهات کە تەنیاو تەنیا لایەنگرانی خومینی تێیدا بەشداربوون دامەزرا.


ئەو کەسانەی کە دەتوانن بچنە نێو مەجلسی کۆماری ئیسلامی دەبێ خاوەن ئەم خاڵانە بن کە بریتین لە:
- هیچ پێشینەیەکی سیاسی یان کۆمەڵایەتیان لە دادگاکانی کۆماری ئیسلامییدا نەبێت.
- تەمەنی بگاتە ٣٠ ساڵ.
- نیزامی کۆماری ئێسلامی بە هەموو شێوەیەک قەبووڵ بێت.
- ولایەتی فەقێی بە هەموو شێوەیەک قەبووڵ بێت ‌و لە چوارچێوەی ئایینی شێعەدا هەلس‌و کەوت بکات.


شرۆڤەکردنی قەیرانێک کە کۆماری ئیسلامی تێدایە، توێژینەوەو لێکولینەوە لەسەر داهاتووی ئەم رژێمە، ئەم قەیرانە، خاڵێکی دەستپێکە بۆ هەڵبژاردنی مەجلس‌و چۆنیەتی وەستانە لە بەردەم ئەم پرسەدا.


تەنیا لەم ڕوەوەو بە ناسین‌و خویندنەوەی قەیرانەکانی ناوباڵەکانی کۆماری ئیسلامی دەتوانین هەلوێستێکی گونجاوو واقع بگرین‌و رێکارو خەتێکی گونجاو بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ رژێم وەربگرین.


ئێستا لەئێران قەیرانێکی سیاسی بوونی هەیە، بەو واتە حکومەت چ لەدەرەوەو چ لەناوخۆدا بە بون‌بەست گەیشتوە، ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە رژێم بۆ ئەوەی لەم بون‌بەستە رزگاری بێت دەست دەدات لە هەموو جۆرە فڕوفێڵێک، هۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانە دەگەرێتەوە بۆ جیاوازی لەنێوان باڵەکانی دەسەڵات، بە واتەیەکی دیکە جیاوازی لەنێوان دەوڵەتی ئایینی‌و ولایەتی فەقێیە.


لێرەدا رژێم بۆ دەربازبوون لەوەها دۆخێک دەتیکردوە بە پیلاندانان بۆ ئەوەی ڕخنە بکەنە نێو ئوپۆزسیونی دەرەوە‌ بە ناوی ئەلماسی فەریب‌و لە ناوەوەش دەستی داوەتە سەرکوتی بێبەزیانەی نەیارانی خۆیی‌و هەروەها دەستی داوەتە گەمەیەکی سیاسی لە نێو باڵە لاپارێزەکانی خۆیدا.


لە‌وەها بارودۆخێکدایە کە دەتوانرێت فەزایەکی نوێ لەشۆرشی گەلانی ئێراندا بخولقێت، بەڵام بەداخەوە، کۆمەڵێک لەکەسایەتی‌و تەنانەت حزبەکانیش، بە جێگەی ئەوەی سەرنج بدەن بە ئەم هەلەی کە دەست کەوتووەو بتوانن هەلەکە بقۆزنەوەو دەست بدەنە چاڵاکی بە دژی کۆماری ئیسلامی، دەستیان داوەتە پڕوپاگەندە، بەو واتە کە خەڵکی کورد بێننە پای سنووقەکانی دەنگدان‌و کۆماری ئیسلامی بۆ ئەم پرۆژە، سناریۆیە هەزینەێکی زۆری کردوە، ئەمە ئەو سناریویەیە کە کۆماری ئیسلامی خەریکە لەنێو ئۆپۆزسیون پیادەی دەکات.


ئەمڕۆکە کۆماری ئیسلامی تووشی کێشەی جدی، چ لە ناوخۆو چ لە دەرەوە بووەو لەو پەڕی لاوازی خۆیدایە، گرانی چۆکی بە خەڵک داداوە، بێکاری بەرۆکی زۆربەی لاوانی گرتووە، مادە سڕکەرەکان هەموو شارەکانی کوردستانی تەنیوەتەوە، تەوروم تا دێت زیاترو زیاتر دەبێت، لە وەها دۆخێکدا کۆمەڵێک سیاسی نابەرپرسیارو ناشەرەزا لەبواری سیاسیدا دێن‌و باس لەوە دەکەن کە خەڵکی کورد بچن مەشروعیەت بدەن بە رژێمێک کە ڕۆڵەکانی تووشی دەیان دەرد کردوە، دەیان جار کوردستانی ئەنفال کردوەو... هتد.


هەڵبژاردن، وشەیەک کە کۆماری ئیسلامی مەشروعیەتی خۆی لێ وەردەگرێت، لەدوای شۆرشی گەلانی ئێران لەساڵی ١٣٥٧ ی هەتاوی، کاتێ شۆرش ئێران بە رێبەری دەیان حزب‌و رێکخراوە سەرکەوت‌و خومینی گەرایەوە بۆ تاران، توانی بە بیرێکی شێعەگەرانەوە دەسەڵات بۆ خۆی‌و تاقمەکەی قۆرغ بکات.


لەدوای ئەوەی، ئەو تاقمە دەسەڵاتیان وەدەستەوە گرت، بۆ ئەوەی مەشروعیەت بە بوونی خۆیان بدەن دەستیان دایە رێفرئەندوم‌و بە پێی ئامارەکانی ئەو کاتی رژێم لەسەدا ٩٨ دەنگی ئەرێنیان بە کۆماری ئیسلامی داوە.


لێرەدا، هەڵبژاردن، بۆ یەکەم جار مەشروعیەت دەدا بە کۆماری ئیسلامی‌و هەرجارە بە شێوەیەک کۆماری ئیسلامی مەشروعیەت لەهەڵبژاردنەکان وەردەگرێت. بەڵام پرسی هەڵبژاردن‌و مەشروعیەتی رژێم لەکوردستان زۆر جیاوازە لەشوێنەکانی دیکەی ئێران، چۆنکا کوردستان هەر لەرۆژی یەکەمەوە دەنگی نەرێنیان داوە بە کۆماری ئیسلامی ئیران‌و شەڕی ٢٤ رۆژەی سنەو هێرشی هێزەکانی بەسیج‌و سپاو ئەرتەش بۆ سەر کوردستان ئەم راستیە دەسلەمێنن.


هەر لەدوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی خەڵکی کوردستان رێفرئەندومیان بایکوت کردو بە هیچ شێوەیەک نەچوونە پای دەنگدان‌و بە دڵنیاییەوە لەسەدا یەکی خەڵکی کوردستان دەنگیان بە کۆماری ئیسلامی ئێران نەداوەو ئەگەر ئێستاش هەڵبژاردنێکی دیکە لەو چەشنە لەئێران ئەنجام بدرێت ئەوا خەڵکی کورد بۆ جارێکی دیکەش هەر دەڵێن، نا بە بۆ کۆماری ئیسلامی، بایکوت‌و بایکوت درۆشمی گەلی کورد بووەو دەبێت.


تا ئەمڕۆ هەموو سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەکوردستان شکەستی خواردوە، بەڵام لەم دەورە لەهەڵبژاردنەکان دەستی داوەتە رێکارێک کە ئەمە یەکەم جار نیە ئەو رێکارە هەڵدەبژێرێت، بەڵام تا ئێستا ئەم رێکارە لەکوردستان بە هۆی سیاسی بوونی خەڵکەکەی تێک شکاوە، بەڵام ئەمجارە رژێم لە رێگەیەکی دیکەوە هاتووەتە مەیدان.


ئەلماسی فەریب!!!!!


هەر لەم پێناوەدا کۆماری ئیسلامی، لەکوردستان هیچ پێگە‌و جێگەیەکی لەنێو جەماوەی کورددا نیەو نەبوە، رژێم دەیەوێ لەرێگەی کۆمەڵێک بە ناو رووناکبیرو هەروەها لە نێوان ئۆپۆزسیونی کورددا فەزاێک بخوڵقێنێ تا شاڕۆمەندانی کورد هان بدەن بۆ ئەوەی بچنە پای سنووقەکانی دەنگدان.


لێرەدا مەبەست لە ئەو بزووتنەوەیە کە بە ناوی بزوتنه‌وه‌ی‌ کۆماریخوازی‌ رۆژهه‌لاتی‌ کوردستان کە چەند مانگێکە بوونی خۆی راگەیاندووەو له‌‌به‌یاننامه‌یه‌کدا دەڵێن ئێمە "سه‌ره‌رای‌ هه‌موو ڕه‌خنه‌کانمان‌ له ‌سازوکاری‌ سیستمی هه‌لبژاردنه‌کانی‌ کۆماری ئیسلامی" هه‌لبژاردنه‌کانی‌ داهاتووی‌ خولی‌ نویه‌می ‌په‌رله‌مانی‌ له‌‌ئێران‌ "به‌ ده‌رفه‌تێکی‌ گونجاو و که‌م هه‌زینه‌ بۆ کورده‌کان دەزانین، تا له‌و رێگەوە بتوانین نوێنه‌رانی‌ جیی‌ متمانه‌ی‌ خۆمان ره‌وانه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ ئێران بکه‌ن.".


لە درێژەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکنەوە کە ئێمە ناردنی نوێنەرێکی باش‌و کوردپەروەر لەوە بە باشتر دەزانین کە کەسێکی ناشارەزاو بێسەوادو سەر بە دەوڵەت بچێتە مەجلس، بەڵام هەروا کە من لە سەرەوە چەند فاکتێکم بۆ ئەم پرسە هێناوە ئەوە لەیاد دەکەن یان خۆیان لە‌گێژیی دەدەن، یان پارەکە زۆر چەورە کە ئاوا گویی خۆیانیان لێ کپ‌و کەڕ کردوە، ئەوان باش دەزانن کە کۆماری ئیسلامی رژێمێک نیە کە دێمۆکراسی بێت‌و هەرگیز ئیزن بە گەلی کورد نادات کە کەسایەتیەکی باش‌و کوردپەروەر نادات کە بچێتە نێو مەجلس‌و ئەگەر کەسێکیش لە‌سافیەکانی کۆماری ئیسلامیەوە تێپەرێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەو کەسە دەبێ ولایەتی فەقێی قەبوول بێت، دووهەمەم دەبێ کۆماری ئیسلامی‌و رێبەرەکەی و لەوانە گرنگتر یاساورێساکانی ئەو رژێمەی بە هەموو شێوەیەک قەبووڵ کردبێت، جا من لێرەدا وێژدانی خۆتان بە قازی دادەنێم، وەها کەسێک دەتوانێت ببێتە کەسێک کە بەرگری لە‌مافەکانی ئەم نەتەوە ژێر دەستە.


هەر ئێستا ئەم سناریو دەستی پێکردوەو ئەگەر چاو لە‌سایتەکان دەکەیت دەبێنێت کۆمەڵێک بە ناو رۆشنفکر دەستیان کردوە بە پڕوپاگەندە بۆ ئەوەی خەڵکی کورد هان بدەن کە بچنە پای سنووقەکانی دەنگدان‌و ئێستاش ناوە ناوە ئەوە بڵاو دەکەنەوە کە گوایە فلان حزبی کوردی خەریکە پرسی هەڵبژاردن تاوتوێ دەکات، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم حزبە بچێتە پای سنووقەکانی دەنگدان‌و.... هتد.


هەر ئێستا لە سەر چەند سایتێک کۆمەڵیک نووسین لە سەر هەڵبژاردن بڵاو کراوەتەوە، بەو واتە خەڵکی کورد دەنگ دەدەن‌و حزبەکانیش کاندیدی خۆیان هەیە، یان دەیانبێت یان هەرو وا کە لە سەرەوەشەوە ئاماژەم پێکرد خەرێکی تاوتوێ کردن ئەم پرسەن، بەڵام ئەوەی جێگەی داخەو دەبێ بڵێم بەلای منەوە گرنگە، ئەوەیە کە کۆمەڵێک کەسایەتی یان چەن حزبێکی بچکۆڵە لە نێو ئەم فکریەتەدا دەبیندرێت.


بە بروای من ئەم سیاسەتە هەلەیە کە خەڵکی کورد بچنە پای سنووقەکانی دەنگدان، بە بروای من دەبێ ئێمە بە هەموو شێوەێک هەڵبژاردنەکانی ئێران بایکوت بکەین، ئێستا کۆماری ئیسلامی پێویستی بە مەشروعیەت هەیەو هەر بۆیە دەبێ ئۆپۆزسیونی کوردو جەماوەرەکەی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی بایکوت بکەن.
نازانم کۆمەڵێک لە رێبەرانی حزبە کوردیەکان، وەکوو .... دەڵێت هێشتا زووە کە ئێمە بڕیاری خۆمان سەبارەت بە هەڵبژاردن بدەین، من یەک پرسیار ئاراستەی ئەو بەرێزانە دەکەم، هێشتا زووە، راست دەکەێت وایە منیش دەڵێم زووە، با سێ دەیەی‌تر لەخەباتی گەلی کورد تێپەرێت، جا ئەو کات ئێمە هەلوێستی خۆمان دەردەبرین...........


کاکی خۆم ئێمە بە دژی کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەین، تا کەی بەمشێوە هەلس‌و کەوت دەکەن‌و خەڵکەکەتان بە لارێدا دەبەن، یەک بڕیارو تەواو، تاکەی چەواشەکاری، تا کەی سیاسەتی گێزەرو دار........ بەسە واز لەم باجدانە بە کۆماری ئیسلامی بێنن!!!!!!!!!!!!!!!


بە بروای من هەر بڕیارێکی ئەرێنی سەبارەت بە هەڵبژاردنی مەجلس، رەوادانە بە کۆماری ئیسلامی، رەوادانە بە دەوڵەتی کۆشتارو ئەشکەنجە، رەوادانە بە دەوڵەتی سێدارەو زیندان... بە بروای من دەبێت هەموو تاکێکی کورد، هەموو حزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بە هەموو هێزو توانایانەوە هەڵبژاردنەکانی مەجلس بایکوت بکەن‌و بۆ جارێکی دیکە خەڵکی کورد دەبێ نا بڵێت بە کۆماری ئیسلامی‌و هەموو سیاسەتەکانی ئەو رژێمە لە کوردستان دەبێ پووچەڵ بکرێتەوە، ئەلماسی فەریب دەبێ ناوچەوانی خۆدی ئەو رژێمە بگرێتەوە و دەبێ سیاسیەکانی ئێمە هێندە هۆشیارو زیرەک بن کە بتوانن ئەم هەلە بقۆزنەوەو بە دژی خۆدی رژێمی بە کاری بهێنن.

_____________________________
سەرچاوەکان:
http://rojhelattimes.org/read.php?id=4507
http://rojhelattimes.org/read.php?id=4482
http://rojhelattimes.org/read.php?id=4441
http://rojhelattimes.org/read.php?id=3780
http://rojhelattimes.org/read.php?id=4541

 

ماڵپه‌ڕی محه‌مه‌د حه‌کیمی

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک