په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٩\٢٠١٠

ئەڵماس مستەفا:

سنوورداربوونی ئازادیی ئافرەت لە هەرێمی کوردستان کاریگەری سیاسەتی وڵاتە دراوسێکانە.

 

ئاماده‌کردنی: سەلاح حەسەن


بزووتنەوەی رۆشنبیری ئافرەتان بەرەو گەشەکردنێکی تایبەت رۆیشت پاش گۆڕانکارییە گەورەکانی بواری ژیانی کۆمەڵایەتیی و تەکنەلۆجی و سەرهەڵدانی بزووتنەوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی، هەروەها خزانی ئافرەت بۆ نێو کایەکانی سیاسەت و ئابووری و کارگێڕی.

تووندوتیژبوونی ململانێی نێوان کولتوور و ئافرەت، وای کرد ئافرەتێکی زۆر ببنە قوربانی، ئەم قوربانیەش خۆی لە خۆیدا بە دەرئەنجامێکی ئەرێنی کەوتەوە لەسەر ئازادیی ئافرەت، هەندێ لە ئافرەتان بڕوایان وایە کە بڕێکی زۆر لە نەرێتە خراپەکان گۆرانیان بەسەردا هاتووە و ژمارەیەکی زۆریش تا ئێستە لە قۆناخی ململانێدان.

ئافرەتێکی زۆر لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان بەشێوەیەکی جیاجیا بەشدارن لە پڕۆسەی بەرگریکردن لە مافەکانی خۆیان، چ هونەرمەند بێت یان شاعیر یا سیاسەتمەدار.

ئەڵماس مستەفا یەکێکە لەو ئافرەتانەی بەشیعرە بوێرەکانی بەشدارییەکی هەیە لە رەوتی گەشەکردنی ئازادی ئافرەت، ئەو شیعر بۆ ئەشق و ژیان و پێوەندییەکانی نێوان ژنان و پیاوان دەنووسێت و شێوەیەک لە بوێرییەکی لە شیعرەکانیدا هێناوەتە بەکارهێنان، ئەم شێوە شیعرە هەرچەندە رەگی قوڵی لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا هەیە، بەڵام لەسەر دەستی کۆمەڵی توانای شیعری ئافرەتی نوێ گەشەکردنێکی بەخۆیەوە بینیووە.

ئەڵماس لە وەڵامی کۆمەڵێ پرسیاری تایبەت بەئاژانسی کوردستان بۆ دەنگوباس (ئاکانیوز) باسی لە گرفتەکانی ئافرەت و ئازادییەکانی ئافرەت کرد، ئەوەی خستە ڕوو کە کاریگەری سیاسەتی وڵاتە دراوسێکان بە تایبەت ئێران هۆیەکە بۆ دواکەوتنی ئافرەتان و پێشی وایە کە پیاو رووبەرێکی بەرفراوانی لە شیعرەکانیدا داگیر کردووە و بوێرییەکەشی دەرەئەنجامی سیفەتی خۆڕسکی خۆیەتی.

ئەو دەڵێ هەر لە کۆنەوە چەوساندنەوەی ژن لە کۆمەڵگادا هەبووە، بەڵام شاعیری بوێری ژنیش هەبووە ، وەک مەستوورەی کوردستانی توانیوویەتی بە شێوەیەکی راستگۆیانە و بوێرانە شیعر بنووسێت بێ گوێدانە هیچ رەخنەیەک، بوێری و ئەو ژنە درێژبوونەوەی هەیە بۆ ئەم نەوەیەی ئێستەی ژنی شیعر، هەر ئافرەتێکیش گەر بیەوێ شتێک بکات دەبێ بوێری تێدا بێت، ئەو بوێریەش دەبێ تا ڕادەیەک خۆڕسکی لە خوودی کەسەکەدا بێت.

ئەڵماس مستەفا پێی وایە پاش ڕاپەڕین دەرگە داخراوەکان بەرووی ئافرەت واڵا کران ئەمەش بووە هۆی ئەوەی تاڕادەیەک بیروهۆشی تاکەکان کراوەتربن و سەربەستی رادەربڕین زۆرتربێت و کۆت و زنجیرەکان بەرەونەمان بڕۆن.

لەمەڕ مەسەلەی سنوورداربوونی ئازادی ئافرەت، ئەڵماس پێی وایە، سنوورداربوونی ئازادی ئافرەت لە هەرێمی کوردستان کاریگەری سیاسەتی وڵاتە دراوسێکانە بەتایبەت ئێران کە ئەویش کاریگەرییەکی راستەوخۆی بەسەر رەوشی سیاسی عێراقەوە هەیە و ناهێڵێ یاسایەک لەو وڵاتە هەبێت بۆ دانانی مافی پاراستنی ئافرەتان، ئێمەش لە کوردستان درێژکەرەوەی ئەو یاسایەین کە لە ئێستەدا لە عێراق پێڕەو دەکرێت.

لەمەڕ شیعر و نووسینی شیعری خۆی گوتی "هۆنراوەکانم بەشێکن لەو کێشە کۆمەڵایەتیانەی لە کۆمەڵگەی کوردییدا هەن، بەتایبەت لە بواری ئەشق و خۆشەویستی".

ئەو پێی وایە کلیپ و گۆرانییە کوردییەکان تەنیا بەکارهێنانی رووخساری ئافرەتە وەک شمەک و بازرگانی، بەڵام تاڕادەیەک سەربەستی تێدایە.

دەربارەی ئەم شتانەش رای خۆی هەیە، جوانی پیاو لە هۆنراوەکانیدا بەدی دەکرێ، غوربەت قووڵبوونەوە و خۆدزینەوە و فێربوونی وانەکانی ژیانە، میدیا ئەو ئاوێنە پڕشنگدارەیە کە دەتوانێ هەموو جیهان وێنا بکات.

هێژیی گۆتنە ئەڵماس مستەفا لە شاری سلێمانی لە دایک بووە و ساڵی 1999 لە بواری نووسیندا خۆی بینیوەتەوە لە ساڵی 2003ەوە لە وڵاتی سوید نیشتەجێیە، هەروەها وەک شانۆکاریش بەشداریی لە چەند شانۆگەریەک کردووە، وەک شانۆگەری "کچە شقارتە فڕۆشەکە" و "هەوێنی ڕاپەرین"، هەروەها چەند سی دییەکی بە دەنگی خۆی بۆ شیعرەکانی خۆی بڵاو کردووەتەوە.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌ڵماس مسته‌فا