١٢\١\٢٠١١
ئەڵماسی خوێنین و
ئاڵتونی سپی.

بێریڤان جەمال حەمەسەعید
لەپێنجی مانگی ئابی ئەمساڵدا، لەپڕۆسەی دادگای نێودەوڵەتی سەرەلێون،
ژنە رەشپێستی سۆپەر فۆتۆمۆدێلی بەریتانیا، "نائۆمی کەمبێل"ی تەمەن چل
ساڵ، بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر کەیسی تاوانەکانی شەڕی ناوخۆی سەرەلێون
لەنێوان ساڵەکانی (١٩٩١-٢٠٠٢) بانگکرا بۆ دادگای لاھای. لێکۆڵینەوەکە
سەبارەت بەپەیوەندی ئەم سۆپەر فۆتۆ مۆدیلە بەدکتاتۆرو سەرۆککۆماری
پێشووی لیبریا "چارلس تایلەر"ەوە بوو. روونتر بڵێین پرسیارەکان سەبارەت
بەو دیارییانە بوو کە لەساڵی ١٩٩٧ لەلایەن سەرۆککۆماری پێشووی لیبریا
"چارلس تایلەر"ەوە پێشکەشی دەکرێتو وەریدەگرێت. دیارییەکانیش بریتی
بوو لەچەند ئەڵماسێک، کە بە"ئەڵماسی خوێنین" ناوزەند دەکرێت.
ئەڵماسەکانیش ئەو سامانو سەروەتەیە کە خەڵکی رەشو رووتو ھەژاری
ئەفریقی خوێنیان لەسەر رشتوە، ساڵانێکی زۆر دووبەرەکیو شەڕی ناوخۆی
لێکەوتەوە.
لێرەدا نوسینەکەم لەسەر شەڕەکەی سەرەلێون نییە، بەڵکو لەسەر دەستکەوتو
داھاتی جەنگو دیارییە گرانبەھاکانی خانمی مۆدێلە. پرسیارەکە ئەوەیە
ئایا ئەم سۆپەر فۆتۆ مۆدێلە کە ناوبانگی جیھانیی ھەیە، دەزانێت ئەم
دیارییانەی کە پێبەخشرا، چییەو چۆنو لەکوێیەوە ھاتووەو چۆن دەستی
سەرۆککۆماری ناوبراو کەوتووە؟ ئایا دەزانێت ئەم ئەڵماسانە، سامانو
سەروەتی وڵاتێکە کە خوێنی ھەزاران ھەزار کەسی رەشپێستی ئەفریقی وەک خۆی
لەسەرە، ئەو وڵاتەی کە تاڵانفرۆش دەکرێتو دەستکەوتەکەی تەنھا بۆ چەند
کەسێکی دیکتاتۆرە؟ ئایا دەزانێت کێ لەپشتی ئەم تاڵانفرۆشییەوەیە؟ ئەی
ئایا سۆپەر فۆتۆمۆدێل دەزانێت کێ گڕی شەڕەکەی بەدەستەوە بووە؟ ئاگای
لەداھاتو دەستکەوتی شەڕو کوشتارەکە بووەو دەیزانی دەچێتە گیرفانی کێوە؟
ئایا ئەم فۆتۆ مۆدێلە کە بەبێ شەرم ئەڵماسەکان وەردەگرێت، بیر لەو
منداڵو مێردمنداڵانە دەکاتەوە کە بەزۆر لەژێر فشاری مادەی ھۆشبەردا
دەکرێن بەسەربازو فێردەکرێن بەتەورو قەمە قاچو دەستی کۆرپەو ژنو
پیاوو پەککەوتەی یەکتر ببڕنەوە، تا شەڕو ئاژاوە زیاترو زیاتر پەرە
بسەنێت، لێرەشەوە قازانجی شەڕی ناوخۆش بۆ دیکتاتۆر چارلس دەبێت؟ روونتر
بڵێین ئەڵماسی زیاتر دەستکەوێت، لەپاشانیشدا وەک دیاری بەسەر
پەیوەندییە تایبەتییەکانی بیبەخشێتەوە، ئایا ئەم فۆتۆ مۆدێلە دەزانێت
کە ساڵەھای ساڵە دیکتاتۆری ناوبراو یەکێکە لەتاوانبارە گەورەکانی
جەنگی ناوخۆو بەبەردەوامی پاڵپشتی ئەم جەنگەی سەرەلێون بووە؟ دیارە
نائۆمی لەپڕۆسەی دادگایدا حاشای لەو راستییە نەکرد کە کاتی خۆی لەساڵی
١٩٩٧ لەئەفریقای باشوور میوان دەبێت، لەو میواندارێتیەدا چاوی بەچارلس
دەکەوێت کە لەدوای نانخواردن ئەم دیکتاتۆرە بەدووکەسدا چەند ئەڵماسێک
بۆ خانم نائۆمی دەنێرێت، فۆتۆ مۆدێلیش دیارییەکان بەشانازییەوە
وەردەگرێت، بەڵام ھاوکات لەدادگادا ئاماژە بەوەدەکات کە نازانێت کێ
ئەڵماسەکانی بۆ ناردووە؟
ئەم ھەڵوێستو وەڵامەی نائۆمی لەدادگادا سەرنجی میدیاو گۆڤارو
رۆژنامەکانی جیھان رادەکێشێت کە ئایا بەڕاستی کەسێکی بێھوشو بێئاگاو
مێشک پووتە، یاخود لەشەرمو بێئابڕویی خۆیدا راستی پەیوەندی لەگەل ئەم
دیکتاتۆرە دەشارێتەوە!
لەپرۆسەی دادگای نێودەوڵەتی سەرەلێون، لەلاھای، لەسەر کەیسی تاوانی
جەنگی ناخۆی سەرەلێون، سەرۆککۆماری پێشووی لیبیریا چارلس تایلەر
لەدایکبووی (٢٨ جانیوەری ١٩٤٨)، بەیەکێ لەتۆمەتبارەکانی شەڕی ناوخۆی
ئەو وڵاتە ئەژمار دەکرێت. ناوبراو تۆمەتبارکراوە بەتاوانی دژە مرۆییو
رۆڵی گەورەی لەکوشتارو ھاندانی جەنگی وڵاتی درواسێی ھەبووە. دکتاتۆر
چارلس تایلەر لەساڵی ١٩٩٧-٢٠٠٣ سەرۆککۆماری لیبیریا دەبێت. لەکاتی
دەسەڵاتیدا پاڵپشتی ھێزە چەکدارەکانی وڵاتی درواسێ سەرەلێون کە دژی
حکومەتی سەرەلێونن، دەکات. بەرامبەر ئەم پاڵپشتیەی لەچەکو ھاوکاری،
چارلس ئەڵماس لەچەکدارەکان وەردەگرێت.
لەشەڕی ناوخۆدا سەرەلێون زیاد لەسەدھەزار کوژراوو دوو ملێون پەناھندەو
ھەزاران برینداری دەبێت. ھەزاران مناڵو ژنو پیاو بە تەور قاچو
دەستیان دەبڕێتەوە.
لەساڵی ٢٠٠٣ بەنھێنی سکاڵا لەسەر چارلس تایلەر تۆمار دەکریت، بەڵام
دوای ماوەیەکی کەم ھەواڵەکە دزە دەکاتو ئاشکرا دەکرێت، لەئەنجامی
فشاری نێودەوڵەتی چارلس واز لەپۆستەکەی دەھێنێت بەرەو نێجریا ھەڵدێت،
لەپاش ھەوڵدانی لەخۆشاردنەوەو ھەڵاتندا دواجار دەگیرێتو رادەستی
دادگای نێودەوڵەتی لەھۆڵەندا دەکرێت. ناوبراو لەساڵی ٢٠٠٧ لەپرۆسەی
دادگای نێونەتەوەییدایە.
لەکوردستانی خۆشماندا ژنانی وەک نائۆمیمان زۆرە، کە لەبەرپرسەکان دیاریو
بەخشیشی وەک پارچە زەویو موچەی لابەلاو پۆستی بەرز وەردەگرن. ئەو ژنە
نامۆدێلانەی کە لەکوردستانو وڵاتانی تری ئەوروپادا، بەدبلۆمی ساختە،
خاوەن پۆستی باڵاو لەخۆشگوزەرانیدان، پرسیار دەکەم ئایا ئەم ژنانە
پرسیاریان لەخۆیان کردوە ئەم دیاریو مووچەیان چۆنو لەکویێوە بۆ
پێبەخشراوە؟ ئایا دەزانن کە ساڵانێکی زۆرە سامانو سەروەتی نەوت تاڵان
دەکرێت دەستکەوتەکەی بۆ کێیە؟ ئەو نەوتەی کە خوێنیی ھەزاران کەسی رەشو
رووتی لەپێناودا رژاوە، بەرەو وڵاتانی دراوسێ تاڵانفرۆشو ئاودیو
دەکرێت، ئایا پرسیار لەخۆتان دەکەن چۆن لەوڵاتێکی دەوڵەمەندی پڕ نەوتدا،
ھەژارایو نەبوونی میللەتی وەڕسکردووە؟ بێکاریو بەتاڵی گەنجو لاوانی
ھەراسانکردوە، لەبێدەسەڵاتیدا نائۆمێدو بێ ھیوان ئاکامەکەشی یان ھەڵدێن
یان خۆیاندەکوژن. ئاخۆ رۆژێک لەڕۆژان ئێوەش دادگا بکرێن، پەردەپۆش
بکرێن کە کێنو چین؟
ماڵپهڕی بێریڤان جهمال حهمه سهعید
|